چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی: ئەو ٣٧ ساڵ کاری شانۆ و دراما دەکات، لەم چەند ساڵەی دوایشدا بەشێوەیەکی فراوان دەستی بەنووسینی تێکستی گۆرانی کردووە و ١٣٠ تاوەکو ١٥٠ تێکستی لەلایەن گۆرانیبێژەکانەوە کراوەتە گۆرانی، بەتایبەت ئافرەتە گۆرانیبێژەکان چونکە خۆی دەڵێ “لەبوارەدا حەزدەکەم بۆ ئافرەت ئیش بکەم”. ھەر تێکستێک بە ٣٠٠ دۆلار دەداتە ھونەرمەندان “لەبەرئەوەی تائێستا کرێچیم”. حەمە سەعید ئیبراھیم لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) گلەیی لەپارتیش دەکات و پێیوایە پارتی لەبەرامبەر ئەودا بێوەفابووە.
ھەر ئەلبوومێکی ھونەرمەند دەکەوێتە بازاڕەوە چەند تێکستێکی حەمە سەعیدی تێدایە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە تازە دەستیان بەگۆرانیگوتن کردووە، ھەروەھا ئەو کچە گۆرانیبێژانەی چەند ساڵێکە دەستیان پێکردووە، وەک خۆی دەڵێ تائێستا ١٥٠ تاوەکو ١٦٠ تێکستی کراوەتە گۆرانی، زیاتریش بۆ ئافرەتە گۆرانیبێژەکان تێکستی نوسیووە.
حەمە سەعید ئیبراھیم دەڵێت “ئەو کەسەی کە داوام لێدەکات تێکستی بۆ بنووسم دەبێ بیناسم، گوێم لەدەنگی بێت و تەمەنی بزانم، بۆئەوەی لەبیرکردنەوەی خۆم لەشەخسیەتی نزیک بمەوە، ئەوکاتە ئەویش بەشێوەیەکی جوان ئەدای گۆرانییەکە دەکات، بەڵام ئەگەر خۆم بۆ خۆم بنووسم بۆ کەسانێک دەبێ کە لەتەمەنیان لەنێوان ٢٠ تاوەکو ٢٦ ساڵی دایە، بۆیە بەم ناسکییە دەنووسم لەموعاناتی گەنجان تێدەگەم”. ساڵی ١٩٨٣ حەمە سەعید تێکستی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەم ساڵانەی دوایدا بە بەرفراوانی دەستی دایە تێکستنووسین، ئێستا ئەو شانازی بەوە دەکات یەکەم کەسە تێکستی بەھەستی ئافرەت نوسیووە و دەڵێت “فیستیڤاڵێکی شیعری و گۆرانی لەھەلێر کرا و وڵاتانی عەرەبیش بەشداریان تێدا کرد، منیش لە تەنیشت میسرییەکەوە دانیشتبووم، کچێک ھەڵسا گۆرانی گوت، باسی جوانی خۆی دەکرد، ئەوەی تەنیشتم وتی ئەوە باسی چیدەکات؟ لەرووم نەھات بڵێم ئەوە باسی خۆی دەکات، چونکە ئەوان ئەزموونێکی دوورودرێژیان لەکاری ھونەری ھەیە، ئەوە وایلێکردم لەئافرەتان نزیکبمەوە و بەھەستی ئافرەت تێکست بنووسم، نەک بەھەستی حەمە سەعید، من کە بۆ ئافرەت دەنووسم خۆم دەکەم بەھەستی ئافرەت ئینجا دەینووسم، بۆیە دەڵێم یەکەم کەسم بە ھەستی ئافرەت تێکستی گۆرانیم نوسیووە”.
ھەروەھا دەڵێ “یەکەم گۆرانیشم بۆ دڵنیا قەرەداخی کرد، کە موخاتەبەی باشترین کوڕ دەکات، کە تێکستەکە دەڵێت: دڵم ئەو دڵەی ئەوێ.. چاوم ئەو چاوەی ئەوێ.. لەبەرخاتری ئەو کوڕە شەو خەوم لێ ناکەوێ”. بەو شیعرە دڵنیا قەرەداخی بووە یەکەم ئافرەتە گۆرانیبێژی کورد کە گۆرانی بۆ کوڕان بڵێت و لەگۆرانی ناوی کوڕ ببات، حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشدا دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گۆرانییە ئافرەتە گۆرانیبێژەکانی دیکە داوایان لێکرد بۆ ئەوانیش تێکستیان بنووسێت کە باسی کوڕ بکات.
