ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
نووسەری دیاری کوردستان (حەمە ساڵح فەرھادی) ساڵانێکە لە بواری منداڵاندا دەنووسێت ، خاوەنی چەندین کتێبە لە چەند گۆڤاری منداڵان ،وەکو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر کاری کردوە، لەم بوارەدا خزمەتێکی زۆری منداڵانی کوردستانی کردووە،ھەر بۆ ئەم مەبەستە پێمان باش بوو لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
– ھەرچەندە بەرێزتان نووسەرێکی دیاری کوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەکورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەکانمان بکەیت.
* ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرھادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرھادی) ناسراوم لە ساڵی ١٩٤٩ لە دایک بووم ،سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەکەمین بەرھەمی بڵاوکراوەم لە گۆڤاری (تیشک) بوو لە ساڵی ١٩٦٩ دا بووە، وەکو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگادا کارم کردووە، وەکو:رادیۆی دەنگی ھەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی ١٩٩٢- ١٩٩٤ ، گۆڤاری (ھەنگ) ی منداڵان لە ١٩٩٣- ٢٠١١) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (١٣) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەکە بووم،وەکو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک و بڵاوکراوەدا کارم کردووە ، وەکو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ) ، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەکو دەستەی نووسەران پاشانیش سکرتێری نووسین،بڵاوکراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداریم لە کۆنگرەی دامەزراندن و کۆنگرەی دووەمی رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە لە ھەولێر.
ھەروەھا،بەشداریم لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێیتی نووسەرانی کورد کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٠دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی و پاشانیش بە سکرتێری کارگێری یەکێیتیەکە ھەڵبژردرام،ساڵانی (١٩٩٧-٢٠٠٦) بەربەردەوامی بەرنامەیەکی ھەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(ھەرێم) ئامادەکردووەو لەوماوەیەدا (٤٤٥) ئەڵقەی بڵاوکرایەوە،تائێستا (٢٠) کتێبم بەچاپ گەیاندووە،چەند کتێبێکی تریشم ئامادەن ،چاوەڕەیی دەرفەتی چاپکردنن، بەشداریم لە وەرگێران و ئامادەکردنی(٨) کتێبی بەرنامەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی کشتوکاڵیداکردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (٨) کتێبی دیکەش کردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەکاندا دا بابەت بڵاو دەکەمەوە .
– چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵانت ھەڵبژارد؟
* من ھەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم ھەبوو ، پاشانیش کە دەستم بە نووسین کرد،بابەتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسیی کوردییەوھەم ھەڵبژارد ،پێش ئەوەی ھیچ بابەتێکی تایبەت بە منداڵان بڵاوبکەمەوە، دوو کتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسیی کوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو.پێش ئەوەی گۆڤاری (ھەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی ھاورێی دێرینم کاک (مەولوود ئیبراھیم حەسەن) و بە ھاندانی ئەو ،چەند بابەتێکی کورتم لە ھەفتەنامەی(پەریستان)ی منداڵاندا بڵاوکردەوە.ئەو ھەفتەنامە یە پاشکۆیەکی تایبەت بە منداڵان بوو،کە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
کەگۆڤاری (ھەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەرچوو و دکتۆر مەولوود ئیبراھیم حەسەن بوو بە سکرتێری نووسینی گۆڤارەکەو لەسەر داوای ئەو لەیەکەم ژمارەی گۆڤارەکەدا بابەتێکم بە ناونیشانی (ھەنگ)نووسی وئەو بابەتەلە دوای سەروتاری گۆڤارەکە،یەکەم بابەتی گۆڤارەکە بوو تێیدا چەند زانیارییەکەم لە بارەی ھەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوکردەوە.
لە ژمارە(٢)ی گۆڤارەکەشەوە بەفەرمی کرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تادوا ژمارەی گۆڤارەکە کەلە ساڵی (٢٠١١ دا تێیدا بەردەوام بووم ، پێنج ساڵ وەکو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەکو سەرنووسەر .
