کازیوە ساڵح
ئێزیدی ناوی ئاینە نەک نەتەوە ، ئەگەر هەر کەس بە بەهانەی ئاینەکەی بتوانێت نەتەوەیەک بۆ خۆی داببڕێت کەواتە تورک وفارس وعەرەب وئەفغانی و دەیان نەژادی جیاوازی موسڵمان نەتەوەی ئیسلامن، جولەکە تەوراتە، هەڵگرانی ئاینی مەسیحیش ئنجیلین، سنووری نەتەوەیی زیادەڕەوییە.
زۆر ئاساییە تاکێک واز لە نەتەوە، ئاین، ئایدۆلۆژی خۆی بهێنێت و ببێت بە هەر نەتەوە و ئاین وئایدۆلۆژێک خۆی ئەخوازێت ئەوە ئازادی تاکە، بەڵام ئەمەش مەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئایە مرۆڤێک ئازدە لە سەر بنەمای کۆیلەکردنی خەڵکانی دی ئازادی خۆی دەستەربەربکات؟.
مرۆڤ کارەکتەری سەیر و سەمەرە نەخوازراو بە ناوی ئازادییەوە دائەتاشێت ، زۆر جار ئەوەندە لە کارەکتەری ڕاستەقینەی خۆ دووری ئەخاتەوە لەبری ئاسودەیی لای خەڵک ترسناک دەرئەکەوێت و فۆبیا دروست ئەکات. فۆبیای ئازادی بە هۆی ئەو کەسانەوەبەرهەم دێت کە پێیان وایە ئازادی واتە داماڵینی مرۆڤ لە هەموو پرەنسیپ و ئەرکێک، واتە ئەوەی ئەیەوێت بیکات وببێت بە بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ ئەرکێک بکات بەرنابەری ئەوانی دی. ئەمە ڕێک ئەوی دیوی دراوی ئەو ڕادیکالە ئاینیانەیە کە پێیان وایە ئازادی لە دەرەوەی ئەو پرەنسیبپ وئەرکانەی ئەوان بە ناوی ئیدۆلۆژییەکی دیایکراوەوە سەپاندوویانەتەنها ترسناک نیە ،کفریشە. بەڵام ئەم بە هەڵە هەوکردنەی جەمکی ئازادی ئەگەر بۆ هەموو مرۆڤەکان دەستبدات، بۆ ئەو مرۆڤانەی نوێنەرایەتی خەڵکێکی دی ئەکەن، تەنانەت ئەو کەسیەتیانەش کە ناوبانگیان لۆکاڵ نیە، ئازادییان لە هەموو کەس سنووردارترە چ لە گفتووگۆ و ژیانی ئاسایی و تەنانەت بڕیاردانیشدا. ئەی ئەگەر لە سەدەی بیست ویەکدا هێشتا ئەتنیک وخەڵکیک هەبێت سەرۆک عەشیرەتێک ئازادییەکانیان دەستنیشان بکات، ئازادییەکانی خۆی ناکەوێتە ژێر بەرپرسیاریەتێکی گەورەترەوە.
ئەو کەسانەی بەرپرسن لە کەسانی دی ئەگەر سەیاسەتباز نەبن و خاوەنی تایبەتمەندی وکارەکتەرەکانی مرۆڤێکی لەشکری دروست بن لە کوێدا ئازادی گەلەکەی دەستی پێکرد، ئازادی خۆی کۆتایی دێت. بەو واتای ئەو هەرگیز ئازاد نیە لەوەی قسەکانی هەرچەند ساکاریش بن، لە ژێر فشاری دەروونی ، سۆزداری و سیاسی و تەنانەت سزا وکوشنیشدا بە شیوەیەک دەربڕێت کە کاریگەری نەریەتی بۆ سەر گەلەکەی هەبێت، هەرگیز مافی ئەوەی نیە لە کاتی توڕەییدا وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بە بێ لێکدانەوە و کۆنترٶڵکردن بئاخفنێ. وەکو ئەوەی لە لایەن کەسانی بەرپرسی ئێزیدییەوە بەرانبەر ئێزیدی کرا و هەتا ئێستاش ئەکرێت، لە بەر ئەوەی ئاستی نەوی تێگەشتنی قسەکەر لە ڕوانگەی مەعریفی و دبلۆماسییەوە بەرجەستە ئەکات.، لێرەوە قسەکەر پیوستە:
