کورتە چیرۆک/ کاروان محەمەد فەتاح: خۆر لەناو سکی ئاسماندا ھەندێک لاربۆتەوە و دنیا ڕەنگی زەردێکی ئەرخەوانیی خەمناک دەنوێنێت.. تەپوتۆزێکی چڕ گۆڕەپانی جەنگەکەی داپۆشیوە و چەشنی گەردەلوولێکی کتوپڕ بەرەو سەرەوە ھەڵدەکشێت.. لەو بیابانە گەرمەدا جەنگ وایکردووە ھەموو شتێک سەیر و نامۆ بێتە بەرچاو.. شەڕ درێژەی ھەیە و تا دێت گەرمتر دەبێت، جەنگاوەرێک (ئەوە ئەگەر بەڕاستی جەنگاوەر بێت.) ھەڵدێ و خۆی دەدزێتەوە و ڕادەکات.. بە خێرایی ھەناسە دەدات و سینەی تووند و تەسک بۆتەوە، لەبەر شەپۆلی ترس و ماندوویی زۆر ناتوانێت پڕ بە سینگی خۆی ھەوا ھەڵمژێت، زمان بە لێوە وشک و شەقبووەکەیدا دەھێنێت، کە وەکو زەوی شەقار شەقار و بیری وشکبووی لێھاتووە و لەناو دەمیدا ھەست بە تنۆکێک تەڕایی ناکات.. ھێند ماندووە دەستێکی ناوەتە لاقەبرەغەیی و بە دەستەکەی تری شمشێرە خوێناوییەکەی گرتووە، ئەو شمشێرەی کە جەنگاوەرێکی ئازای دوژمنی پێ کوشت.. ئەو جەنگاوەرەی کە مردن لە چاوەکانی دەترسا و پێی نەدەوێرا، کەچی جەنگاوەرێکی ترسنۆکی بەزۆر ھێنراو بۆ شەڕ کۆتایی بە ژیانی ھێنا، جەنگاوەرە ئازاکانی شەڕەکان، کەسی ترسنۆک و لەرزۆک دەیانکوژن، ئەمەیە ھەقیقەتی دۆڕانی لەناکاو، یان ڕەنگە شەڕکەرە ترسنۆکەکان لە حەژمەتی گیانی خۆیاندا ھەڵشاخێن بەو جەنگاوەرە ئازا و چاونەترس و بە ئەزموونانە.
بەردەوام لە نێوان ڕاکردن و ئاوڕدانەوەدایە، ھەست دەکات کەمێک لە شەڕگەکە دوورکەوتۆتەوە.. جلەکانی بۆنی خوێنیان لێ دێت، خوێنێکی مەیوویی ئازاردەر و بۆن ناخۆش. تا زیاتر دوور دەکەوێتەوە ترس و نیگەرانیی و ئاشیفتەحاڵی زیاتر دەبێت و وا ھەست دەکات لەبری ئەوەی لە شەڕگەکە دوور بکەوێتەوە، بە ئاراستەیەکی پێچەوانە دەڕوات و نزیکتر دەبێتەوە لەو شوێنەی کە مرۆڤەکان ھەستی بەزەیی لە ناخیاندا نەماوە.. دەنگی ڕەقی ئازارھێنی بەریەککەوتنی شمشێرەکان لە گوێیدا دەزرنگێنەوە، ئەمە ترس و نیگەرانییەکەی قووڵتر دەکەنەوە.