“بە سەدان گۆرانیم بە خۆڕایی بۆ ھونەرمەندان نووسی، بەڵام ئێستا بە ٣٠٠ دۆلار کەمتر نایدەمە کەس، بژێوی ژیانم قورسە، تائێستا کرێچیم و موچەکەم ناگاتە کڕێی خانووەکەشم، ئەوەی پێی دەژیم شیعرە، یەکەم کەسیشم تێکست بە ٣٠٠ دۆلار بە دەنووسم، بەدەیان کەسیش مەمنوونن و پێشەکی پارەکەشم دەدەنێ، ھیچ کەسێک پێش من بە ٣٠٠ دۆلار شیعری نەنوسیووە، بەپارەیەکی کەم نوسیوویانە، بەڵام لەبەرئەوەی ھی من رەواجی ھەیە و خۆم لەگەڵ تێکستەکان ماندوو دەکەم، شارەزایم لەنووسینی تێکست ھەیە، زەمانێکی دوورودرێژە سەرقاڵی گوێگرتنم بەناو تێکستی گۆرانی عەرەبی، لەوانەوە فێربووم کە دەبێ تێکستی گۆرانی لەشیعر جیابێ، تێکست دەبێ زمانێکی پالاوی سادەی بێت و بەدەرنەبێ لەوێنەی جوان، کە بتوانێ ئاساری بگاتە ناو دڵ و گوێی خەڵک”. حەمە سەعید ئیبراھیم وایگوت.
لەوەی کە تائێستا کرێچییە حەسە سەعید گلەیی لە پارتی دەکات و لەبەرمبەر خۆیدا بە “بێوەفا” ناوی دەبات و دەڵێت “ئەندامێکی پارتیم و بۆ پارتیش زۆرم کردووە، بەڵام پارتی لەگەڵ مندا بێوەفایە و ئەگای لەئەندامان و خۆشەویستانی خۆی نییە”. ھەروەھا دەشڵێت “تەمەن ئەوەی تێدا نییە پیاو بپارێتەوە، دەبێ حکومەت خۆی بزانێ کام ھونەرمەند پێویستە ھاوکاری بکرێ”. جگە لەخێزانەکەی خۆی ھیچ کەسێک بەشایستەی ئەوە نازانێت سوپاسی بکات، “چونکە جگە لە خێزانەکەم کەس ھاوکاری نەکردووم، تەنیا ئەو توانی لەم بوارەدا ھەلم بۆ برەخسێنێ و وایکردووە لەکاری ھونەری نەوەستم، ھەروەھا منداڵەکانم”.
ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە، کە تێکستی گۆرانی میسری کاریگەری زۆریان بەسەر ئەوەوە ھەبووە، “زۆر گوێ لەگۆرانی میسری دەگرم، لەساڵانی سەرەتای حەفتاکانەوە موعجیب بووم بەتێکست و گۆرانییەکانیان، بەتایبەت ئوم کەلسووم، فەرید ئەترەش، عەبدولحەلیم حافز، محەرەم فواد، زۆر سوودم لەتێکستی میسری وەرگرتووە و بەراستی چێژیان لێوەدەگرم”. زۆربەی شەوان گوێ لەگۆرانی دەگرێت، وەک خۆیشی ئاماژەی بۆ دەکات ناتوانێ ئەگەر ھەموو رۆژێک سەعاتێک گوێ لەگۆرانی ئوم کەلسووم نەگرێت، بۆ کوردەکانیش گوتی “حەزم لەگۆرانییەکاتی مەزھەری خالقی و کەریم کابان و قادر کابانە، لەگەنجەکانیش حەزم لە دەنگی کەمال محەمەدە”.
لەبارەی کەم بەشداریکردنی لەشانۆ و دراماکانی ئێستادا حەمە سەعید گوتی “حەزدەکەم ١٠ ساڵ ئیشێک بکەم، بەڵام ئیشی جوان بکەم، ئیشکردن بەس پڕکردنەوەی بۆشایی نییە، تەمەنی ئێستام ئەو حکومەم بەسەردەکات ئەگەر کارێک بکەم دەبێ رەنگدانەوەیەکی تێدا بێت و جێی رەزامەندی بینەری خۆم بێت، چونکە بینەر لام زۆر گەورە و پیرۆزە”. ئەو سستی و نەھامەتیەی کە لە شانۆدا دروست بووە وایکرد حەمە سەعید بەشێوەیەکی فراوان دەست بەنووسینی تێکست بکات و بێنە ناو بواری میوزیک و گۆرانی، کە ئێستا لەگەڵ ئاوازدانەر “ئاریۆس”ـی کوڕی رۆژانە لە ماڵەکەی خۆی گۆرانی بۆ ھونەرمەندان دروست دەکەن، حەمە سەعید دەڵێت “ئەگەر شانۆ بە جوانییەکەی خۆی و پەیامە راستەقینەکەی خۆی بمایەوە رەنگە زۆر کەمتر ئیشی گۆرانیم بکردایە”.
حەمە سەعید ئیبراھیم باسی ئەو نەخۆشییەی خۆی دەکات، کە راگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە، دەڵێت “ئێستاش ئازارم ھەیە، کلیەیەکم وەستاوە و بەپێی راپۆرتی دکتۆر کلیەکەی تریشم بەردی ھەیە، بەڵام من لەگەڵ ژیان شەڕ دەکەم، ھەتا ئەوکاتەی دڵم ئیش بکات ناوەستم لەداھێنان و کاری ھونەری، بەرامبەر ژیان لاواز نیم و ھەتا بتوانم نایەڵم بمخات، ژیانیش شانۆیە لەشوێنێک دەستپێدەکا و لە شوێنێک کۆتایی دێت”.