‘Objecthoodشتاندن – بە ئامرازکردن یان ‘ شەیدایی بۆ
کازیوە ساڵح
– بە ئۆبجێکت کردن یان شتاندنی مرۆڤ جەوھەری فیزیکی و عەقڵی ئۆبجێکتکراو لە میانەی عەقڵ و تێڕوانینی خاوەندارەوە ھەڵئەسەنگێنرێت و مەشقی شوناس و کەسیەتی ئەکات.
– کلتورو مۆراڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی دوای ڕاپەڕین و ئازادی ؛ بە دەست نیشانکراوی پاش جینۆسایدکردنی کوبانی و ئێزیدیەکان و بەرھەم ھێنانەوەی ئەو شتاندن و ئامرازبوونە بەڵگەی حاشاھەڵنەگری نائامدەیی ویژدانی نەتەوەییە ئەسلمێنێت.
ئەم باسە لە ڕووی ماتماتیکی و زمانەوانیەوە دەرگا لە سەر چەمکی ئۆبجێکیتھوود ناکاتەوە . بەڵکو ئامانجێتی لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەم چەمکە بە دۆخی کلتووری بەر جیۆساید و پۆست جینۆسایدەوە ببەستێتەوە . ” پسپۆرانی بواری جینۆساید باسیان لە ئۆبجێکتھوود نەکردووە لە بواری جینۆسایددا . بەڵام ڕاڤە فەلەسفێکەی ئەم چەمکە ئەتوانرێت ڕاستەوخۆ بە کلتورەوە ببەسترێتەوە و جینۆسایدیش بەھرە لە کلێنە کۆمەڵایەتیەکان وەئەگرێت ، بە جینۆسیادی کلتوری دەست پێ ئەکات و بە لە ناوبردنی فیزیکی کۆتایی دێت”( Salih,٢٠١٣ )
لە ڕووی فەلسەفییەوە بە زمانێکی ساکار، ئۆبجێکت ئامراز بەرانبەر بە سەبجێکت ئامانج بەکارھێنراوە. سەبجێکت چاودێری ئوبجێکت ئەکات، بەکاری ئەھێنێت، فرێی ئەدات. ئۆبجێکتیش ژێر ڕکێڤکاری سەبجێکت پەسەند ئەکات. ئۆبجێکت یان ئامراز بە بێ پاشگری ‘ھوود’ یان ‘ کراو’ کە ئەکاتە ئامرازکراو ئەکرێت ھەندێ جار لە واتایەکی پۆزەتیڤەدا جێگەی بێتەوە، بەڵام بە زیاکردنی ئەو پاشگرە دۆخ و شوناسی ‘ شت’ ی پێ ئەبەخشێت. وەکو خاوەنداری نموونەی زەوی و موڵک و شت و مەکی ناوماڵ کە کەسێک خاوەنیەتی و مامەڵەی پێوە ئەکات لێرەشەوە مەسەلەی پەیوەندی شت و خاوەنداریەتی سەر ھەڵئەدات لە سەر بنەمای دوو خاڵی سەرەکی کە ئەم چەمکە بەرھەمھێنەریانە ئەوانیش کێشەی ڕووکەش و گۆڕان لە گەڵ کێشەی ناوەڕۆک یان جەوھەرە. .
کێشەی گۆڕان بۆ ئۆبجێکت یان شت زیاتر خۆی لە قەوارە و رەنگ و کێش ..تد. ڕەنگدەداتەوە، جەوھەر یان ناوەڕۆک تەنھا لە میانەی خاوەنداریەتیەوە مەشقی بوونی خۆی ئەکات. شت خاوەنی ناوەڕۆکی سەربەخۆ نیە و بەھاداری ناوەڕۆک لە لە بەھاداری تێڕوانینی خاوەنەوە ئەنرخێنرێت.