لە منداڵیدا ئەو دەمەی یارییان دەکرد حەزی دەکرد ھاوڕێکانی بە جەنگاوەر بانگی بکەن، کەچی وا ئێستا بەڕاستی جەنگاوەرە و ھەڵدێ لەو ناوە!.. کە منداڵ بوو تەختەیەکی داری دەکردە شمشێر و بە دزی دایکییەوە نووکەکەی بە چەقۆی نێو چەکمەجەی کەوەنتەری قاپ و قاچاخەکان تیژ دەکرد و تووند بە دەستە بچووک و جوان و پاکەکانی دەیگرت و دەیویست وەکو جەنگاوەرێکی ئازا خۆی نیشانی ھاوڕێکانی بدات، ڕەنگە خەیاڵێکی ئەسکەندەریانە لە سەریدا خوولابێتەوە، کە دنیا داگیر بکات، بەڵام ئەوەتا جەنگاوەرە و ھەڵدێت لە دەست شەڕ، چونکە بە زۆر ھێنرابوو بۆ گۆڕەپانی جەنگ و نەیدەویست شمشێرێکی ڕەق و مرۆڤێکی تووڕە و قین لە دڵ کۆتایی بە ژیانی بھێنێت، ئەمە مانایەکی ھەیە؟! جیاوازی جەنگاوەری منداڵ و گەورە ئەوەیە، کە ھی یەکەم بە ئارەزووی خۆی دەچێتە شەڕەوە و وەکو یارییەکی شادیھێن تەماشای شەڕ دەکات، بەڵام جەنگاوەری گەورە زۆرجار بە زۆر بۆ شەڕ دەبرێت و خۆی ھیچ ئارەزووییەکی بۆ ڕۆشتن نییە و قاچەکانی لەدوای نایەن.. ڕەنگە ئەوەی لە منداڵیدا لای مرۆڤ خەونە و کار بۆ بەدیھاتنی دەکات، کاتێک کە گەورە دەبێت خەیاڵێکی تەواویش نەبێت…
خەونیش ھێندەی تر ئازاری جەنگاوەرەکە دەدات (ئەوە ئەگەر پێی بووترێت جەنگاوەر) چەندین جار لە خەونیدا بەشداری لە شەڕ کردووە و چۆتە ناو جەنگەکانەوە، ھەر جارە و ئەندامێکی لە دەست داوە و خەون دوای خەون کەرەستەکانی لاشەی کەم بوونەتەوە.. تا وای لێھاتووە بەشی تاقە خەونێکیش ئەندامی نەماوە تا جیا بێتەوە لە لاشەی.. ئێستا خەون بۆ ھەقیقەت وەرگەڕاوە، مەرج نییە ھەر خەونێک کە مرۆڤ ھەیەتی کاتێک کە بێتەدی، خاترجەم و ئاسوودەی بکا.. ئەوەتا کەمێک دوور لێرەوە گوێی لە ھاواری جەنگاوەرەکانە، کاتێک کە چاوییان شمشێرێکی نووک خوێناوی ھەڵیدەکۆڵێت و قاچییان دەبڕێتەوە و ڕمێکی نووکتیژیش سەر سنگییان دەپێکێت.. تەپوتۆز دەم و چاوی ھەموو شەڕکەرەکانی شێواندووە، تا کار گەیشتۆتە ئەو حاڵەی کە کەس کەس ناناسێتەوە، ھەموویان لە ترسی گیانی خۆیاندا شمشێر لە ھەوا دەدەن، ھەر ئەوەندە کاتێک دەزانن بەر لاشەیەک دەکەوێت و گوێیان بە ھاواری جەنگاوەرێکی بریندار کاس دەبێت. ئەو جەنگاوەرانە نازانن بۆچی دەجەنگن، پێیان وایە دەجەنگن بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ڕاستییەکەی بە پێچەوانەوەیە دەژین بۆ ئەوەی بجەنگن.
– ئەو حەزە نەگریسەی منداڵیم بوو منی کردە جەنگاوەر، نازانم ئێستا چۆن خۆم لەو ناوە ڕزگار بکەم و جارێکی تر ڕوو لە ھیچ شەڕگەیەک نەکەمەوە.
ئەم قسانە لە دڵی خۆیدا دەکات، کاتێک کە لەسەر لمەکە دانیشتووە، ناتوانێ ھەنگاو ھەڵبێنێت، لای ڕاستییەوە شمشێرە تێکەڵ لە خوێن و خۆڵەکەی لەناو لمەکە چەقاندووە، کە سێبەرێکی باریک و کاڵ بۆ دەم و چاوی دەکات.
