د. ئارام ره‌فعه‌ت
پێشـــهکی:
ئێمه ئه‌مڕۆ له‌ده‌روازه‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی کوردستان داین بۆ په‌رله‌مانی عێراق. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که له حه‌وت ساڵی رابردودا نوێنه‌ری کورد بون، ئێستاش ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵکی کوردستان مسۆگه‌ر بکه‌نه‌وه. وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتیمانی به پێویستم زانی بۆ به‌رچاو رۆشنی چه‌ند تیشکێک بخه‌مه سه‌ر چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژی نوێنه‌رانمان له حه‌وت ساڵی رابردودا. له‌م بابه‌ته‌دا مه‌به‌ست له نوێنه‌رانی کوردستان، ته‌نها ئه‌ندام په‌رله‌مانه کوردستانیه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق نیه، به‌ڵکو هه‌مو ئه‌وانه‌شه که له داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی عێراق دا کاریان کردوه و ئه‌و پارت و لایه‌ن و سه‌رکرده و پهپرسانهش که له کوردستان دا ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیاربه ده‌ستن.
باکگراوندێک
عێراقی دوای سه‌ددام، یان باشتر وایه بڵێین عێراقی شیعه، سێ ده‌وره‌ی په‌رله‌مانی تێپه‌ڕاند. ئه‌ندامانی یه‌که‌م په‌رله‌مان له‌لایه‌ن برێمه‌ر ده‌ستنیشان کران و فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆکی ئه‌و په‌رله‌مانه بو. یه‌کێک له ئه‌رکه نهخشهبۆکێشراوهکانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌مان، نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی بو، هه‌رچه‌نده یاسای به‌رێوه بردنی وڵات بۆ کاتی ئینتیقالی نوسرا، به‌ڵام له ژێر فشاری شیعه‌کان و فه‌توای سیستانی و سازشی ئه‌مریکا و پاشه‌کشه‌ی کورد دا ئه‌م یاسایه له‌بار برا. ئه‌م هه‌نگاوه ده‌کرێت به‌یه‌که‌م شۆرشی فه‌توایی شیعه‌کان و به ده‌سپێکی پاشه‌کشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی نوێنه‌رانی کورد دابنرێت. له‌م شۆڕشی فه‌توایه‌دا ئه‌مریکا هاته ژێر بار‌و شیعه‌کانیش یه‌که‌م پایه‌ی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بونیاد نا که ته‌وزیف کردنی زۆرینه‌ی شیعه و ته‌حویل کردنی دیموکراسی بۆ نومارۆ-کراسی (واته ژماره-کراسی) بو. سه‌ره‌نجام بڕیار درا که ئه‌رکی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور بسپێردرێته په‌رله‌مانێكی راسته‌وخۆ هه‌لبژێردراو که باڵا ده‌ستی شیعه مسۆگه‌ر ده‌کات. دوه‌م خولی په‌رله‌مان له غیابی سوننه دا، شیعه و گه‌لی کوردستان له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ری نوێنه‌ریان نارده به‌غدا. له‌م خوله کاتیه‌ی په‌رله‌مان دا، که ته‌مه‌نی که‌متر له ساڵێک بو، ده‌ستوری هه‌میشه‌یی گه‌ڵاڵه کراو خرایه ریفراندۆمه‌وه. ده‌وره‌ی ئێستای پهرلهمنیش که سونه‌کانیش به‌شداریان تێدا هه‌بو، ئه‌رکی سه‌ره‌کی چاودێری کردنی جێبه‌جێ کردنی بڕگه‌کانی ده‌ستور و ده‌رکردن و گه‌ڵاڵه کردنی کۆمه‌ڵێك یاسا بو له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور.
به هه‌ر حاڵ، حه‌وت ساڵ دوای به‌شداری نوێنه‌رانمان له هه‌مو ئه‌و پرۆسانه‌دا، به‌داخه‌وه هێشتا سه‌رجه‌م ئه‌و پرسانه‌ی که په‌یوه‌ستن به‌چاره‌نوسی ئێستا و داهاتومان به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌وه‌ته‌وه. نوێنه‌رانی کوردستان له یه‌کلا کردنه‌وه‌ی ده‌یان مه‌سه‌له‌ی وه‌ک که‌رکوک، نه‌وت، بودجه، پێشمه‌رگه، نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه‌ی وڵات شکستیان هێناوه. ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵێكه بۆ تیشک خستنه سه‌ر هۆکاره‌کانی پشت شکستی نوێنه‌رانمان له یه‌کلا کردنه‌وه‌ی ئه‌م کێشانه و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که ئه‌و شکستانه ده‌رهاویشته و زاده‌ی نشوستی و دۆڕانه له کۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی تر و چاره‌نوس سازتر، که من له حه‌وت خاڵ دا کۆیان ده‌که‌مه‌وه.
حه‌وت دۆزی دۆڕاو
١-سەروەری
یه‌که‌م مه‌سه‌له که نوێنه‌رانی کوردستان له ده‌سپێکی عێراقی تازه‌دا دۆڕاندیان، بابه‌تی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراقه به‌سه‌ر کوردستان دا. به واتایه‌کی تر، به‌هێز ترین کارتی کوردستانییه‌کان و له هه‌مان کاتیش‌دا لاوازترین خاڵی ده‌وڵه‌تی عێراق له هه‌شتا ساڵی رابردو دا ره‌تکردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ته و سه‌روه‌ری عێراق بوه به سه‌ر کوردستان له‌لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه. هه‌مو پارت و جوڵانه‌وه‌کانی کوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای لکاندنی وڵاته‌که‌مان به عێراقه‌وه کۆک بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کوردستان به زۆره ملێ به عێراقه‌وه لکێنراوه. نامه‌کانی مه‌لیک مه‌حمود، دواتر به‌رنامه‌ی سیاسی هه‌ریه‌ک له پارتی رزگاری کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان له چله‌کانی سه‌ده‌ی رابردودا وه یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش له ده‌یه‌ی حه‌فتاکان دا و دوا جاریش پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان که له ساڵی 2002 ئاماده کراوه، چه‌ند نمونه‌یه‌کن که پێداگری له‌سه‌ر به‌زۆر لکاندنی کوردستان به عێراق ده‌که‌نه‌وه. زۆربه‌ی پارته کوردستانیه‌کان له‌سه‌ده‌ی رابردودا له ئه‌ده‌بیات و هه‌ندێک جاریش به‌رنامه‌ی سیاسییاندا عێراق وه‌ک رژێمی داگیر که‌ر و ئێڕان و تورکیا و سوریاش وه‌ک داگیر که‌رانی کوردستان ده‌ناساند. له به‌رامبه‌ریشدا خۆیان وه‌ک به‌شیك له بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازانه‌ی گه‌لی کوردستان پێناسه ده‌کرد. له‌وه‌ش گرنگتر ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه وه‌ک ناوچه ئازاد/رزگارکراوه‌کانی کوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ش که له ژێر ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراقی دابون به ناوچه رزگارنهکراوهکان و هه‌ندێک جاریش داگیرکراوه‌کانی کوردستان ناوزه‌ده ده‌کران.
گرنگ نییه که عێراق و وڵاتانی جیهان چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ شه‌رعیه‌تی عێراق به‌سه‌ر کوردستان دا ده‌که‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی کوردستان دانیان به‌م شه‌رعییه‌دا نه‌نابو. له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع له هه‌شت ده‌یه‌ی رابردودا ره‌تکردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی حوکمڕانی عێراق له روی یاسایی و مۆڕاڵی و ده‌رهاویشته‌ی سیاسیه‌وه، سنگی هه‌یاس ئاسا، لاوازترین کۆڵه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بوه. له رابردودا کوردستانییه‌کان هه‌میشه هه‌وڵیان داوه که ناسینی شه‌رعیه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراقی له به‌رامبه‌ر ناسینی شه‌رعیه‌تی مێژویی و جوگرافیای کوردستان له‌ته‌ره‌ف ده‌وڵه‌تی عێراقی دا به‌کار بهێنن. به‌داخه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نانه‌ت نه‌کرایه به‌شێكی لاوه‌کی دان و ئه‌ستانه‌کانی نێوان کوردستان و لایه‌نه‌کانی عێراقی. سه‌رکرده کورده‌کان به‌ر له سیایسیهکانی شیعه و سوننه مۆرکی شه‌رعیه‌تیان دا له ته‌وێڵی عێراقی تازه و دوای زیاتر له هه‌شتا ساڵ ئه‌م چه‌که کاریگه‌ره‌یان، بێ هیچ ده‌سکه‌وتێك، له‌ده‌ستی گه‌لی کوردستان ده‌رهێنا. ده‌رهاویشته و ده‌ره‌نجامه نه‌رێنییه‌کانی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی نوێنه‌رانمان وه‌ک کۆتێک له ده‌ست و پای نه‌وه‌کانی ئێستا و داهاتوی کوردستان دا ده‌مێنێته‌وه و بواری موناوهرهکردن ته‌سکتر و ره‌وایی کێشه‌که‌مان کاڵتر ده‌کاته‌وه.
٢- کورد و شیعه
دوه‌م دۆز که نوێنه‌رانی کوردستان شکستییان تێدا هێناوه مه‌سه‌له‌ی ناسینی حوکمڕانی شیعه‌یه بێ هیج ده‌سکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی کوردستان. له‌گه‌ڵ روخانی حوکمی سوننه، به لێوه‌شاوه‌یی و له خۆبوردویی و پێداگیری رێبه‌ره‌کانیان، عه‌ڕه‌بی شیعه له تایه‌فه‌یه‌کی ژێرده‌سته و په‌راوێز خراوه‌وه، بون به حاکمی ئه‌م وڵاته‌و زۆربه‌ی جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتییان مسۆگه‌ر کرد. بێجگه له رۆڵ و کارایی سه‌رکرده‌کانیان شیعه‌کان دو خاڵی به‌هێزیان هه‌بو/هه‌یه: یه‌که‌م، شیعه زۆرینه‌ی رێژه‌یی، که‌مێك زیاتر له نیوه‌ی دانیشتوانی عێراق پێک دێنن و دوه‌میش پشتیوانی ئێران وه‌ک هێزێکی هه‌رێمی له حکومه‌تێکی شیعه له عێراق دا و پشتیوانی مادی و مانه‌وی ئه‌و وڵاته بۆ هێزه شیعیه‌کان.
به‌ڵام، له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک، بێ پشتیوانی کورد له حوکمڕانی شیعه، گرتنه ده‌ست و مانه‌وه‌ی شیعه له ده‌سه‌ڵات کارێکی ئاسته‌م ته‌نانه‌ت مه‌حاڵ بو. یه‌کێک له لاوازیه‌کانی شیعه، نه‌بونی زۆرینه‌یه‌کی ره‌هایه که بتوانن حوکمڕانی سه‌رتاسه‌ری عێراق بکه‌ن. بێجگه له‌وه شیعه‌کان له چوارچیوه‌یه‌کی جوگرافیایی (هه‌رچه‌ند به‌رفراوان)، به‌ڵام سنوردار دان. به‌و مانایه‌ی که سنورێکی دیمۆگرافی، شیعه‌کان له سوننه و گه‌لی کوردستان جیا ده‌کاته‌وه، که له‌م دو هه‌رێمه‌دا شیعه‌ی عه‌ڕه‌ب یان به‌ته‌واوی غایبه یان که‌مینه‌یه‌کی لاکه‌وته‌یه، که رێگای پێ نادات له رێگای هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموکڕاسیهوه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له کوردستان و “سوننستان” دا پیاده بکات. بێ پشتیوانی کورد، شیعه‌کان له باشترین حاڵه‌ت دا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه شیعه نشینه‌کان ده‌مانه‌وه و نوێنه‌رایه‌تی کردنی سه‌روه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر هه‌مو عێراقه‌وه ته‌نها وه‌ک خه‌ونی ئایه‌توڵڵاکان ده‌مایه‌وه.
لاوازییه‌کی تری شیعه‌کان، لانی که‌م له یه‌ک دو ساڵی یه‌که‌می دوای روخانی حوکمی سوننه، به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌مه‌ریکا بو بۆ حوکمڕانی شیعه، به‌تایبه‌ت ره‌وتی زاڵی ناو شیعه که بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامگه‌رایی سۆزدار بۆ ئێرانه. دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکا بۆ حوکمی پارته شیعییه‌کانی لایه‌نگری ئێران به راده‌یه‌ک بو، ئه‌گه‌ر پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوپه‌یمانی نوێنه‌رانی کوردستان له حیزبه شیعیه‌کان و چونه پاڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان نه‌بوایه، ئه‌و ئه‌مری واقیعه دروست نه‌ده‌بو که ئه‌مریکا ناچار بکات ئۆکه‌ی ره‌زامه‌ندی بداته ده‌سه‌ڵاتێک که له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بزانێت. سێیه‌م و کوشنده‌ترین لاوازی شیعه ره‌تکردنه‌وه‌ی سوننه بو بۆ حوکمڕانی شیعه. سوننه‌کان نه‌ک هه‌ر ئاماده نه‌بون که هاوشێوه‌ی نوێنه‌رانی کورد خۆبه‌خشانه و بێ به‌رامبه‌ر مۆرکی شه‌رعیه‌ت بده‌ن به حوکمڕانی شیعه، به‌ڵکو شه‌ڕێکی خوێناویشیان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی حوکم له شیعه‌کان به‌رپا کرد. بێجگه له‌وه، تا چه‌ند ساڵێکیش زۆرینه‌ی وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان دژایه‌تی بێ په‌رده‌ی خۆیان بۆ حوکمڕانی شیعه له عێراقدا نیشان ده‌دا. ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی کورد هاوشێوه‌ی سوننه‌کان حوکمی شیعه‌یان ره‌ت کردبایه‌وه، ئه‌م هه‌ژمون و حوکمڕانیه‌ی ئێستای شیعه‌کان و ئه‌و خێرا سهرپێکهوتنهوهیهی ده‌وڵه‌تی عێراق کارێکی مه‌حاڵ بو. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، نوێنه‌رانی کورد ده‌یانتوانی له‌به‌رامبه‌ر ناسینی حوکمڕانی شیعه دا و ده‌ست به‌جێ و هه‌مان کات که‌رکوکیان به فه‌رمی بگێڕایه‌وه سه‌ر کوردستان. به‌ڵام به‌داخه‌وه نوێنه‌رانمان ئه‌م هه‌له زێڕینهشیان کرده دیاری دۆستایه‌تی ‘دێرینی’ سه‌رکرده‌کانی کورد‌و ئایه‌توڵڵاکانی شیعه.
