نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
کەمن ئەو نووسەرو ڕووناکبیرانەی عەرەب کەلە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دانیان بە زۆر ڕاستی مێژوویی دا ناوە بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی شۆڤێنی عەرەب .
ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا عەدنان حسین و مونزیر فەزل و کازم عەبود زۆر ھەڵویستی مرۆڤانەو دادپەروەرانەیان لەسەر کوردو کێشە ڕەواکەی دەربڕیبێت ئەوا ئەمجارەیان نووسەرێکی تری عەرەب گەلێک ڕاستی حاشا ھەڵنەگرو ڕەخنەی جدی ئاڕاستەی نەتەوەکەی دەکات کە جێگەی تێڕامان و ھەڵوەستە لە سەر کردنە و گرنگیەکەی لەوەدایە کە لەسەر زاری گەورە نوسەرو ڕۆژنامە نووسێک و بیرمەندێکی عەرەبەو لە دایکبووی ڕامەڵای فەلەستینە کە لە ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی دا بڵاوی کردۆتەوە منیش لێرەدا چەند بڕگەیەکی گرنگی وەردەگێڕمە سەر زمانی شیرینی کوردی .
یەکەم خاڵی دەڵێت من پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەکەم لە ھەموو ناوچە کورد نیشینەکانی عێراق و سوریاو ئێران و تورکیا دا , ئەمە ھەڵوێستی تایبەتیەتی بەرامبەر بە کورد کە جێگای ستایش و خۆشحاڵیە .
خاڵەکانی تری وتارەکەی تایبەتە بە ڕەخنەی زۆر جدی لە سەر دۆخی ئێستای نەتەوەکەی نەتەوەی عەرەب و بێئومێدی و ڕەشبینیەکی زۆر بە ئایندەی نەتەوەکەی کار گەیووەتە ئەوەی تەبەڕابوونی خۆی لە نەتەوەی عەرەب راِبگەینێت بە تەواوی وبڵێت ئەوە بڕیارێکە کە گەڕانەوەی لێ ێ نیە .
چونکە ئیتر من ئامادە نیم بەشێک بم لە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەکانی خۆی بکوژێت و ئایندەو داھاتووی خۆی وێران و تارومار بکات و خواستی دوژمنەکانی جێیەجێ بکات .
دەڵێت من ئیتر لەو نەتەوە نیم کە نوێژخوێنان لە ناو مزگەوتەکاندا دەکوژن و گەشتیاران لە مۆزەخانەکاندا دەکوژن و شوینەواری شارستانیە کۆنەکان دەروخێنن .
جارێکی تر ڕاستیەکی تر دەڵێتەوە سەبارەت بە کورد ئەویش ئەوەیە دەڵێت ھەر ئەوان توانیان بەرەنگاری تیرۆرو تیرۆریستان ببنەوە و پارێزگاری لە خۆیان بکەن و سەلماندیان کە ئەوان واتە کورد شایستە ترن بۆ حوکمڕانیو ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە عەرەب چونکە ئەمان عەرەب دەرگاکانیان بۆ تیرۆریستان کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل و بێتاوان قڕبکەن .
خاڵێکی تری ڕەخنە کانی لە سەرکردە ی ووڵاتە عەرەبیەکانە دەڵێت کاتێک بەیانیەک لە خەو ھەستاین سەرۆکێکی عەرەبی ووڵاتێکی دراوسێ ی عەرەبی خۆی داگیر کرد , یان سەرۆکێکی نیمچە خوێندەواری عەرەب ٤٢ ساڵ حوکمڕانی کردو وڵاتەکەی وێرانکرد , سەرۆکێکی تر چارەسەری ئەمنی بۆ ھەموو کێشەکان دادەنێت مانگ لە دوای مانگ تا ٦٠ مانگ . ھەروەھا کۆمەڵێکی چەکدار توندڕەو وڵاتێکی تری ئاوەدان وێران دەکەن لە ماوەی ساڵێکدا .
بەڵێ گەلێک نموونەی لەوانە خرابتریش ھەن و کار گەیوەتە ئەوەی خەڵکی خۆزگە بۆ حوکمڕانە زاڵمەکان بخوازن دوای چەشتنی تاڵی دەستی تیرۆرستان .
بەڵی نووسەر زۆر ڕەخنەو سەرنجی مێژوویی گرنگی خستۆتە ڕوو ھەر لە مێژووی کۆنی عەرەبەوە تاوەکو ئێستا کە شایەنی ھەڵوەستە لە سەر کردنە و وەکو تاکێکی عەرەبیش لەو بەر پرسیارێتیەی کە بەر ئەویش دەکەوێت لەو ھەموو تەنگژەو کارەساتانەدا خۆی ناشارێتەوەو بەشی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت .