زانا دڵشاد دزەیى: کە کۆتاییەکانی هەفتاکان هونەرمەند حەسەن گەرمیانی گۆرانی “دیسان بارانە”ـی گوت، هەست و سۆزی هەموو کوردێکی وروژاند، ئەو کات چەند ساڵێک بوو شۆڕشی ئەیلول توشی نسکۆ ببوو، هاوکات چەند ساڵێکی کەمیش پاش هەڵگیرسانەوەی شۆرشێکی تری کوردستان بوو، ئەو کاتانە دیسان بارانە بە رەمزی دیسانەوە شۆرش و فیداکاری لەقەڵەم دەدرا، (یارم باری کرد نەگەیشتمە کۆچی)ـش بە ئاماژە بۆ نسکۆی شۆرش دەخوێندرایەوە، بۆیە ئەم گۆرانییە زۆر زوو جێگای لە دڵی هەموو تاکێکی کورد کردەوە و ئێستاش کە ئەو گۆرانییە پەخش دەکرێ، بەتایبەتی جیلی کۆن نوقمی یادەوەرییەکانیان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ئەو گۆرانییە کاریگەری لەسەریان هەبوو.
هونەرمەند حەسەن گەرمیانى لەساڵى 1945 لەگەرمیان لەدایکبووە و لەساڵى 1965 پەیمانگاى کشتوکاڵى لەسلێمانى تەواوکردووە و نزیکەى 31 ساڵ مامۆستا بووە، ئەو لەساڵى 1972 لەیادى یانزەى ئازار لەهۆڵى (خود) لەبەغدا بۆ یەکەمجار گۆرانى (کەمەرەشل) و (مەیلەنگێنە)ى گوت و هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەو دوو گۆرانییە لەتەلەفزیۆنى بەغدا ناوبانگى دەرکرد، لەساڵى 1997 کوردستانى جێهێشت و ئێستا لەوڵاتى نەرویج نیشتەجێیە و خاوەن سێ کوڕ و کچێکە.
هونەرمەند حەسەن گەرمیانى، کە تائێستا دووجار سەردانى کوردستانى کردۆتەوە و دووەم سەردانیشى لەسەرەتاى ساڵى 2010 ئەنجامدا، لەو دیمانەیەى لەگەڵ (سڤیل) هونەرمەند حەسەن گەرمیانى قسە لەسەر هونەر و هەندێ لایەنى تایبەتى خۆى دەکات، گوتى “سەردانى دووەم بۆ کوردستان بەمەبەستى بەسەرکردنەوە و هەندێ پرسەی خزم و کەسانم بوو، گوتم باخزمەکان گلەیى ئەوەم لێ نەکەن و بڵێن لەخۆى دەرچووە، چونکە وادەزانن هەرکەسێک چووە دەرەوە دەبێتە ملیۆنێر و پڕۆفیسۆر، ئێمە هەر ئینسانە سادە و ساکارەکەى کوردستانین”.
سەرەتاى کارەکانى و دەنگى هونەرمەند حەسەن گەرمیانى لەناو تیپى مۆسیقاى سلێمانى سەری هەڵدا، ئەو دەنگەى چەندین ساڵە بەبێ روخسارى هونەرمەندەکە هەر ماوەتەوە، حەسەن گەرمیانى دەڵێت “ئێمە لەتیپى مۆسیقاى سلێمانى هەموومان وەک خوشک و برا دەژیاین، مامۆستا ئەنوەر قەرەداخى و خالید سەرکاریش مامۆستامان بوون، ئێمە بۆ مەبەستێکى نەتەوەیى دەڕۆیشتین گۆرانیمان دەگوت و بەشدارى فیستیڤاڵەکانمان