كارۆخ مەلائەسعەد:لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەشداریی حەوت وڵاتی جیاواز، گرووپێكی نێودەوڵەتی بە مەبەستی گوتنەوەی چەند میتەلۆجیایەكی شانۆ لە كۆلێژەكانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) گەیشتنە هەرێمی كوردستان.وڵاتەكانیش بریتی بوون لە (بەڕازیل، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئیتاڵیا، پاكستان، عێڕاق).
(سانتوزە) كە خەڵكی بەڕازیلە و لە یەكێك لە سەنتەرەكانی ئەو وڵاتەوە هاتووە بۆ “هەولێر” دەڵێت: “لە لایەن هەرێمەكەتانەوە بانگهیشت كراوم تاوەكو لە كۆلیژەكاندا بۆ چەند ڕۆژێك باس لە میتەلۆجیای شانۆ بكەم و، هەوڵیش دەدەم زانیاریی بەسوودیان پێ بگەیەنم.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو خانمە بەڕازیلیە گوتیشی: “بەر لە هاتنم لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە ئارامی و ئاوەدانیی هەرێمەكەتانم بەدی كرد، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە ئێستا وا لێرەم.”
بەڕێوەبەری پەیمانگای شانۆی جیهانییش لە ئەڵمانیا دەڵێت: “زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ لێرەم، چونكە دەمێك بوو تامەزرۆ بووم بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چۆن دەژیێن، بەڵام جێی خۆشحاڵییە شتی جوان بەدی دەكەم و بە گەڕموگوڕییشەوە پێشوازی لە میوان دەكەن، بۆیە هەوڵ دەدەم جارێكی دیكەیش بۆ گەشت و سەیران سەردانی كوردستان بكەمەوە.”
ئەو خاتوونە ئەڵمانیاییەیش بە گوتەی خۆی ئەزموونێكی زۆری هەیە لە بواری هونەری شانۆدا بۆیە دەتوانێت تازەگەرییەكی بەرچاو بهێنێتە ناو شانۆی كوردییەوە.
شایەنی باسە ئەو گرووپە 23ـی مانگ واتا ڕۆژی یەك شەممە، كۆنفرانسێكیان بۆ ساز كرا لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ لە هەولێر.