حەیدەر عەبدولڕەحمان :بیستم بۆ ئامادەبوون لە سییەم فیستیڤاڵی شانۆ کە بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆ لە ھەولێر ئەنجامی دەدات ، ھونەرمەندی سینەماکاری میسری ئیلھام شاھین و ١٠ ھونەرمەندی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ فیستیڤاڵەکە بانگھێشت کراون ..بۆ ئەوەی وای نیشان بدرێ کە فیستیڤاڵەکە فیستیڤاڵێکی بەرفرەوان و نێو دەوڵەتیە
بەڵام مخابن .. بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر زۆر لە قەوارەو توانستی خۆی زێتر خۆی پف دەکات ، لە نێو ئەو ھەموو سستی و لاوازی و نەخۆشییە درمە شانۆییانەی ھەیەتی و لەو ھەلو مەرجە پڕ لە ئاستەنگانەی لە گەردنی ئاڵاوە ، کە تەنانەت تاکە ھۆڵێک شک نابات بۆ پێشکەش کردنی شانۆگەرییەک و ھۆڵەکانی ئێستاکەی لە کۆنە ئاش دەچن نەک ھۆڵی شانۆیی.. لە بری ئەوەی دڵی خەڵکی بە بزاڤێکی شانۆیی و چەند بەرھەمێکی نوێ و تەکانێکی زیندوو خۆش بکات ، رێکلام بۆ ھاتنی ئەو ھونەرمەندە میسریانە دەکات بۆ ئەوەی حەمامی فیستیڤاڵەکەی خۆی بە چەند ناوێکی سواو گەرم بکات ..
ئەوەتا خەڵکانێک ھەن دەپرسن ئایا ئەو ھونەرمەندانە لەو فیستیڤاڵەدا دێن بۆ بینینی ھوتیلە دەرەجە دارەکانی ھەولێر، یا ئامادەی پرسەی شانۆی کوردی دەبن ؟
دەپرسن ئاخۆ ..لە بری ئەوەی ئەو تیپە شانۆییە گەنجانەی لە بەر نەبوونی و پەڕپووتی لە کەرکوک و سلیمانی و ھەولێر پەراوێز کراون و دەرگای تیپەکانیان داخستووە ، باشتر نەبوو ھانی ئەو گەنجانەیان دابوایە دەست لە چالاکییە ئاشقانەکەی خۆیان بۆ شانۆ ھەڵنەگرن ، یا ئەو ھونەرمەندە بەڕێزانە بێن شەوانێکی روو کەش و سەرمەستانەی خۆیان لەو شارە بێ ھۆڵە شانۆییە بە سەر بەرن ؟
من تا ئێستاش نازانم بەرَێوەبەرایەتی شانۆ لە ھەولێر میوانداری ئەو میوانانە لە کوێ دەکا ؟ چ شانۆگەرییەکی کوردییان نیشان دەدا ؟
قوتابیە ئەکادیمییەکانی پەیمانگاو کولێژەکانی ھونەر کە رێکلامی ھاتنی ئەو ھونەرمەندانە دەخوێننەوە داوا دەکەن کە ئەو ھونەرمەندە بەڕیزانەی دێن شانۆی پەڕپووتی ھەولێر ببینن با سەرێکیش لە کەلاوە شانۆییەکانی ئێمەش بدەن ، تەختەو کورسی و ھۆڵ و ئیکسسوارات و شانۆ بێ مامۆستاکانی ئێمە بە سەر کەنەوە ، بۆ ئەوەی کە گەڕانەوە و تاوەرە بەرزەکانی ھەولێریان بیر ھاتەوە ، ھەناسەیەکی ساردیش بۆ ئایندەی نادیارو پڕ لە تەم و مژەکانی ئێمەش ھەڵکێشن …
سەیرە بەڕیوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر لەو قەیرانەی لەو شارەدا لە گەردنی شانۆ ئاڵاوە باس لە ئەنجامدانی فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی شانۆ دەکات ! لە کاتێکا توانستی ئەنجامدانی نەک ھەر فیستیڤاڵێکی ناوخۆیی شانۆیی ، بەڵکو تەنیا شانۆگەرییەکی باشیشی نیە !!
کەواتە میوانداری کردنی ئەو ھونەرمەندانە لە پەنای ھەر غەرەزێکی تری گەشتو گوزاری و راگەیاندن و ھەر ناوێکی تر بێت ، نەدەبوا بە ناوی شانۆی کوردییەوە بوایە ، چونکە شانۆی کوردی لەو ھەلو مەرجە تەنگەتاوەی خۆیدا زۆر لەوە ھەژارترو کۆلەوارترە میواندارییەکی نێو دەوڵەتی پێ بکرێت .. ئەگەر بازرگانی کردن نەبێت بە لاشەی مردووی شانۆ .
ئەدی ئەوە نەبوو عادل ئیمام و سەمیر غانم و سەعید ساڵح و فلان و فلان ھاتن بۆ ھەولێر ؟ بەڵام ئەوان بۆ شانۆو ھونەری کوردی چیان کرد ؟ چ کاریگەرییەکیان لە سەر شانۆی کوردی و بینەری کورد بە جێ ھێشت ..
دەکرا لە بری بە ھەدەر دانی ئەو بودجەیەی بۆ ئەو فیستیڤاڵە ناوەختە تەرخان دەکرێت و ناوی قەبە قەبەی دەخەینە پاڵی ، با فیستیڤاڵێکی نێو مەتەوەیی لە چەشنی فیستیڤاڵی فەجری ئێرانی و فیستیڤاڵی شانۆیی دیار بەکرمان ساز بکردایە ، با تیپەکانی کوردستان لە ھەولێر شانۆمان نیشان بدەن..چونکە ئەوان لە ھەر سنوورێکی جوگرافی کوردستانی گەورەوە بێن ، ھەناسەیەکی تر بە شانۆی کوردی دەبەخشن ، بۆیە من لەوە ناگەم میوانداری کردنی ئەو ھونەرمەندە میسرییانە یانی چی ؟ ئیلھام شاھین و جەماعەتەکەی چ کاریگەرییەکییان بە سەر شانۆی کوردییەوە دەبێت ؟ ئەگەر تەنھا پرسی ھەریسەکە نەبێت !
خۆ دەبوا ئێمە لە ھەردوو فیستیڤاڵی بە ناو نێو دەوڵەتی رابووردوو ئەزموونێکمان وەرگرتایە، بۆ ئەوەی ھەر لە ئێستاوە بەو رێکلامە ساردو سڕو ناوە ئیکس پایەرو بازرگانیانە نەمان ویستایە بە ناوی شانۆی کوردییەوە خەڵکی فریو دەین و بمانەوێت حەمامی شانۆی کوردی پێ گەرم کەین ..