وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ئەگەر خۆڕووتکردنەوە بەچمکە سێکسییەکەی وەربگرین، زۆربەی ئەوانەی دژایەتیی دەکەن حەزیان لە خۆڕووتکردنەوەیە، یان لانیکەم حەز بەبینینی دەکەن، ئەمەیان پتر پێوەستە بەو کەپتەی لە هەناوماندایە و پێی پەروەردە بووین، زۆربەی ئەوانەیش کە دژایەتیی سەماکانی (ناسلی و دەشنێ و موژدین) و هاوڕێکانیان دەکەن، لەگەڵ دیتنی هەریەک لەو خاتوونە هونەرمەندانە زەقەی چاوانیان دێت، ئاخر ئەمەیان غەریزەیە غەریزە، ئیتر ئەو درۆ زەبەلاحە لەپای چی بۆ دژایەتیکردنیان جا بەهەر ناوێکەوە بێت.. بۆیە دەخوازێ بوێریمان لە قبووڵکردنیان وەک خۆیان هەبێت، چونکە ئەمە بەشێکی کاریگەرە لە هونەری هاوسەردەم.
پێشتر گوتوومە و ئێستایش جەخت دەکەمەوە، ئەگەر پێ بەپێ لەگەڵ هونەری هاوسەردەمدا ڕێگە نەبڕین و تەوژمی گەنج قبووڵ نەکەین، چ گومان لە چەقبەستووییمان نامێنێ، کەواتە گوێدانیش بەتوانجەکان، ئەو توانجانەی پاشمان دەخەن، دیسان دەکەوێتە بەر خاڵە نەرێنییەکان، بۆیە دەخوازێ خاتوونەکان بوێرتر بن و هەوڵی هەڵتەکاندنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان بدەن.. لێرەشدا ئەو مقۆمقۆیەی لەبارەی خۆڕووتکردنەوەی خاتوونە هونەرمەند موژدین دروست بووە، هەمان ئەو چمکانە لەخۆ دەگرێت کە خستماننە بەر ئاماژەوە.
ئەگەر بڕیاریش بێت چمکی خۆڕووتکردنەوە وەک ئەوەی موژدین خۆی ڕایگەیاندووە پێوەست بێت بەپاکبوونەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان، لەمەشیاندا دیسان دەخوازێ بوێریی ئەو هونەرمەندە گەنجەمان بەرز ڕابگرین، ئەو کە ئامادە بێت بۆ پێشاندانی ڕاستییەکان و خاوێنبوونەوە لە ڕێگەی جەستەیەوە جوانییەکانمان پێشان بدات، چ جای هەقە ئەو هەموو ناو و ناتۆرەیەی دوا بخرێ، من دەڵێم جوانیی موژدین وێڕای هونەرەکەی، لە بوێرییەکەیدا سەرچاوە دەگرێت، ئەو بوێرییەی تا ئەم دەمە تەنانەت دنیاگەراخوازەکانیش لە کوردستاندا پێیان هەرس نەکراوە، چونکە زۆرن ئەوانەی لە دیوێکدا قسە لەسەر مافەکانی ئافرەت و یەکسانبوون دەکەن، بەدیوەکەی تریشدا لە هەڵوێستێکی لەم تەرزە دژایەتیکردنانەی موژدینەکاندا بێدەنگی دەنوێنن، ئەگەر نا، دەبوو ئەوەندەی ئەقڵە کۆنخوازەکان خۆڕووتکردنەوەکەی موژدینیان کردووەتە بنێشتە خۆشەی ژێر ددانیان، لەو ژمارەیە پتر دنیاگەراخوازەکانیش بهاتبانایە وەڵام بۆ داکۆکیکردن لەو خاتوونە هونەرمەندە بوێرە.
بەدیدی من موژدین لە خۆڕووتکردنەوەدا جیا لەو چمکەی خۆی وەریگرتووە، هاوکات موژدەی نوێبوونەوەمان لە هونەری کوردیدا دەداتێ، ئەگەرچی ئەو تاکەکەس نییە ئەو هەڵوێستەی نواندبێ، ئەوەتا (ناسلی و لۆکە و دەشنێ)ی قوتابییەکانی هەڵکەوت زاهیریش هەمان نوێبوونەوەمان پێدەبەخشن، بێگومان ئەوانیش لە دژایەتیکردنەکان بێبەش نەبوون و نابن، دەمێنێتەوە تا چەند موژدین و ناسلی و دەشنێیەکان توانای بەردەوامبوونیان دەبێت؟ ئەمەیان خاڵی جەوهەریی باسەکەیە کە دەهێنێ نوێخوازەکانیش لەبارەیانەوە هەڵوێستیان هەبێت و ئەو هەڵوێستانە جێلەق بکەن کە زۆربەی پێشکەوتنەکان تەحریم دەکەن و بەردەوام حەرامکراوەکانمان پێشان دەدەن، ئەگەر نا، ئەوە تەواوی نوێخوازییەکان دەبنە حەرام و لە کۆنترۆڵی کۆنخوازیدا دەکەونە پەراوێزەوە کە ئەمەش بۆ هونەری کوردیی سەردەم مایەی نەگبەتییە.
دیسان جەخت دەکەمەوە، ئەوانەی دژایەتیی خۆڕووتکردنەوە لە ڕێگەی هونەرەوە دەکەن، زۆرینەیان حەزی لێدەکەن، بەڵام ئەقڵییەتی کۆنخوازی حەزەکانیان پێ دەشارێتەوە.. لەوەش دڵنیام هەریەک لەوان ئەگەر بۆ ساتێکیش بەدیار تابلۆیەکی نیمچە ڕووتی ڤانکوخەوە بوەستن، دەکەونە جۆرێک ڕامانەوە کە تێکدانی زنجیرەی بیریان تووشی شۆکیان دەکات، کەچی ڤانکوخیش لە تابلۆکانیدا چمکی ڕووتبوونەوەی بەئەقڵییەتێکی دیکە داڕشتووە جیا لەو ئەقڵییەتەی کۆنخوازەکان لێی دەڕوانن.. بۆیە نەک تەنیا دەهێنێ ناسلی و موژدینەکان بەردەوام بن، بگرە ئەرکی ئێمەیشە لە پشتگیریکردنیاندا هەوڵی زۆربوونیان بدەین.. ئەوجا چییە، دەبا کچانی کوردیش سەما بکەن، ئەی بۆ نەیکەن؟.