مانگی ئادار بەمانگی کوردان ناوزەند کراوە، چونکە سەرجەم یادەورییە تاڵ و شیرینەکانی خەڵکی کورد لەو مانگەدا کۆبوونەتەوە، (31)ـی ئاداری ساڵی (1991) رۆژی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بوو. کاتێک هەموو خەڵک بە تێکڕا بەرەو شاخ و سەر سنوورەکان کەوتنە رێ، لەو رووبەروو بوونەوەی جەماوەری کوردستاندا، چەندیین قارەمان تێکۆشەری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دوژمنی لەناوچووی کورد، هێزەکانی بەعەس وەستان و زۆر بە لێهاتووی توانیان بەرگری لەخاک و شار و وڵاتی خۆیان بکەن، یەکێکە لەو قارەمانانەی کە ناوێکی پڕنشنگدار و کەمەموێنەی بۆخۆی و شارەکەی تۆمار کرد، هونەرمەند (جەوهەر باپیر) بوو.
(جەوهەر باپیر)ـی هونەرمەندێکی لێهاتووی بواری شانۆ و درامای کوردیی بوو، ئەو لە رزگارکردنی شاری هەولێر، لە بەهاری (1991)ـدا رۆڵێکی کارامەی بەرجەستە کرد، هەر بۆیە لە رۆژی کۆرەوە مەزنەکەی شاری هەولێردا توانی رووبەرووی دوژمن ببێتەوە، وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو چاو نەترس لە ئەنجامی بەرگری کردنی لەشارەکەی خۆی، شاری (هەولێر) لە شەقامی ئێستای سەد مەتەری شاری هەولێر نزیک گۆرستانی (شێخ ئەحمەد) رووبەرووی هێزەکانی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ بووە و لە ئەنجامی شەڕێکی سەخت و بەرگرییەکی بێوێنەدا، گیانی خۆی کردە دیاری بۆ شار و راپەڕینەکەی سەرتاسەری کوردستان و پلەی شەهادە دەتی هەڵبژارد.
هونەرمەندی ئەکتەری بواری شانۆ و درامای کوردیی (جەوهەر باپیر) لەو رۆژە مێژووییەدا شەهید بوو، ئەو هونەرمەندە ناوی چووە رێزی ئەو خەبات و گێڕ و شۆرشگێرانەی، کە سەر بەستانە بەرگرییان لە خاک و وڵاتی خۆیان کرد، هەروەها (جەوهەر) لە ریزی هونەرمەندانی وڵاتدا ناوێکی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کرد و توانی شان بەشانی ئەو خزمەتە جوانەی لە رێگەی (تاپۆ حەقی چیە، ئاسکە، میوانی ناوەخت، بۆ لێم تێ ناگەن و قەڵای دمدم، مۆڵەت، کانی مەلەک رێزان) چەندیین کاریی دیکەی هونەریی، کە ئەو شاکارە درامیی و شانۆیانەی پێش کەشی بەئەرشیفی هونەری کوردی کرد، شان بەشانی ئەو کارانە گیانی خۆی کردە دیاری بۆ شاری هەولێر، ئەو هەولێرەی لە ئەنجامی خۆبەخت کردنی ئەو پێشمەرگانەی شان بەشانی کاکە (جەوهەر)ـی جوانە مەرگ، ئێستاکە هەولێرەکەی هونەرمەندی پێشمەرگە (جەوهەر باپیر) پایتەختی کوردانە و هەولێری ئێستا بەرگی ئازادییەکی پۆشیووە. کە هەموو پارچەکانی کوردستان و هەموو کوردێک شانازی بەو شارەوە دەکات.
(جەوهەر باپیر) لە نێو کاری هونەریی دا
ئەو هونەرمەندە بەتوانایە ناوی تەواوی (جەوهەر باپیر حمەدەمین)ـە، لە رێکەوتی (1- 7- 1952) لەشاری هەولێر لەدایک بووە، پلەی خوێندنی تا سەرەتایی تەواو کردووە، ئەو بەهۆی خۆشەویستیەکی زۆری بۆ کاری هونەریی نواندن هاتۆتە نێو کاری هونەرییەوە، دەرچووی هیچ پەیمانگایەکی هونەریی نەبووە.
