خاتوونی شاعیر سەلما تۆما: ئاوارەیی و غوربەت بۆمن بوو بە جۆرێک لە ژیانکردن لەو کاتەوە ھەست دەکەم شیعر دەستکاری ڕوحم دەکات و پێم دەڵێ بنووسە
خاتوونی شاعیر (سەلما تۆما کاکۆ)، یەکێکە لەوشاعیرانەی کە لە ماوەیەکی کورت دا لەرێگەی ھەستەناسکەکانییەوە خۆی خستۆتە نێو دەریای شیعرەوە ،ئەو بەسێ زمان(کوردی ،سریانی ،عەرەبی) شیعر و پەخشانە شیعر دەنوسێت .سەلما دەرچووی بەشی ئاماری کۆلیژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی موسڵە ،لەساڵی ١٩٦٠ لەشارۆچکەی شەقڵاوە لەدایک بووە،بەڵام زیاتر لە شارۆچکەی مەسیف سەڵاحەدین و ھەولێرو عەنکاوە ژیاوە.. ئێستا لەگەڵ ھاوسەرو منداڵەکانی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت ئێمە بەباشمان زانی لە نزیکەوە ھەڤپەیڤینێکی ئەدەبی لەگەڵیدا ساز بدەیین بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین -کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتاپێمان باش بووباس چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە دونیای شیعر بۆ خوێنەرانمان بکەیت؟
– من ھەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی شیعرم خۆشویستووە و لەوانەکانی کوردی و عەرەبی تا مامۆستا دەیخوێندەوە من ئەزبەرم دەکردن ، لەقۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی زۆر حەزم دەکرد بنووسم بەڵام بەداخەوە ئەو کات و بوارەم نەبوو سەرقاڵی شیعر نووسین و خوێندنەوە بم جگە لەوەی جار جار لەژێر کاریگەری ڕووداوێک یا بۆنەیەک ھەر بۆخۆم شیعرێکم دەنووسی و ناوم دەنا وڕێنە ،دواتر لەبەر بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵ و کاری فەرمانبەرایەتیم بە یەکجاری لە وڕێنەکردنیش چوومەوە تا ساڵی ٢٠١٧ کە بڕیاری مانەوەم لە وڵاتی ئەڵمانیا دا لەبەر بوونی کاتی زیاتر و دابڕانم لە پابەندبوونی کاری فەرمانبەرایەتی و دانانی فەیسبووک سەیرم دەکرد وڕێنەکانم باشترن لە زۆربەی ئەو شیعرانەی کە لە پەیجەکان دەکەوتنە پێش چاوم ،ئەمە پاڵنەرێک بوو بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی نووسینم ،سەرەتا ھەستم دەکرد شیعرەکانم تەنیا دەردە دڵێکە بۆناو دونیای ڕوحی خۆم دواتر بە بڵاوکردنەوەیان ھەستم کرد ھێواش ھێواش تێکەڵی ژیانم دەبێ و چێژ و خۆشی لە نووسین و بڵاوکردنەوەیان دەبینم ،لە غوربەتدا بۆمن بوو بە جۆرێک لە ژیانکردن و تێڕوانینم بۆ خۆم و بۆ ژیان گۆڕا لەو کاتەوە ھەست دەکەم شیعر دەستکاری ڕوحم دەکات و پێم دەڵێ بنووسە.
*باشە کێ بوون ئەوانەی ھاوکارو پاڵپشتی سەلما بوون لە شیعر نووسین؟
– ڕاشکاوانە دەڵێم بەداخەوە ھیچ ھاوکار و پاڵپشتێکم نەبووە بۆ نووسینی شیعر جگە لە ھاندان و دەستخۆشیەکانی ھاوڕێیانی فەیسبووک نەبێت، بەڵکو دەتوانم بڵێم نیمچە ڕێگریەکیشم لێکراوە بەڵام ئەوە ساردی نەکردوومەتەوە لە نووسین و کۆڵم نەدا ھەر بۆیە تا ئێستا بەردەوامم ،ئەوەی گرنگە بگوترێ لەم دواییەدا مامۆستا(حەمە ئەحمەد جاف)ی شاعیر ھانی دەدام و زۆر جار شیعرەکانم پیشانی ئەودەدا بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستەکەیان و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانیان ئەگەر ھەبوایە ،ئەوەش بۆ من مایەی دڵخۆشی بووە بۆیە لێرەوە سوپاسی دەکەم.
