جگە لەوەی خۆم هەردەم سەرقاڵی ئەوەم کە بزانم لەناو بازاڕی هونەری کوردیدا چی ئەگوزەرێ، لەهەمان ساتیشدا چاو بەنوسینی هونەری کەسانی تریشدا ئەخشێنم. لەوساتەی بۆ یەکەم جار گوێم لە بەرهەمی (خاتوون) گرت و لەهەمان ساتیشدا نوسینەکەی برای ئازیزم کاک (دلێر سەلیم) م هاتە بەرچاو، پڕبەدڵ تاسەی وەڵامێک بووم بۆ کاک دلێر سەلیم، هەرچەندە ئەوەی بەڕێزی نوسیویەتی بەبۆجونی خۆی لە کرۆکی بابەتەکەی داوە، بەڵام بەلای منەوە ئەبوایە ئەو بۆچونانە بەشێوەیەکی تر باسی لێبکرایە.
لەسەرەتای باسکردن لە بەرهەمی (خاتوون) باسی هاوکاریکردنی هونەرمەند عەدنان کەریم لەگروپی کامگاران ئەکات، کوت و مت ئەمە بیروڕای منیشە، بەڵام من دێمە سەر باسوبۆچونەکەی خۆم لەمبەرهەمەدا.
من باس لە مێژوی هونەری پڕ سەروەری کامگارەکان ناکەم باسی هەستو تواناو هزری زاناو شاعیری کورد دکتۆر عەبدوڵا پەشێو ئەوە لەلایەکی تر، دیسان بەهرەو توانای چرینی ئاوازەڕەسەنەکوردیەکانی عەدنان کەریمیش لەگەڵیان، ئەوە جێی خۆشبەختییە کە میللەتی کورد خاوەنی ئەو تواناو بەهرەو هزرو ئەندێشانەیە ،بەدرێژی مێژوی کارامەییان لەبواری هونەری ڕەسنی کوردی، سەلماندویانە کە چەند خەمخۆری جوانکردنی ڕواڵەتی نەتەوەکەیانن، گەر لای کورد وەکومیلەتانی جیهان هونەر ئاوینەی نیشاندەری جوانی و بەرزی ئاستی نەتەوە بێت، نەک بەکاربردنی هونەر بەشێوە ناشایستەکانی کە ئێستا خەریکە ئەبێتە دیاردەیەکی ناشیرینکردنی ڕواڵەتی جوان و مێژووە پڕسەروەری نەتەوەکەمان، ئەوە باسێکی ترەوە هەڵبەتە ساتی ئەو باسکردنانەش لە داهاتویەکی نزیکدا دێنە ئاراوە.
من ئێستا تەنها باس لە بەرهەمی (خاتوون) و لەم سێ کەڵە بەشدارەی بەرهەمی (خاتوون) ئەکەم. (کامگاران، پەشێو، عەدنان کەریم).
بەڕای من کامگاران سەلماندیان بۆجیهان کە ئەوەی لە بازاڕی هونەری ئێرانی دا ئەگوزەرێ تەنها هونەری فارسەکان نییە، بەڵکو میلەتی کورد بەهونەرەجۆراو جۆرەکانی هاوبەشی ئەو هونەرە یەو و لە ئاستی مەزنی نەتەوەی کورد دایە، دوبارە کاری کامگارانی ئێستا درێژەدان بەخەباتی هونەری حەسەنی باوکیان و میرزادەی هاو کاریانن، ئەوانن ناهێڵێن شوێن پەنجەی میرزادەو کەڵەهونەرمەندانی کورد کاڵ ببێتەوە.
پەشێوی شاعیر ئەوەتای بەشیعرەکانی ئاشنابووم، هەستم بە جوانی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی وخۆشەویستنی نەتەوەکەم کردووە، هەردەم خولیای خوێندنەوەی شیعرەکانی ئەوکەڵە زاناو شاعیرە پڕ سۆزو هەستە بوم.