بەڵام زۆر لەو هونەرمەندە هاوڕێیانەی کە شان بەشانی شەهید (جەوهەر باپیر) کاری هونەرییان ئەنجامداوە، شایەدی ئەوە دەدەن، کە ئەو وەک هونەرمەندێکی بە ئەزموون هەڵسو کەوتی دەکرد و زۆر بە لێهاتووی دەیتوانی رۆڵەکانی لەنێو کارە شانۆییەکان و دراماییەکاندا بەرجەستە بکات، هەروەک دەگێڕنەوە کاری رۆژانەی بەتایبەتی بژێوی ژیانی لە رێگەی کاری فیتەری ئوتومبێلی بووە. نەک کاری هونەریی، بەڵام دەڵێن دوای ئەوەی لەکاری فیتەری دەگەڕایەوە و دەهاتە سەر تەختەی شانۆ جوانتریین نواندنی ئەنجام دەدا و هەموو رۆڵێکی بەسەرکەتوویی بەرجەستە دەکرد، تەنانەت لەکاتی وێنەگرتنی هەر کارێکی درامیی دا دەقەکانی لەبەر دەکرد و پاشان زۆر بەجوانی دەچووە نێو ناخی ئەو رۆڵەی کە بۆی دەست نیشان کرابوو، هەروەها باس دەکرێت هونەرمەند (جەوهەر باپیر) کەسێکی زۆر بێ فیز و خەڵکدۆست و بەوەفا بووە. بۆ هاوڕێیە هونەرمەندەکانی و هەروەها بۆ خەڵکی دیکەش هەردەم گیانی هاوکاریی و تەبایی هەبووە، لە بەرامبەر ئەوانەشدا کەسێکی شۆرشگێڕ و خەبات کار بووە بۆ خاک وڵاتەکەی، ئەو هەردەم لەلای هاوڕێیە هونەرمەندەکانی دا هەمیشە لەسەردەمی رژێمی بەعسی لەناو چوودا ئەو دێرەی گوتووە (هەوای ئازادی و ژیانی ئازادی و کاری هونەریی لە ژێر سایە و سێبەری ئازادیی و تەنانەت مردنیش لە ئازادیی دا هەر خۆشە بۆ مرۆڤ) هەر بۆیە لە پێناو خۆری ئازادیی دا گیانی خۆی کردە دیاریی بۆ شار و خاکی کوردستانەکەی، لە دوا رۆژی مانگی ئاداری (1991)ـدا، هەر لە نێو بەهاردا تەمەنی بەهاری خۆی تواندەوە لە پێناو هەڵگیرسانی تیشکی ئازادی بۆ کوردستانەکەی.
هونەرمەندان لەساڵیادی شەهید بوونی دا پەیڤی خۆشەویستیان بۆ (جەوهەر باپیر) دەنێرن.
لەمیانەی ئەو ریپۆرتاژەی کە هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” ئامادەیی کرد، بە بۆنەی (19) ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی شەهید بوونی هونەرمەند (جەوهەر باپیر)، لە میانەی ئەو ریپۆرتاژەدا چەند هونەرمەندێکی هاوڕێی ئەو هونەرمەندەمان هێنایە ئاخاوتن و ئەوانیش هەریەکەو بەچەند دێرێک باسیان لە ژیانی هونەریی و کەسایەتی (جەوهەر باپیر)ـی شەهید کرد.
سەلام کۆیی : هەموو کەس دەتوانێ ببێتە (پێشمەرگە)، بەڵام هەموو کەس ناتوانێ ببێتە (هونەرمەند)
هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی (سەلام کۆیی) لەساڵیادی (19) ساڵەی شەهیدبوونی هونەرمەند (جەوهەر باپیر) بەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی : “ئەوەی من ئەو هونەرمەندە پێشمەرگەیە قارمانە پاڵەوانەم ناسیبێت، (جەوهەر باپیر) کەسایەتیەکی زۆر بەهێزی هەبوو، کەسێکی زۆر قسە خۆش و رووگەش بوو، من دەڵێم هەموو کەسێک دەتوانێ ببێتە (پێشمەرگە) و لەوانەیە شەهیدیش بێت، بەڵام هەموو کەس ناتوانێ ببێتە (هونەرمەند).