٣- کورد و ئه‌مریکا
سێیه‌م کارتی سوتاوی کورد، خزمه‌تکردنی بێ به‌رامبه‌ری ئه‌مریکا بو. راسته ئه‌مریکا هێزێکی باڵا ده‌ستی جیهاننیه و هێز و بنکه‌ی جۆراو جۆری له ناوچه‌که‌دا هه‌یه به‌ڵام له به‌ر چه‌ند هۆکارێك ئه‌مه‌ریکا له‌داگیر کردنی عێراق دا ده‌رگیری دۆخێکی ناله‌بار و دژوار هاتبو . دۆخێک که کێش و سه‌نگی پشتیوانی سه‌ربازی و مه‌عنه‌وی کوردستان بۆ ئه‌وسای ئه‌مریکا هێنده گرنگ بو که ده‌کرێت بگوترێت له سنوری فریاد ره‌سی داب‌و. بۆ نمونه، ئه‌مه‌ریکا له پرۆسه‌ی داگیرکردنی عێراق دا شه‌رعیه‌ت و پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌بو جگه له به‌ریتانیا هه‌رسێ ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌که‌ی تری ی‌و ئێن ناڕازی بون له هێرشی ئه‌مریکا بۆ عێراق. زۆرینه‌ی دۆستانی ئه‌مریکا له خۆرئاوا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دا، له‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له ئه‌وروپاو تورکیا‌و وڵاته عه‌ڕه‌بیه‌کان له ناوچه‌که، نه‌ک هه‌ر پشتیوانی ئه‌مریکایان نه‌کرد، به‌ڵکو به‌شێوازی جۆراو جۆر دژایه‌تی ئه‌مریکاشیان ده‌کرد له عێراق دا. له‌سه‌ر ئاستی وڵاته ئیسلامیه‌کانیش، زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه، به‌تایبه‌ت رای گشتی جیهانی ئیسلامی، له روانگه‌ی داگیر کردنی وڵاتێکی ئیسلامیییهوه له‌لایه‌ن وڵاتێکی کریستیانه‌وه، مه‌حکومی داگیرکردنی عێراقیان ده‌کرد. به‌هه‌مان شێوه‌ش وڵاته عه‌ڕه‌بیه‌کان و رای گشتییان له روانگه‌ی داگرکهرێکی فه‌له و وڵاتێکی داگیرکراوی عه‌ڕه‌بی و ئیسلامی حوکمیان به‌سه‌ر هاتنی ئه‌مریکا بۆ عێراق ده‌دا.
له عێراقیش دا سوننه‌کان ئه‌م داگیرکارییه‌یان وه‌ک مه‌سه‌له‌ی مه‌رگ و ژیان چاو لێده‌کرد و به هه‌مو هێزی خۆیانه‌وه دژایه‌تی ئه‌مریکایان کرد. شیعه‌کانیش تا ئه‌و جێگایه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا دابون که له لایه‌ک گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان مسۆگه‌ر بکات و له لایه‌کی تریشه‌وه هێڵه سوره‌کانی ئێران نه‌به‌زێنن. له‌م که‌م ره‌واجی ئه‌مریکا له عێراق دا، ده‌نگ و سۆزی تاکه که‌سێک، گروپێکی سیاسی، که‌مینه‌یه‌ک له ناوخۆی عێراق دا بۆ ئه‌مریکا وه‌ک فریادره‌سێک وابو که مۆته‌که‌ی ناشه‌رعی بون و لاکهوتهیی و بێ پاساوی و ناههڕمێنی ئه‌مه‌ریکای ده‌ڕه‌وانده‌وه. چ جای ئه‌و ده‌نگه گه‌لی کوردستان بێت که هه‌میشه سه‌قامگیری عێراقی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه و ئه‌مڕۆش په‌یامی پشتگیری ئه‌مریکا و عێراقێك بکات که ئه‌مریکا تێیدا باڵا ده‌ست بێت. له‌م بێ ههوادارییهی ئه‌مریکا دا، ته‌نها نوێنه‌رانی کوردستان بون که هێزێکی ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ییان خسته خزمه‌ت ئه‌مریکاوه و عه‌شقی یه‌کلایه‌نه‌ی ‘هاوپه‌یمانی ستراتیژی’-یان له گه‌ڵ ئه‌مریکا دا ده‌کرد. کورد به پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمی جیهانی، تاکه ده‌نگی ئه‌م گێتییه بو که ئه‌مریکایان به “ڕزگار که‌ری عێراق” له قه‌ڵه‌م ده‌دا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریکیه‌کان خۆشیان له یه‌که‌م مانگ دا داوایان له یوئێن کرد که وه‌ک داگیر که‌ری عێراق بیناسێنێت. نوێنه‌رانی کوردستان له بری ئه‌وه‌ی که ئه‌م کارته گرانبه‌های، واته پێویستی ئه‌مریکا به پشتیوانی هێزێک له ناوخۆی عێراق دا، بۆ چه‌سپاندن و به نێونه‌ته‌وه‌یی کردنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان ، به‌تایبه‌ت به‌ره‌سمی ناسینی مافی ئه‌م گه‌له له خاوه‌ندارێتی و حوکمڕانی خاکه‌که‌ی له که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر به‌کار بهێنن، ئه‌م چهکهشیان کرده شاباشی مه‌رحه‌بایه‌کی ئه‌مریکیه‌کان و بێ ئه‌وه‌ی هیچ سود و به‌رژه‌وه‌ندی بۆ کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تری تێدابێت.