عەدنان کەریم …. من هەردەم لە ڕاو بۆچونەکانمدا وتومە عەدنان کەریم کەسێکە لە دەگمەنەکان لە بواری هەستی چرینی ئاوازدا، هەردەم وتومە گەر ئاواز دانەرێک ئاوازێکی بەژماری یەک بداتێ تا بیچڕێ. ئەوا عەدنان لەلای خۆیەوە بەهەستەجوانەکەی ژمارەیەکی ئەخاتە بەردەم، لەوانەیە ئەم هاوکێشە لای هەندێکەس گران بکەوێتەوە بۆیە بەسادەتر لێ ئەدوێم بۆ نمونە گەر ئاستی ئاواز دانان بکەینە پلە (ژمارە)،بۆنمونە ئاوازدانەرێک لەئاستی ژمارە ١ یان ٢ ئاوازێک بداتە عەدنان ئەوا عەدنان لای خۆیەوە گەر ژمارە سفریشی بخاتە بەردەم ئەوا ئەبێ بە ١٠ یان ٢٠ . بەڵام گەر هاتو کارەکە لە ئاستی ژمارە سفردابو ئەوا هەر ژمارەکەی عەدنان ئەمێنێتەوە، هیوادارم مەبەستەکەم ڕوون بێت، ئەم توانا هونەریە لای زۆر لە گۆرانی بێژان نییە، بەداخەوە لەزاراوەی کوردیدا من تائێستا وەکو زاراوەی میلەتانی تر بۆووشەی گۆرانی چڕیین هەر وشەی گۆرانی بێژ بەکار ئەهێنین، تا ئێستا وەکو چۆن نەتەوەی عەرەب هەردوو ووشەی (مغنی و مطرب) بەکار ئەهێنن، بریا زمان زانان هەوڵیان بدایە ئەو زارەوش بۆ گۆرانی کوردیش بهێننە ئاراوە، چونکە من لام نەنگە بەکەسێکی وەکو مەزهەری خالقی و عەدنان کەریم ،،، چەندینی تریش، بلێم گۆرانی بێژ و لەهەمان ساتدا بەچەند کەسێکی تری نەشیاوی ناو بواری سازو ئاواز ئەوترێ گۆرانی بێژ.
لەسەرەتادا و پێش گوێگرتنم لە بەرهەمەکە، بیرم لای توانای هزرو ئەندێشەو بەهری گەورەی ئەو سێ کەڵە بەشدارەی ئەوکارە هونەریە بوو. لەگەڵ خۆما ئەدوام و ئەموت بیرو ئەندێشەی پەشێو و پلوپەنجەی هونەری کامگاران و تواناو سەلیقەی ژێکانی دەنگی ڕەسەنی عەدنان کەریم سەر لەنوێ تۆمارێکی مێژووی لە مێژووی هونەری ڕەسەنی میلەتەکەماندا سەر هەڵئەداتەوە، بەڵام ئەوەشم بیرنە ئەچوو کە هەستی شاعیر و پەنجەی ژەنیارو ژێی دەنی گۆرانی بێژ بەس نیین بۆ لەدایک بونی بەرهەمێکی جوان و شایستە بەئاستئ هونەری نەتەوەکەمان،لای من زۆر ڕونە ئەو ساتەی، شاعیر دەست ئەکا بەنوسینی شیعرێک بەتایبەتی شیعری گۆرانی، ئەوا ئەبێ لامان ڕون بێت کە؛ ئەو شیعرانەی خاوەنی میلۆدی و سۆزی ئاوازنیین، هەردەم لەخانەی شیعرا خۆیان نابیننەوە، بەتایبەتی خانەی شیعری گۆرانی، پاش خویندنەوەم بۆ شیعرەکان بەتایبەت بەدەنگە پڕ میلۆدییەکەی پەشێو، بۆم دەرکەوت کە ئەوە لە ئاستی خۆیدا کەمتەرخەمی نەکردووەو شاعیری پڕ هەست شیعری پڕمیلۆدی پێشکەشکردووە،بەئاسانی هەست بەمیلۆدیەکانی نێو شیعرەکە ئەکرێت.