چونکە هونەر و هونەرمەند بوون بەهرەیەکی خوداییە، خوای گەورە دەیبەخشێتە مرۆڤ، بەڵام (جەوهەر) هەرسێ خاسیەتی تێدا بوو، (هونەرمەند بوو پێشمەرگە بوو شەهیدیش بوو)، ئومێدەوارم (جەوهەر باپیر)ـی قارەمان لە یاد نەکرێت، هەرچەندە تاڕادەیەک کەمتەرخەمی نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی پێویست نیە و پێویستە زیاتر رێزی لێبگیرێت و لەبییر نەکرێت، وەمن لە وبڕوایەدام هەتا (تاپۆ حەقی چیە) مابێ (خدری لۆبیا فرۆش) ناوێکە و لە ئاسمانی هەولێر و لە هزری هەموو کوردێک هەموو هەولێریەک هەر دەمێنێ هەرگیز لە بیر ناچێتەوە ئەو مرۆڤە جوانە، هەتا هونەری درما مابێ (جەوهەر باپیر) هەر دەمێنێ، هەتا ناوی (پێشمەرگە و شەهید) مابێ هونەرمەند (جەوهەر باپیر) هەر دەمێنێ لەناومان، بە بڕوای من ئەو کارانەی ئەو هونەرمەندە کردی لەماوەی تەمەنی کاری هونەریی دا هیچی کەمتر نیە لەو ئەکتەرە گەورانەی جیهان کە کردویانە لە بواری درامادا.
هونەرمەند (سەلام کۆیی) لەدرێژەی ئەو وتانەی بۆ یادی هونەرمەندی هاوڕێی کاکە (جەوهەر) یەکێک لەو یادگاریانەمان بەچاوی پڕ لە گریانەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت : کاتێک خەریکی کاری وێنەگرتنی درامای (تاپۆ حەقی چیە) بووین لە ساڵی (1984) لە شاری هەولێر، من رۆڵی کەسایەتی (حاجی یادگارم) تێدا بەرجەستە کردبوو، ئەو دیمەنەی کەمن دەچم بۆ تاپۆ و (جەوهەر)ـی رەحمەتی، کە لەوێ رۆڵی (خدری لۆبیا فرۆشی) بەرجەستە کردبوو، لەگەڵ هونەرمەند (چەتۆ حەسەن) دانیشتوون گفتوگۆ دەکەن و منیش دەچمە ژوورەوە لێوم و چاوم لە (جەوهەر) دادەگرم، وێنەگر خۆی پێ رانەگیرا دەرهێنەر دەری کرد، تاوای لێهات دەرهێنەر کۆنترۆڵی نەماو پێکەنی و ئاوتی کرد، پاشان (جەوهەر و چەتۆ) ئەوانیش تەحمولیان نەماو دەستیان کردە پێکەنین، ناچار دیمەنەکەمان بەو شێوەیە وێنەگرت من تەماشای دیوارم دەکرد و دیسان چاوم و لێوم دادەگرت، پێم دەگوت دوای پێکدێین دوای (خدر).
ئەو یادگاریانەم لەگەڵ ئەو هونەرمەندە هەرگیز بیر ناچێتەوە یادی بەخێر قەبری پڕ لەنور بێت، بڕوابکەن کەسێکی زۆر نیشتمان پەروەر بوو تەنانەت زۆر جار لەلای من و چەند هاوڕێیەکی هونەرمەندی خۆمان دەیگوت (تەنا رۆژێکم مابا لەژیان و خوا ئەو ئاواتەم بێنێتە دی، رۆژێک لە رۆژان بەدەستی خۆم شەش بەعسی خوێن مژ بگرم، لە یەکیان ببەستمەوە بەنزینیان پێداکەم و بیانسوتێنم) زۆر رقی لە بەعس و رژێمەکەی دەبۆوە ئاواتی بوو کوردستان بە ئازادی ببینێت، بەڵام داخەکەم تەنها (20) رۆژ ئازادی کوردستانی بەچاوی خۆی بینی و شەهید بوو ، بەهەر حاڵ ئەو توانی هونەرمەندانە هونەر بۆ خاک و وڵاتەکەی بکات، پێشمەرگانەش بەرگری لەخاک و شارەکەی بکات تا پلەی (شەهید) بوونی بەدەست هێناو بووە ناوێکی هێندە بەرز کە تا هەتایە لەبیری نەکەین، سڵاو لەگیانی کاکە (جەوهەر باپیر)ـی جوانەمەرگ و هەموو ئەو
پێشمەرگە قارمانەش کە لە رێگای ئازادی وڵات گیانی خۆیان بەخت کرد”.
(زاهیر عەبدوڵڵا) : “شەهید (جەوهەر باپیر) دڵسۆزییەکی لە رادەبەدەری هەبوو بۆ هونەرکەی و هەمیشە حەزی بەکاری جوان دەکرد
هەروەها هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (زاهیر عەبدوڵلا) بەم شێوە باسی هونەرمەندی شەهید (جەوهەر باپیر) کرد و گوتی :”لە یادی هونەرمەندی جوانەمەرگ کاکە (جەوهەر باپیر)ـدا، سڵاو و خۆشەویستی هەمیشەییم بۆ رۆحی پاکی دەنێرم، ئومێدەوارم رۆح و گیانی ئاسوودە بێت، چونکە دوای ئەوەی بە خوێن و رۆح خۆی کردە قوربانی بۆ شارە جوانەکەی، کە شاری هەولێرە. ئێستا هەولێر شارێکی ئاسوودە سەربەرز و جوان و گەشاوەیە، چونکە رۆڵەی وەک کاکە (جەوهەر باپیر)ـی هەبوو.
