(خالقی) خەریکی کۆکردنەوەی ئەرشیڤی ھونەری نەتەوەی کوردە
“ھەر ھونەرمەندێک بە چێژی ھونەرمەندە کۆنەکان گۆڕانی بڵێت، سەرکەوتوو دەبێت”
ھونەرمەند (مەزھەری خالقی)، پێی وایە ئێستا تا ڕادەیەک میوزیکی کوردی توانیویەتی جوڵەیەکی باش و تازە بکات، بەشێک لەو جوڵەیەشی بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە گەڕاندەوە.
لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” (خالقی) دەربارەی ئەوەی، دەبێت گۆرانیبێژ چی سیفاتێکی ھەبێت، تا بتوانێت گۆرانی بچڕێت دەڵێت: “ئەگەر کەسێک بیەوێت گۆرانی کوردی بەرھەم بھێنێت، دەبێ زەوق و فەرھەنگی میوزیکی کوردی ھەبێت، من بەشێوەیەکی زانستی دیراساتی میوزکی ھەر چوار بەشەکەی کوردستانم کردووە، کەسێکم کە لە ھەر لایەکی دونیادا دەنگێک ببیستم دەزانم ئایا ئەو گۆرانییە دەنگ و نۆتە و زەوقی گۆرانی کوردییە یان نا، موومکینە ھەموو کەسێک ئەو لێک دەرکردنەی نەبێت، چەندین جار لە لایەن ھونەرمەندانەوە داوام لێکراوە کە کاریان بۆ بکەم، وەلێ ڕەتم کردوەتەوە، ھۆکاری ڕەتکردنەوەکەیشم ئەوە بووە کە زانیومە میوزیکژەنەکانمان ھەوڵ و ماندووبوونی ئەوەیان نییە ببنە تەواوکەری ئەو کارانەی من دەمەوێت.”
لە بارەی ئەوەی کە زۆرێک لە کارە ھونەرییەکانی ئێستای کورد، نا توانێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە زیندوویی لە نێو دڵی ھەوادارانی میووزیکی کوردی بمێنێتەوە، گوتی: “ھەر ھونەرمەندێکی ئێستامان، کە بە چێژی ھونەرمەندە کۆنەکانمان ھەوڵبدات گۆرانی بچڕێت، پێموایە دەتوانێت دوای خۆی بە وێنەی ئەوان بۆن و بەرامێک بۆ بە ئەرشیڤکردن جێ بھێڵت، چونکە ئەوان ھەمیشە ھەوڵیانداوە کەلتوور لە دەست نەدەن و خۆیان بە بەرپرسی کۆمەڵگایەکەیان زانیوە.”
دواتر، (خالقی) ھۆکاری بەشێک لە گەشەنەکردنی میووزیکی کوردی بەشێوەیەکی تەندرووست لەمڕۆدا بۆ کێشە و ھۆکاری کۆمەڵگە گەڕاندەوە، پێشی وابوو، پێشکەوتنی میوزیک تا ئاستێک لەگەڵ خۆشگوزەرانی مرۆڤ دایە و پەیوەستی بە کۆمەڵگادایە، گوتیشی: “ھەر زەمەنێک جۆرە میوزیکێکی خۆی ھەیە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئێمە زۆر ژێردەستە بووینە، ئەوەیش کاریگەری ھەبووە بۆ سەر دواخستنی ھونەرەکەمان، بەو پێیەی کە نەمانتوانیوە ھیچ کات لەگەڵ ھانگاونانی زەمەن بڕۆین، ئێستایش خۆشبەختانە لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو ئازادییەی کە ئێستا بەرقەرارە، میوزیکی کوردی تا ڕادەیەک توانیوەیەتی جوڵەیەکی باش و تازە بکات.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (مەزھەری خالقی) دەڵێت: “تێبینم ھەیە لەوەی دەبووایە لە ئێستادا ھونەری کوردی پێشکەوتنێکی زیاتری بە خۆیەوە بینی بایە، لە ڕووی ئەوەی کە ھونەرمەندەکانیشمان زۆر باس لە سوود وەرگرتنی میوزیکی بیانی دەکەن، سوودوەرگرتن لە میوزیکی بیانی باشە، چونکە میوزیک زمانێکی جیھانییە، بەڵام نەک بەشێوەیەک کە ھێلی سوور ببەزێت، چونکە بەم کارە ڕووحی مرۆڤەکانمان دەشێوێت.”
(خالقی) ئاماژەی بەوەیش کرد، تا ئێستا ئۆرکێسترایەکی سانفۆنیکی گەورەمان نییە لەم وڵاتەدا، کەچی شەش تا حەوت ئۆرکیسترای کڵاسیک و سانفۆنیکمان ھەیە، بە داخەوەیش بەبێ ئەوەی چالاکییەکییەکان وەک پێویست بن و کارێکی نوێ بەرھەم بھێنن، ڕاستە ساڵانە یەک دووجار دێنە سەر شانۆ، وەلێ دواتر ون دەبن.
لە بارەی ئەوەی کە چی بکرێت و چون ھونەری کوردی ڕاستەڕی بێت، دەڵێت: “ئەوە کاری حکوومەتە، کە سیستمێک پەیڕەو بکات و بیکات بە پڕۆژیەک، جا خۆی ھەر شوێنێکی دەوێت با لەوێوە دەست پێ بکات، گرینگ ئەوەیە بیکات، ڕاستە ئێمە دەنگ خۆشی باشمان ھەیە و میوزیکژەنی لێھاتوومان ھەیە، بەڵام شتێک ھەیە سەوادی مووزیک بۆ گۆرانیبیژ کەمە و سەوادی میوزیک نەک تەنیا نۆتە بزانی، بەڵکوو دەبێت لایەنی ئەدەبیات و فۆلکلۆریشی پتەو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت میوزیکی ڕەسەن لەگەڵ میوزیکی سەردەمدا ھاوسەنگ بکات و بە پەرۆشەوە ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە”.
(خالقی) ڕایگەیاند کە ناکرێت ڕەخنە و گلەیی لە ھونەرمەندە تازەدەرکەوتووەکان بگرین و تاوانبارییان بکەین و بیانکەین بە ھەدەفی شیواندنی ھونەر و میوزیکی کوردی، دەڵێت: “ھونەرمەندێکی تازە و گەنج ناتوانێت خۆی بە تەنیا ھەموو کارەکان بە سەرکەوتوویی ڕابپەڕێنێت، ئاخر تا ئێستایش ئێمە شوێنیکمان نییە کاری کلیپ و میوزیک و گۆرانیمان بە یەکەوە بۆ بکات، تا ھەموو مانگێک ھونەرمەندێک بڵاوکراوەیەکی ھەبێت، جا کۆنسێرت بێت یان سیدی یان ئەلبوومیکی تازە بێت. بێگومان ئەگەر ئەو شتانەمان ھەبێت گۆرانێبێژان باشتر و چاکتر دەتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکوومەت بیری لەوە نەکردووەتە سیستەمێکی ھەبێت بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە، بۆیە ناکرێت گەنجێک تاوانبار بکەین کە ئیشێکی کردووە، نایشبێت کاری ئەو ھونەرمەندە لاوانە نزم بنرخێنین.”
لایەکی دیکەوە (مەزھەری خالقی) تیشکی خستە سەر چەند پڕۆژیەکی نوێی خۆی و گوتی: “ئێستا من خەریکی کۆکردنەوەی گۆرانییە کۆنەکانم، بۆ ئەوەی بزانم میوزیکی ڕۆژھەڵات چۆنە و ڕۆژ ئاوا چۆنە، ئایا لەگەڵ عەرەبی یان لەگەڵ فارسی تێکەڵ بووە، ئامانجێکی دیکەیشم ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار ئەرشیڤیکی میوزیکی ڕەسەن لە کوردستاندا درووست بکەم، چونکە نەتەوەیەک میژوو و ئەرشیڤی نەبێت، نەتەوە نییە، بە تەنیا گۆرانییەکانی تۆمارگە و میدیاکان نابنە ئەرشیڤ.”
گوتیشی: “لە ھەموو جیھاندا وا باوە، شتێک بۆ مەسروفی ڕۆژە و شتێکیش بۆ میژووە، بەڵام ئەمڕۆ لە ھەر لایەکی دونیادا ھەر گۆرانیەکی نوێ کە باشترینی بێت و تۆپی ئەو وڵاتە بێت، لە شەش مانگ زیاتر خۆی ناگرێت، بۆیە نا بێت ئەو قسەیە ببێتە بەڵگەو پرسیاری ھیچ کەسێکمان.”
لە کۆتاییدا ئەو (عەدنان کەریم)ـی بە نموونە بۆ ھەموو ھونەرمەندان ھێنایەوە، کە ھەردەم ئەو ھونەرمەندە کارێکی نەکردووە بە زیان بەسەر فەوتانی ھەونەرەکاماندا بشکێتەوە، بۆیە پێی وایە دەبوایە گرنگییەکی تەواو لە ئەوروپا و کوردستان بە (عەدنان کەریم) درابا.
دیمانە:کارۆخ مەلا ئەسعەد