راگەیاندنی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بەدرخان : بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە رۆشنبیران و نووسەران و ئەكادیمیستان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بەدرخان بە هاوكاری سەنتەری رۆشنبیری فەڕەنسی لەژێر ناوی “یادەوەرییەكان لەگەڵ جەواهیری” ئێوارە كۆڕێكی بۆ دكتۆرە خەیالی كچی جەواهیری و سەباح مەندەلاوی و كۆمەڵێك نووسەر و رۆشنبیر سازكرد. لە دەستپێكی ئەو ئێوارە كۆڕەدا “د. تیسۆ” قونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وتەیەكی پێشكەش كردو تێیدا ئاماژەی بە كاری هاوبەشی رۆشنبیری كرد لەنێوان كورد و فەڕەنسیەكان، هەروەك رۆڵی جەواهیریشی بەرز نرخاند لە خزمەتكردن بە دۆزی كورد.
دواتر حەمید ئەبوبەكر بەدرخان بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بەدرخان وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو تێیدا جەختی لەوە كردەوە كە دەزگای بەدرخان بەردەوام دەبێ لە سازكردنی چالاكییەكانی خۆی، سازكردنی ئەو چالاكییەكەشی بە كارێكی گرنگ و پڕ بایەخ زانی لە كاتێكدا جەواهیری وەكو شاعیرێكی عەرەب خزمەتی بە دۆزی رەوای كورد كردووەو توانیویەتی لەرێگای شیعرەكانی ئێش و ئازار و موعاناتەكانی كورد دەرببڕێ.
دوابەدوای ئەوانە فیلمێكی دیكۆمێنتی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەژێر ناوی “جەواهیری” نمایشكرا، كە ئەو فیلمە لە ئامادەكردنی حەمید بەدرخان و دەرهێنانی ستار محەمەد ئەمین و مۆنتاژی دڵدار جاف بوو، كە لەو فیلمەدا توانرابوو بۆ یەكەمجار ئەو ئافرەتە بدۆزرێتەوە، كە لە ساڵی 1963 كڵاوێكی چنی بوو بۆ مام جەلال و ئەویش بەدیاری بەخشیبووە جەواهیری كە لەسەر كڵاوەكە نووسراوە یان كوردستان یان نەمان، هەروەك لەو فیلمەدا بەشی زۆری ئەو شیعرانە خوێندرانەوە كە جەواهیری دەربارەی كێشەی كورد نووسیبوونی، هەروەها بەشی زۆری هاوڕێ نزیكەكانی جەواهیری باسیان لەو پیاوە كردبوو، هەروەك توانرابوو ئاماژە بەو هەردوو پەیكەرە بكرێ كە لە هەولێر و سلێمانی بۆ جەواهیری دروست كراوە.
دوابەدوای ئەوانە هەریەك لە “د. خەیال محەمەد مەهدی جەواهیری و سەباح مەندەلاوی” وەك دوو كەسی نزیك لە جەواهیری باسیان لە جەواهیری و یادەوەرییەكانی كرد، هەر لە ئاوارەبوونی لە عێراق و هەڵوێستەكانی بەرامبەر كورد و سەركردە كوردەكان بەتایبەتی مەلا مستەفای بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی.
لە كۆتایی ئەو سیمینارەدا هەریەك لە”د. كەمال مەزهەر ئەحمەد، د. خەلیل مەندەلاوی، زیوەر خەتاب، مومتاز حەیدەری، عوسمان رەشاد موفتی” باسیان لە گەورەیی جەواهیری كرد، وەك شاعیرێكی عەرەب كە مرۆڤایەتی و ئینسانیەت بەلایەوە زۆر گرنگ بووەو توانویویەتی خزمەتێكی گەورە بە رەوشی مرۆڤایەتی بكا لەرێگای شیعرەكانیەوە.
لە كۆتاییشدا بە چەپڵەرێزانی ئامادەبووان كۆڕەكە كۆتایی پێهات، هەر لەو كۆڕەدا سێ كتێب بەسەر ئامادەبووان دابەشكرا، كۆڕەكەش بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بەڕێوەچوو، بەشە كوردییەكەی لەلایەن “د. ئازاد حەمە شەریف” و بەشە عەرەبییەكەی لەلایەن “د. ئیسماعیل محەمەد فەهمی قەرەداغی” بەڕێوەبردرا.
جێی ئاماژەیە هەر لەو ئێوارە كۆڕەدا خاتوو مرواری ئامادەبوو، ئەو خاتوونەی لەساڵی 1963 كڵاوێكی چنیبوو بۆ مام جەلال و لەسەری نووسیبوو “یان كوردستان یان نەمان” دواتر مام جەلال ئەو كڵاوەی بەخشیبووە جەواهیری، كە لەو كۆڕەدا مرواری ملوانكەكەی ملی خۆی بەخشیە “د. خەبال”ی كچی محەمەد مەهدی جەواهیری شاعیر.