دیمانە: لە رۆژنامەی بارزان سپۆرتەوە
حەمە ڕەئووف کەرکووکى یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە کەم کەس هەیە ناوی بە گوێیدا نەدرابێ، ئەو توانیویەتى خزمەتێکى باشى هونەرى کوردى بکات، کەرکووکی پێش ئەوەی ببێت بە هونەرمەند و خزمەتى هونەر بکات، وەرزشوان بووە و توانیویەتى بگات بە ئاستێکى باش لە یارییەکانى تۆپی پێ و تینسی سەرمیز، بۆیە بارزان سپۆرت لە نزیکەوە ئەوی بە گۆ هێناوە و دەمەتەقێیەکی لەگەڵدا سازاندووە.
* تا چەند حەز بە وەرزش دەکەیت؟
– هەر لە سەرەتاوە تا ئیستا من دۆستى وەرزشم و ئەگەر وەرزشیش نەکەم لێی دەڕوانم، من پێش ئەوەی هونەرمەند بم، وەرزشوان بووم و یاریزانی تۆپی پێ و تۆپی سەرمیز بووم، ئەوە لە ساڵانی 70ـکان بوو، من بۆ بەشێکی زۆر لە تیپەکانی کەرکووک یاریم کردووە، لە 77بوو یان 78 لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانم بووین بە باشترین یاریزانی تۆپی سەرمێز لە کەرکووک.
*هاندەرى کام هەڵبژاردە و چ یانەیەکى؟
– من هاندەری هەڵبژاردەى بڕازیل و یانەی ریاڵ مەدریدم
* لە کاتی دۆڕاندن چ هەستێکت دەبێت؟
– یاری دۆڕاندن بردنەوەیە، دۆڕانەکانی ریاڵ مەدرید زۆر کاریگەری هەبوو بە سەرمەوە، بە تایبەتی ئەو یارییانەى کە بەرانبەر بەرشەلۆ نەبوو زۆر کاری تێکردم، بە ڕاستی تا ئەم کاتەیش ئەو کاریگەرییەی لەسەرمە، لە هەموویشی ناخۆشتر ئەوەیە کە من کورێکم هەیە هاندەری یانەی بەرشەلۆنەیە، بۆیە لە کاتی هەر بردنەوەیەکی یانەی بەرشە، من لەگەڵ خیزانەکەم توشی شەڕ دەبم، چونکە لەگەڵ کوڕەکەم دەیکەم بە شەڕ، دایکیشی لەسەر ئەو دەکاتەوە، بۆیە دەبێتە شەڕمان. زۆر جاریش کە بەرشلۆنە دەیدۆڕاند، کوڕەکەم دەست بە گریان دەکات.
* تا چەند وەرزش بۆ هونەرمەند گرینگە؟
– چەند حەزم بە هونەرەکەمە، ئەوەندەیش ئارەزووم بۆ وەرزش هەیە، بە داخەوە کە من دەڵێم گەییشتوومەتە تەمەنێک کە ناتوانم وەرزش بکەم، بەڵام هەر تەماشای دەکەم و زۆر سەرنجی یاریی یانەکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئینگلتەرا دەدەم، لەبەر گرینگیی وەزرش من هەفتەى 3 جار دەچم بۆ مەلەوانگە و مەلە دەکەم.
* تا چ ڕاددەیەک حەزت دەکرد چۆن لە کارى هونەری ناووبانگت دەرکرد، ئاوهایش لە نێو وەرزش ناسرابای؟
– باوەڕ بکەن چەند ئێستا دڵخۆشم بەم ناووبانگەی کە لە نێو هونەردا بە دەستم هێناوە و سەرکەوتوو بووم، دە ئەوەندەی ئێستا دڵخۆش دەبووم ئەگەر ئەم سەرکەوتن و ناووبانگەم بە بۆنەى بواری وەرزشەوە بووایە.