مەسعودی مەلا ھەمزە: وابڕیارە لە رۆژانی ١٣ و ١٥ و ١٧-١١-٢٠١١ لەشاری سلێمانی شانۆیی کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی نمایش بکرێت کە لەتێکست و دەرھێنانی شوان کەریم و نواندنی سەوسەن عومەر و دیلمان سەڵاحە.
شانۆییەکە لەیەکێک لە خانوە کۆنەکانی شاری سلێمانی نمایش دەکرێت و بۆ ئەو دیمەنانەش کە ئەکتەر لە ژوورەوەیە کامێرا بەکارھاتووە و وێنەکان بە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ بینەر، شوان کەریم دەرھێنەری شانۆییەکە لەبارەی کارەکەیانەوە وتی: نمایشی کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی ماوەی دووساڵ و نیوە کاری تێدادەکەم و ماوەی دوو مانگیش دەبێت لەگەڵ ئەکتەرەکان سەرقاڵی پرۆڤەکردنین”.
شوان گوتیشی”شانۆییەکە باس لە پەیوەندی ژن و پیاو دەکات و لەو رێگەیەوە باسی کێشە و گرفتەکانی مرۆڤی سەردەمیانە دەکەین، دواجاریش ئەم ماڵە ماڵێکی کوردییە و ئەو فاکتانەی کە لەخێزاندا دەورێکی گرنگ دەبینن بەشێوەیەک لە شێوەکان لەو دەرگایانەمان داوە و کارمان لەسەر کردوون، ئەگەر شانۆییەکە وەک ریتمێکی مۆسیقی سەیری بکەین بریتیە لە شەڕ و ئاشتبونەوەیەکی بەردەوام لەسەر ھەندێ شتی زۆر گرنگ وەھەندێ جاریش لەسەر شتی زۆر ھیچ.
سەبارەت بە ستایلی کارکردنی لە شانۆییەکەدا شوان دەڵێت: کارکردنم لەم شانۆییەدا بە ستایلێکە کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکەم و بریتیە لە بەکارھێنانی کامێرا بۆ ئەو دیمەنانەی لەناو ژورەکانن یان لەدەرەوەی ماڵەکەن و بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو دیمەنانە نمایش دەکەینەوە جگەلەوەی شوێنی نمایشەکە خانوەیەکی کۆنە کە بینینی خانوەکە ئەوەت پێدەڵێت کە ژیان لەو ماڵەدا ووشک بۆتەوە و تۆزی لەسەر نیشتووە، ھەروەک چۆن لەدەرگای چەند کێشەو گیروگرفتێکی نێو خێزانی کورد دراوە.
لەبارەی بەجێھێشتنی تەختی شانۆ و کارکردن لەناو خانویەکدا کە واقیعی ژیان دەردەخات شوان-ی دەرھێنەر ووتی: ھەڵبژاردنی خانوویەکی لەو چەشنە خزمەت دەگەیەنێت بە نمایشەکە چونکە دەبینیت لەو خانووەدا جۆرێک لە دابەشبون دروستبووە کەھەریەک لە ژن و پیاوەکە جیھانێکی تایبەت بە خۆیان دروست کردووە، بەکارھێنانی خانویەکی لەو جۆرەش رزگارت دەکات لە دروستکردنی دیکۆر بۆ شانۆییەکە کە زۆر جیاوازتر دەبێت لەو خانوە واقیعیەی ھەیە و بێگومان جوانیەکی زیاتر دەبەخشێتە کارەکە، بەڵام لەوانەیە کێشەی دەنگ و سەرما دروست ببێت بۆ بینەر بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا حسابمان بۆ سەرماو شوێنی دانیشتنی بینەر کردووە.
شوان کەریم چەند ساڵێکە بەو ستایلە کاری شانۆیی دەکات و چەند کارێکی لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا نمایش کردووە.