*سەلما تۆما بە چەند زمان شیعر دەنووسیت ؟ئامانجت لە شیعر نووسین چییە؟
– بەھەرسێ زمانی سریانی و کوردی و عەرەبی شیعرم نووسیوە ،بەڵام زیاتر بە زمانی کوردی دەنووسم ، بەزمانی عەرەبی زیاتر پەخشانم نووسیوە.
ئامانجم لە نووسینی شیعر بە گشتی گەیاندنی پەیامە ، نووسین بە زمانی کوردیش ڕێچکەشکێنیە بۆ ھاندانی ئافرەتانی کریستیان بۆ دەرخستنی تواناکانیان لەبواری نووسین بەزمانی کوردی کە لە کوردستان شک نابەم ژمارەیان زۆر بێت.
*لەشیعر نووسیندا پشت بە وشەکان یان بەھەست یان بە بابەت دەبەستی؟
– من زیاتر پشت بە ھەست دەبەستم ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا نکۆڵی لەوە ناکەم کە ھەندێ جار بە بێ ویستی خۆم بابەت دەبێتە ئیلھامی نووسینی چەند دەقێکی شیعری.
*ھۆنراوەیەکی دیاری کراوی شاعیرێک ھەیە سەرنجی تۆی راکێشابێت و ھیوات دەخواست ھی تۆ بێت؟
– راستییەکەی بەدیارکراوی شیعرێک نییە ،بەڵام زۆرن ئەو شاعیرانەی کە دەق و تێکستەکانیان سەرنجم ڕادەکێشن و ھیوام دەخواست قوتابی قوتابخانەی شیعری ئەوان بوومایە ،تا لێیان فێربام جوانتر بنووسم.
*وەکو شاعیرێک، چۆن دەڕوانیتە ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە کوردستان ؟
– ھەڵسەنگاندنی ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە کوردستان بۆ من ئاسان نیە ، چونکە ساڵانێکی زۆرە ئافرەتی کورد شیعر دەنووسێ و ئەوە زیاتر لە بواری شیعرناسەکان نزیکە ،بەڵام دەتوانم بڵێم قەڵەمی ژن بەردەوام لەپێشکەوتندایە و بەھۆی بوونی ئازادیی زیاتری ژنان بەراوورد بە ساڵانی پێشتر ،ئازادی لە نووسینی دەقی شیعریش زیاتر بووەو ژن ئێستا لە ھەموو ئەو بوارانەدا شیعر دەنووسێ کە جاران ئەو بوێریەی نەبوو بۆیان بنووسێ ،بەڵام ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ وەک چەکی بەرەنگاری بەکاری بێنێ بۆ ئازادانە گەیاندنی پەیامی داکۆکی کردن لە ھەموو مافەکانی خۆی.
*ھیچ دیوانی شیعریت یان نامیلەکەی شیعریت ھەیە؟
– نەخێر ،بەڵام دەمێکە کتێبێکی شیعرم بەناونیشانی (ملوانکەی ئەوین) ئامادەی چاپە و چاوەڕێی دەرفەتێکم بۆ ئەوەی لەچاپی بدەم.
*پرۆژەی نوێتان ھەیە؟
– بوونی پڕۆژەی نوێ پەیوەستە بە ڕادەی دڵنیابوون لە جێبەجێ کردنیان بە سەرکەوتوویی ،بۆیە تا نەگەن بەو قۆناغە باسکردنیان بە پەسند نازانم.
Discussion about this post