راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
(حەمکۆ شۆ)، تەنیا شەش بەرنامەی لێ پێشکەشکراوە، کەچی مشتومەڕێکی زۆری لەنێو ھونەرمەندان و تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک نایەوە، زۆربەی بۆچوونەکانی ھونەرمەندان پێیان وایە “ئەوەی حەمکۆ دەیکات گاڵتەجارییە” لەبەرامبەردا حەمکۆ دەڵێت “ئەوانەی رەخنە لەمن دەگرن دەستبەتاڵن و رەخنە لە دەستپڕ دەگرن”.
(حەمکۆ شۆ)، بەرنامەیەکی ھونەریی کۆمیدیە ھەفتانە لە کەناڵی کوردماکس پێشکەش دەکرێ، کە لەسیناریۆ و دەرھێنانی ئەکتەری کۆمیدی حەمکۆیە و ھەر خۆیشی رۆڵی سەرەکی ھەیە لەنواندندا، ئێستا ئەم بەرنامەیە کەوتۆتە بەر رەخنەیەکی توندی ھونەرمەندان، بەتایبەت ھونەرمەندانی بواری کۆمیدی.
حەیدەر عەبدولرەحمان کە رەخنەگرێکی بواری شانۆ و سینەمایە بە (سڤیل)ـی راگەیاند، ئەوەی حەمکۆ دەیکات بەھیچ پێوەر و بنەمایەک ناچێتە قاڵبی ھونەری کۆمیدیا و دەڵێت “ئەوەی حەمکۆ دەیکات تەنیا بۆ بەرنامەیەکی بازڕگانی و گاڵتەجارییە، ئەو ھیچی پێ نەماوە نیشانمان بدات، بۆیە بەبڕوای من حەمکۆ لەم بەرنامەیەدا دەیەوێت بمێنێتەوە و بڵێت من ماوم لەسەر حیسابی ھونەرێکی کرج و کاڵ، بەڵام من پێم وایە حەمکۆ کۆتایی ھاتووە، چونکە ئەو کارەی کە پێشکەشمان دەکات لە بەرنامەکەی گاڵتەجارییەکی تەواوە”. ھەروەھا حەیدەر عەبدولرەحمان گوتیشی “من چەند ساڵێکە باسی ئەوەم کردووە کەسانێک لە کوردستان پەیدا بوونە دەیانەوێ نانی کۆمیدیا بخۆن، بەڵام ھونەری کۆمیدیایان لای خەڵک ناشرین کردووە، پێویستە ئەوانە رێیان لێ بگیردرێت و بواری ئیشکردنیان پێ نەدرێت”.
دەرھێنەر ھیوا سوعاد، کە بەوە ناسراوە زیاتر لەبواری شانۆگەری کۆمیدیا کار دەکات و چەند جارێکیش شانۆگەری کۆمیدی پێشکەش کردووە، لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، شانۆیی کۆمیدیا و تەراژیدیا ھەر یەک فۆرمە، بەڵام ئەو دەڵێ ئیشکردن لەشانۆی کۆمیدیا زۆر قورسترە لەشانۆی تراژیدیا نموونە دەینێتەوە و دەڵێت “ئەگەر کەسێک خۆی نوکتەباز نەبێت ناتوانێ لەگێرانەوەی نوکتە خەڵک بەپێکەنین بێنێ، پێویستە ئەکتەری کۆمیدی بەحالەت و مەوزوع خەڵک بەپێکەنین بخات، نەک بەگۆرینی شێوازی دەموچاو و لەشولار، پاشان دەرھێنەر بابەتی زۆر بۆ ئەکتەر دروست بکات، ئەگەر وابکات و شێوازی ئیشکردنی خۆی بگۆڕێت من پێم وایە حەمکۆ ئەوەی تێدایە ببێتە ئەکتەرێکی باشی کۆمیدیا لەکوردستان و جەماوەرێکی زۆر باشی دەبێت”.
ھیوا سوعاد، لەبارەی حەمکۆ دەڵێت “ئەو ئەکتەرێکی کۆمیدی بەتوانایە، بەڵام بە مەرجێک لەدەق لانەدا و رەچاوی رێنمایەکانی دەرھێنەر بکات و دەست بۆ بابەت و سیناریۆی باش ببات، من تەنیا لە فەیسبووک چەند دیمەنێکی بەرنامەکەم بینیووە، کە تێیدا حەمکۆم بەلاوازی بینی”.
