برھان شێخ ڕەئوف
حەلەب پایتەختی ئابووری سوریا و دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتە ناسراو بە چینی عەرەب (واتە ێین ) لە بەر بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی پیشەسازی گەورەو بەرھەمھێن لە دێرزەمانەوە , ھەروەھا حەلەب لە سەدەی شانزەوە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە لە نێوان ئەوروپاو ئاسیا و زۆرێک لە مێژوونووسان لە و بڕوایەدان کە ئەو ڕێنیسانسە ئەدەبیەی لە سەدەی ھەژدەدا وڵاتی شامی گرتەوە لە حەلەبەوە دەستی پێکرد لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئەو شارە بەوەناسراون کە کراوەو لێبووردەو دوورن لە ڕق و کینەی ئتنیکی و تائیفی .
شۆڕشی خەڵکی سوریا کە پێش شەش ساڵ سەریھەڵدا کە حەلەبیش بەشێکی گرنگ و لێکدانەبڕاوی بوو بۆ ئازادی و سەرفرازی و کۆتاییھێنان بە حوکمی کۆماری پشتاوپشتی بنەماڵەی ئەسەد بوو بەڵام ھەر لە سەرەتاوە تووشی چەندین کۆسپ و ھەڵەی کوشندە بوو کە نەیانھێشت ئەو شۆڕشە بە مەنزڵ بگات لەوانە :-
١.گۆڕینی ڕەوتی شۆڕشە جەماوەرییە ئاشتیخوازییەکە بۆ ململانێیەکی چەکدار کە لایەنە سەرەکیەکانی شۆڕشەکە ناوەندی بڕیارو ھێزی شۆڕشەکەیان لە دەست دا .
٢. بەو شێوەش بڕیار کەوتە دەست لایەنی تر کە ئەوانیش ئامانج و بەرژەوەندی جیاوازیان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدەی سوریا ھەبوو کە ئەمەش نەک وایکرد نەک ھەر مەبەستەکان یەکنەگرن بەڵکو پێچەوانەی داخوازیەکانی گەلیش بن .
٣. بەتائیفی کردنی شۆڕشی سوریا ئەمە لە ھەمووی سامناکتر بوو بۆ شۆڕشەکە واتە گۆڕینی ئامانج و داخوازییە دیموکراسی و شارستانییەکانی خەڵک واتە بە واتایەکی تر گۆڕینی لە ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بۆ ململانێ ی تائیفی و ئتنیکی لە نێوان پێکھاتەکانی ئەو وڵاتەدا .
٤. لە ئاکامی ئەو ململانێ نادرووست و کۆنەپەرستانەدا شۆڕشی سوریا وەرچەرخا بۆ ململانێ ی نێودەوڵەتی لە نێوان وڵاتە زلھێزو ئیقلیمیەکاندا ھەر لە ئەمریکاو ڕوسیاو ە بگرە تا ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو لایەنی تریش, بەڵێ ھەموو ئەو دەستێوەردان و بەریەک کەوتنی بەرژیوەندیە جیاوازانە کار گەیشتە ئەوە ھەندێک لە تاقم وگرووپەکانی شۆڕش شەڕو پەلاماری یەکتر بدەن کە ھەموو ئەمانە لە شەڕی حەلەبدا ڕەنگیان دایەوەو ئەو شارەی کە لە سەرتای ئەم وتارەوە باسمانکرد ببێتە وێرانە خاکێک و مەرگی بە کۆمەڵی زۆرێک لە دانیشتووانەکەی ببینێت .
ھەرچەندە باسکردن و نووسین لە سەر شۆڕش و ململانێکانی سووریا لە وتارێکی کورتدا کارێکی ئاسان نیەو لەڕابردووشدا من لەسەر شەڕەکانی کۆبانی و مەنبەج و ڕۆڵی تورکیاو ڕووسیا وتاری ترم نووسیووە بەڵام لەم وتارەدا ھەر ئەوە بە پێویست دەزانم بیڵێم ئەوە پشت بەستنی تاقم و گرووپەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریایە بە وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی سعوودیەو قەتەربە تایبەتیش تورکیا کە ھەموو تۆپەکانیان خستبوو ە سەبەتە تورکیاوە کە ئەویش ھەموو ئەو گروپانەی کرد بە قوربانی بەرژەوندییەکانی خۆی .