لەگەڵ رێزی بێ پایانم بۆ بەڕێز (حاجی علی کاشی) باوکی جوانەمەرگ (کاکە ڕێژوان) ئیجازە بفەرموون ھەندێک باری سەرنج بخەمەڕوو دەربارەی ڕەفتاری میدیاکانی کوردستان وە بە تایبەتی کەنالە(تی ڤی)ە ئاسمانیەکان و ئەو غەدرەی لە جەنابتی ئەکەن.
بێگومان بەڕێز باوکی جوانەمەرگ لە ھەمووان زیاتر مافی لێدوانی ھەیە لەگەڵ میدیا سەبارەت بە کارەساتی تێرۆرکردنی (ڕێژوان). وەلێ ئێمەش ئەتوانین قسەمان ھەبێ چونکە وا بڕوا ئەمڕۆ (ڕێژوان) بەیانی کەس و کاری ئێمەیە.
ئەوەی ڕاستی بێ نیگەرانی زۆرێکی وەکو من لەسەر ڕەفتاری میدیایە لە ڕووماڵکردن و ڕاپۆرتی چیرۆکی کوشتنی لاوێکی کورد و بوونی کۆمەڵێک دیاردەی ناخۆشی نامۆ بە موراڵ و ئێتیکی ڕۆژنامەگەری و مەدەنیانە. ئەگەرچی سروشتی کاری ڕۆژنامەگەری وایە کە ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵانی خەڵک, بەڵام بەداخەوە زۆرجار بێگویدان بە دەرئەنجامی ناخۆش و خراپ کە لەسەر کەسایەتی مرۆڤەکان ئەکەوێ. بەڵێ لە ھەر شوێنێکی ئەم دونیایە کە “ئازادی” ڕۆژنامەگەری ھەبێ ئەگەر رووداو یا کارەسات رووبدا ئیتر لە ھەر بارەیەکەوە بێ وەکو عادەتێکی ئاسایی رۆژنامەوانان شوێن و کەسانی تێوەگلاوی رووداوەکە ئەکەنە بابەت و بە پێویستی ئەزانن روماڵی تەواوی شوێن و کەسانی بابەتەکە بکەن. کە زۆرجار ئەبێتە مایەی خێر بۆ بابەت و ڕووداوەکە وە بۆ ئەو کەسانەی پەیوەستێکیان ھەیە. بەڵام رووئەدات ھەندێک جار کاریگەری پێچەوانەی ئەبێ. بۆ نمونە کاتێک حاجی علی جەرگ سووتاو ئەبَتە مەکۆی رووداوەکانی ئیستای شاری سلێمانی لای کەناڵە ئاسمانیەکان. ھەرچەندە من حەددم نیە سوکایەتی بە بنەماڵەی (ڕێژوان) بکەم. بەڵام نیگەرانم کە کەناڵە ئاسمانیەکان زۆر کەم فرسەتانە سوود لە ساددەیی و دڵپاکی پیاوێکی وەکو حاجی علی وەرئەگرن. لە کاتی ئەم کۆستە گورەیەدا و بەبیانوی پشتیوانی مەعنەوی بێ ئەھمیەت بی خۆئامادەکردن و لەبەردەم کامێراکان ئەیدوێنن و ئەیھێننە قسە. بەداخەوە بە ھەڵەیدا ئەبەن یا ڕوونتر بڵێین ئەیخەڵەتێنن و ئەیانەوێت لە قودسیەتی کەمبکەنەوە. وەکو ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە کەناڵی زاگرۆسەوە پەخش کرا.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١١-٠٢-٢٢
falaharazu@msn.com