(٢١) ساڵ بەر لە ئێستا ھونەرمەندێک گیانی خۆی کردە قوربانی ئازادی ھەولێر و کۆچڕەو
مانگی ئادار بەمانگی کوردان ناوزەند کراوە، چونکە سەرجەم یادەورییە تاڵ و شیرینەکانی خەڵکی کورد لەو مانگەدا کۆبوونەتەوە، (٣١)ـی ئاداری ساڵی (١٩٩١) رۆژی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بوو. کاتێک ھەموو خەڵک بە تێکڕا بەرەو شاخ و سەر سنوورەکان کەوتنە رێ، لەو رووبەروو بوونەوەی جەماوەری کوردستاندا، چەندیین قارەمان تێکۆشەری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دوژمنی لەناوچووی کورد، ھێزەکانی بەعەس وەستان و زۆر بە لێھاتووی توانیان بەرگری لەخاک و شار و وڵاتی خۆیان بکەن، یەکێکە لەو قارەمانانەی کە ناوێکی پڕنشنگدار و کەمەموێنەی بۆخۆی و شارەکەی تۆمار کرد ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) بوو.
ئەو ھونەرمەندەی کە (٢١) ساڵ بەر لە ئێستا شەھید بوو، ھونەرمەندێکی لێھاتووی بواری شانۆ و درامای کوردیی بوو، ئەو لە رزگارکردنی شاری ھەولێر، لە بەھاری (١٩٩١)ـدا رۆڵێکی کارامەی بەرجەستە کرد، ھەر بۆیە لە رۆژی کۆرەوە مەزنەکەی کوردستان، لە شاری ھەولێردا توانی رووبەرووی دوژمن ببێتەوە، وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو چاو نەترس لە ئەنجامی بەرگری کردنی لەشارەکەی خۆی لە (ھەولێر) پلەی شەھادەدەتی ھەڵبژارد.
ھونەرمەندی ئەکتەری بواری شانۆ و درامای کوردیی (جەوھەر باپیر) لەو رۆژە مێژووییەدا شەھید بوو، ئەو ھونەرمەندە ناوی چووە رێزی ئەو خەبات و گێڕ و شۆرشگێرانەی، کە سەر بەستانە بەرگرییان لە خاک و وڵاتی خۆیان کرد، ھەروەھا (جەوھەر) لە ریزی ھونەرمەندانی وڵاتدا ناوێکی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کرد و توانی شان بەشانی ئەو خزمەتە جوانەی لە رێگەی (تاپۆ حەقی چیە، ئاسکە، میوانی ناوەخت، بۆ لێم تێ ناگەن و قەڵای دمدم، مۆڵەت، کانی مەلەک رێزان) چەندیین کاریی دیکەی ھونەریی.
(جەوھەر باپیر) لە نێو کارە ھونەرییەکانی دا
ئەو ھونەرمەندە (جەوھەر باپیر حمەدەمین)ـە، لە رێکەوتی (١- ٧- ١٩٥٢) لەشاری ھەولێر لەدایک بووە، پلەی خوێندنی تا سەرەتایی تەواو کردووە، ئەو بەھۆی خۆشەویستیەکی زۆری بۆ کاری ھونەریی نواندن ھاتۆتە نێو کاری ھونەرییەوە، دەرچووی ھیچ پەیمانگایەکی ھونەریی نەبووە.