– ئەو بنەمایە سەرەکییانە چین ،کە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بکرێت؟
* ھەندێک بنەمای سەرەکی ھەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بکرێت لە مانە:
١- بابەتەکە بە زمانێکی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەکەی لەگەڵ ڕێنووسی کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکان بگونجێت،وشەکان لە فەرھەنگی منداڵەوە ھەڵقوڵابن، بابەتەکە کورت بێت و درێژداریی تێدا نەبێت،بابەتەکان لە ھەرجۆرێک بن، دەبێ بەشێوەیەکی پەروەردەییانە بخرێنە بەرچاو.
٢- ئامۆژگارییەکان ،ئەگەر ھەبێ ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەھیدا نەبێت،رەچاوی ئەو بەھایانەی تێدا بکرێت، کە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا،بایەخ بە سایکۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت،دابونەریتی رەسەنی کوردەواری و جیھانی بە منداڵان ئاشانا بکات.
٣-متمانە بە خۆکردن لای منداڵ بەھێز بکات،مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارانەی خزمەتێکی بەرچاوی منداڵانیان کردووە،بەھا رۆحییەکان لای منداڵ خۆشەویست بکات،بایەخێکی تەواو بە منداڵە بەھرەدارەکان بدات و بەھەرمیان بڵڕوبکرێتەوە،گەورەو بچووکیی پیتەکانی لە گەڵ تەمەنی مەندال بگونجێت.
٤- بابەتەکان نەتەوەیی بێ وجیھانی بێت بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە،بایەخدان بە بابەتەکانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشک و کات بەسەربردن بدرێت ، دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە گیانی دووبەرەکی و شەڕخوازی و تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد دەکات .
٥-باشتر وایە لاپەرەکانی بڵاوکراوەکان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەداری بن و نرخی چاپەمەنییەکان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن.
– نووسەرانی تێکستەکانی ئەدەبی مەنداڵان (ھۆنراوە،چیرۆک، ئۆپەرێت،شانۆگەری..) لە کوردستان چۆن ھەڵدەسنگێنیت؟
* دیارە تێکستەکانی ئەدەبی منداڵان،بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییانەی کەباست کردوون(ھۆنراوە،چیرۆک، ئۆپەرێت،شانۆگەری)، وەکو ھەموو تێکستە گشتییەکانی دیکەی ئەدەبی کوردی ، ھەموویان لەیەک ئاستدا نین، تێکستی باش و سەرکەوتوو ومنداڵامان ھەیە، ھەروەکو بە پێچەوانەشەوە تێکستی ئاست نزمیشمان ھەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێکستەشدا ،ھۆنراوە،چیرۆک،پێش ئۆپەرێت و شانۆگەری کەوتوون وئەم دووانەی کۆتایی ھێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ،ناتوانین بڵێین ئەو بڕیارە رەھایە و بۆ بڕیاری وردتر ،پێویستە بابەتەکانی ھەرنووسەر و شاعێرێکی بواری منداڵان بە جیا ھەڵبسەنگێندرێت.
بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارەی منداڵان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش کەمترە کە کار بۆ ئەدەب بەگشتی دەکەن.
ئەگەر دەزگایەکی بە توانای فەرمی ھەبێت و بایەخ بە بەرھەمی سەرکەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و کێشەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان ھەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێش.
– لەوماوەیەدا چەند نووسەرێکی منداڵ لە کوردستان بەرھەمەکانیان لەچوارچێوەی نامیلەکەدا بڵاوکردەوە، پێتان وایە ئەگەرنووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت کاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
* ئەگەر داتایەکی ورد و ڕاست ھەبێت سەبارەت بەو کەسانەی کە بۆ مندڵان دەنووسن ،چ گەورە بن یان منداڵ ،بەدیار دەکەوێت کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەسەرکەوتوویی بۆ منداڵ دەنووسن زۆرکەمە ! چونکە بەپێی بەندی یەکەمی مافەکانی منداڵان ، کە پێناسەکراوە(منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە ١٨ ساڵ تێنەپەریبێت).
کەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە ، زیاتر لە چواریەکی دانیشتووان منداڵن و پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە ئێستا زیاتر ھەیە کە کاری بۆبکەن.دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین ،ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەھرەمەند و بەتوانا ھەبێت،باشترە مەنداڵ بنووسێت،بەڵام ئایا ئەو ژمارەپێویستەمان ھەیە؟ بێگومان نەخێر.
ھەندێک کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ کارێکی ئاسانە ! بەڵام وانییە زۆر زەحمەتترە لە نووسین.
بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە.بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە ، زۆر جار ھەست دەکرێت، کەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەکرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە .تەنانەت وەکوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی کە لە گۆڤاری (ھەنگ) دا کارم کردووە، زۆرجار باوکێک یان دایکێک، چەند بابەتێکی منداڵانی ھێناوەو گوایەھەر بابەتێک یەکێک لە منداڵەکانی نووسیویەتی!
لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار،کەئەو ماڵە چۆن لەیەک کاتدا ئەو ھەموو نووسەرە منداڵەی لێ ھەڵکەوتووە؟!پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت کە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە ھان بدرێت و ھەوڵ بدرێت پەرە بە بەھرەکانی بدرێت ، بەڵام چاودێریش بکرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرمۆش بکەین وبەھەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی کە توانیویانە بە سەرکەتوویی بچنە ناوجیھانی منداڵانەوە.لەلایەکی دیکەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەکانی تایبەت بە منداڵ “ناوی ، پەروەردەی ، خوێندنی ، ژیانی ، جل وبەرگی ،پێداویستیەکانی و چەندین شتی دیکەش، چی تێدایە ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتیی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.
– سیستەمی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
*ئەمە پرسیارێکی گرنگە ، منداڵ وپەروەردەی دروست ،واتە ئایندەیەکی گەش و ڕووناک.بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نییە کە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی سەردەم بگونجێت.
ئەگەر بەراودێک لە نێوان ئێستاو(٢٥-٣٠) ساڵ لەمەوپێش بکەین ،پێشکەوتنێکی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینای قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەکانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی کردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنەمای ئەزموون و لێھاتووییان،ئێستاش دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەکاندا زۆرە و ژمارەی قوۆتابییانی ھەرپۆلێکیش زۆر لە پێویست زیاترە ، چەند ساڵە وە کوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەکرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناکرێتەوە.لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەھلییەکان بەردەوام لە زیادبوون دان ، ئەمەش ھەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەکانە،نەک بۆ ھەمووان.
بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بۆ چاکسازی لە کەرتی پەروەدەدا بکرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت.بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارانمان لە پێشان زیاترە.
– چۆن منداڵان رابھێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
* قەیرانی کەم خوێندنەوە قەیرانێکی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان.ئێستا بە ھۆی زۆری ژمارەی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و ئینتەرنێت و فەیسبووک و لقوپۆپەکانی و ھەموو ھونەرە تازەکانی ئەم بوارەوە ،کە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەو بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە.سەرەرای ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێک بێت کە گەورەکانی کتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبکرێت؟!
بەداخەوە زۆربەی گەورەکان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن،کەھەندێکیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەکو یاریی چەک وتەقەمەنی و جۆرەکانی تر ، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە کە جارێک کتێبێک ،یان گۆڤارێکی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببەنەوە و لەسەر خۆشەویستیی کتێب خوێندنەوە رایان بھێنن.
– تاچەند لەگەڵ ئەوەی لە قوتابخانە لە ماڵ ،کتێبخانە ھەبێت؟
* کتێبخانە یەکێکە لە پپێداویستییەکانی سەردەم ، دەبێ ھەرماڵێک کتێبخانەیەکی ئاسایی تێدا بێت و بتوانرێت سوود لە کتێبخانە وەربگیرێت،ئەگەر وابێت ئەو ماڵە بە ماڵێکی زیندوو ئاوادەن و پێشکەوتوو دادەنرێت.