ئەو ھونەرمەندانەی رەخنە لەبەرنامەکە دەگرن، حەمکۆ بە کەسانی “دەست بەتاڵ” وەسفیان دەکات و بە (سڤیل)ـی راگەیاند “دەست بەتاڵ رەخنە لەدەستپڕ دەگرێ، ئەوەی گیرفانی بە تاڵە رەخنە لەگیرفانێک دەگرێ و رەقی لەگیرفانێک دەبێتەوە کە پڕە، لەبەرئەوەی من بەرھەمم ھەیە و نەوەستاوم ئەو ھونەرمەندانەی دەستیان بەتاڵە دێن رەخنە لەمن دەگرن”.
حەمکۆ دەڵێت “من پێم سەیرە مامۆستاکانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان دژایەتیم دەکەن کەچی منداڵەکانیان دەستخۆشیم لێ دەکەن و گوێ بۆ قسەکانی باوکیان ناگرن و موعجیبی خۆیان بۆمن نیشان دەدەن، بۆ نموونە لەم رۆژانە کوڕەکەی حەیدەر عەبدولرەحمان نامەی بۆ ناردووم داوا دەکات بێتە بەرنامەکەم دانیشێت، جگە لەدەستخۆشییەکی زۆریش”.
حەمکۆ رایدەگەیەنێت ئەو کارێکی زۆر گەورە دەکات کە بە ھونەرمەندانی دیکە ناکرێت و گوتی “بەرنامەکەی من ھەم شانۆیە، ھەم بەرنامەی تەلەفزیۆنی”.
بەڵام ھیوا سوعاد ئەوە دەخاتەروو کە ئەوەی ئێستا حەمکۆ لەبەرنامەکەی پێشکەشمان دەکات تەنیا بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە نەک شانۆ، چونکە شانۆ چەند بنەما و پێوەرێکی ھەیە، کە لەبەرنامەکەی حەمکۆدا نییە.
ئەوەی زیاتر حەمکۆ نیگەران دەکات ئەوەیە کە ھونەرمەندان زوو حکومی مردنیان بەسەردا سەپاندووە و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی بەرنامەکانی دیکە بکەن و دەڵێت “ئەو راپۆرتە و رەخنەی ھونەرمەندەکان لەکاتی خۆیدا نییە، پێویست بوو چاوەڕێ بکەن، من تەنیا شەش ئەڵقەم پێشکەش کردووە، بزانن لە ئەڵقەکانی داھاتوو چیم کردووە ئینجا بڕیار بدەن، بۆیە من ئەو بە دژایەتی دەبینم، بۆ نموونە خوای گەورە کاتێک دەبینێ بەندەکەی ھەڵە دەکات یەکسەر نایکوژێت دەرفەتی دیکەی پێ دەدات کە بووە ٢٠ ھەڵە ئینجا خوا دەیکوژێت و یان سزای دەدات، بەڵام ئەو ھونەرمەندانە و حەیدەر عەبدولرەحمان چۆن وا زوو حوکمی مردنی منیان دا”.
ئەو باسی بەھێزی بەنامەکەی دەکات کە لەبەر فشاری زۆری بینەر، ئەوان لەھۆڵی بچووک دەرھاتوون و ئێستا لەھۆڵی میدیا بەرنامەکە تۆمار دەکەن “چونکە دوای نیشاندانی ئەڵقەی یەکەمم بینەرم زۆر زۆر بوو، لە ئەڵقەی یەکەم ٣٠ بینەر بوون، کەچی لە ئەڵقەکانی دیکەدا شوێن نییە و بینەر لەسەر زەوی دانیشتووە، ناچار بووین چووین بۆ ھۆڵی میدیا، کە شوێنی ١٠٠٠ بینەر دەبێت، دڵنیاشم ئەوێش پڕ دەبێت، ئێمە بلیتی چوونە ژوورەوەمان کردووە بە ١٠٠ دینار دیسان بینەر زۆر زۆرە، دڵنیام ئەگەر بیکەین بە ١٠٠٠٠ دە ھەزار ھەر بینەر دێت”. حەمکۆ زۆر بە بڕوا بەخۆبوونەوە گوتیشی “دڵنیام ماوەیەکی دیکەم ئەم بەرنامەیەم دەبێتە مارکە، وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکانیش دێنە ناو بەرنامەکەم و لەوانەیە جەنابی سەرۆکیش بێتە بەرنامەکەم، دڵنیام بەمزووانە دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی دەبێت لەھەموو کوردستان”.