٤- هاوسه‌نگی هێز
چواره‌م هه‌ل که نوێنه‌رانی کوردستان له‌ده‌ستیان دا سود وه‌رنه‌گرتن بو له هاوکێشه و هاوسه‌نگی هێز. له ساڵی 2003 دا وه بۆ یه‌که‌م جار له مێژوی هه‌شتا ساڵه‌ی داتاشینی ده‌وڵه‌تی عێراق دا، سه‌راپای دام‌و ده‌زگاکانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌ره‌سیان هێنا و بۆ یه‌که‌م جار پارسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان دا هاته ئاراوه. نوێنه‌رانی کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌مو که‌مو کوڕیهکانیاندا، جۆرێك له شه‌رعیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی کردنی گه‌لی کوردستان و هه‌رێمی کوردستانیان هه‌بو. ئه‌مه له پاڵ ئه‌و کارتانه‌ی سه‌ره‌وه گه‌وره‌ترین سه‌رمایه بو که پێگه‌یه‌کی به‌هێزی داب‌و به نوێنه‌رانی کوردستان بۆ موناوه‌ره کردن و دانوسان و سه‌پاندنی خواسته ره‌واکانی گه‌له‌که‌مان. نوێنه‌رانی کوردستان ده‌یانتوانی که به سود وه‌رگرتن له‌م کارتانه شه‌رعیه‌تی ده‌سبه‌جێی حوکمڕانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌سه‌ر خاکه‌که‌یدا له که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر دابین بکات. له جیاتی ئه‌وه‌ی که شه‌ڕی له17% ی بودجه و له روی ئابورییه‌وه بونه پاشکۆی ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی و چاو له رێی به‌غدا بون بۆ بودجه و موچه و نیشان دانی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک بار به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته دا، نوێنه‌رانی کوردستان ده‌بوایه لانی که‌م له داهاتی که‌رکوک شه‌ریکایه‌تی دابین بکه‌ن و بودجه‌ی کوردستان راسته‌وخۆ له‌و رێگایه مسۆگه‌ر بکه‌ن. له‌م هه‌له زێڕینه‌دا نوێنه‌رانمان ده‌بوایه پێوه‌ندیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عێراقی عه‌ڕه‌بیدا وه‌ک دو هاوتا و هاوکوف له دو حکومه‌تی هه‌رێمی دا که دو مه‌رکه‌زی هه‌بێت (هه‌ولێر و به‌غدا) له چوارچێوه‌ی یه‌ک ده‌وڵه‌تی کۆنفیدرالیدا دابڕێژێته‌وه. یان لانی که‌م ده‌یانتوانی که مافی چاره‌ی خۆنوسین له قاڵبی یه‌کێتی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی نێوان کوردستان و عێراقی عه‌ڕه‌بی بکه‌ن به یاسا و له ده‌ستور دا بچه‌سپێنن. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌مو ئه‌م مافه رهوایانهش کرانه ‘خه‌ونی شاعیران.”
٥- ئه‌نفال
پێنجه‌م مه‌سه‌له‌ی گۆڕه و شار کراوی ده‌ستی ‘نوێنه‌رانی کوردستان،’ دۆزی جینۆساید و پاکتاوی ره‌گه‌زی گه‌لی کوردستانه. یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، پشتیوانی مافی چاره‌نوسی گه‌لێک ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و حوکمڕان روبه‌ڕوی جینۆساید بێته‌وه. گه‌لی کوردستان روبه‌ڕوی یه‌کێک له هه‌ره دژوارترین شێوازه‌کانی جینۆساید و پاکتاوی ره‌گه‌زی بۆته‌وه و به هه‌مو پێودانگێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که داوای جیابونه‌وه له‌م وڵاته بکات که هه‌م به‌زۆر پێوه‌ی لکێنراوه و هه‌م تێیدا روبه‌ڕوی قه‌تڵ و عام بۆته‌وه. گریمان کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یاسا و مافه نێودهوڵهتیانهدایه، به‌ڵام خۆ ژیانێکی شایسته و سه‌ربه‌زانه و قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی قوربانیانی جینۆساید و پاکتاوی ره‌گه‌زی مافێکی هه‌ره سه‌ره‌تایی و گفتوگۆ هه‌ڵنه‌گره.
عێراقی شیعه خۆی به میراتگری هه‌شتا ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌زانێت به سنور و سه‌روه‌ری و دانیشتوانی و دام‌و ده‌زگاکانی و مێژو و که‌لتوریه‌وه. هه‌روه‌ها خۆی به‌خاوه‌ن سه‌روه‌ری به‌سه‌ر هه‌مو بسته زه‌مینێکی ئه‌م وڵاته له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. له کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش دا خاوه‌نی هه‌مان ئیمتیازات و هه‌مان ئیلتیزاماتی عێراقی کۆنه. بۆیه ناکرێت خۆی به مێراتگری هه‌مو ئیمتیزاتهکانی عێراقی کۆن بزانێت و خۆی له تاوانه‌کانی هه‌مان عێراقیش نه‌بان بکات. له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی عێراق ملکه‌چی یاساکانی نێو ده‌وڵه‌تییه و ده‌بێت قه‌ره‌بوی قه‌رز و قۆڵه‌کانی سه‌ددام بداته‌وه، که له کڕینی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له وڵاته زلهێزه‌کانی به‌هه‌ده‌ر داب‌و. تا ئێستاش عێراق قه‌ره‌بوی زیانه‌کانی کوێت ده‌داته‌وه که له داگیر کردنی ئه‌و وڵاته له لایه‌ن عێراق توشی هاتوه. به‌هه‌مان پێ‌و دانگ ئه‌وه عێراقه که ده‌بێت 4500 دێهاتی کوردستان دروست بکاته‌وه و قه‌ره‌بوی یه‌ک به‌یه‌کی هه‌مو ئه‌وانه‌ی له ئه‌نفال و کیمیاباران و راگواستن و شه‌ڕی داگیرکارانه‌ی عێراق له کوردستان بونه‌ته قوربانی بکات.
به‌ڵام، له لایه‌که‌وه نوێنه‌رانی کوردستان هه‌ر له سه‌ره‌ک کۆمار و جێگری سه‌ره‌ک وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه، ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵاتیان ده‌کرد بۆ لابردنی قه‌رزه‌کانی سه‌ر عێراق و رۆژنامه‌کانی عێراق و پارتی و یه‌كێتی پڕن له داستانی له‌و جۆره، له لایه‌کی تریش نه‌ک هه‌ر ئه‌و مافه ره‌وایه‌ی کوردستانیه‌کانیان له ناو تۆز و خۆڵی بونیاد نانه‌وه‌ی عێراق دا ون کرد، به‌ڵکو مۆرکی بهرائهتیشیان دایه ته‌وێڵی حکومه‌تی تازه‌ی عێراق. نوێنه‌رانی کوردستان حه‌وت ساڵه خۆ له‌وه لا ده‌ده‌ن که ئه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراقه (وه‌ک ده‌وڵه‌ت و حوکمڕانی و موئه‌سه‌سات وڵاتێکی مولته‌زیم کراو به یاسا و پێوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان) سیاسه‌تی ئه‌نفال و سوتماک کردنی کوردستانی پیاده کردوه. له بری ئه‌وه لایه‌نی تاوان بار بچوک ده‌کرێته‌وه بۆ که‌سی سه‌ددام و هه‌ندێک له دار و ده‌سته‌که‌ی. ئیلتیزامه یاسایی و ده‌ره‌نجامه سیاسیه‌کانی هه‌ر کام له‌م دو حاڵه‌ته زۆر جیاوازه. له حاڵه‌تی یه‌که‌م دا، وه‌ک له که‌یسی کۆسۆڤۆییه‌کان له سه‌رده‌ستی ده‌وڵه‌تی یۆگۆسلافیا، ئه‌وه ده‌وڵه‌ته که به‌رپرسیارێتی ورد و درشتی ئه‌و تاوانانه هه‌ڵده‌گرێت و سه‌ره‌نجام کۆسۆڤۆ له سربیا ده‌پارێزرێت و قه‌واره‌یه‌کی پارێزراو له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی دابین ده‌کرێت. به‌ڵام له حاڵه‌تی به “شه‌خسه‌نه” کردنی لایه‌نی تاوانبار، له‌گه‌ڵ له ده‌سه‌ڵات نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره، عێراق به هه‌مان بیانو (واته ئه‌وه سه‌ددام بو که ئه‌نفال و کیماباران و ته‌عریبی کرد نه‌ک ده‌وڵه‌تی عێراق) مل ناداته به‌ر لێپرسینه‌وه و ئیلتیزاماته‌کان.
