خاتوو راز کەمال غەمبار: ڕەخنە بوارێکی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت
خاتوونی ھونەرمەند(راز کەمال غەمبار)، یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی کە بوێرانە لە بواری ھونەری شانۆ ،شێوەکار، سینەما کار دەکات خاوەنی چەندین کاری ھونەرییە لەھەرسێ بوارەکەدا جگەلەوە لەبواری دۆبلاژ و دیزایندا خاوەن ئەزموونێکی باشە،ئەو بەھۆی ئەوەی کچی نووسەری دیاری کورستان (د.کەمال غەمبار)-ە لەھەمان کاتدا ھاوسەری ھونەرمەند (ئالان محمەدعارف )-ە کەشێکی ئەرێنی بۆی ڕەخساوە تا زیاتر پەرە بەھونەرەکەی خۆی بدات راز خان دەچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی ھەولێر و دەرچووی کۆلیژی ھونەرجوانەکان بەشی شانۆیە وە لەئێستادا قوتابی ماستەرە لە شانۆدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کار و چالاکییەکانی لە نزیەکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرنمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە جیھانی ھونەری (شێوەرکاری، سینەما ،شانۆ) بکەیت ؟
– سەرەتای ئاشنابوونم بەھونەری شێوەکاری لەرێگەی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان بوو کە قوتابی بووم لەم پەیمانگایە وبۆ ماوەی ٥ ساڵ ئاشنای ئەم جیھانە بووم ،کەپڕیەتی لەڕەنگ وبۆیە ونەخش ونیگار وجوانی ،وئاشنای چەشنەکانی نیگار کێشان بووم تادەگاتە بەقوتابخانە ھونەرییەکان وھونەرمەندە پیشەنگەکان ،ھەروەھا سەبارەت بەجیھانی شانۆ وەکو ھونەرێک کەلەرێگەیەوە ئاشنای ئەم ھونەرە باڵایە بووم ،وبەشێوەیەکی پڕاکتیکی چوومە سەرتەختە وستەیجی شانۆ ،وفێری ھونەری نواندن بووم وەکو بناغەیەک لەڕێگەی ھونەری شانۆ کەباڵاترین ھونەرە ،وھەر ئەوەش وایکرد کە بچمە بواری سینما لەرێگەی فلمێکی سینەمایی کەیەکەمین ئەزموونم بوو وەکو ئەکتەرێکی ئافرەت ،لەگەڵ ستافێکی ھونەری کەزۆر شتیان لێوە فێربووم .
*باوکی بەرێزتان(د.کەمال غەمبار) نووسەرێکی دیاری کوردستانە، تاچەند ئەم کەش و ھەوای ماڵەوە ھاوکار بووە بۆ ئەوەی بیر لە جیھانی ھونەری بکەیتەوە؟
– ئێمە بەحوکمی باوکم (دکتۆر کەمال غەمبار) کە نووسەرێکی دیاری کوردی ولەبواری ئەدەب وڕەخنەی ئەدەبی ھونەری دەستێکی باڵای ھەبووە لەبەرئەوەی لەخانەوادەیەکی ڕۆشەنبیر بووین ،بێ گومان ئەوشتە ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی ھەبووە لەسەرم کەڕووبکەمە بواری ھونەری وماڵوەش ھاوکاربوون ولاریان نەبووە کەخۆم لەم کایەدا ببینمەوە وپەرەی پێ بدەم .
*راز کەمال زیاتر خۆی لە ھونەری شێوەکار یاخود ھونەری شانۆ دەبینیتەوە؟
– ھەردوو ھونەرەکە لەلام خۆشەویستین لە ھەردووکیانیش بەشداری کارام ھەبووە ، بەڵام زیاترخۆم لەبواری شانۆونواندن دادەبینمەوە ولەشێوەکاریش پێشتر بەشداربووم وساڵانە لەبۆنەکانی چالاکیم ھەبووە ،بەتایبەتی لە فیستیڤاڵەکانی نێو پەیمانگا.