دواجار حەمکۆ پرسیارێکی خستەروو و گوتی “ئەگەر حەمکۆ کۆتایی پێھاتبێ ئەی ئەو جەماوەریش کۆتایی پێھاتووە؟ ئەگەر کۆتایی پێھاتووە بۆچی جەماوەر دوام کەوتوون؟ دواجار من ئیش بۆ جەماوەر دەکەم نەک ھونەرمەندان و رەخنەگران، ھەتا جەماوەر ھەبێ حەمکۆ بەردەوام دەبێت و ھەتا دوو ساڵی دیکە گرێبەستم کردووە و ئەم بەرنامەیەم بەردەوام دەبێت”.
حەمەسوار عەزیز وەکو رۆژنامەنووسێک و رەخنەگرێکی شانۆیی دەڵێت “بە بڕوای من حەمکۆی جاران زۆر باشتر بوو لە حەمکۆی ئێستا، جاران حەمکۆ لەسەردەمێک پەیدا بوو لەگەڵ ھەژاری خەڵک و خراپی بژێوی ژیانی خەڵک، بەڵام ئەو بە تەکنیک و کەرەستەیەکی لاواز ھیچ نەبێ دەیتوانی خەڵک بەپێکەنین بێنێ و تۆزێک لەخەمی ژیان دووریان بخاتەوە، ئەگەرچی من لەگەڵ بەشێکی چیرۆک و سیناریۆکانی ئەوکاتیشی نەبووم، بەڵام بۆ ئەو سەردەم حەمکۆ قبوڵ بوو، کەچی ئێستا حەمکۆ بیەوێت لە ٢٠١٤ ئەم کارانە بکاتەوە ھەرگیز جێی قبوڵکردن نییە و لێی وەرناگیرێت”.
ھەروەھا حەمەسوار دەشڵێت “بەرنامەکەی خەمکۆ شانۆ نییە و برگەیەکی تەلەفزیۆنی و تیجارییە، ھەرچەندە تیجاری لەکاری ھونەریدا بە ئاسایی دەبینم، بۆ نموونە عادل ئیمام کەس ناتوانێ بڵێت ھونەرمەندێکی ئەکادیمی و بەتوانای رۆژھەڵاتی ناوەراست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کارەکانی بەم شێوە تیجاریەیە، بەڵام نابێ لەژێر پەردەی کۆمیدیا سوکایەتی ھەبێ، دەبێ کەسە خراپەکان بە ناشرینی نیشان بدەیت و ریسوا بکەیت نەک سووکایەتی بە ھەموو خەڵک بکرێت”.
مەسعود عوسمان بەڕێوەبەری کارگێڕی کەناڵی کوردماکس ھاوکات بەڕێوەبەری بەرنامەی حەمکۆ شۆیە بە (سڤیل)ـی راگەیاند “ئێمە دەست بۆ بەرنامەیەک دەبەین کە جەماوەری بێت، لەوانەیە ئەم بەرنامەی حەمکۆ شۆ لەلایەن جینی رۆشنبیران و ھونەرمەندان قبوڵ نەبێ، بەڵام بەشێوە گشتییەکە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکراوە و بینەری زۆرە، دڵنیاشم لەداھاتوودا ئەم بەرنامەیە دەبێتە بەرنامەیەکی سەرکەوتوو و پڕبینەرترین، بەڵام لەبەرئەوەی بۆ کوردستان تازەیە ئەم بۆچوون و رەخنانە دروست دەبێت و ئێمە بە ئاسایی وەریدەگرین”. ھەروەھا گوتیشی “ئەم رەخنانە وەکو ئەوە دەبینم کاتێک ھەموو لایەک دەیانگوت دراما بیانییەکان لەگەڵ کەلتور و داب و نەریتی ئێمەی کورد ناگونجێ، بەڵام داجار ھەر خۆی سەپاند و بوونە پڕبینەرترین دراماکان لەکوردستان”.
مەسعود عوسمان ئەم رەخنانە بەرەوا نابینێ و چونکە ئەو دەڵێت “خەڵکانێک رەخنە دەگرن بەرنامەکەیان نەبینیووە، بۆ نموونە ھێشتا بەرنامەکە پەخش نەکرابوو تەنیا ریکلام بوو، خەڵکانێک کوردماکس و حەمکۆیان سەرزەنشت دەکرد، بۆیە من دەڵێم جارێ زووە حوکمی ئەوە بدەن کوردماکس ھەڵەی کردووە، دڵنیام ھەڵەی نەکردووە، ئەم جۆرە بەرنامانە لەھەموو وڵاتە پێشکەوتووەکان ھەیە و بینەری زۆر لەشانۆیی جدی زۆرترە، بلیتی زۆر گرانترە لەشانۆیە جدییەکان”.