ئا: ئاسۆ سه‌راوی : هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی ده‌كرێته سه‌رپه‌رشتیاری ته‌له‌فزیۆنی خاك، ئه‌و كه‌ناڵه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌بڕیارێكی د.به‌رهه‌م بودجه‌ی حكومه‌تی لێبڕاو به‌و هۆیه‌شه‌وه داخرا، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به په‌خشی ئه‌زموونی كردۆته‌وه، خالقی به‌و كاره‌ی گه‌شبینه، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “به‌نیازین دوور له‌سیاسه‌ت له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا كار بكه‌ین”.
بڕیاره له21ی مانگی ئازاردا ته‌له‌فزیۆنی خاك، به‌فه‌رمی له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی، ده‌ست به‌په‌خشی ئاسایی خۆی بكاته‌وه، له‌كاتێكدا نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی بڕینی بودجهكهیهوه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، دوای زیاتر له13 ساڵ كاركردن، ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه له‌په‌خش وه‌ستا.
تاڵه‌بانی مانگی 50 هه‌زار دۆلاری بۆ دابین ده‌كات
بڕینی بودجه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای راگه‌یاندن له‌لایه‌ن كابینه‌ی د.به‌رهه‌مه‌وه له‌ناویشیاندا بڕینی بودجه‌ی ته‌له‌فزیۆنی خاك، كه خاوه‌نه‌كه‌ی هێرۆ خانی هاوسه‌ری تاڵه‌بانییه هه‌ر ئه‌و كاته چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای بۆكرا، به‌بڕوای هه‌ندێك، بڕینی بودجه‌ی خاك كه به‌پێی زانیاریه‌كانی ئاوێنه له‌و كاته‌دا مانگانه نزیكه‌ی 100 هه‌زار دۆلار بووه، بۆ ناكۆكی نێوان د.بهرههمو هێرۆخان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێستاش كه سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له د.به‌رهه‌م وه‌رده‌گیرێته‌وه، دووباره خاك ده‌ست به‌په‌خش ده‌كاته‌وه، ئه‌وه له‌كاتێكدا هیچ بودجه‌یه‌كی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌به‌ر ده‌ست ئاوێنهدان، له‌لایه‌ن سكرتاریه‌تی تاڵه‌بانییه‌وه مانگانه 50 هه‌زار دۆلار بۆ ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه دابین ده‌كرێت.
راگرتنی زیانی بۆ ناوبانگی بنه‌ماڵه‌ی م.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌بوو
راگرتنی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی خاك، بۆماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك، به‌بڕوای هه‌ندێك، زیانی بۆ ناوبانگی بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردو م.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌بوو، چونكه هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه خۆیان به خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی تهلهفزیۆنو ده‌زگای خاك ده‌زانن، هه‌ر بۆیه بۆ دووباره ژیانه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه په‌نا بۆ كه‌سێكی نزیكی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌برێت كه ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی-یه‌و ئاوه‌ڵزاوای م.ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی كۆچكردووه، به‌ڵام خالقی ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه به‌حوكمی نزیكی له‌و بنه‌ماڵه‌یه ئه‌و كاره‌ی گرتبێته ئه‌ستۆ، ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌و قسانه‌م بیستۆته‌وه، به‌ڵام كه ئه‌م كاره‌م به‌ئه‌ستۆ گرتووه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه نییه كه من نزیكم له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه، وه‌ك ئیشكردن بۆ ده‌زگایه‌كی فه‌رهه‌نگی كوردی ئه‌و كاره ده‌كه‌م”. خاك به‌ده‌ر لهتهلهفزیۆنهكهی، وه‌ك ده‌زگایه‌ك چه‌ندین به‌شی تری هه‌بووه، له‌وانه رادیۆ‌و گۆڤار‌و چاپخانه‌و رۆژنامه‌یه‌ك به‌زمانی ئینگلیزی، به‌هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ش نزیكه‌ی 300 كارمه‌ندێكی هه‌بوو، به‌ڵام له‌دوای بڕینی بودجه‌كه‌ی حكومه‌ت له‌هه‌موو به‌شه‌كاندا نزیكه‌ی 25 كارمه‌ندێكی ده‌مێنێته‌وه، له‌ئێستاشدا خالقی ته‌نها ئه‌ركی ژیانه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتووه، به‌پێی وته‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده هیچ یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ی لهدهزگاكهدا ماوه‌ن ده‌ریان ناكات، به‌ڵام چه‌ندین كارمه‌ندی نوێش بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كه ده‌هێنێ.
