گومانم لەپەرۆشیت نیە تاپێشکەوتنى ژیان ئاراستەکەى لە پێناو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بێت بۆیە مرۆڤى بە وێژدان دەبێت چاوى دەستەکەوتەکان ببینێت نافامانەش بریار نەدات چونکە ئەوەى کراوە لەگەل هەموو کەم کوریەکانیش کارى چاک وزۆرن ئەوەى گلەیشمان لێى هەیە ئۆباڵەکەى ئەگەر بەشێکى لە ئەستۆى حکومەت بێت ئەوا بەشەکەى ترى لە ئەستۆى خۆمانە چونکە تا ئێستا ئێمە بە ژیرانە مامەلەمان لەگەل ئەو دەرفەتانە نەکردوە کە بۆمان رەخساوە ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆى جەنابت وحکومتەکەمان تەنها لێ نەپرسینەوەیە لەو کەسانەى کە هەندێ چالاکى میزاجى بە کەیف و هەوەسى خۆیان دەکەن ،خۆ ئەگەر جەنابت بپرسیت کامە کارو چاڵاکى من بەنموونە کۆمەڵێک کارى راوێژکارە هونەریەکت بۆ دەخەمە روو کە دەمێکە لە مەکتەبەکەى تۆزى لەسەر کەوتووە هەرلەکارکردن لە پرۆژە یاساى پاراستنى مافى هونەرمەندان وپرۆژەى شارى سینەما تا دەگاتە خەڵات کردنى دەشنێ خان کە من قسەم لەسەر خودى دەشنى خان نیە بەناوى باشترین بێژەرى کەناڵە کوردیەکان کە دڵنیام نەوەک من بەڵکو زۆربەمان قسەى زۆرمان لەسەر جۆروشیوازى خەڵاتکردنەکە هەیە !؟
پیم وایە خەڵات کردن و دەست نیشان کردنى باشترین هونەرمەند یان باشترین بێژەر کارى کاک هەلکَەوت نیە بەڵکوو لێژنەیەکى پسپۆر دەبێت ئەم کارە بکات یا وەزارەتى رۆشەنبیرى دەبێت بەم کارە هەڵسێت هەرچەندەپێ ناچێت راوێژکارەکەت ئەوندە زەوقى بە بوونى ئەم وەزارتە هەبێت لەوانەشە مەکتەبەکەى خۆى پێ باشتر بێت لە بوونى ئەم وەزارەتە، دیارە ئەوەى راویژکارەکەت خەڵاتى دەکات رێک دەبێت مەزاجى وەک ئەو بێت یا دەبێت وەک ئەو عەشقى تەرەبى عەرەبى بێت یا ئەگەر ئەمیشیان نەبێت دەبێت ناوەکەى زۆر میوزیکى بێت یا دەبێت خۆى ناوێکى ناسکى لێبنێت !
بەرێز سەرۆکى حکومەت وەک دەزانن هونەر پەنتایەکى فرەوانى هەیە من دەپرسم راوێژکارە هونەریەکەى جەنابت بێجگە لەکارکردن بۆ جۆرە ستایلێکى میوزیک و گۆرانى تایبەت بەخۆى چى بۆ بەشەکانى ترى هونەر کردووە کامە هۆڵى شانۆى بەسەر کردۆتەوە کامە تیپى شانۆى خەڵات کردووە ؟ رێزى لەکامە هونەرمەندى دراماو وشانۆ گرتووە ؟
بەرێزم ئەوەى راوێژکارە هونەریەکەت ئەنجامى دەدات تەنها میزاجى تایبەتى خۆیەتى لەم پێناوەش تۆرێکى فرەوانى لە بەناو رۆژنامەنوسان و شاعیران و هونەرمەندان دروست کردووە تا هەر هیچ نەبێت پێگەى لاوازى لە نێو هونەرمەندان کاڵتر نەبێتەوە گەردوو رەخنەى هونەریش لێى بگیرێت ئەوا دەکەوێتە بەرشاڵاوى بەناو رۆژنامەنووسەکانى ئەوەى مەدح وسەناشى بکات ئەوا حاڵى وەک ئەو کەسانە دەبێت کە هەموو رۆژ خەڵات دەکرێن و هەموو رۆژ گەشتى بیروت دەکەن !؟
چەند ساڵێکە کەسێک بە ناوى راوێژکارى هونەرى مەکتەبەکەى جەنابت کار دەکات نازانم دەزانى یا نا لەرەنجان و یاخى بوونى هونەرمەندان لە حکومەت پێمان ناڵێن چى ترى کردووە ؟
وەک هەموو لایەک دەزانن بۆ کارێکى هونەرى دەبێت هونەرمەندان بە دەرگاکەى راوێژکارەکەت تێپەرن تا دەگەنە جەنابت بەڵام ئاخۆ ئەو دەرگایە بۆ هەموو هونەرمەندێک کراوەیە یا قوفل و کلیلکەى لە دەست کاک هەڵکەوتە بە مەزاجى ئەویش دەرگاکان دەکرێنەوە .
من دەپرسم کەى راویژکارەکەت دەدەقیقە وەک راوێژکارلەخەمى هونەرمەندێکى رەسەنبووە وکێشەو گرفتەکانى چارەسەر کردوون و سەردانى ماڵە بێ نازەکانى کردوون،ئەوەتا هونەرمەندى رەسەنى شارى هەولێر هونەرمەند جەلال سەعید بە هۆى نەخۆشى چەند مانگێکە لە ماڵەکەى کەوتووە نازانم کاک هەڵکەوت بە ئەرکى خۆى هەڵسا تا دڵنییایى ئەم هونەرمەندە رەوشت بەرزە بداتەوە ؟
من دەپرسم پێش کۆچى دوایى هونەرمەندى کەرکوک وکوردستان هونەرمەند ساڵاح داودە قەت رۆژێک راوێژکارەکەت پێشنیارى کرد بەبرێک هاوکارى ئەم هونەرمەندە رەسەنە بەسەر بکرێتەوە یا قەت بە خەیاڵى بۆ ئەو چووە رێزى لێبگرێت تا مردیش ئەو چاوى لەوە بوو بەرپرسێک لە دەرگاى ماڵەکەى بدات کەچى کەس نەچوو ، یا قەت رۆژێک پێشنیارى کردووە فیستیڤاڵێک بۆ هونەرمەندانى دێرینى رەسەنى شارى هەولێر شەهابە مشکۆ حەیدەرە کەچل ساز بکات ؟ یا قەت رۆژێک بیرێکى لە یادێکى ماتەمینى بۆ شمشال ژەن قالە مەرە کردۆتەوە یا لەوە ئاگەدارە مامۆستا زرار لە رواندوز هەر خەریکى پێَگەیاندنى گەنجان و هونەرمەندانە کەسیش بە کارە جوانەکانى نازانێت !؟
قسەم زۆرە بەڵام لە کۆتا دەلێم لە جیات ئەوەى راوێژکارە هونەریەکەت ئەوندەى باسى هونەرى فاتن حەمامەو عەلى حەجار و فادى حداد و نانسى حەجرم و هیفا وەهبى…ئەوانى تر بکات هەقى خۆیەتی کەمێک لە خەمى هونەرى خۆمان بوایە ..
رزگارکۆچەر r_kochare@hotmail.com