بە ئۆبجێکت کردن یان شتاندنی مرۆڤ جەوھەری فیزیکی و عەقڵی ئۆبجێکتکراو لە میانەی عەقڵ و تێڕوانینی خاوەندارەوە ھەڵئەسەنگێنرێت و مەشقی شوناس و کەسیەتی ئەکات. ھانا ئەرندەت یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی چەمکی شمەکبوونی { Thingness } ی بەکارھێناوە لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە . لە ڕوانگەی کلتوری پۆست کۆڵۆنیالیزمییەوە کە بە ئاژەڵاندنی مرۆڤ چوێنراوە وە لە ڕوانگەی خاوەنداریەتیەوە کاتێک باس لە کلتورجەماوەری و میدیای جەماوەری ئەکات . پێی وایە ئۆبجێکت ئامراز ھێندە کلتوریە کە توانای بەرگەگرتن و مانەوەی ھەیە ، ئەم بەرگەگرتنە پێچەوانەی ئەرک و فەرمانەکانیەتی . ئەویش بەھۆی ونبوونی ناوەرۆک بەھای لە جیھانی باودا بە ھۆی بەکارھێنان و لە کارخستنییەوە . ئەرندەت پێی وایە شمەکی ئۆبجێکت لە ڕۆخسار و قەوارەدا دەرئەکەوێت ، واتە جوانی پێوانەیەکی جەوھەرییە ، ئەگەر بمانەوێت حوکمی ئۆبجێکت بە ھۆی بەھا و بەکارھێنایەوە بکەین ، نەک ڕوکەش ئەوا بەر لە ڕوانین پێویستە چاوەکانمان دەربھێنین بۆ ئەوەی نەبینین. لێرەوە ئەرک و لێپسراویەتی جیھان کە لە کۆمەڵگە و کۆمەڵی جەماوەریش یان گشتگیردا دەرئەکەون بێ بەشە لە جیھانی جوانی و کلتور. چوون کلتوور تەنھا لە رێگەی ئەوانەوە پارێزراوە کە جیھانیان لە پێناوی جیھاندا خۆش ئەوێت ، ئەگەر نا ، ھەموو شت دنیویەکان بە بێ ئەو جوانیانەی مرۆڤ دروستی ئەکات … ژیانی مرۆڤ بێ ھودەیە و ھیچ مەزنیەکیش بەردەوام نابێت ( Arendt,١٩٩٢ (
لێرەدا پێویستە لەوە تێ بگەین لە گەڵ شمەک ھەردوو چەمکی شوێن و خاوەنداریەتی ئامادەییان ھەیە، بەڵام خاوەنداریەتی شمەکە بوون یان شتاندن لە خاوەنداریتەی شوین جیاوازیەکی مەجازی ھەیە ، جیاوازی نێوان شمەککردن و شوێن یەکسان نیە بە جیاوازی یاسایی وەکو شتێکی ڕاستەقینە گیراو یان شتێکی کەسی و جێگۆڕکێ کار .ئەرندەت مەبەستی ئەوە لە پۆستی جیاوازی کەسێک تێ بگەین کە پۆستی بەخشینی مافی خاوەنداریەتی ئەبەخشێت وە ئەو ئۆبجێکت –ئامرازەی ئەم مافەی ئەخرێتە سەر
لە ڕاستیدا ھەر ئەم چەمکی جیگۆڕکێ ی خاوەنداریەتی مەرگی شوێن لە شمەکدا ڕائەگەیەنێت. بە دروستکردنی ئەم ئارگومێنتە ئەمەوێت گرێت بدەمەوە بە چەمکی جینۆساید و بەکەسیکردن مێژووە لە ھەردوو ڕووی خاوەنداریەتی جێگۆڕکێ پێکراو و ھەردوەھا لە ڕوانگەی ئارندت ‘میدیا و کۆمەڵگەی جەماوەری’ یشەوە . دەستپێکی بە وروژاندنی پرسی گۆرێنی سەبجێکت ئامانج بۆ ئۆبجیکت ئامراز و شتاندنی مرۆڤ و بە بە کەسیکردن کارەسات و توانەوەی ھەردوو لە بۆتەی شوێندا ئامانجی لە ئێستە بە دووی ئەم باسە ئەبێت. ڕونکردنەوەی چۆنیەتی شەیدایی مرۆڤی کۆڵۆنیاڵکراو بۆ شتاندنی خود و دەرەوەی خود .
لە ڕابردوودا باسم لەوە کرد چۆن لە ناو کورددا بەر لە جینۆسایدی فیزیکی و ئەو کاتەی ڕاگتبوو بە جینۆسایدی کلتووری کێشە شۆڕش لە ڕووی کلتورییەوە بە کەسیکرابوو ، ھەرچیەکی ڕووبەروو ئەبووە کێشەی خۆی بوو نەک کێشەی سەرجەم کۆمەڵگە. ئەمەش لە رێگەی ئۆبجێکتکردنی شۆڕشگێرەوە بۆ ئامرازێکی بێ بەھا بۆ لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیەوە لای بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بەڵام بەکارھاتوو ھەتا بە ئامانج گەشتنی سەرجەم کۆمەڵگە.
