#توانا_حەمە
پێشەکی:
کاتێ کە سەیری سیمای ماندوو و گەرووی پڕ موزیکی جەنگیزم دەکرد، ئارەزووم بوو لەوە بگەم، کە ئەو ھونەرەی لە جەنگیزدا ھەیە، سەرچاوەکەی چ جۆرە ژیانێکە، چ جۆرە ئازارێکە، چونکە تەنھا ئازاری زۆر دەتکا بەکەسێک لەوانی تر نەچیت، کاتێ کە کەسێک دەتوانێ ئازاری خۆی بە ھونەر دەربێت بە دڵنیاییەوە ھونەرەکەشی جیاوازە و لەوانی تر ناچێت. چونکە مرۆڤ ھەمیشە گێڕەرەوەیەکە و دەیەوێت خۆی بگێڕێتەوە، ھەمیشە بۆ گێڕانەوەی خۆی باشترین ڕێگە کە ھەڵی بژاردبێت ھونەر و نوسینە. من لە یەکەم ناسینی جەنگیزەوە سەرسام بووم بەو ھونەر و ووزە جیاوازەی کە تێیدا بوو، کاتێ کە گۆرانی دەگوت سەرم دەسوڕما، کە چۆن دەتوانێت ئەو ھەموو ئازارە لە ڕوحییەوە دەرچێتە سەر زار و گەرووی و بیکاتە تەکنیکی جیاوازی موزیک و گۆرانیگوتن و، گۆرانییەک کە لەوانی دی ناچێت. ئەو کەکاتێ گۆرانی دەڵێت: لە نوکی پەنجەی تا کەلەی سەری دەبێتە ووزەیەک و لە گەروویەوە بە کۆمەڵێک تەکنیکی سەخت و زۆر جیاوازی گۆرانیگوتن، شتێکی جیاوازتر لەوەی دیومە بەزمانی کوردی پێشکەشی دەکات. ھەر بۆیە جەنگیزم دەربارەی ژیانی دواند … تەنھا لەبەر ئەوەی تێبگەم، نەک لە بەر ئەوەی لەسەری بنووسم، دواجار ئەم نوسینە تەنھا ئارەزووم بوو، لەگەڵتان بەشی بکەم.
- چیرۆکی جەنگیز یازگی؟
- ئەو ناوی (جەنگیز محەمەد شیرین) ناسراوە بە (جەنگیز یازگی)، (یازگی بە واتای قەدەر دێت)، کەسە نزیکەکانی بە (جەنگۆ) بانگی دەکەن. جەنگۆ لە دایک بووی ١٩٨٨ی شاری (سرت)ی باکوری کوردستانە. بە ھۆی سەختی ژیانەوە لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا سرت بە جێ دەھێڵن و ڕوو لە ئەستەمبوڵ دەکەن. بەھرەی دەنگ خۆشی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، ئەو زۆر سەرسام بووە بە دەنگی باوکی، بەڵام باوکی تەنھا لە بۆنە تایبەتەکاندا جارجار گۆرانی گووتووە لە ڕووی ھونەرەوە و کەسێکی نەناسراو بووە. جەنگیز ژیانێکی سەخت و زەحمەت کێشی بەسەر بردووە، ئێستاش بەردەوامە لەو ژیانە زەحمەتکێشییە.
ئەو لە بەر ھەژاری تەنھا سێ ساڵ لە قوتابخانەخوێندویەتی و ھەر لە تەمەنێکی زۆر بچوکەوە دەستی بە کاری (دەسگێڕی، کلێنس فرۆشتنی، زۆر بابەتی دیکە) کردووە. بەڵام لەگەلیدا بەردەوام گۆرانی ووتووە. ئەمە وای کردووە کە خەڵک خۆشیان بوێی و بەردەوام داوای لێ بکەن گۆرانییان بۆ بڵێت. ئەو گەرچی خوێندکاری زانکۆ نەبووە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی لە (فاکەڵتی پزیشکی ئەستەنبوڵ) کاری کلێنس فرۆشی کردووە، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ و ئەو فەزایەی لەو زانکۆیەدا ھەبووە، بۆتە قوتابخانەیەکی گرنگ بۆ ژیانی ھونەری و لە ھەمان کاتدا ڕۆشنبیری جەنگیز، چونکە کە کاتێ لەگەڵی دەدوێ دەزانی کەسێکی ڕۆشبیرەو ئاگاداری زۆر لایەنی ژیاری کۆمەڵاتی و ڕۆشبیری کوردی و تورکیە. جەنگیز دان بەوەدا ئەنێت، کە کاریگەری کلتوری تورک و گروپە جیاوازەکانیان و تێگەیشتنی جیاوازی ئەوان دەربارەی موزیک و گۆرانی بناغەیەکی باش بوون بۆ ھونەرەکەی،
