زانا دزەیی: پێتان سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم لۆکە لە ستایلی جلوبەرگ و مێکاب کردن ھیچ شتێک نازانێ جگە لە لاسایکردنەوەی کۆنترین ستایلی ھونەرمەندە عەرەبەکان نەبێت، لەدەرکەوتنی سەرەتای کە ساڵی ٢٠٠٦ بوو لە کۆتایین دەرکەوتنیشی کە ھەفتەی رابردوو بوو لەبەرنامەی “ئەڤین ژن و ژیان” لۆکە نەک نەیتوانی شتێکی جیاوازمان نیشان بدات بەڵکو ٢٠ ساڵ گەڕایەوە بۆ دواوە.
لۆکە زۆر حەز بە دەرکەوتن دەکات، لەبەرئەوەشە زوو زوو کلیپی نوێ بڵاودەکاتەوە، کلیپی یەکەم و دووەمی بۆ کوردستان سەرنجڕاکێش بوو، کلیپی سێیەمی “مەکە” ھەرچەندە کۆپی کلیپەکەی نانسی عەجرەم بوو، بەڵام ئەویش بۆ کوردستان سەرنجڕاکێش بوو، چونکە بۆ یەکەمجار بوو کچێکی کورد بەمشێوەیە جلوبەرگی نیمچەرووت لەبەر بکات و وشەی وروژێنەر بۆ گۆرانییەکانی بەکار بێنێ. بەڵام دوای ئەوە لۆکە تائێستا ھیچ شتێکی جیاوازتری پێمان نیشان نەداوە، من باسی لایەنە ھونەرییەکەی ناکەم. دەمەوێت لەسەر یەک لایەنی لۆکە قسە بکەم کە ئەویش ستایلی جلوبەرگیەتی.
دیارە ھەموو ھونەرمەندانی دنیا بەتایبەتە ئافرەتەکان دیزاینەری تایبەتی خۆیان ھەیە و ھەوڵدەدەن کێبڕکێ بکەن لەسەر خاوەن جوانترین ستایل ئەوەش وایکردووە سەرکەوتووەکان ستایلی جلوبەرگیان بەناو دەکرێ و گەنجان لاسایی دەکەنەوە. رۆبەرتۆ کەفالی دیزانەر دەڵێ “مەرجە گۆرانیبێژ پێشتر فاشیۆن بووبێت”. بەڵام جۆرج کعدی دەڵێ “مەرج نییە فاشیۆن بێت بەڵام لەجلوبەرگ لەبەرکردن زانا بێت”.
بەڵام لۆکە نە فاشیۆنە و نە زانایە. بەڵکو ھیچ نەزان و بێئاگایە، چونکە ئەو کچێکە لەدەرەوەی کوردستان گەورە بووە، بە حیساب موعجیب بەھەندێ ھونەرمەندی جیھانییە، “عەزیەکی درێژی رەش، دەستکێشی و کلاوێکی رەش، پێلاوێکی ھاوینی قاوەیی” ھەمووتان بینیتان لۆکە وا دەرکەوت لەبەرنامەکەی ئەڤین ژن و ژیان، یەکەم سەبارەت بە ستایلی رەنگەکانی لەدنیادا نەبووە رەش و قاوەیی پێکەوە بگونجێن.. دووەم لە وەرزی بەھار جلی ھاوینی ھیچ مانایەکی نییە. سێیەکەم عەزیە بۆ بۆ کەسانی باڵابەرز و باریک شیاوە، بەڵام لۆکە ھەتادێ قەڵەو دەبێت، ھیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ژنێکی ناوماڵ کە شەیدای برنجی بۆندارە.
دوای بەرنامەی “ئەڤین ژن و ژیان” لۆکە دیسان دەرکەوتەوە کە ریلامکردن بوو بۆ مارکەیەکی “بۆن” راستەوخۆ لاسایی ھەیفا وەھبی دەکاتەوە، بەڵام لە راستیدا لە ئەحلام دەچێت.
ئێستا ھەموو ھونەرمەندانی عەرەب “خۆرھەڵاتی ناوەڕاست” دەیانەوێ بەجیھانی بن دوای ستایل ھونەرمەندانی ھونەرمەندانی ئەوروپی کەوتوون و وازیان ستایلی عەرەبی خۆیان ھێناوە کەچی لۆکە تازە بەتازە دوای ستایلی عەرەبی کۆن کەوتووە. ھەم لە مەیکاب کردن و ھەمیش لەجلوبەرگ.
ھیوادارم لۆکە لێم زویر نەبێت و بەدڵێکی فراوانەوە بۆچوونەکانم قبوڵ بکات و ئەم نووسینەم ببێتە ھۆکارێک کە لەستایل بەرەوپێشەوە بڕوات و دەست ھەڵگرێت لە تەقلید. ئەگەر لۆکە پێش دەرکەوتنەکانی پرس بەکەسانی شارەزا لەبواری ستایل بکات قازانج دەکات “خۆ ھەڵکەوت زاھیر لەھەموو شتێک نازانێ”. ناکرێ ئەگەر ھەڵکەوت زاھیر موعجیب بە عەرەب بێت ئێوەش مەیکاب بەدڵی ئەو بکەن و جلوبەرگی عەرەبی کۆن لەبەر بکەن.