بەڵام زۆر لەو ھونەرمەندە ھاوڕێیانەی کە شان بەشانی شەھید (جەوھەر باپیر) کاری ھونەرییان ئەنجامداوە، شایەدی ئەوە دەدەن، کە ئەو وەک ھونەرمەندێکی بە ئەزموون ھەڵسو کەوتی دەکرد و زۆر بە لێھاتووی دەیتوانی رۆڵەکانی لەنێو کارە شانۆییەکان و دراماییەکاندا بەرجەستە بکات، ھەروەک دەگێڕنەوە کاری رۆژانەی بەتایبەتی بژێوی ژیانی لە رێگەی کاری فیتەری ئوتومبێلی بووە. نەک کاری ھونەریی، بەڵام دەڵێن دوای ئەوەی لەکاری فیتەری دەگەڕایەوە و دەھاتە سەر تەختەی شانۆ جوانتریین نواندنی ئەنجام دەدا و ھەموو رۆڵێکی بەسەرکەتوویی بەرجەستە دەکرد، تەنانەت لەکاتی وێنەگرتنی ھەر کارێکی درامیی دا دەقەکانی لەبەر دەکرد و پاشان زۆر بەجوانی دەچووە نێو ناخی ئەو رۆڵەی کە بۆی دەست نیشان کرابوو، ھەروەھا باس دەکرێت ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) کەسێکی زۆر بێ فیز و خەڵکدۆست و بەوەفا بووە. بۆ ھاوڕێیە ھونەرمەندەکانی و ھەروەھا بۆ خەڵکی دیکەش ھەردەم گیانی ھاوکاریی و تەبایی ھەبووە، لە بەرامبەر ئەوانەشدا کەسێکی شۆرشگێڕ و خەبات کار بووە بۆ خاک وڵاتەکەی.
ھونەرمەندان لەساڵیادی شەھید بوونی دا پەیڤی خۆشەویستیان بۆ (جەوھەر باپیر) دەنێرن.
لەم بۆنەیەدا چەند ھونەرمەندێک لە رێگەی رۆژنامەی “ھەولێر” بەچەند دێرێک باسی ئەو ھونەرمەندە دەکەن، ھونەرمەند (سەلام کۆیی) لەساڵیادی (٢١) ساڵەی شەھیدبوونی ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) بەم شێوەیە ھاتە ئاخاوتن و گوتی : “ئەوەی من ئەو ھونەرمەندە پێشمەرگەیە قارمانە پاڵەوانەم ناسیبێت، (جەوھەر باپیر) کەسایەتیەکی زۆر بەھێزی ھەبوو، کەسێکی زۆر قسە خۆش و رووگەش بوو، من دەڵێم ھەموو کەسێک دەتوانێ ببێتە (پێشمەرگە) و لەوانەیە شەھیدیش بێت، بەڵام ھەموو کەس ناتوانێ ببێتە (ھونەرمەند). چونکە ھونەر و ھونەرمەند بوون بەھرەیەکی خوداییە، خوای گەورە دەیبەخشێتە مرۆڤ، بەڵام (جەوھەر) ھەرسێ خاسیەتی تێدا بوو، (ھونەرمەند بوو پێشمەرگە بوو شەھیدیش بوو)، ئومێدەوارم (جەوھەر باپیر)ـی قارەمان لە یاد نەکرێت، من لە وبڕوایەدام ھەتا (تاپۆ حەقی چیە) مابێ (خدری لۆبیا فرۆش) ناوێکە و لە ئاسمانی ھەولێر و لە ھزری ھەموو کوردێک ھەموو ھەولێریەک ھەر دەمێنێ ھەرگیز لە بیر ناچێتەوە ئەو مرۆڤە جوانە، ھەتا ھونەری دراما مابێ (جەوھەر باپیر) ھەر دەمێنێ، ھەتا ناوی (پێشمەرگە و شەھید) مابێ ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) ھەر دەمێنێ لەناومان، بە بڕوای من ئەو کارانەی ئەو ھونەرمەندە کردی لەماوەی تەمەنی کاری ھونەریی دا ھیچی کەمتر نیە لەو ئەکتەرە گەورانەی جیھان کە کردویانە لە بواری درامادا.
لەلای خۆیەوە ھونەرمەند (زاھیر عەبدوڵلا) بەم شێوە باسی ھونەرمەندی شەھید (جەوھەر باپیر) کرد و گوتی :”لە یادی ھونەرمەندی جوانەمەرگ کاکە (جەوھەر باپیر)ـدا، سڵاو و خۆشەویستی ھەمیشەییم بۆ رۆحی پاکی دەنێرم، ئومێدەوارم رۆح و گیانی ئاسوودە بێت، چونکە دوای ئەوەی بە خوێن و رۆح خۆی کردە قوربانی بۆ شارە جوانەکەی، کە شاری ھەولێرە. ئێستا ھەولێر شارێکی ئاسوودە سەربەرز و جوان و گەشاوەیە، چونکە رۆڵەی وەک کاکە (جەوھەر باپیر)ـی ھەبوو.
ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) ھونەرمەندێکی بەتوانا و لێھاتبوو، کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو لەناو ھەموو ھونەرمەندان. ھەرگیز نەم بیستووە (جەوھەر) کێشە و گرفتی لەگەڵ ھیچ ھونەرمەندێک ھەبوو بێت، بە پێچەوانەوە ئەو ھەمیشە پاڵپشتی ھونەرمەندان بوو، بەردەوام یارمەتی ئەو ھونەرمەندانەی دەدا. بەتایبەتی ئەوانەی کە باری ئابووریان خراپ بوو، چونکە ئەو جگە لەوەی ھونەرمەند بوو پیشەی رۆژانەی فیتەری بوو، جگە لەوانە حەزێکی زۆری بۆ ھونەر ھەبوو کاری ھونەریی ئەوەندە لەلا خۆشەویست بوو، مەگەر بەو رادەیە تەنھا کوردستان و شاری ھەولێری ئەوەندە خۆشویستبێت. زۆر خەمخۆر بوو بۆ کارە ھونەرییەکانی و دڵسۆزییەکی لە رادەبەدەری ھەبوو بۆ ھونەرکەی و ھەمیشە حەزی بەکاری جوان دەکرد،لە ساڵانی ھەشتاکاندا بە ھۆی نزیک بوونەوەی تەواوی لەناو کاری ھونەریی دا بووە بەئەندام لە کۆمەڵەی ھونەریی وێژەی کورد لە شاری ھەولێر، یەکێک لەو کارە ھونەرییانەی کە خۆم لەگەڵ ھونەرمەندی کۆچکردوو (جەھەوھەر باپیر) بەشدارییمان تێدا کرد، درامایەکی تەلفزیۆنی بوو بەناوی (ئاسکە) رۆڵێکی زۆر جوانی بەرجەستە کرد لەو درامایەدا، کە دەنگ و سەدایەکی زۆر چاکی دایەوە.
ھونەرمەندی دەرھێنەر (تە ڵعەت سامان)ـیش لەمبارەیەوە گوتی : “لە یادمە لە ساڵی (١٩٧٨) ھونەرمەند (شێرزاد پۆلیس) ھاتە لام و گوتی ھاوڕێیەکم ھەیە زۆر ئارەزووی کاری ھونەریی ھەیە، پێم خۆشە بیبینی و توانی ھونەری ئەو کەسە شی بکەیتەوە، پێم وایە سوودی لێوەردەگرین، ئەوە بوو ھونەرمەندی جوانەمەرگ (جەوھەر باپیر)ـی ھێنایە تیپ، ھونەرمەندێکی بەتوانا بوو لەھەمان کاتدا کەسێکی زۆر بە وەفا و خاوەن ھەڵوێست بوو بەتایبەتی بۆ نیشتمان و خاکی خۆی. جگە لەوانەش گیانێکی ھاوکاری زۆر جوانی ھەبوو، بۆنموونە چەند جار لەکارە ھونەرییەکانماندا ئەگەر پارەمان نەبووایە بۆ رێکخستن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکە، یەکسەر ئەو پارەی دەھێنا بۆ ئەوەی کارەکە نەوەستێت، بۆیە من ھیوادارم ھونەرمەندانی ئەمڕۆ وانە لە رەوشت و ھەڵویستە جوانەکانی ھونەرمەند (جەوھەر باپیر) وەربگرن، لەساڵی (١٩٨٨) شانۆگەرییەکمان پێش کەش کرد لەشاری ھەولێر بەناوی (حەمەدۆک) لەو بەرھەمەدا بەڕاستی ئیبداعی کرد، رۆڵێکی زۆر جوانی ھەبوو لەنمایشی ئەو شانۆگەرییەدا.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا