چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
ھونەرمەندی لاو حەمید عوسمان کە بەگۆرانی (ئاوێنە) دەناسرێتەوە بە مەبەستی بڵاوبوونەوەی کلیپە تازەکەی کە بۆ پێشمەرگە دروستی کردووە ھات بۆ ھەولێر و پێشئەوەی بچێتەوە سلێمانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ (سڤیل) ئەنجامدا و باسی ژیانی ھونەری و تایبەتی خۆی کرد، ھەروەھا بۆ یەکەمجاریش وردەکاری کێشەکانی نێوان خۆی و بنەماڵەی حەمەجەزا باس دەکات.
سڤیل: ئێستا لە ھەولێریت و سەردانی چەند کەناڵێکت کرد، بۆچی؟
حەمید عوسمان: ھاتووم کلیپە تازەکەم کە تایبەتە بۆ پێشمەرگە تەواوم کرد و ھێناومە بۆ کەناڵەکانی ھەولێر، زۆربەی کەناڵەکان لەھەولێرن بەحکومی ئەوەی ھەولێر پایتەختە، جگە لەوەش ئیشێکی دیکەم لێرە ھەبوو.
سڤیل: کەواتە ئەمجۆرە ئیشانە بۆ خۆت دەکەیت؟
حەمید عوسمان: بەڵێ لەکوردستان ھاوکاری ھونەرمەندان ناکرێت و بەھاوڕێتی ئیش دەکرێ، دەبێ ھونەرمەند خۆی بەدوای ھەموو شتێکەوە بچێت و ژیانی ھونەری لێرە بەمشێوەیە، تەنانەت ئەگەر ھونەرمەند تووشی کێشەیەک ھات و چووە دادگا کەسێک و لایەنێک نییە بەرگریت لێ بکات.
سڤیل: باسی دادگات کرد، بەم بۆنەیەوە کێشەکەی تۆ و بنەماڵەی ھونەرمەند حەمە جەزا چی لێھاتۆتەوە. لەسەر گۆرانی (ھۆکاکی پێَشمەرگە)؟
حەمید عوسمان: سوپاس بۆ خوا کێشەکەمان نەگیشتە دادگا.
سڤیل: بەڵام ئەوان رازی نەبوون تۆ ئەم گۆرانییە گوتەوە، چونکە پرست نەکردووە، پاشان رایانگەیاند ئەگەر گۆرانییەکە نەوەستێنی بانگی دادگات دەکەن؟
حەمید عوسمان: ئەوان رازی نەبوون کەیفی خۆیانە، بەڵام من لەدەمی ھونەرمەند حەمە جەزاوە پێمگوتراوە چ گۆرانییەک دەڵێی بیڵێ و پێی گوتم تۆ ئازادی کام گۆرانی دەڵێیتەوە، لە کوردسات ئەم قسەیەی کرد، دواتریش من ھەر لەسەر ھونەرمەند حەمە جەزا ئیشم نەکردووە، پێشئەوە من (گوڵچین)ـم گوت کە دوێتی پێنج ھونەرمەندی گەورەم گووتەوە، خۆ ھەر حەمە جەزا نەبوو، بەپێچەوانەوە گۆرانییەکەی حەمە جەزا کۆتایی گۆرانییەکەیە لەناو ھەر پێنج ھونەرمەند دا، من ئەدەبی و روحی دڵم لەگەڵ کارەکانی حەمەجەزا تێکەڵ بووە و سەرسامی ئەوم، بەڵام ئەوان بەکەیفی خۆیان قسە دەکەن، ئەگەر وا بڕوا ئەوان ھونەرەکەی حەمەجەزا دوادەخەن و ناشرین، من لەخۆشەویستی خۆم ئەم کارەم کرد، کەچی کەسێک ھاتووە بەناوی بەرھەم حەسەن کە خوشکەزای حەمەجەزایە شت لەسەر من دەنوسێت لەفەیسبووک، ئەو کەسە ھەر لەیادگاری خەڵک نەماوە و دەیەوێت لەسێبەری ناوی من ناوی خۆی بێنێتەوە ناو ئەم جیلە تازەیەوە.
سڤیل: تۆ لەسەرەتادا پرست پێ کردن یان نا؟
حەمید عوسمان: بەڵآ پرس کراوە، کوڕە گەورەکەی کە ناوی تەھایە دەڵێ سەوزە بڕۆ دواتر کوڕەکەی تر کە ناوی ھونەرە دەڵێ سورە بوەستە، ئەوان خۆشیان نازانن کارەکانی حەمەجەزا لای کێیە و بەڵێنی ئیشەکانی حەمەجەزا لای کێیە؟ ئەگەر وابڕوات و چەند گەنجێکی دیکەی وەکو حەمید بتۆرێنن لەحەمەجەزا لە ھونەرەکەی حەمەجەزا، ئەوە دڵنیایان دەکەمەوە ھونەرەکەی حەمەجەزا دوادەخەن و غەدر لەھونەرەکەی دەکەن.
من کە لەسەرەتادا کە دەستم بەکارەکە کرد رێگە پێدراو بووم لەلایەن ھەموو بینەماڵەکەیەوە، چونکە لەھەموو یاد و بۆنەیەک بۆ حەمەجەزا من لەوێ بوونم ھەبووە و کارم کردووە، ئەوکات کوڕی چاک بووم، بەڵام کە دەستم کرد بەکارەکان و ھاتەسەر کلیپەکە ئەوان بەپێچەوانەوە سەیری منیان کرد و وایانزانی دەمەوێت لەسەر کارەکانی حەمەجەزا خۆم دەکەم بەحەمید، نا وانییە، وەختێک گۆرانی ھۆکاکی پێشمەرگەم گوتووە گۆرانی خۆم ھەبووە و ناوبانگم ھەبووە، وەختێک لەبۆنەکان ئامادە دەبووم و گۆرانییەکانی حەمە جەزام دەگووت گۆرانی خۆم ھەبووە، بەڵام کە کارەکەم بڵاوکردەوە داوای وەستانی کلیپەکەیان کرد و ئەدەبییەن کارەکەم وەستاندووە، بەڵام جوان نییە لەراگەیاندنەکانەوە قسە بکەن بەمن، من بەڕێزەوە پرسم پێکردن و بە بەڕێزەوە کارەکەشم وەستاند، کەواتە ئێوەش قسە مەکەن، جگە لەوەش بنەماڵەکەی حەمەجەزا زەرەرێکی زۆری مادیان لێدام، چونکە من ئەلبوومێکم کرد بۆ گۆرانییەکانی حەمەجەزا کە ھەشت گۆرانی بوو، نزیکەی ١٠ ھەزار دۆلارم تێدا خەرج کرد و دوو ساڵیش خەریکی بووم ئەویشان وەستاند.
سڤیل: گۆرانییەکانی تۆ بەشێوەیەک لەشێوەکان لەلایەن چینی گەنجانەوە قبوڵ کراوە و جەماوەرێکی تایبەتی خۆتت ھەیە، چۆنە بیرت لەئەلبووم نەکردۆتەوە؟
حەمید عوسمان: من سوپاسی گوێگرەکانم دەکەم، ئەوەشی کە حەمید ناناسێت ھیوادارم ئاشنا بێت بەدەنگی من، ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە بەھۆی ئەلبوومەکەی کاکە حەجەزاوە من ئەلبوومێکی ١٤ گۆرانی خۆم وەستاندبوو، باوەڕ بکە ئاواز و تێکستی زۆر جوانی تێدایە، یەکێک لەم گۆرانیانە دوێتە لەگەڵ ھونەرمەند چنار گوتوومە، بەڵام باوەڕ بکەن ھەموو ئیشەکانی خۆم وەلانا خەریکی ئەلبوومەکەی کاکە حەمەجەزا بووم، بەداخەوە ئەوە ھەڵوێستیان بوو، لەئێستادا ئەلبوومەکەی خۆم بڵاودەکەمەوە، لەگەڵ چەند لایەنێک قسەم کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی، بەڵام لەم بارودۆخەی کوردستان بڵابوونەوەکەی بەباش نازانم.
