ھەرمن ئەحمەد: کەمی خانمان و زویر بوونیان لە کاری سیاسی و حیزبی و نەزۆرککردنی گەشەی لۆجیک مەندانەی خانمان پەیوەستە بە مامەڵەی نادروستی ھەندێک لە بەرپرسەکانی نێو حیزب و دامەزراوەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان. ئەگینا کارکردن و تێکۆشانی خانمان لە بواری سیاسی،
یان ھەر کارێکی دیکە ھێندە ئەرکێکی گران و ئەستەم نییە، بەڵام بە داخەوە تواناو لێھاتوویی خانمان دەبەسترێتەوە بە پشتگیری فەرمانی پیاوانە، سەرەڕای ئەوەش زۆر بە کەمی بەرچاومان دەکەوێت ھەندێک لە پیاوەکان بە ویژدانەوە بە بێ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان پاڵپشت و ھاوکاری خانمان بکەن.
زۆرجار دەگوترێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، دامەزراوەکانی دیکە، پاڵپشتی لە خانمان دەکەن و ھاوکار دەبن بۆ بەدی ھێنانی یەکسانی، لە ڕاگەیاندەکانەوە بانگەشەیەکی یەکجار زۆر بۆ ئەم پرسە ئەکەن، بەڵام لە جێبەجێکردن ڕەنگدانەوەیەکی دیکەی ھەیە، ئەمڕۆ بڕیارێک دەدەن بەیانی لێی پاشگەز دەبنەوەو ھەر وەکو ئەوە وایە ھیچیان لەم بارەیەوە نەوتبێت.! ھەموو ئەو پاساوانەی دەیھێننەوە زۆر لەرزۆکن و نەگونجاون، بە شێوەیەکی بەرچاو ھێز و دەسەڵاتی پیاو سالاری بە ڕوونی بەدیار دەکەوێت، خانمانیش پابەندی فەرمانەکانیانن ھەر بۆیە بە زەقی دەبیندرێت، ھەر ئەوەشە وای کردووە بڕیارو فەرمانی حیزبەکان, کە لە لایەن پیاوانەوە دەدرێت زۆر بە کەمی دەنگی خانمان بە لاوازی دەرکەوێت.
لێرە دەگەینە ئەو ڕاستیەی, کە خانمان و ژنانی ناو کایە سیاسییەکان کەمتەرخەمن، وەک ناو لە پۆستە باڵاکاندا بوونیان نییە، کەم تا زۆر بێ دەنگن لە ھەمبەر ئەو نایەکسانییەی کە پەیڕەو دەکرێت، ھەر ئەوانەش لەنێو حیزبەکانیاندا ھەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایان نییە، لەمەڕ ئەو ژنانەی فەرامۆش دەکرێن و بۆچوونەکانیان بە ھەند وەرناگیرێن و شوێنەکانیان بە پیاوان پڕ دەکرێتەوە. ئەم بێدەنگییەی خانمانیش نیشانەی ڕازی بوونە بە سیستەمی پیاو سالاری.
ئێستا سەردەمەکە گۆڕراوە، بیرکردنەوەی ژنانی ئێستا لەگەڵ ژنانی ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووە، بە ھۆی دونیا بینینی زیاتری ژنان ئێستا ھزرو تێگەیشتنیان باشتر بووەو دەتواندرێت حیزبە سیاسییەکان سوود لە توانا و وزەو ھێزیان وەربگرن، لەھەمان کاتیشدا دەبێت ژن زیاتر ھۆشیار بێت ھەست بە کەمی پێگەی خۆی نەکات لە ناو کۆمەڵگەدا ھەروەک ھەموو کات دەڵێن :”ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن:” ئەمە بەو واتایەی, کە بەشدارییەکی ڕاستەقینەی پرۆسەی سیاسین.
لەبەر ئەوەی دەبێت شێوازی مۆدێلی کۆن بگۆڕدرێت، شێوازی سەردەمیانەو مۆدێرن بێتە کایەوە، تا بوونی ژنان بە کردەوە ھەستی پێبکرێت، ئەوکاتەش بەھای ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی حیزبەکان دەردەخات، کە ڕاستگۆییان لە گوتارو دروشم و کردەوەکانیان نیشان دەدات