هونەرمەند (جەوهەر باپیر) هونەرمەندێکی بەتوانا و لێهاتبوو، کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو لەناو هەموو هونەرمەندان. هەرگیز نەم بیستووە (جەوهەر) کێشە و گرفتی لەگەڵ هیچ هونەرمەندێک هەبوو بێت، بە پێچەوانەوە ئەو هەمیشە پاڵپشتی هونەرمەندان بوو، بەردەوام یارمەتی ئەو هونەرمەندانەی دەدا. بەتایبەتی ئەوانەی کە باری ئابووریان خراپ بوو، چونکە ئەو جگە لەوەی هونەرمەند بوو پیشەی رۆژانەی فیتەری بوو، جگە لەوانە حەزێکی زۆری بۆ هونەر هەبوو کاری هونەریی ئەوەندە لەلا خۆشەویست بوو، مەگەر بەو رادەیە تەنها کوردستان و شاری هەولێری ئەوەندە خۆشویستبێت. زۆر خەمخۆر بوو بۆ کارە هونەرییەکانی و دڵسۆزییەکی لە رادەبەدەری هەبوو بۆ هونەرکەی و هەمیشە حەزی بەکاری جوان دەکرد، ئەگەر چی ئەو دەرچووی هیچ پەیمانگایەکی هونەریی نەبوو، ئەوەی من زانیارم هەبوو لەسەری دەرچووی تەنها شەشەمی سەرەتایی بوو، بەڵام هونەر لەناخی کاکە (جەوهەر)ـدا هەبوو بەهرەیەکی زۆر جوان لەجەستەو شێوەی ئەودا هەبوو، لە ساڵانی هەشتاکاندا بە هۆی نزیک بوونەوەی تەواوی لەناو کاری هونەریی دا بووە بەندام لە کۆمەڵەی هونەریی وێژەی کورد لە شاری هەولێر، یەکێک لەو کارە هونەرییانەی کە خۆم لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو (جەهەوهەر باپیر) بەشدارییمان تێدا کرد، درامایەکی تەلفزیۆنی بوو بەناوی (ئاسکە) رۆڵێکی زۆر جوانی بەرجەستە کرد لەو درامایەدا، کە دەنگ و سەدایەکی زۆر چاکی دایەوە، هەروەها لە شانۆگەری (قەڵای دمدم) بەیەکەوە بەشدارییمان کرد، لەو شانۆگەرییەدا بەیەکەوە رۆڵمان هەبوو، زۆر بەجوانی لەو شانۆگەرییەدا توانی رۆڵەکەی بە جوانترین شێوە بەرجەستە بکات. ئەو یادگاریانەم هەگیز بیرناچێتەوە رۆژگارێکی زۆر خۆشبوو، بەداخەوە زۆر زوو بەجێی هێشتین، یادی بەخێر هیوادارم هەموو ساڵێک بەڕێزەوە یادی ئەو هونەرمەندە پێشمەرگەیە بکرێتەوە و بەرز رابگیرێت ئەو رۆژە”.
هونەرمەند (زاهیر عەبدوڵڵا) یەکێک لەو یادگاریانە دەگرێتەوە و دەڵێت : “هونەرمەند (جەوهەر باپیر) فەرمانبەر بوو لە ( ) رۆژێکیان زستان بوو بارنێکی زۆر باری بوو، ئەویش چوو بۆ ناو فیتەران و بە پەلە هاتەوە بۆ دائیرە، لە دائیرەش رایەخ و مافوریان راخستبوو، پیڵاوەکانی هەمووی قوڕ بوو کە هاتەوە ئەو ناوەی هەمووی کردە قوڕ، هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا (فواد ئەحمەد) بەڕێوەبەر بوو، کە چاوی بەو هەموو قوڕە کەوت لەسەر مافورەکان زۆر توڕە بوو گوتی ئەوە چیە ئەو هەموو قوڕە ئەوە کێ هاتووە ئەو هەموو قوڕەی لەگەڵ خۆی هێناوەتە ژوورەوە، پاشان دەرکەوت کاکە (جەوهەرە) بوو بە پێکەنین و سوعبەتێکی زۆر، بەڕاستی مرۆڤێکی هێندە رۆح سووک و میهرەبان بوو، کەس دڵی نەدەهات لێی بڕەنجێت”.
