میسری ھەمیشە دەیوت”یادگاری شێوەیەکە لە شێوەکانی دیدار”
مەسعودی مەلا ھەمزە : “من بەندەی ئەم دەریا خەمە بێ سنوورە پەلەقاژێمە لەنێو ھەموو کەرەستەو مێژووەکان. یادگارییەکان وەک شەپۆڵی دەریا باوەشم بۆ دەکەنەوە و پاشان بەھێمنی ھەڵم دەدەنە یادگارییەکی تر و شەپۆڵێکی تر… تا دەمگەیەننە کەناری ئارامی دیدار و سەمای عیشق تۆمار دەکەین، ئەم پێشانگا سەیر و سەمەرەیەش بەشێکە لەو دیدارە، کە باس لە گەورەیی رۆحی خودی میسری دەکات.
لە ساتە پڕ رێزەکانی بۆ مرۆڤ و ھەموو شتەکان… باس لەو مێژووە پڕ داھێنانەی کە ھەمیشە دەیبەخشیە ئەو کەرەستانە کە بەکاری دەھێنان لە بواری شانۆ و دراماو کەرنەڤاڵەکانیدا”.
ئەوەی سەرەوە نامەی نھێنی نێوان دوو دڵداری دوورەدەست نییە، نامەی دوو عاشقی بەیەکنەگەیشتووش نییە، ھەروەک نامەی نائومێدی و نەگەیشتن بە ئاواتەکانیش نییە، ئەمە بەشێکە لەو وتەیەی کە چیمەن ساڵح لە دەلیلی دوا پێشانگای خۆی نووسیویەتی.
جیاواز لە زۆربەی چالاکییەکانی دیکەی ئەو رۆژە، لەنێو ھۆڵی نیشتمانی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە لە سلێمانی ھونەرمەندانی شێوەکار چیمەن ئیسماعیل و ئاری بابان پێشانگای خۆشەویستی بۆ ھونەرمەند حوسێن میسری”یان کردەوەو تێیدا کۆمەڵێک کاری جوان و دانسقەیان بە ستایلی جیاواز نمایشکردبوو.
ئەگەرچی ٣١/٥/٢٠٠٩ لە مێژووی شانۆ و دراماو ھونەری کوردی رۆژێکی شوومە، لەبەرئەوەی کەڵە ھونەرمەندێکی لێسەندینەوەو بۆ ئەبەد بردی بۆ دنیا جوانەکەی دیکە ئەویش قیامەتە، دیارە لەو رێکەوتەوە تا ئێستا کۆمەڵێک یاد و بۆنە بۆ گەورەیی ھونەرمەند حوسێن میسری سازکرا، وەلێ بە بڕوای من زۆرینەیان غیابی میسری ھەمیشە زیندوویان پێوەدیاربوو، منی ھاوڕێ ھەمیشە میسریم لەبەرچاوەو کارەکانی دەمھێننە ئەو قەناعەتەی کە ھێشتا زیندووە، وەلێ ئەم پێشانگایە کارێکی جیاواز و جیاوازتر لەوانی دیکە بوو.
ھەر لە سەرەتاوە کە لە دەرگا چوومەژوورەوە و ئەو ھەموو گوڵە سوور و خەندە شیرینەم بینی، ھەستمکرد ھاتوومەتە شوێنێک پڕاوپڕە لە وێنەو خەیاڵ و داھێنان و ئەفراندن، ئاخر کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە زۆرە باشترین گەواھیدەری ئەو بابەتەن، کە لەبەر دەرگاش “یارۆ”*ی نازدارم بینی دەم بەخەندە خەریکی یاریکردن بوو، ھەمدیش بۆم دەرکەوتەوە ئەوە میسری و چیمەن بەیەکەوە وەستاون و لەپێشوازیدان بۆ ئەو خەڵکەی کە ھاتوونە بۆ بینینی دوا نمایشیان، کە لە ڤالانتایندا پێشکەشی عاشقانی دەکەن، کە لە دەرگا دەچوویتە ژوورەوە میسری کۆمەڵێک گوڵی سووری جوانی لەسەر مێزێک دانابوو تا ھەمووان وەریگرن و خۆشەویستی دووپات بکەنەوە، ئینجاش کە دەچوویتە ناو تابلۆکان و بە تایبەتیش ئەو موفرەدانەی کە چیمەن بەکاریھێنابوو فعلەن ھەستتدەکرد ئەوە لە نمایشێکی میسریدایت و بەخێرھاتنت دەکا.
جیاواز… زۆر جیاواز… جیاواز لەوانی دیکە لەم پێشانگایە تەنھا تابلۆ ھەڵواسراوەکانی سەر دیوار میوان نەبوون، بەڵکو کەرەستە جوانەکانی عەشق لە”زۆپا، فانۆس، مێز و کورسی، رەوڕەوەی منداڵان..ھتد” میوان بوون و ھەریەکەو یادگارییەکی میسری بەسەرەوەبوو دەیھێنایتە گۆ، بە بڕوای من ئەوڕۆژە ئا ئەو رۆژە کە ١٤/٢ بوو دوای زەمەنێک دابڕان ھەمدیس میسریم بینیەوە، وەلێ ئەمجارە لە ژوورەکەی خاک نا، لە ھۆڵی رۆشنبیری و تەلاری ھونەر و ھۆڵی تەوار و ھۆڵی میدیای ھەولێریش نا، بەڵکو لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە، کە دڵنیام میسری ھاتبوو بۆ پیرۆزبایی کردنی ڤالانتاین لەمن و تۆ و ئەو و ھەموو عاشقانی، وەلێ داخەکەم زوو نەگەیشتم یەکەم گوڵی سوورم پێشکەش بکا، گوڵی یەکەمی بە یارۆدا بۆ چیمەنی خێزانی ناردبوو، ئەویش چالاکانە لەمسەر بۆ ئەوسەری ھۆڵەکە دەھات و دەچوو پێشوازی لە میوانان دەکرد و یادەوەرییەکانی میسری لە کارەکانیا جوانتر دەخستەڕوو، ئا ئەوە بوو چیرۆکی ئەو پێشانگایەی دوای دابڕانێک میسریم تیابینیەوەو دڵم نەھات خۆم بچمە لای، بە یارۆدا سڵاوێکم بۆی نارد و بە چیمەنیش گوڵی سوور و پەیمانی تاھەتایی کارکردن بەبێ دابڕان.
مەسعودی مەلا ھەمزە