ئەویش لە ڕێگای ئەوەی کە ھەمیشە لە لایەن گروپە جیاوازەکانی نێو ئەوزانکۆیەوە، بانگکراوە بۆ گۆرانی ووتن و پاشان لە نزیکەوە گوێی لە گفتوگۆ سیاسی و کۆمەڵایەتی گروپە (کەمالییە، ئاپۆچی، ئیسلامی سیاسی، کۆمەنیست، نەتەوەیییە تورکەکان ) بووە.ھەموو ئەمانە کە کاریگەری لە سەر بیر و باوەڕ و دنیا بینی بەجێ ھێشتووە. ئەو سەرەتا گۆرانی بەزمانی تورکی ووتووە، ھەر بۆیە لە بەر دەنگخۆشی ڕۆژێک خوێندکارێکی پزیشکی زانکۆ بە ناوی (بارش بایرەکتار)، گیتارێکی بە دیاری بۆ دەکڕێ، (لە ئێستادا ئەو کەسە یەکێکە لە باشترین دکتۆرەکانی تورکیا)، پاش ئەوەی گیتارەکەی دەباتە ماڵێ و دەچێتەوە سەر کاری کلێنس فرۆشییەکەی و کاتێک کە ئێوارە دەگەڕێتەوە، گیتارەکەی دیار نەماوە، پاش گریانیێکی زۆر براکەی دەڵێت: من شکاندوومە، موزیک و گۆرانی لە گەڵ ژیانی ئێمە ناگونجێ تۆ ئەتەوێ ببیت بەچی؟ ئەم ڕوداوە زۆر کاریگەری لەسەری ھەیە، بڕیار ئەدات زیاتر کار بکات و تا پارەی گیتارێک کۆدەکاتەوە و پاش ماوەیەکی زۆر دواجار گیتارێک دەکڕێت. پاشان لەلایەن کوڕێکی فارسەوە بەناوی پویا لە تەمەمی ١٣ ساڵی فێری سەرەتای ئامێری گیتاری کلاسیک دەکرێت، بەڵام ئەو پێشنیار دەکات، کە لەگەل موزیکی کلاسیکی خۆی فێری ئەکۆرد و ڕیتم لە سەر ئامێرەکە بکات، چونکە بۆ گۆرانی ووتنەکەی ھاوکارێکی باشی دەبێت. ئەویش ھەر خۆی ئاشنای ڕیتم و شێوازی ژەندنەکە ئەبێت، ھاوکات ئەمە گونجاوتر بوو، چونکە ئەو دەیویست گۆرانیبێژ بێت. جەنگۆ: بەردەوام دەبێت لە گۆرانی ووتن و شتفرۆشتن. جەنگۆ دەڵێت: ئەو پۆستەر و بڵاوکراوانەی کە لە زانکۆ و شەقامەکان دەربارەی کورد و پەیامەکانی ئۆجالان ، لە لایەن و ئەندامانی پەکەکەوە ھەڵدەواسران، زۆر کاریگەری لە سەر گەڕانەوە بۆ ناسنامەی خۆمم ھەبوو، چونکە من کوردیم نە دەزانی، بەڵام لە ناکاو ئەو شۆڕشە لە گیانی مندا بەرپا بوو، خۆمفێری کوردی کرد و ئیتر تەنھا بە کوردی گۆرانیم دەووت: «لە ڕاستیدا من لە دەنگی شڤان پەروەر و جوان حاجۆ فێری کوردی بووم».
پاشان بەزۆرە ملێ دەنێردرێتە سەربازی، پاشگەڕانەوە بڕیار دەدات ئیتر تەنھا موزیک و گۆرانی کاری بێت، لە تەمەنی بیست و دوو ساڵی پاش تەواو کردنی سەربازی وەک دەروێشێک بە شەقام و کوچەکاندا، لە ناو پاس و میترۆ و قیتار، ڕێستورانت، پاپۆڕ… ھتد ھەموو شوێنێک وەک دێوانەیەکی موزیک و گۆرانی دەچڕێت. ئەو دەڵێت: ژیانم سەخت بوو، بەڵام زۆر خۆش بوو، دەگەڕام ھەر شوێنێک بمویستایە گۆرانیم دەگووت.