دەکرد، لەبەرئەوەشە بابەتەکانمان هەمووى شاکار بوون”، حەسەن گەرمیانى کە بەگۆرانى (دیسان بارانە) دەناسرێتەوە، ئەو گۆرانییەى کە لەساڵى 1979 پلەى یەکەمى لەبەغدا بەدەستهێنا، دەڵێت “گۆرانی دیسان بارانە فۆلکۆرە و من مەقامى قەتارم بۆى زیاد کرد، مامۆستا ئەنوەر قەرەداخیش جلێکى کوردى زۆر جوانى لەبەرکرد و لەیەکەم فیستیڤاڵى بەغدا پێشکەشمان کرد، پێشتریش ئەو گۆرانییە لەگەرمیان دەگوترا، لەسلێمانى و کۆیەش دەگوترا، وابزانم شەش تاحەوت جۆرە (باران بارانە) هەیە، بەڵام من کردم بە(دیسان بارانە)، باران لەحیساباتى روانگەى ئەو سەردەمە واتا شۆڕش، دیسانە شۆڕش هاتەوە، لەو سەردەمە کۆمەڵێک گۆڤارى هونەرى لەبەغدا هەبوون، یەکێک لەوانە (ئیسارە)، دێتە بیرم گۆرانییەکەى منیان بەکوردی نووسى بۆوە و تیپى مۆسیقاى سلێمانى بەپلەى یەکەم دەستنیشانکرا، من سوپاسى تیپى مۆسیقاى سلێمانى دەکەم، کە خزمەتى منیان کرد و وەفایان هەر لەلامە”. ناوبراو پەیمان عومەر بەهونەرمەندێکى رەسەن وەسف کرد و گوتى “ئەوکاتیش پەیمان عومەر دەنگى زۆر خۆشبوو و بابەتەکانى ئێستاى شایەدى ئەوەى بۆ دەدەن، بەڵام نازانم شانس دەور دەبینێ یان رۆژگار، چونکە ئەویش تارادەیەک بۆى نەهات، بەڵام ئەوەى پەیمان عومەرى لەکچەکانى تر جیادەکردەوە دەنگە کوردییەکەى و ئەسالەتەکەى بوو، ئەشهەدوو دەنگێکى زۆر کوردى هەبوو”.
حەسەن گەرمیانى دەڵێت هەموو شێوازە مەقامەکان دەڵێم و ئەوانەى لاى گەرمیانیش دەڵێم وەک ئەللا وەیسى، قەتار و خاوکەر، خورشیدى، ئاى ئاى، حەزیشم لەنەهاوەندە، گەرمیانى پێشیوایە ئەوانەشى کە دەڵێن “هیچ کەس مەقامى ئەللا وەیسى خۆش نەگوتووە، جگە لەعەلى مەردان” تەنیا لەخۆشەویستیدا ئەو قسانە دەکەن و گەرمیانى ئەوەش دەڵێت “منیش حەزدەکەم بڵێم کەس وەک مامۆستا عەلى مەردان مەقامى ئەللا وەیسى ناڵێت، چونکە ئەو دەستپێشخەر بووە و توانى مەقامى ئەللا وەیسى زیندووبکاتەوە و حەقى رێزى هەیە، بەڵام بۆچوونى تریش هەن و ئیتریش هەبووینە ئەللا وەیسیان بەجوانى گوتووە، بەڵام چونکە ئەو دەستپێشخەر بوو لەزیندووکردنەوە، لەبەرئەوە زیاتر عەلى مەردان بۆتە هێما، وەک حەیرانەکەى هەولێرى لێهاتووە، کە لەپێش مام رەسول حەیران لەلایەن چەندین کەسێکى دیکە گوتراوە، بەڵام مام رەسول گەردى وەک دەستپێشخەر کە لەرادیۆ حەیرانى دەگوت بووە پێشەنگ”.
گەرمیانى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، واچاکترە هەموو بوارەکان بۆ هونەرمەند لەباربێت ئینجا دەستبکات بەگۆرانى، ناکرێ هونەرمەند فشار بخاتە سەر خۆى، “منیش هەر لەبەرئەوە جارێ بۆم نەگونجاوە وەک جاران بەرهەمم هەبێت، بۆ مەسەلەى کلیپکردنیش من حەساسم، کلیپێک کە دەبێت لەگەڵ تەمەن بگونجێ، کلیپیش بەقەت فیلمێک پارەى تێدەچێ، کێ ئەو خەرجیەم بۆ دابین دەکات، خۆ ناکرێ هونەرمەند هەموو شتێک لەسەر گیرفانى خۆى بەرهەم بهێنێ، ساڵى پار لەسەر حیسابى خۆمان کۆمەڵێک گۆرانى و موزیکمان تۆمارکرد و زەرەرمان کرد، ئێ باشە بۆ زەرەر بکەین، تاکەى زەرەرە بکەین؟ مادام لێى ناخۆین بازەرەریش نەکەین”، هەرچەندە نایەوێت قسە لەسەر موزیک و گۆرانى ئێستاى کورد بکات، بەڵام ئەو لاساییکردنەوەیەکى زۆر لەلای هونەرمەندە گەنجەکان بەدى دەکات “هەندێک ساڵ باش دەچینە پێشەوە و هەندێ ساڵیش دوادەکەوین، بەڵام من پێموایە لەبەرئەوەى ئەوەندەى کە حەز بەلاساییکردنەوە دەکەین و ئیشەکانى خۆشمان سەقەت کردووە، ئێمە کوردین خاکیان داگیرکردووین، بۆچى رێگە بدەین هونەریشمان داگیر بکەن؟ کە لاسایى کردنەوەکەش دەکەین بەسەقەتى دەیکەن، ناتوانین وەک ئەوان بکەین”.
گەرمیانى ئەوەشى ئاشکرا کرد، زۆر حەز دەکات بگەڕێتەوە کوردستان و ژیانى لادێیەکى کوردستانى پێخۆشە، دەڵێ کوردستان دایکە و نیشتیمانە، ئەگەر بشمرى ئەو هەر دەتگرێتە خۆى، حەسەن گەرمیانى دەشڵێ “بەڵام ئێمە جارێک لەکوردستان هەڵکەندراین و لەدەرەوە دروست بووینەوە، ئێستا کە بێمەوە کوردستان دیسان دەبێت هەڵکەندرێینەوە، چونکە ئێمە دەمێکە لەنەرویج دەژین و خۆم و خێزانم ماڵ و منداڵەکانم هەر هەموویان لێرە ئیش دەکەن، ئایا ئەگەر ئێستا بگەڕێینەوە کوردستان هەمان ئەو ژیان و بژێوەمان دەبێت؟” حەسەن گەرمیانى لەسەر ئەو باسە بەردەوام بوو و ئەوەشى گوت “هەرچەندە لەدەرەوەى وڵاتى خۆم غەریبم، بەڵام ئەوان رێز لەخۆم و هونەرەکەم دەگرن، کە سەیرى بابەتەکانیان کردم یەکسەر منیان کرد بەئەندامى یەکێتى هونەرمەندانى ئەوروپا، بەبێ ئەوەى تاقیم بکەنەوە، کەچى دێیتەوە وڵاتەکەى خۆم، ئەو وڵاتەى کە ماندووبوونى زۆرم تێدا بینیووە، وەختێک من مامۆستا بووم مووچەمان نەبوو، ئێستاش بگەڕێمەوە ناو هەمان ناڕەحەتى؟ ناتوانم تەمەنم 65 ساڵە تاقەتم نەماوە، مافى ئەوەم هەیە تۆزێک ئیسراحەت بکەم و فریاى یادەوەرییەکانى خۆم بکەوم”.
لەساڵى 1963 ئەو ساڵە بوو، کە ماڵى حەسەن گەرمیانى تێدا سووتا و وەک خۆى دەڵێ هەندێ شتى بەنرخم لەدەستچوو، هەروەها لەساڵى 1991 ماڵەکەى لەناحیەى خەبات تاڵانکرا و کە “زۆر یادەوەرى و شتى بەنرخم فەوتان، یەکێک لەوانە دوو پەرتوکى زانستیم نووسى بوو، کە لەکۆمەڵێک چاوگى باشەوە سوودم وەرگرتبوو، لەگەڵ کۆمەڵێک کاسێت و ڤیدیۆ”، حەسەن گەرمیانى، کە گەنجێکى بەمۆدە و جوان بووە لەبارەى عەشق و دڵدارى کچانیشەوە دەڵێ “من بەلاى دڵدارى کچان نەدەڕۆیشتم، تەنیا عەشقى ئەوەم هەبوو کەى خاکى کوردستان لەژێر دەستى داگیرکەران دێتە دەرەوە و میللەتەکە رزگارى دەبێت، ئێمە گەنجى خۆمان لەپێناو شتێکى جوان دانا، ئەویش عەشقى نیشتیمانەکەمان بوو”.