له‌وه‌ش خراپتر، له سیاسه‌تی حه‌وت ساڵی نوێنه‌رانمان دا، سه‌ددام له‌و حاڵه‌تانه‌دا که په‌یوه‌ستن به کوشتار و ئیباده کردنی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه، وه‌ک سیمبۆلی ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌ک که‌سی یه‌که‌می حوکمڕانی و لانی که‌م وه‌ک نوێنه‌ری ناسیونالیستی عه‌ڕه‌بی-عێراقی وێنا ناکرێت. به پێچه‌وانه‌وه، له حاڵه‌تی به سه‌ددامی کردنی تاوانی جینۆساید، جه‌وهه‌ری تاوانه‌که ده‌شێوێنرێت و کورت ده‌کرێته‌وه بۆ حه‌زه سادیی و دیکتاتۆریه‌کانی سه‌ددام. لێره‌دا چه‌ند چه‌مکێکی قێزه‌وه‌ن که‌له داهێنانی سه‌رکردایه‌تی کورده به نمونه ده‌هێنمه‌وه. یه‌ک له‌و چه‌مکانه که تا ماوه‌یه‌ک بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زاری سه‌رکرده‌کان بو بریتییه له‌وه‌ی که ” ئه‌گه‌ر سه‌ددام له هیچ شتێک دا دادپه‌روه‌ر نه‌بوبێت، له زوڵم و زۆری سه‌ر گه‌لانی عێراق دا دادپه‌روه‌ر بوه.” ئیبداعێکی تری کوشنده‌ی سه‌رکرده‌کانمان بۆ بێ تاوان کردن و پاساو هێنانه‌وه بۆ عێراق به‌وه‌ی که ئه‌وه‌ی روی داوه هۆکاره‌که‌ی سادیه‌تی سه‌ددام بوه، ئه‌و گوته‌ی سهرکدهکانمانه که ده‌ڵێن “سه‌ددام ده‌ستی له ئه‌ندامانی خێزان و عه‌شیره‌ته‌که‌ی خۆشی نه‌پاراستوه”. “. ئه‌م داهێنانانه بێجگه له‌وه‌ی هیچ ئیلتیزامێک له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق ناهێڵێت، له هه‌مان کاتیش‌دا سوکایه‌تی و که‌مکردنه‌وه‌یه له گه‌وره‌یی قوربانیه‌کانمان. حوکمی له‌و جۆره، خوێنی ئهنفالراوهکانی کوردستان هاوتا ده‌کات به خوێنی ئه‌و ئهنفالچییانهی که له شه‌ڕی عه‌سابه‌کانی ناو بنه‌ماڵه‌ی عۆجهدا کوژراون. ژه‌نه‌ڕاڵێکی ئه‌نفالچی عێراقی که له به‌ر ئه‌وه‌ی چاوی له کورسییه‌که‌ی سه‌ددام بوه ئیعدام کراوه، هاوتا ده‌کات به عومه‌ری خاوه‌ر. چه‌مکێکی نا دادپه‌روه‌رانه‌ی تر ده‌رهه‌ق به پرۆسه‌ی ته‌عریبه. زۆرێک له به‌رپرسه‌کانی کوردستان ده‌ڵێن “عه‌ره‌به‌کانی ته‌عریبیش قوربانی رژێمی سه‌ددامن”. به‌م شێوازه بیر کردنه‌وه‌یه نه‌ک ههرتهعریبچی یه‌کسان ده‌کرێن به ئاواره، به‌ڵکو به‌ناوی قوربانی بونه‌وه شه‌رعیه‌ت درایه نیشته‌جێبونی یه‌کجاره‌کی ته‌عریبچیه‌کان له کوردستان و پرۆسه‌ی ته‌عریب له دی-فاکتۆ وه له‌سه‌ر ده‌ستی نوێنه‌رانمان بو به دی-ژۆر. سه‌ره‌نجام له دۆزی سه‌ندنه‌وه‌ی ماف و که‌رامه‌تی قوربانیانی ئه‌نفال و ته‌عریبیش دا گه‌لی کوردستان له سایه‌ی نوێنه‌ره‌کانییه‌وه ده‌ستی له بنی هه‌مبان هاته ده‌رێ.
٦- ده‌ستوری عێراقی
شه‌شه‌م کارتی سوتاوی کوردستان جێبه‌جێ کردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقه که نوێنه‌رانی کوردستان به‌یه‌کیک له نه‌به‌ردی و شانازیه‌کانی خۆیان ده‌زانن. له ساڵی 2005 دا ده‌ستورێک نوسرایه‌وه و خه‌ڵکی کوردستانیش وه‌ک پشتگیری له هه‌وڵی نوێنه‌ره‌کانیان ده‌نگیان بۆ ده‌ستور دا. گرنگترین و چاره‌نوسازترین ماده‌ی ده‌ستور، که تاکه په‌ڵه‌ی سپییه کوردستان به عێراقی تازه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه ماده‌ی 140. به‌گوێره‌ی مادده‌که سێ قۆناغ بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی که‌رکوک دیاری کراون، ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی که‌رکوک، سه‌رژمێری و ریفراندۆم. ده‌بوایه تا دێسه‌مبه‌ری 2007 هه‌رسی قۆناغه‌که جێ به‌جێ کرابان ، به‌ڵام سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م واده‌یه‌دا تێپه‌ڕی که‌چی هیچ کام له‌م هه‌نگاوانه چیبه‌جێ نه‌کراون.