سڤیل: گۆرانی (ئاوێنە) تۆی زیاتر بەگوێگر ناساند، بیرۆکەی ئەم گۆرانییە چۆن دروست بوو؟
حەمید عوسمان: من لەناو چەند گۆرانییەک ئەم گۆرانییەم ھەڵبژارد، کە ئاوازەکەی ھی مامۆستا بورھان موفتیزادەیە، کە چوومە لای و داوام لێکرد چەند ئاوازێکم بداتێ، گوتی چەند کارێکم ھەیە، لەناو ھەموو کارەکان ئەم گۆرانییەم ھەڵبژارد، کە لەشیعری بەڕێز ساڵح بێچار بوو، زۆر بیرم لەوەکردەوە ئەم کارە بکەم و بەچۆن بیکەم کلیپ، ئەگەر بیکەم بەکلیپ چ روودەدات؟ قسەم لەگەڵ دەرھێنەر بڕیار فەتاح کرد و بە تەلەفۆن گۆرانییەکەم بۆ گوت و ئەویش گوتی زۆرم پێمخۆشە و حەزدەکەم لەسەر ئەوە یەکتر ببینین، ئەوە بوو کلیپەکەی بۆ کرد، ھەروەھا بیرم کردەوە دەمێک بوو لەم وەزن و قافیلەی تێکستانە کاری بۆ نەکرابوو لەناو گۆرانی کوردیدا، لەسەردەمی حەمەی نێرگەر و قادر کابان و قادر دیلان و فوئاد ئەحمەد ئەوانە تێکستی بەمجۆرەیان بەکارھێناوە و وەسفی جوانی ئافرەتیان کردووە، بەڵام دەمێک بوو کاری وا نەکرابوو، پێمخۆش بوو کارێکی وا بکەمەوە.
سڤیل: وا ھەست ناکەیت، بەبۆنەی ئەم گۆرانییەتەوە کچان زیاتر حەز بەخۆ جوانکردن و بەردەم ئاوێنە دەکەن؟
حەمید عوسمان: بەڵێ وایە، بەدەم ئەم گۆرانییەشەوە دەچنە بەردەم ئاوێنە و خۆیان جوانتر دەکەن. رێزم ھەیە بۆ ئەم خانمانە و جوانکاریش سروشتی ئەوانە، بەڵام ئەم شاعیرە مامۆستا ساڵح بێچارە کە تێکستەکەی نووسی سوپاسی دەکەم و دەستی مامۆستا بورھان موفیتزادەش خۆش بێت، توانیمان ھەموومان پێکەوە کارێکی جوان دروست بکەین بۆ سەرشاشە.
سڤیل: پێش چاوپێکەوتنەکە گوتت “زوو زوو سەفەر دەکەم” سەفەر بۆ کوێ دەکەیت و بەمەبەستی کاری ھونەری یان ژیانی تایبەتی خۆت؟
حەمید عوسمان: وایە زوو سەفەر دەکەم، لەساڵێک چوار سەفەر دەکەم بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بۆ ھەموو مەبەستێک سەفەر دەکەم و ھەموو شتەکانیش تێکەڵە، بۆ نموونە دەستگیرانەکەم لەدەرەوە دەژی لەنەرویج، ھیچ نەبێت لەساڵێکدا دووجار سەردانی دەکەم، ھەروەھا بۆ کاری ھونەری سەفەر دەکەم بۆ بەشداریکردن لەفیستیفاڵەکانی دەرەوە، جگە لەوەش بۆ بازرگانی لەگەڵ ھاوڕێکانم رۆشتووم و ھەندێکجاریش بۆ سیاحەی خۆم سەفەر دەکەم.
سڤیل: کەواتە دەستگیرانداریت، ئەی دەستگیرانەکەت خزمی خۆتە؟ بەنیازن کەی ئاھەنگی ھاوسەرگیری بکەن؟
حەمید عوسمان: نەخێر بێگانەیە و بەخۆشەویستی دەستگیراندارین، ئێستا ئەو دەخوێنێ لەزانکۆدا، ئەمساڵ زانکۆ تەواو دەکات و ئینجا ئاھەنگەکە دەکەین و پلانمان وا داناوە من بچم بۆ نەرویج ئاھەنگەکە بکەین و لەوێش نیشتەجێ دەبم و دەست بە خوێندن دەکەم، چونکە بەداخەوە لەکوردستان ھیچ ئاسانکارییەک بۆ ھونەرمەندان نییە.
سڤیل: تاچەندت خوێندووە، ئەی لە وڵاتی نەرویج حەزدەکەیت چی بخوێنی؟
حەمید عوسمان: من ھەتا چواری ئامادەییم خوێندووە، زۆر حەزم لەبەشی جوانکاری و سەرتاشییە، (مێکاپ ئارتیس) چونکە ئەوە کارێکی زۆر جوانە و ھونەرییە، ئینجا کارێکە دەتوانم لەھەر وڵاتێک بم کاری پێ بکەم، دەمەوێت لە نەرویج ئەوە بخوێنم لەگەڵ ھاوسەرەکەم بژیم و کاری ھونەریش بکەم.
سڤیل: گۆرانییەکانت جوانن و سەلیقەی پێوە دیارە، کێ گۆرانییەکانت بۆ ھەڵدەبژێرێت؟ ئایا شارەزایت لەسەر موزیک ھەیە؟
حەمید عوسمان: مۆسیقام خوێندووە، بەڵام بەشێوە ئەکادیمییەکەی نا. جۆرەکانی مەقامیش ھەر بەشێوە خۆرسکیەکەی خۆم دەزانم، تەنیا تۆزێک دەتوانم پیانۆ بژەنم، بەڵام ئەوەی من دەگەڕێتەوە بۆ سەلیقەی گوێگریم، من زۆر منداڵ بووم تائێستا بەردەوام گوێم لەگۆرانی گرتووە و بەمنداڵی ھەمیشە ئیفۆن لەگوێم بووە و ھەتا لەناو جێگەی خەوتن ئیتفۆنم لەگوێ بووە و گوێم لەگۆرانی گرتووە، شەو نەبووە کتێبی شاعیران و ھونەرمەندە گەورەکانم نەخوێندبێتەوە، ئەو گوێگرتنە لەھونەر و لەگۆرانیگوتن باشترت دەکات نەک وات لێ دەکات داھێنانی پێ بکەیت، چونکە داھێنان قورسە، دەبێ زۆر باشتر ھەوڵبدەیت.
من خۆم گۆرانییەکانم بۆ خۆم ھەڵدەبژێرم و ھەتا بۆ کلیپەکانیش خۆم پێشنیاری دەکەم.
سڤیل: پەیجەکەت و ئەکاونتەکەت داخست، بەنیاز نیت بیکەیتەوە؟ ئەی ئەو داخستنە لەھەوادارەکانت دووری نەخستیتەوە؟
حەمید عوسمان: پەیجەکەم خاوەنی ٤٩ ھەزار لایک بووم، بەداخەوە من لەبەر شتێک دامخست، چونکە چەندین پەیج بەناوی منەوە کراون و کەسانی ھونەرمەند و شاعیران و دۆست و کە قسەیان لەگەڵ دەکەن بەناوی منەوە قسەی ناشرینیان گوتووە، دۆستانم پەیامێکیان ھەبووە و دەستخۆشیان ھەبووە کەچی بەوشەیەکی ناشرین وەڵامیان داوەتەوە، بۆیە من بڕیارمدا ھیچ فەیسبووک و ئەکاونتێکم نەبێت بۆئەوەی خەڵک ھەڵنەخەڵتێن و بزانن کە من ھیچ شتێکم نییە و بەھیچ لەم پەیج و لاپەرانەش باوەڕ نەکەن کە بەناوی منەوە دروستکراون، ھەتا من تانگۆشم نییە، تەنیا ڤایبەرم ھەیە، کە قسەی پێ دەکەم لەگەڵ کەسوکارم لە دەرەوەی وڵات، داوای لێیوردنیش لەھەر کەسێک دەکەم کە بەناوی منەوە قسەی ناشرینی پێ گوتراوە.
کۆتاین قسەشم ئەوەیە کە لەسەر گۆرانی (ھۆکاکی پێشمەرگە) بەرھەم حەسەن لەسەر منی نووسی، ئەو زۆر زووتر لەمن کاری ھونەری کردووە لەھونەر و زۆریش خەڵک گلەیم لێدەکەن دەڵێن بۆچی وەڵامی بەرھەم حەسەن نادەدەیتەوە؟ چوار ساڵ یادی حەمەجەزا کرایەوە ھەر چوار ساڵ من ئامادە بووم و یادم کردەوە لەمەراسیمەکان و تەلەفزیۆن و رادیۆکان، ئەی باشە بەرھەم حەسەن کە تۆ خۆت بەگۆرانیبێژ دەزانی و خۆت بەخووشکەزای حەمەجەزا دەزانی لەکوێ بوویت و چیت دەکرد و بۆنەھاتی لەیادەکان گۆرانی بڵێی و ئامادە بیت؟ بۆیەشە وەڵامم نەداوە نامەوێت کەسێک کە ساڵەھای ساڵە ونە لەگۆرانیگوتن و لای خەڵک نەماوە کەچی بێت لەسەرشانی من خۆی زیندوو بکاتەوە، ھەروەھا قسەکانیشی بەھەند وەرنەگیراوە لای من.