بورھان شێخ ڕەئوفیەکەم جارو دواجار نابێت کارەسات و جینۆساید و ئەنفال و قڕکردن ببێتە دیاری بۆ خەڵکی کوردستان بە پاساوی تیرۆریست و ئاژاوەگێڕی و جووداخوازی لەلایەن وڵاتان و میللەتانی دراوسێ ی کوردەوە لە کاتێکدا لە مێژووی دوورنزیکی کوردا ھەر لە حاڵەتی بەرگریدا بووەولەسەرخاک وماڵی خۆی .
ئەگەرچی من چاوەڕوان نەبووم دوای جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەو تێکدان و خاپوورکردن ھەزاران گوندو سەدان شارۆچکە و دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و و حوکمڕانی کورد لە ھەرێمی کوردستان , کورد جارێکیتر بەرشاڵاوی دڕاندانەی وەکو شەنگال و خورماتوو بکەوێت , وام دەزانی ئیتر نەوەکانمان ھەر لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئاشنای ئەو کارەساتە جەرگبڕانە دەبنەوە .
ئەوەی لە خورماتوو ڕوویدا زۆر کارەساتێکی شەرم ھاوەرو برینێکی بەسوێ بوو ھەر لە کووشتن و بڕین و تاڵان و دستدرێژی بۆ سەر شەرف و نامووسی خەڵکی بێتاوان و سڤیل و ڕاکێشان و شێواندنی تەرمی قوربانیەکان و سووتاندنی ماڵو حاڵی خەڵک و دەربەدەرکردنیان و زۆر شتی تر و تاوان وگەورە کەدەچنە خانەی تاوانی جەنگەوەو گەلێک چیرۆکی سامناک کەحەزناکەم لێرەدا باسیان بکەم .
ھەموو ئەوانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە عێراق خاوەنی دەستووروپەرلەمان و حکومەتو یاساو دادگا و پۆلیسی ئیتیحادی و سوپایە لە ھەرێمیش بە ھەمان شێوە خورماتوو نە ھێڵی پێشەوەی جەنگە ونەوڵاتێکی داگیرکراو بەڵکو خەڵکەکەی بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ساڵانێکی دوورو درێژە بە بێ کێشە بەیەکەو ژیاون دەکرێت بپرسین خێرە لەم ساڵانەی دواییدا و لە عێراقی بەناو نوێدا ھەموو ئەو تاوانانانە ئەنجام بدرێت ؟
ئەمجارە خورماتوو بەر شاڵاوێک کەوت کە ھاوپەیمانو ھاوسەنگەرەکانی کورد سەرکردایەتی دەکەن کە لە ڕابردوودازۆرێک لەوانە لەڕیزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی عێراقدا بوون لە کوردستاندا چالاکی سیاسی و سەربازییەکانی خۆیان ئەنجامداوە و پێکەوە دەستووری عێراق و زۆر دەستکەوتی تریان تۆمارکرد بۆیە ئازارەکەی بە سوێتر و نیگەرانیەکەی گەلێک قورسترە .
بەڵێ خورماتوو ئەو شارۆچکەیەی کە لە مێژووی نزیک و شۆڕشەکانی کوردستاندا پێگەو ڕێگەی گرنگ و دیاری ھەبووە قوربانییەکانی ئەوان ھەمیشە لاپەڕەیەکی پرشنگدار و داستانی قارەمانێتی و بەرخۆدان و گیانبازی گەورەن کە ناکرێت لە وتارێکی وا کورتدا من ھەموویان بەیان بکەم .
خورماتوو ئەو شارە کارەساتبارەی قوربانی دەستی لاوازی یاساو دامودەزگاکانی دەوڵەتە ئەگەر لە پێشوودا ھەربەھەمان ھۆکار چەند کێشەو ململانێیەکی ئتنیکی و تائیفی سەری ھەڵدابێت دواتر تەشەنەی کرد بێت لە نێوان پێکاھاتەکانی دا بە تایبەتی کوردو تورکمان بە ھەردوو ئاینزای شیعەو سوونەوە ڕێ ی بۆ ئەو تاوانانە خۆشکردبێت ئۆباڵ بەرپرسیارێتیەکی دەکەوێتە سەر کاربەدەستانی ھەردوو حکومەتی ناوەند و ھەرێم بەڵام بە پلەی جیاواز و دەکرێت کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی بۆ پێکبھێنرێت بەھاوبەشی یونامی واتە نەتوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت .
ھەموو ئەمانە ڕوویداوە دکتۆر حەیدەر عەبادیش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی عێَراق لە پرێس کۆنفرانسی ھەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ کارەساتەکانی خورماتوو کرد و وتی پێشێلکاری ڕوویداوە و کاردانەوە بووە , ڕاستە وتەکانی ئەو بەڵام ئەوە کارو ئەرکی حکومەتە ڕێگری بکات لە کاردانەوەو و یاسا جێ بە جێ بکات و تاوانبان و دەستدرێژکاران بۆ سەر خەڵکی سڤیل بێتاوان بپارێزێت ودەستگیریان بکات و پێشبگرێت لە تاوان و بێحورمەتی بە خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ھەرتاقم گروپێکەوە بێت .
لە ئێستادا خەڵکی خورماتوو بە تایبەتی پێکھاتەی کورد دەربەدەری دەشت ودەر بوون ئەو شارە ئازاری زۆری پێگەیشتووە و حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەموو لایەنە سیاسی و مەرجەعە ئاینیەکانی عێراق باس لە دەستوورو یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن لە کاتێکدا خورماتوو لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە نزیکترن شوێنی ناوچە جێناکۆکەکانە لە بەغدای پایتەختەوە ئایا ئەوان چ چارەسەرو دەستەڵاتێکی دەستووری عێراقیان بەکار ھێناوە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو شارە تێکۆشەرو خۆشەویستە ؟
یان یەکپارچەیی و پێکەوژیان و دەستوور و یاساو مافی مرۆڤ و یەکسانی ھەر وشەی بریقەدارو دروشمن بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان و سەپاندنی ھێزوو ھەژموون بە ئاگرو ئاسن کەرەسەی ئاسان و خۆشدەسن بۆ کۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکان ؟