زانا دڵشاد دزەیی : ئەکتەری کۆمیدی عیرفان ناسراو بە”حەمە دەمبل” ئاشکرایکرد، ھێندەی سلێمانی لە ھەولێر جەماوەری ھەیە، بۆیە حەزدەکات لە درامایەک یاخود شانۆیەکی ھەولێر بەشداری بکات.
لەلێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) ھونەرمەند حەمە دەمبل رایگەیاند، ئەو جیاوازی لەکاری ھونەری نێوان ھەولێر و سلێمانی ناکات و گوتی “چەند خۆم بەموڵکی سلێمانی دەزانم، ئەوەندەش خۆم بەموڵکی ھەولێر دەزانم، ھەمیشە حەزم کردووە خزمەتی خەڵکی ھەولێر بکەم، چونکە لەھەولێریش جەماوەر و ھاندەرانم زۆرن، حەزمکردووە قەرزی خەڵکی ھەولێر بدەمەوە”.
ناوبراو ئامادەی خۆیشی نیشاندا لەکارێکی ھونەری ھەولێر بەشداری بکات، بەڵام بە مەرجێک دەرھێنەر داوای لێ بکات، چونکە ئەو دەڵێت “من یەکێکم لەو ھونەرمەندانەی لەژیانم داوام لەدەرھێنەر نەکردووە بەشداریم پێ بکات، ئەگەر دەرھێنەرێک لەھەولێر ئیشی بە من بێت بە مەمنوونییەوە ئامادەم بەشداری تێدا بکەم”.