لە جەنگدایە لەگەڵ دوژمن بە ترس و لەرزێکی زۆرەوە لە بەرانبەر جەنگاوەرێکی کەتەی چوار شانە وەستاوە، چاوەکانی سوورێکی تۆخی ناشرینن و بیلبیلەکانی گەورەن، کە مرۆڤ بە بینینیان ئازار دەچێژێت و مردنی بیردەکەوێتەوە، خاوەنی جەستەیەکی تۆکمەیە، ھەموو حاڵەتی گوزارشتی بوونەوەرێکی بێ ڕەحم دەبەخشێت، بە خەتێکی ڕەش لە ملی نووسیوە ( ئەی مردن، تاکە شتی لە ژیانما کە ڕووبەڕووت دەبمەوە.) ڕەنگە ئەم جەنگاوەرە ھەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مردن لەدایک بووبێت و ھاتبێتە دنیاوە، ئاە… کە دژوار و سەختە لەگەڵ جەنگاوەرێکدا بجەنگیت، کە لە پێناو مردندا ژیان بکات.. شمشێرێکی تیژی بە دەستی ڕاستییەوە گرتووە و دەستەکەی تری قەڵغانێکی ئەستووری پێوەیە، کە ھیچ شتێک نایبڕێت. مرۆڤ لە جەنگدا دەیەوێت خۆی خاڵی بکاتەوە لە ھەموو ھەستەکانی و ھەموویان بخەوێنێت، تەنیا ھەستی مانەوە بەخەبەر دێنێت و کاری پێدەکات، بۆئەوەی بمێنن دەبێت یەکێکی تر لە ناو بەرن، ئەوانە بۆیە دەچنە شەڕەوە لەگەڵ دوژمن، چونکە لە بوون و مانەوەی خۆیان دڵنیا نیین.. ترسێکی قووڵ وەکو شەپۆلی ڕووبارێکی تووڕە دڵی جەنگاوەرە زەندەق چووەکەی داگیر کردووە، نازانێت چۆن خۆی ڕزگار بکات لە دەستی ئەو جەنگاوەرەی کە ھێند ترسناکە لە شەوێکی تاریکی پڕ لە مردن دەچێت، جەنگاوەرە ڕەشتاڵ و مرۆڤ ترسێنەرەکە شمشێرێک لە قۆڵی چەپی دەدات و خوێنی جەستەی ئەو جەنگاوەرەی کە ئێستا ھەڵھاتووە وەک میزێکی بەھێز فیشکە دەکات بۆ نێو ھەردوو چاویی و کوێری دەکات و تاریکی بەری چاوەکانی دەگرێت، ئەمیش فرسەت دێنێت و شمشێرێک لە سکی دەدات و کۆتایی بە ژیانی دەھێنێت.. باوەڕی بە چاوەکانی خۆی نەدەکرد کە لە بەردەمیدا جەستەیەکی بێگیان کەوتووە، ئەو جەستەیەی کە مردن سڵی لێ دەکردەوە، کەچی وا شمشێری پیاوێکی ترسنۆک کۆتایی بە ژیانی ھێنا.. واقی وڕماوە.. بە منداڵیی کاتێک لەگەڵ ھاورێکانیدا سیناریۆیەکیان دروست دەکرد، ئەم دەبووە جەنگاوەری براوە لە شەڕەکان، بە شمشێرە تەختەکەی کاتێک جەنگاوەرێکی دەکوشت، ترسێکی زۆر ھەناسەی لێ دەبڕی و چاوەکانیی دەردەپۆقین و دەنگی ھەڵدەبزڕکا و ھەر زوو پێش تەواوبوونی سیناریۆکە جەنگاوەرە مردووەکەی دەجووڵاند و نەیدەویست بە گاڵتەش مردووییەک ببینێت کە لەبەردەمیدا کەوتووە، وا ئێستا ھەر بە ڕاستی شمشێرەکەی جەنگاوەرێکی لە بەردەمدا خستووە.. ناتوانێت لە شوێنی خۆی ببزوێت.. ھەر بە دیار جەنگاوەرە مردووەکەوە وەستاوە و شەڵاڵی ئارەق بووە، دەیەوێت وەکو منداڵیی جەنگاوەرەکە ھەڵسێنێت و پێی بڵێت کە پێش ئەوەی سیناریۆیەکە تەواو بێت ھەستە و پێم خۆش نییە بەو جۆرە گاڵتەم لەگەڵدا بکەیت!..