گەر بڕوانیتە دەنگی جەنگیز ھەموو ئەو سەفەرانەی کە کردویەتی لە گەرویدایە، ئەو ئەزموونی ھەموو ڕۆژ گۆرانیگوتنە، دەشێت بە دە ساڵی خوێندن لە موزیکدا پێی نەگەیت، ئەو بەبێ خوێندن بە گەڕۆکی پێی گەیشتووە. ئەو زیاتر سەرسامە بە دەنگی شڤان پەروەر، ئەحمەد، خێرۆ عەباس، جوان حاجۆ، ئەوان قوتابخانەیەکی باش بوون بۆ پەروەردە کردنی و سەرەڕای ئەوە موزیکی ڕۆک، بلوز، پۆپ و ئەو ژانرا ڕۆئاواییەنەی کە لە دنیادا باون قوتابخانەیەکی بۆ پەروەردەکردنی دەنگ و ھزری ھونەری جەنگیز و ئەو زۆر سەرسامە پێیان. وێڕای ئەو ھەموو توانایەی جەنگیز، ئەو لە سەرجەم گۆرانییەکانیدا باس لە ئازاری کورد بون، گەریلا، ستەمی نەتەوایەتی، نادادی دەکات، لە باکور ھیچ گرنگی بە ھونەری ئەو نادرێت. بەڵام دواجار بە ھۆی کوردئایدڵەوە بەخت یاوەری دەبێت و دەتوانێ لەو ڕێگایەوە بێتە دنیایەکی تر، ھەوادارێکی زۆر لە ھەر چوارپارچەی کوردستان پەیدا بکات و توانی یەکەمی سەر ئاستی باکوری کوردستان و شەشەمی پرۆگرامە بێت.
ئەو پاش ئەو پرۆگرامە بە یەک دنیا خەونەوە بۆ باکوری کوردستان دەگەڕێتەوە، دڵخۆشە بەوەی کە تواناکانی خۆی نیشانداوە و خۆی سەلماندووە، ئیدی دەشێت دەرفەتی زۆری پێبدەن، ھیچ نەبێ لە یادی نەورۆزدا گۆرانییەک بڵێ، بەڵام دیسانەوە دەچێتەوە نێو ژیانی ڕێستورانت و لایڤ موزیکەکەی، چونکە ئەو سەر بە ھیچ پارتێکی سیاسی کوردی نییە، گۆرانییەکانیش کە دەیانڵێتەوە دژی ڕژێمی تورکە، بۆیە سەختە ئەو دەرفەتە بەو بدرێت. جەنگیز لە مانگی حەوتی ٢٠١٨ لە ڕێگای غەلنوسەوە کۆنسێرتێکی زۆر سەرکەوتووی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامدا جێی ڕەزامەندی گشت ئەو کەسانە بوو کە ئامادەی بوون، سەرجەم گۆرانییەکانی ئازاری کورد و بانگی ئازادی بوو، بە تەکنیک و ئاستێکی زۆر بەرز بەرھەمەکانی پێشکەشکرد. ئەو ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی یەکەم ئەلبوومە، ھێشتا سوورە لە بەردەوامی و بە دیھێنانی خەونەکانی.
بە بڕوای من جەنگیز ھونەرێکی ئاڤانگاردی پێیە، دەشێت دوای نەمانی قبوڵ بکرێت، تەنانەت کاتێ منیش لە سەری دەنووسم، ئەم نوسینە کەسانێک سەغڵەت دەکات، چونکە لە ئێستادا موزیکی کوردی لە سەردەمی کیچگەرایدایە، دەشێت ھونەری ئەو ھیچ بایەخی نەبێت، بەڵام ڕۆژێک دەبێت، بایەخ بە ھونەرەکەی بدرێت، ئەو تەکنیک و شێوازی گۆرانی ووتنەی ئەو دەشێت خۆی بکرێتە ستایڵێک، چونکە ئەو بە سەرجەم تەکنیکەکانی موزیک لەیەک کاتدا گۆرانی دەچڕێت، ڕۆژێک دەتوانرێت پێی بگوترێت ستایڵی ئەمڕۆژی موزیکی کوردی یان ستایڵی جەنگیز یازگی. بەڵام ئێستا نا چەندین ساڵی دی. دوای کورتە پیاسەیەک چیرۆکی ژیانی بەخێرای بۆ گێڕامەوە، ئەو حەزی دەکرد زۆرتر نەھامەتی و ئاستەنگەکان باس بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی دوا شەوی بوو، بۆ ئەستەمبوڵ دەگەڕایەوە، بە چاوێکی پڕ حەسرەتەوە پاش باوەشێک ماڵئاوایمان لە یەک کرد.
جەنگیز تورکێک گیتارێکی بۆ کڕی، فارسێک فێری گیتارژەنینی کرد، کرچی ئەو بە کوردی و بۆ ئازاری نەتەوەکەی گۆرانی ووت، ئێستا کاتێتی نەتەوەیەکەی پشگیری ھونەرەکەی جەنگیز بکات.
Cengiz Yazgı
توانا حەمە
Discussion about this post