قوتابخانەش ، کە ماڵی دووەمی منداڵەو شوێنی پەروەردەو فێرکرنیەتی و منداڵ کاتێکی زۆر لەوێ بەسەر دەبات ، پێویستە کتێبخانەیەکی ھەبێت و ژمارەی کتێبخانەکەش لەگەڵ ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەکە بگونجێت.
– چیرۆک خوێندنەوە بۆمنداڵ پێش خەوتن تا چەند گرنگ و پێویستە؟
* چیرۆک یەکێکە لەو ژانرە ئەدەبییانەی کە کاریگەریی زۆری لەسەر منداڵدا ھەیە.ئێمە لەبیرمانە لەسەردەمی منداڵیمان ،چۆن شەوان پێش خەوتن ،دایک و داپیرە، یان ھەرکەسێکی دیکەی ھەندێک بەتەمەن و ئەزموون ، چیرۆکیان بۆ دەگێراینەوە و ئێمەش بە تاسەوە گوێمان لێ ڕادەگرتن،ھەتالە ناوکەشوھەواو کاریگەریی چیرۆکەکەدا خەومان لێدەکەوت.جاران بەھۆی ئەوەی ھۆیەکانی کات بەسەر بردن و خافڵاندن وەکوو ئێستا نەبوون ، ئەندامانی خێزان ،ھەموویان لە کاتێکی گونجاو و زوودا،دەچوونە سەرجێگا و دەخەوتن . بەڵام ئێستا باردۆخەکە بەگشتی گۆڕاوەو دەتوانین بڵێین ئەندامانی خێزان وەکوو جاران ئاگایان لەیەکتر نییە و ھەریەکەو لە ژووری خۆیەتی ،خەریکی یارییە سەردەمەکانەو ئاگای لە دەرەوە نییە.
ئەو دووجۆرە ژیانە،دووجۆری جیاوازن و ئەگەر خێزانێک بتوانێ ھەردوو جۆرلەیەکتر نزیک بکاتەوەو لەگەڵ یەک بیانگونجێنێت، کارێکی باشە ،دەنا لەوانەیە پاش چەند ساڵێکی دیکە پێوەندییە ئاساییەکانی نێوان ئەندامانی خێزان،وەکوو ئێستاش نەمینێت.
– ئامۆژگاری و رێنمایی بەرێزتان ، بۆ منداڵان چیە؟
* بەھۆی ئەوەی ئەم بڵاوکراوەی ئێوەزیاتر تایبەتە بە گەورە، نەک منداڵ پێموانییە منداڵ زۆر بیبینێت، بۆیە رووی دەمم دەکەمە خوشک وبراگەوەرەکان، نەک خوانەخواستە وەکوو ڕینماییکردنیان ، بەڵکو بۆ زیاتر بەبیرھێناوەو دیارخستنی ڕاستییەک لە بارەی منداڵانەوە، ئەویش ئەمەیە:ئەگەر ئێمە دەمانەوێ ئاییندەمان لە ئێستادا باش و ڕۆشنتر بێت، با بەھەموومان ،چ تاک ، چ رێکخراو ،چ دەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەت بەشێوازێکی سەرەدمییانە و پەروەردەیەکی ڕەسەن و گیانێگی نەتەوەیی و دوور لە دەمارگیری ،مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا بکەین، چونکە پاش چەند ساڵێکی دیکە، منداڵانی ئەمڕۆ گەورە دەبن و جێگەی ئێمەی ئێستای گەورە دەگرنەوە، لە بەرزترین پلەوە تا دواترینیان.
لە کۆتاییدا بەھیوای ژیانێکی شەڕەفمەندانەو پەروەردەیەکی ڕەسەن بۆ منداڵان و ئاییندەیەکی گەش و ڕووناکیش بۆ کوردستان.
Discussion about this post