ئێستا لە خەوی قووڵدایە.. ھەوا کزەیەکی سارد لە باکوورەوە لەگەڵ خۆیدا دێنێت و شوێنی برینەکە دەکزێنێتەوە، ئەو برینەی کە شمشێری جەنگاوەرە کوژراوەکە چاڵێکی لەسەر قۆڵی دروست کرد و خوێنە ڕەقھەڵھاتووەکە وێنەی جۆگەلەیەکی لەسەر لاشەی کێشاوە و جلەکانی پیس کردووە.. لەبەر ترس و ئازار بە ئاگا دێتەوە و لە خەو ڕادەپەڕێت. تاریکییەکی تۆقێنەر ئەو ناوەی داپۆشیوە، ئەستێرەیەکی کەم بە ئاسمانەوە ھەڵواسراون، بەوەدا زانی کە سەرەتای شەوە. مانگیش ڕووناکییەکی زۆر کز و شەرمنی ھەیە، کش و ماتیی و بێدەنگییەکی ترسناک و پڕ نھێنی ئەو بیابانەی داگیر کردووە.. ئێستا دەزانێت کە ماوەیەکی زۆرە خەوی لێکەوتووە و لە شوێنی شەڕگەکە دوور کەوتووەتەوە، بەڵام ھەر ھەستی دەکرد کە شەڕ بەردەوامە و ئەمیش تا دێت ھەر لێیانەوە نزیک دەبێتەوە.
– خوایە گیان، ھەرچەندە ڕادەکەم و دەمەوێت لە شەڕ و دەنگی شمشێر و بۆنی خوێن ھەڵبێم، کەچی نزیکتر دەبمەوە، ئەوەتا دەنگ و ھاوار لەم نزیکانەیە، ڕەنگە کەمێکی تر بگەنە لای من و منیش ناتوانم بڕۆم و ئازارێکی زۆر لە جەستەمدا ھەیە و توانای ھەناسەدانیشم کەم بووەتەوە.
ئەم قسانەی بە دەنگێکی بەرز دەوت، لە کاتێکدا کە ڕووی لە ئاسمان دەکرد، دەنگدانەوەی قسەکانی تەنیا لەناو تاریکییەکی تۆخدا دەبیسترا و کەس گوێی لێ نەدەبوو.
ھەواکە لەنێو تاریکییەکەدا بە نادیاری ڕێ دەکات و جەستەی جەنگاوەرەکە فێنک دەکاتەوە، ئەمە بۆی شتێکی تا ڕادەیەک باش بوو، وەکو ھەتوانێک بوو بۆ دەردەکەی، کە جەنگاوەرێکی ھەڵھاتوو بە برینداریی و بێ ئەوەی کەسێک ھەبێت بە ھانایەوە بێت لە بیابانێکی گەورە و ناکۆتادا کەوتووە، بەڵام ئەو ھەوا خۆشەش نەیدەتوانیی نیگەرانیی و ترس و دڵەڕاوکێکەی کەم بکاتەوە، چونکە دەنگی لێکدانی شمشێرەکان و بۆنی خوێنی ڕژاوی جەنگاوەکان تێکەڵ بە جەستە و گیانی بووە و وەکو دەستێکی ڕەش چوونەتە ھەناوییەوە و دەیانەوێت ئەم مرۆڤە لەگەڵ مەرگدا تێکەڵ بکەن.
شەو دێت و تاریکی لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت، تا شەو درەنگتر و تاریکتر دەبێت جەنگاوەرەکە ترسی زیاتر و زیاتر دەبێت، شەویش ھێند دڵڕەق و تاریکە وەکو گۆڕەپانی جەنگ وایە و جەنگاوەر ھەموو شتێکی لەبەرچاو ڕەش دەبێت.
بەیانییەکی زۆر خەمناکە.. زوو لە جێگاکەی ڕادەپەڕێت.. خۆر تازە سەری لە پشتی چیاکەوە دەرھێناوە و تیشکە زەردەکەی لە پەنجەرەی بە پەردە داپۆشراوی ژوورەکە دەدات، ژنەکەشی لە لای ڕاستییەوە لە خەوێکی قووڵدایە و منداڵە یەک ساڵانەکەشی لە خوار ئەمانەوە لەناو جێگا بچووکەکەی خۆیدا لەگەڵ جوانیی و پاکیدا دەست لە ملانێیە و خەوێکی شیرین خەوتووە. دەزانێت کە ئەوەی بە درێژایی ئەمشەو بینیویەتی ھەموو خەون بووە، ھەناسەیەکی قووڵی پڕ بە سینەی ھەڵدەمژێ، بۆ ئەوەی کە ئەو شتەی بینیویەتی خەون بووە و ڕاستی نەبووە، دەچێتە بەر پەنجەرەکە و تەماشایەکی ئاسمانی شین دەکات.
ئەم چیرۆکە لە ژمارە (١٨٣) ی گۆڤار (ڕامان) بڵاوبۆتەوە.