ئەوەی جینۆسایدی کورد لە جینۆسایدەکانی دی جیائەکاتەوە جگە لە ئەفریقی ، ئەو فاکتەیە کە کورد جگە لە ماڵە قوربانیەکان، ئەوانی دی بە گشتی ڕۆڵێکی باڵای گێڕاوە لە ھاوکاریکردنی شتاندنی قوربانی یان دووبارە بەرھەم ھێنانەوە ئۆجێکتکردنەوەی کۆمەڵایەتی . بەشی دووەمی چیرۆکی ڕابردووتان لێرەدا بۆ تەواو ئەکەم و پاشان وەکو کەیسێک ڕاڤەی ئەکەین. خوداوەندی یادەوەریەکان ، یادەوەری مناڵین وەکو ئەو ماڵە قوفڵ دراوەیە کە ھەرگیز کلیلەکەی ون ناکەیت. تەنانەت ئەو ڕووداو و دەستەواژانەی بە مناڵی لێێ تێ ناگەیت لە گەورەبووندا ئەبن بە سەرقافڵەی یادەوەریەکان ، بە ڕاڤەی خۆت ھەموو کۆدەکانی دەشکێنیت، ھەندێ لەو یادەوەریانە ئەوەندە تاڵن پێت خۆشە خەونێک بێت لە بوڵقی کەفە ئاوەکانی مناڵی بچێت بە فویەک بتەقن و کۆتاییان پێ بێت . تەواو وەکو یادەوەی ئەو کچە ٧-٨ ساڵانەی لە قەیرانە سیاسیەکانی خێزانە شۆڕشگیڕەکەیا گوێێ لە ماڵە خزمەکەیەتی گفتووگۆ ئەوە لە سەر دوای ڕۆژی ئەوی مناڵ ئەکەن و ئەڵێن، ” ئەم کچە ئەگەر گەورە بێت جوان دەرئەچێت و خزمەکانی دایکی لە دەستمان دەرئەکەن، ئەگەر ھەر لە ئێستاوە فرسەتی لێ نەھێنین بۆ کوڕیەکی خۆمان. بە دایک و باوکی ئەڵێین بۆ ئەوەی لە گرتنی بەعسی بیپارێزین و لە حەیا چوونی بتانپارێزین ( گوایە بەعس کە مێینەی بگرتبا لاقەی ئەکرد) ھەر لە ئێستاوە ئەیکەین بە دەزگیرانی فڵانی(…) کوڕمان، کە ھاتن بۆگرتنتان ئەڵێن بوکی ئێمەیە و نایگرن”
ئەگەر لە ڕووی سیاسیەوە سەیری ئەو کەیسەی سەرەوە بکەین ھاوتەریبە بەو ھەموو ئەو ھەنگاوانەی کە بەعس ناوێتی بۆ لاوازکردنی ماڵە شۆڕشگێرەکان بۆ کردنیان بە ئامراز و ئاسانتر کۆتایی پێ ھاتنیان. وەکو ئەوەی سەرەتا خاوەنداریەتی ئۆبجێکت ئامراز و موڵکی لێ وەرئەگرتنەوە ، دەستی بە سەر ماڵ و موڵک و پارەیاندا ئەگرت، دوایی ئەگەر ماڵێک کوڕی ھەبوایە کورە لاوەکانی ئەکوشت ، ئەمەش لە لایەک کۆتایی بە سەرچاوەی شۆڕش و خوێندەواری و گۆڕانکاری نوێ و ڕەگەز ئەھێنا. لە لایەکی دی ئەندامانی دی خێزانەکەی ئەگۆڕی بە ئۆبجێکت، وەکو ئەوەی ، لە ڕەگەوە ورە و خواستی ژیانی ھەڵئەکەند بەوەی کەسێکی ئازیزی خێزانەکەی شەھید ئەکرد و ئاشکارش بوو ھەر ماڵێک ئەندامێکی شەھید بووە لانی کەم دایکەکە بووە بە شەھیدێکی زیندوو. شەرباری ئەوەی ئیتر ئەو مۆری ڕیسک ئەدرا لە چارەنووسیان . ئەوەی خزمە کەش کە وەکو بەشە زۆرکەی کورد بە دەم شۆڕشگێر و بە کردەوە ئاژاوەگێر بوون ، بە ھەمان پرەنسیپی سیاسی بەعس ئەو خێزانەی ھەموو شتی لە دەستداوە مناڵەکانی نەبێت، ھەوڵدەدەن بە تاکتیی ژەھراوی ئەوەی تەنانەت بەعسیش دەستی بەسەردا نەگرتووە ئەوان دەستی بە سەردابگرن. ئەمەش قوربانی تەنھا تەجرید ناکات لە مرۆڤایەتی ، بەڵکو تەجریدیش ئەکات لە ژیان و پێی ئەڵێت ئێستا ئەتوانیت لە ناخەوە کۆڵ بدەیت چی دی بەرگەی ئەشکەنجەدانەکان نەگریت و ورە بەردەیت. واتە بازنەکە گەڕایەوە سەر ھەمان ھێڵی خوڵانەوەی سیستەمەکە.
ئەگەر لە ڕووی سایکۆلۆژیای کلتورییەوە لەو کەیسە بڕوانین تێدەگەین قسەکەر فێڵی بە دەستھێنانی مناڵەکە وەکو بەزەیی ئەخاتە ڕوو، نەک ڕێز یان داوا . وەکو ئەوەی بڵێت ئەم پیاوەتیەتێت لە گەڵ ئەکەم ، ھەر لە ئێستاوە، کچەکەت لە کۆڵ ئەکەمەوە چونکە ئێستا یان داھاتوو لە گەڵ خۆتدا بیرگن ئەوە ئیتر ئێوە تەنھا تاوانبار نین چونکە شۆڕشگێرن بەڵکو بێ ئابرو و لەکەداریشن. کە پلانەکەیان سەری نەگرت قوربانی مناڵەکانی پێشکەش نەکرد ئیتر پاش گرتنی خۆی مناڵەکانی لای ئەوان جێگەی مەترسی بوون ھەر لە دەرگاوە ئیزن ئەدران کە ھات و چۆ نەکەن بۆ ئەوەی حکومەت گومان لە ئەوانیش نەکات. ئەم چیرۆکە ئەڵێت قسەکەر ئەزانێت قوربانی کراوە بە ئۆبجێکت، بە شت ، شتیش خاوەنی ھەیە خاوەنداریەتی نیە . لە غیابی شوێندا ،کە مرۆڤی شتێنراو ‘شت’ ناتواننێت خاونی بێت ، شوێنێکی ئاسایش، مافی خاوەنداریەتیە کەسایەکانی قوربانی ئەخاتە ڕیسکەوە بە بەرھەم ھێنانەوەی دووبارە ئبجێکتھوود / شتاندنی قوربانی.
ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە و شۆڕشگیڕەکان کە ھاوسەر و دەزگیرانەکانیان لێ سێندراوەتەوە و کە لە دڵخوازەکەیان کراون بە بیانووی ھەمان ھۆ کە شۆڕشگێرن، بەڵگەی ھاوکاری گشتی ئۆبجێکتھوودی شۆڕشگێڕ لە لایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە کاریەکی ھێندە ساکار و شەرعەیەت پێدراوبووە وەکو کلتوریەکی گشتی ڕەچاوکراوە. ئەمەش مانای ئەوە شتێک نەبووە بە ناوی ویژدانی نەتەوەیی ، ئەو فاکتەرە دەروونیەی ئەبێت بە یەکەم سەرچاوەی پاراستنی سەرچاوەی نەتەوەیی ڕۆحی و مادی .ڕوونتر بۆ نموونە ئەو ویژدانە نەتەوەییە ئەمڕۆ لای کوردی باکور ئەبینرێت لای ئێمە ئامادەیی نەبووە.
کلتورو مۆراڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی دوای ڕاپەڕین و ئازادی ؛ بە دەست نیشانکراوی پاش جینۆسایدکردنی کوبانی و ئێزیدیەکان و بەرھەم ھێنانەوەی ئەو شتاندن و ئامرازبوونە بەڵگەی حاشاھەڵنەگری نائامدەیی ویژدانی نەتەوەییە ئەسلمێنێت.
تێبینی: ئەمەی دەیخوێنیتەوە کورتەیەکی بابەتی ئۆبجێکتھوود و جینۆسایدە ، ھەموو بابەتەکە نیە. ئەگەر ئەم بابەت بە ئنگلیزی خوێندبێتەوە یان بیخوینتەوە لە داھاتوودا نموونەکەی تیدا نیە.
سەرچاوەکان
Arendt, Hannah (١٩٩٢) Lectures on Kant’s Political Philosophy, university of Chicago Press.
Salih, Kaziwa (٢٠١٣) From Indigenous Genocide to Post-Migration Genocide, York University