حیکایەتەکانی کوێربوون
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
وەک کوێرێک لەپەنا دیواری خوا گوێم
لە موچڕکی ماچەکانی عەدەم گرتووە کاتیک لە دەریای ئەگرێ
گوێم لێیە
یاسمەینێک فتوای کوشتنی خۆی داوە ئەڵێ با چیتر
عەتری من لەگەڵ
بۆنی هێرۆین تێکەڵ نەکرێ
دار بەڕوویەک توڕە بووە لە ژیان و ئەڵێ با
چیتر کڵاو پیریم نەشارێتەوەو قژی سپیم دانەپۆشێ
گوێم لێیە
ڕەشەبا هەڵتک هەڵتک هاتووەو کەلاکی خۆی پێیەو
لەگەڵ ئەستێرەیەکی بێ حەوسەڵە
لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکە ئەیەوێ
ئەی ڕەقیبی مەرگ بۆ هەموو سنەوبەرەکان بچڕێ
گوێم لێیە
ماچێک بە عەگالێکی کوردیانە
لەگەڵ شەپۆلیک
دەستی لە ملان کردووەو
دیسداشەی شەڕەفی لە پرسگەکە جێهێشتووە
ئەیەوێ بە باخەڵی سەرکردەکان ئاشنا بێ
گوێم لێیە
شعرێک فەلاقەی بۆ وشەکانی خۆی هەڵخستووەو
لە ژێر سەرینی خیانەت
بە فیشەک ئەیانێژێ
گوێم لێیە
گۆرانیەک ئەڵێ با مردن تاقی کەمەوە
بزانم ژێر خۆڵ چ تامێکی لێدێ ..؟
……… هاوڕێ ڕەش …..