دوبارە پلەو پەنجە جوانەکانی کامکاران ئەوە هەردەم شایستەی ستایشن سەلماندوشیانە چۆن ئاوازە ڕەسەنە کوردیەکانیان لەئاستێکی باڵادا گەیاندۆتە گوێی بیسەر،سنوری میلەتەکەش و کوردستانیشیان بەزاندووەو بەجیهانیان ناساندوە، هەردەم شایستەی ئەوە بون کە باڵوێزی سازو ئاوازی کوردی بن.
عەدنان کەریمیش وەکو لەمەوبەر لە سەری دوام و بابەتەکەم کردە بابەتی ماتماتیک بۆ یە دوبارەی ئەکەمەوە ، شیعری پەشێو و پلوپەنجەی کامگاران و ژێ دەنگی و توانای عەدنان دوبارە جێی ستایشن، بەڵام ئەوەی لەوێ ئامادەیی خۆی پیشان نەدا یان هەستمان پێنەکرد دۆزینەوەی میلۆدی شیعرەکان بوو، بەواتای برای ئاوازدانەر لەگەڵ ستایشم بۆ هیلاک بونەکەی و ئاواز دانانەکەی بەڵام نەیتوانی بو ئاوازی تەواوی نێو شیعرەکان بدۆزێتەوە. گەر بێت و سەرنجێک بدەینە چڕینی شیعرەکان لەلایەن پەشێوەوە، ئەوا بە ئاسانی هەست بەمیلۆدی شیعرەکان ئەکەیت، بەڵام لەدوای ژەنینی مۆسیقا و چونەناو دنیای گۆرانیەکەوە مرۆڤ ئەچێتە دنیایەکی ترەوە،میلۆدییەکی ترەوە کە زۆر دورە لەدنیای میلۆدی شیعرەکان، من زۆر بەدوری نازانم گەر پەشێو بە عەدنان کەریمی بوتایە ئاوازی ئەم شیعرانەم بۆ دابنێ و بیانکەرە گۆرانی،ئەوا ئەمڕۆ لەدنیایەکی تری میلۆدی و ئاوازی ڕەسەنی کوردی دا ئەبوین.
کاک دلێر سەلیم ئەڵی ئەم میلۆدیانە بۆ ئەدای کامکاران باش بو… من ئەڵێم نا برام من ڕام وایە ئەم میلۆدیانە میلۆدی شیعرەکان نین، هەرچەند کرابنە بەرگێک بۆ ئەم شیعرانە، بەڵام نەشیاو بون،وەکو میلۆدیەکی تایبەت و هەلقوڵاوی ناخی ئەم شیعرانە، ئەکرا وەکو ئاوازێکی تەنها ئۆرکسترالی پێشکەش بکران، ئەوا پڕ ئەبو لە دنیایەک جوانی ئاواز و ئەندیشەی سازو ئاواز، بەڵام ئەو میلۆدیانە بەڕای من بۆ ئەم شیعرانە…… نا. …..
من سەرم لەوە سوڕ ئەمێنێ، کە یەکێ لەتوانا و بەهرە نامۆکانی عەدنان کەریم هەلبژاردنی شیعرە و ئەوسا هەلبژاردنی میلۆدی بۆشیعرەکان و بەراورد کردنیان،و پاش بڕیاردان بە وتنی، منیش لێرە سەرم سوڕماوە؛
لە کۆتا دەستی ستایش و ماندونەبونیان ئەگوشم هیوام وایە سەرنجەکەم چەند کورتیش بێت مایەی کەڵک لێ وەرگرتن بێت.
سەڵاح ڕەوف
هۆڵەندا ٨/١٢/٢٠١١