له حه‌وت ساڵی رابردودا نوێنه‌رایه‌تی نزیک له 60 په‌رله‌مانتار و زیاتر له دو ده‌رزه‌ن وه‌زیر و وه‌کیل وه‌رزیر و سه‌رۆک کۆمار‌و جێگری سه‌ره‌ک وه‌زیران له به‌غدا و له کوردستانیش سه‌رۆکی کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیران و زیاتر له 40 وه‌زیری کابینه‌ی پێش‌و و 20 وه‌زیری کابینه‌ی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌دان راوێژکار به‌رهه‌می به فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی گوندێکی 20 ماڵه‌ی تهعریبکراوی بۆ سه‌ر کوردستان نه‌بو. هیچ کامێکیش له‌و زاتانه ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بون “خوا نه‌خواسته” بیر له ئیستیقاله دان یان هه‌ڕه‌شه‌ی کشانه‌وه له به‌غدا بکه‌نه‌وه. ئه‌و به‌ڕێزانه ئاماده‌ی ئه‌وه‌ش نه‌بون که له چوار چێوه‌ی ده‌ستور و یاساکانی دادگاکانی خودی عێراق دا فشار بخه‌نه سه‌ر مالیکی و “برا چاوڕه‌شه” حوکمڕانه‌کانی ترمان له به‌غدا. به 60 په‌رله‌مانتارمان له به‌غدا، توانای ئه‌وه‌یان نه‌بو که بۆ جارێکیش مالیکی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک بانگهێشتی په‌رله‌مان بکه‌ن، له کاتێک دا بانگهێستکردنی ئه‌و پێوسیتی به واژۆی ته‌نها 20 په‌رله‌مانتار هه‌بوو.
٧- ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
حه‌وته‌م دۆزی دۆڕاومان له سای نوێنه‌رانمان پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و دابین کردنی پێکه‌وه ژیانێکی ئاشتیانه‌یه له گه‌ڵ عێراقیه‌کان و وڵاتانی ده‌ورو به‌ر دا. نزیک به هه‌شتا ساڵ (1924 تا 2003) عێراق له حاڵه‌تی شه‌ڕ دابوه له گه‌ڵ گه‌لی کوردستان و له‌م هه‌شتا ساڵه‌دا گه‌لی کوردستان له به‌رده‌م هێرشیکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دا بوه. یه‌که‌م فه‌رمانی یه‌که‌م فه‌وجی سه‌ربازی عێراق هێرش کردنه سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانی بو له ساڵی 1924 دا. به‌هه‌مان شێوه یه‌که‌م فڕۆکه‌ی عێراقی یه‌که‌م بۆمبی خۆی به کوردستان دا ته‌قانده‌وه. له‌وساوه تا ئێستا ئه‌وه‌ی که له کوردستان غائیب بوبێت ئاشتی و ئاسایش بوه. له بری گه‌ڕانه‌وه و لکاندنه‌وه‌ی کوردستان له‌و بارودۆخه‌دا که له سه‌ره‌وه باسم کردوه، ده‌بوایه لانی که‌م ژیانێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه و پێوه‌ندیه‌کی هاوکوف و یه‌کسانی دور له ترس و دڵه‌ڕاوکێی بۆ گه‌لی کوردستان فه‌راهه‌م بکرایه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ گه‌لی کوردستان له پرۆسه‌ی بون به که‌مینه‌یه‌کی پاشکۆ دایه له عێراقێکدا، که به وته‌ی خودی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌شێكی زۆر له سیاسه‌تمه‌دارانی گله‌یی ئه‌وه‌یان له سه‌ددام هه‌یه که وه‌ک پێویست کوردی نه‌کوشتوه. عێراق له داوی 2003 دا ساڵانه به ملیاران دۆلار بۆ خۆ پڕچه‌ک کردن خه‌رج ده‌کات و نوێترین چه‌کی سه‌رده‌م ئه‌خاته به‌رده‌ست ئه‌وانه‌ی که پێیان وایه سهددفام ده‌بوایه کوردی زیاتر بکوشتایه.
سه‌یر له‌وه‌دایه، که ئه‌وانه‌ی حه‌وت ساڵ تاکه نوێنه‌ری بێ رکابه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بون له به‌غدا، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25 ته‌موزی 2009 دا له ماس- میدیاکانیانه‌وه به ده‌یان وتار و دیداری جۆراوجۆر، خه‌ڵكی کوردستانیان گورگان ترسێن ده‌کرد به‌وه‌ی که مه‌ترسیمان له‌سه‌ره. هه‌رچه‌نده بۆ مه‌رامێکی سیاسی جیاواز له چاره‌سه‌رکردنی مه‌ترسی سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان بو، به‌ڵام ره‌نگه داننان به به‌رده‌وامی مه‌ترسی له‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان یه‌کێک بێت له‌و حاڵه‌ته ده‌گمه‌نانه‌ی که نوێنه‌رانی کوردستان راستگۆیانه به خه‌ڵکی کوردستانیان راگه‌یاندوه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، که مه‌گه‌ر کاری نوێنه‌رانمان له حه‌وت ساڵی رابردو دا چی بوه ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانیبێت لانی که‌م مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان نه‌هێلن. کێ به‌رپرسه له‌وه‌ی که خه‌ڵکی کوردستان سه‌ره‌ڕای قوربانی دان به مافی ده‌وڵه‌ت بون و مافی چاره‌ی خۆنوسین، هه‌میشه له دڵه راوکێی مه‌ترسی روبه‌ڕوی کوشتار و ئاواره‌یی و ماڵ داگیرکردن دابن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*تێبینی/ ئەموتارە لەبەرواری ( ٥/١١/٢٠١٠ )دا نووسراوە