(تەڵعەت سامان)
هونەرمەندی دەرهێنەری بواری شانۆیی و درامی (تە ڵعەت سامان) لە میانەی ئەو یادەدا چەند پەیڤێکی ئاڕاستەی ساڵیادی (19) ساڵەی شەهیدی بوونی هونەرمەند (جەوهەر باپیر) کرد و گوتی : “لە یادمە لە ساڵی (1978) هونەرمەند (شێرزان پۆلیس) هاتە لام و گوتی هاوڕێیەکم هەیە زۆر ئارەزووی کاری هونەریی هەیە، پێم خۆشە بیبینی و توانی هونەری ئەو کەسە شی بکەیتەوە، پێم وایە سوودی لێوەردەگرین، ئەوە بوو هونەرمەندی جوانەمەرگ (جەوهەر باپیر)ـی هێنایە تیپ و کەسەیرم کرد، وایە حەزێکی زۆری هەیە بۆ کاری هونەری نواندن. بەڵام دیار بوو لەسەرەتا بوو پێویستی بەوە هەبوو دەستی بگیرێت و پشتکگیری لێبکرێت، ئەوەبوو لەگەڵ ئێمە دەستی کرد بەکاری شانۆیی و توانی زۆر بەجوانی تێکەڵی کاری هونەری ببێت.
ئەو جگە لەوەی هونەرمەندێکی بەتوانا بوو لەهەمان کاتدا کەسێکی زۆر بە وەفا و خاوەن هەڵوێست بوو بەتایبەتی بۆ نیشتمان و خاکی خۆی. جگە لەوانەش گیانێکی هاوکاری زۆر جوانی هەبوو، بۆنموونە چەند جار لەکارە هونەرییەکانماندا ئەگەر پارەمان نەبووایە بۆ رێکخستن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکە، یەکسەر ئەو پارەی دەهێنا بۆ ئەوەی کارەکە نەوەستێت، بۆیە من هیوادارم هونەرمەندانی ئەمڕۆ وانە لە رەوشت و هەڵویستە جوانەکانی هونەرمەند (جەوهەر باپیر) وەربگرن، چونکە ئەو هەمیشە هاوڕێ و دۆستی هەموو هونەرمەندان بوو، هەمیشە هاوکاری هەموو هونەرمەندانی دەکرد، رقی لەکەس نەدەبووە”.
هونەرمەند (جەوهەر باپیر) لەساڵی (1988) شانۆگەرییەکمان پێش کەش کرد لەشاری هەولێر بەناوی (حەمەدۆک) لەو بەرهەمەدا بەڕاستی ئیبداعی کرد، رۆڵێکی زۆر جوانی هەبوو لەنمایشی ئەو شانۆگەرییەدا.
بەڵام لەو یادەدا شتێک زۆر دەم هەژێنی ئەویش ئەوەبوو بەنیاز بووین، لە زنجیرە درامای (کەوەکانی قەرەچوغ) بەشداریی بکات و رۆڵێکم بۆ دانابوو، کە ئەویش رۆڵی (کاکل) بوو. بەنیاز بووین لە ساڵی (1989) ئەو دراماییە بەرهەم بهێنین بەڵام کارەکە ئەو کات نەکرا بەهۆی چەند شتێک، ئەوەبوو لەدوای راپەرین کاتێک ئەو درامایەم بەرهەم هێنا کاکە (جەوهەر) شەهید ببوو، لەناومان نەمابوو، هەرچەندە دراماکە لەکاتی خۆی تۆزێک دوا کەوت چونکە ئەگەر (جەوهەر باپیر)ـی شەهید بمابوایە، دەبوایە رۆڵەکەی بگۆڕم رۆڵی کەسایەتیەکی دیکەی پێ بدەم، چونکە دەبوو رۆڵی کەسایەتی (کاکل) گەنجێک بووایە، ئەو کاتەی کە بەنیاز بووم بەرهەمی بهێنم ماشاڵڵا کاکە (جەوهەر) گەنجێکی زۆر جوان بوو، بەداخەوە ئەو هونەرمەندە بەتوانایە زوو بەجێی هێشتین هەزار سڵاو لەگیانی پاکی ئەو هونەرمەندە گەورەیە و هیوادارم گیانی شاد و ئارام بێت، چونکە ئێستا ئەو هەولێرەی ئەو خۆی بۆ بەخت کرد، زۆر سەربەرزەو شانازیی دەکات کە رۆڵەی وەکو (جەوهەر باپیر)ـی هەبوو”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
Abdulgafar1981@yahoo.com