سه‌رده‌می زێڕینی كه‌ناڵه‌كه
زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ڕابروودا له‌و ته‌له‌فزیۆنه‌دا كاریان كردووه، تائێستاش شانازیی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌كاتی خۆیدا گه‌لێك كاری داهێنه‌رانه‌و باشیان كردووه، به‌نمونه‌ش باس له‌وه‌رگێڕانی چه‌ندین فیلمی بیانی بهناوبانگو فیلم كارتۆن ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر زمانی كوردی، ئه‌مه جگه له‌چه‌ندین به‌رنامه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی تر، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا خالقی له‌توانایدا هه‌یه خاك بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌می زێڕینی خۆی، یاخود ده‌توانێ به‌شێك له‌خه‌ڵكی ناچار بكات واز له‌كه‌ناڵه ئاسمانیه‌كان بهێننو ببنه بینه‌ری كه‌ناڵێكی لۆكاڵی؟ به‌بڕوای كه‌سانێكی نزیك له‌و ده‌زگایه، ئه‌وه كارێكی سانا نییه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه خالقی له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی كرماشان بوو، جگه‌له‌وه كه‌سێكی پڕ كاره‌و تائێستاش به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌كی تره‌و ته‌مه‌نیشی به‌ره‌وو هه‌ڵكشان رۆیشتووه، به‌ڵام خالقی ئه‌وانه به‌ڕێگر نابینێ له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناویه‌تی، چونكه وه‌ك خۆی ده‌یخاته روو، ئه‌و پشت ئه‌ستوره به ئه‌زمونێكی زۆری كاركردن له‌بواری راگه‌یاندندا، ئه‌و ده‌ڵێت “راسته ئه‌و كاره ماندوبوونی ده‌وێت، مه‌به‌ستیشمه ئه‌و كاره بكه‌م، نه‌ك له‌به‌رخاتری هیچ كه‌سێك، به‌ڵكو پلان ئه‌وه‌یه ئه‌و شوێنه بكه‌ینه ده‌زگایه‌كی فه‌رهه‌نگی له‌و رێگایه‌شه‌وه خزمه‌ت به میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین، جگه‌له‌وه ئێمه به‌نیازین دوور له‌سیاسیه‌ت له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌تایبه‌ت بۆ ژنان كارێكی جیاواز بكه‌ین”.
دوای خستنه سه‌رپێی بهجێیدههێڵێ
هه‌رچه‌نده خالقی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئاگاداری ئه‌وه نییه كه له‌ئێستادا مانگانه چه‌ندێك پاره بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كه دابینكراوه، به‌ڵام ئاوێنه ئه‌وه‌ی زانیوه كه مانگانه له‌لایه‌ن سكرتاریه‌تی تاڵه‌بانییه‌وه 50 هه‌زار دۆلار دابین ده‌كرێت، خالقی له‌و رووه‌وه ده‌ڵێت “له‌باره‌ی دابینكردنی پاره‌وه هیچ زانیارییه‌كم نییه، به‌ڵام كه ده‌ستم دایه ئه‌م كاره، وتم پاره دابین كراوه، وتیان به‌ڵێ، هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی پاره‌یان بۆ دابینكرد ئێمه كار ده‌كه‌ین، كه‌ی نه‌ما ئێمه‌ش ده‌وه‌ستین”. خالقی ئه‌وه‌ش ده‌خاته روو كه دوای خستنه‌سه‌ر پێی كه‌ناڵه‌كه، وه‌ك كارمه‌ندێك له‌وێ كار ناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی كه به‌ڕێوه‌به‌ری ئینستیوتی كه‌له‌پوری كورده به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه پێشوتر ئه‌زمونێكی وه‌های هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بووه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستی هه‌بووه له‌دروستكردنی رادیۆی نه‌واو له‌دوای ماوه‌یه‌ك بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه.