دەڵێێ :
عارفێکم نا تەبا
بە سەر شانی
هەورێکی سپی سپی بزۆزەوە
یا دەڵێی :
پەپولەیەکی پایزیم
لە نێو چنگی رەشەبادا
سەر پڕپڕە
لە زیکەزیکی زیکزیکە
دڵ لێوان لێو
لە خەیاڵێ خاڵخاڵۆکە
یار ..
گەلێک ماندوم ئەمشەو
ئەی غەمگینترین مەخلوقی شار
لە کوێدا بنوم ئەمشەو !
چ بەردێکی وەڕس لە خۆ
وە ژور سەرنێم !
لقی کام هەناری تازە پشکوت بە خۆدا دەم !
بە دەم ژماردنی هەناسەی و
چنینی چرپەکانیەوە
چاو داخەم و خەون ببینم
خەونێک سەوز
وتافی سوری شادی
خەونێک نزیک
لەم نزیکانە ببینم
لە دەروازەی ( پارکی ئازادی )
لە بری پۆلیس
پەیکەری ( بەکر عەلی )
دانرابێ بۆ پێشوازی
***
دەڵێی :
باڵندەیەکی تەڕ تەڕم
بە تریفەی خەیاڵ
بە خوناوەی باران
بە تامەزرۆیی فڕین
زەمەنێکە نیشتنەوەم بیرچۆتەوە
ئەی نازەنین ..
زەمەنێکە حەسرەتێک شین
بارگەی خستوە لە دڵا
دورم لە شەوی ناو باخ
لە دەستکردنە ملی درەخت
لە بۆنی خۆشی گەڵا
زەمەنێکە
مەگەر هەر خوا خۆی بزانێ !
چەندە خاڵیم
لە ماچی تۆ
لە رەنگی گوڵ
لە دەنگی ئاو
لە نەسیمی سەحەری جوان
لە ئاواز و
لە گۆرانی رون و تازەی
( کاروان عوسمان )
***
دەڵیی :
عەشق لە رۆحم بەربوە
لە پیری موغان دەچم ئەمشەو
گۆشەگیر و غەمزەدە
لەگەڵ بون بە هەڵمی تەمەنا
چۆڕ چۆڕ زوخاوم لێدەچۆڕێ
هێمان زووە
لە دورترین شوێنی دنیا
تێکەڵ ببم ،
بە گڵ و گیا
هێشتا زووە
رەنگە بەیانیشی مابێ
تا روخساری شار بگۆڕێ
یا رەنگە هەر بەیانی
کە ( چوار شەممەی پیرۆزە )
لە گەڵ یەکەم خوێندنی ( پیرکەڵەشێرا )
لە بەر دەرگای گژ ماڵێکا
( سنەوبەرێکی گڕ ) بڕوێ
لە سێبەری چڕ و گەرمی هەریەکەیان
کەسێک ،
تارماییەک وەکو بەرق
یا ( دڵشاد مەریوانی )
یا هەر کەسێك
کە سەر تا پا لە ئەو دەچێ
خوتبە بدا
وە هەر رەنگە !!
بەر لە دەسپێک ، یا کۆتایی
بە دەنگێکی تۆزێ گڕ و حەزین بڵێ :
( ئازیزان …….
لە دواهەمین
ڤێستیڤاڵی هەڵفڕینی شیعرەکانا
لە پیاسەیەک ،
لە لاڕێی پڕ لەچێژی رۆمانسێتی ئێواران
کە خەیاڵم زیاد لە پێویست دەتوایەوە
لە ناو رەگی گوڵەکانی ( گڵکەنا)
( کەریم عوسمان ) م بینییەوە
ریش هاتو
زگار ماندو
لە دورەوە
وەک خەمێکی باڵا بەرزی لە یاد نەچو
سپی سپی دەچۆوە
***
وەختە ئیتر
بە گڕەوە
لە پێدەشتا غاردا ئەسپ
لە بورجە بەرزەکانەوە
بە گڕەوە بفڕێ کۆتر
وەختە ئیتر
چوارشەممە بێ
مۆمەکان داگیرسێنم و
زیهنی خۆم رۆشنکەمەوە
ئیتر سەرقاڵی
چەپککردنی گوڵەکانی تەنیایم و
دەنککردنی هەناری غەریبیم بم
ئومێد بکەم بە سفرە
بۆ ئێوارە خوانێ
لە دڵی خۆما رێکمخستوە
بۆ ( کۆڤان ) و
بۆ تروسکەی تابلۆکانی
بۆ ( سەردەشت ) و
بۆ بروسکەی نامەکانی
بۆ ( رێژوان ) و
بۆ چریسکەی خەونەکانی
وەختە
ئیتر
بە گڕوە
لە کوچە و خیابانا غاردا ئەسپ
لە بورجە بەرزەکانەوە
بە گڕەوە بفڕێ کۆتر
وەختە ئیتر
چوارشەممە بێ و
زیهنی خۆمان کۆکەینەوە
مۆمەکانمان داگیرسێنن
وەختە
ئیتر
سابیر سدیق
سوید 2011
سەرنج :
…………………
بەکر عەلی / شاعیر .. لە خۆپیشاندانێکی بەر پارێزگای سلێمانی کوژرا
کاروان عوسمان / هونەرمەند لە دادگایەکی نا عادیلانەدا سزای کوشتنی بە سەرا درا
دڵشاد مەریوانی / شەویک ئەمنەکانی بەعس بردیان و نەگەڕایەوە
کەریم عوسمان / هونەرمەندی شانۆکار لە ٣١ ئاب دا بێ سەروشوێن کرا
کۆڤان ( کامەران سدیق ) / هونەرمەندی شیوەکار لە دەست ئیهانەی چەن کەسانێکی ( پاسۆک ) خۆی کوشت
سەردەشت عوسمان / رۆژنامە نوس لە وەڵامی نامەیاکیدا کوژرا
رێژوان / لە دوای نان و ئازادی دا کوژرا