*لەئێستادا چۆن دەڕوانیتە ئاست و توانستی ئافرەتانی کوردستان لە ھەردوو بواری شانۆ و شێوەرکاردا؟
– لەئێستادا خانمان لەبواری ھونەری شانۆ وشێوەکاری بەڕۆڵی خۆیان ھەستاون ولەم چەند ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک ئافرەتی کورد ھەڵکەوتن وتوانیان پێگەی خۆیان بدۆزنەوە ،لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارانە وەکو پێویست بایەخی پێ نەدراوە لەلایەن حکومەت ودام ودەستگایەکی ئەوتۆنییە ،کەسپۆنسەروپاڵپشت بێت بۆ ھونەروھونەرمەندان مەگەر ھەندێک کەسی خەمخۆری ھونەر وکەرتی تایبەت بەم رۆڵە ھەستابن وپشتگیری مادی ومەعنەویان کردبێت ،،بەڵام وەکو بزاڤێکی ھونەری ھێشتا زۆری پێویستە ..
*تاچەند ڕەخنە بە پێویست وگرنگ دەزانیت بۆ ھەردوو بوارەکە (شانۆ ،شێوەکار)؟
– رەخنە زۆر گرنگە بۆ ھەموو بوارێک، بگرە لەڕێگەی ڕەخنەی بنیاتنەروبابەتی وزانستی ھەموو کاریکی ھونەری ھەڵدەسەنگێندرێت وپێشدەکەوێت ،وکەسی شارەزای گەرەکە..ڕەخنە خۆی لەخۆیدا بوارێکی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت
*مەرجە ھونەرمەند دەرچووی پەیمانگا یاخود کۆلێژی ھونەری بێت؟
– ھونەر لەپێش ھەموو شتێک ئیتر ھونەری شانۆ یاخوود شێوەکاری بێت بەھرەیە ،بەڵام ئەگەر حەزوخولیایەکی لەپشت بێت دەکرێت پەرەی پێ بدرێت ،لایەنی ئەکادیمی بێ گومان زۆر گرنگە وەکو بناغەیەک بۆ ئاستی ھەرھونەرمەندێک ویڕای زانیاری وبەدەستھێنانی مەعریفەت ،بەڵام ھەموو شتێک نییە ،دەکرێت کەسێک ھیچ بڕوانامەیەکی لەم بوارانەدا نەبێت بەڵام کەسێکی سەرکەوتوو ولێھاتوو بێت وپێچەوانەکەشی ھەرڕاستە ،ھەردوو بوارەکە ، بەھرە پێویستە بەڵام ھەوڵ وتەقەلاش زۆر گرنگە ھەروەھا ڕاھێنانی بەردەوام ..
*ساڵانە چەندین خانم کۆلێژ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن بەڵام لە گۆڕپانی ھونەری ون دەبن ھۆکارەکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
– ھۆکارەکەی بەشێکی پەیوەندی بەئیش وکارە گوزەران وژیان وخێزانەوە ھەیە ،،ھەروەھا سروشتی رۆڵەکان ڕەنگە کاریگەری خۆی ھەبێت ،یاخوود نەبوونی دەستگایەک کە کاری پێویستیان بۆ فەراھەم بکات ،،ولەگەڵ ئەوەش کە پاڵپشتی مادییان ھەبێت کەئاسانکارییان بۆ بکات وزۆر ھۆکاری تری وەکو ڕێگری ماڵەوەو نەریتی کۆمەڵگا ولایەنی ئایینی ..
*ھیچ پرۆژیەکی ھونەری نوێت ھەیە؟
لەئیستادا ھیچ پڕۆژەیەکم نییە وسەرقاڵی خوێندنی باڵام ولەماستەر دەخوێنم ،ولەئایندەدا پڕۆژەی ترم لەبەردەستە لەبواری سینەما وفیلم سازای..
Discussion about this post