یەک:- بە ناوی خۆییەوە قسە بکات نەک گروپێکی دیکە، تەنانەت ئەگەر کاتی شەڕ و پێکدادانی دوو هێزی ناوخۆش بێت، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی عەشیرەتیش بێت چونکە خۆی ئەزانێت قسەکانی چوارچێوەی یاسایی، مێژووی و مافی هاوڵاتی بوونی تێدا نیە. لە ڕووی یاسایی ومۆراڵیشەوە ا کاتێک ئەتوانێت بەو شیوەی ئێستا قسە بکات کە یەک بە یەکی هاوڵاتیانی ئێزیدی ئیمزایان کردبێت بە ناوی ئەوانەوە بڵێت ئێمە عەرەبین یان شتێکی دین. بە درێژایی مێژوو گروپە کوردەکان بە هاوکاری دوژمنانی کورد تەژی وئامادە بوون بۆ لە ناوبردنی یەکدی ، بەڵام هەرگیزیش نەیانتوانیوە خۆیان لە شوناسی نەتەوەییان بشارنەوە چونکە ئەو کارێک نیە بە دەم بکرێت، لای دوژمنەکە ئەوان هەردوولایان هەر کوردبوون.لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەموو ئەو مافانەی بە هاوڵاتیانی خۆی بە پەناهەندە ئەدات، پاسپۆرتی و ناوی وڵاتی خۆی ئەداتێ و ئەتکات بە هاوڵاتی خۆی. لە گەڵ هەموو ئەمانەدا ناوی ئەو وڵاتەی لە بنەمادا لیوەی هاوتوویت ئەخاتە سەر پاسپۆرتەکەت بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەییت بۆ خەڵک دەربخات. سەدان کورد داوای کردووە ناوی عێراق نەخرێتە سەر پاسپۆرتیان بەڵام نەکراوە، چوونکە تاک بۆی نیە بە ناوی یاسا، گشتی، سەرجەم گروپەکە قسە بکات.
دوو:- ئێزیدی ناوی ئاینە نەک نەتەوە ، ئەگەر هەر کەس بە بەهانەی ئاینەکەی بتوانێت نەتەوەیەک بۆ خۆی داببڕێت کەواتە تورک وفارس وعەرەب وئەفغانی و دەیان نەژادی جیاوازی دی کە موسڵمانن ، هەموویان نەتەوەی موسڵمانن و پێوست ناکات خاوەنی شوناسی نەتەوەیی بن، جولەکە تەوراتە، سەرجەم وڵاتانەش زۆرینەی هەڵگری ئاینی مەسیحین لە زیادەڕۆیی سنوریان دروستکردووە هەموویان مەسیحین، یان ئنجیلین.
سێ:- ئاستی بەرپرسیارەتی قسەکەر لە کوێدا لەنگەر ئەگرێت، بەرژەوەندی گشتی لە خۆ ئەگرێت یان ئاست و کورتبینی سیاسی و نادبلۆماسیەتی قسەکەری تێدا باڵایە؟ هەندێ جار ئەکرێت گریمانەی ئەوەش بکرێت ئەو جۆرە قسەکەرە بە پارە کڕابن و لە پێناو بەرژەوەندی کەسانی دیدا گورز لە بەرژەوەندی ئەو کەسانە بدات کە قسەکەر ئەبێت بەرپرس بێت لە پاراستنیان.
خاڵی سێهەم ئەو فاکتەرەیە هەڵوەستەی لە سەر ئەکەم. لێرەدا لە هەموو قسەبیستراوەکان ئەهێنم و دووی سێبەری قسەکانیان ئەکەوم و لەو پرسیارەوە دەست پێ ئەکەم: ئایە ئەو قسانە لە پێناوی ئێزیدی یان دژییان کراوە؟ ئایە بە ئاگاوە یان لە بێ ئاگایی دژییانکراوە؟
لە گەڵ ئەوەی زۆرێک لە کۆدەکانی ژیان هەست بەرلە عەقڵ ئەیکاتەوە وڕێنمایی مرۆڤ ئەکات. بەڵام گەر گریمانەی بێ هەستی تاکەکانیش بە ڕەوا ببینی، هێشتا ناتوانین بڵێین مرۆڤێک لە باوک و باپیرەوە دەسەڵاتی بۆ ماوەتەوە، ئەبێت ئەوە بگەیەنێت لە ژینگەیەکی سیاسیدا گەورە بووبێت، یان تاکێک دروستکەری رێکخراوی مافی مرۆڤ بێت تا ئەو ئاستە لە ئەلفە بێی دبلۆماسیەت سیاسی ناگات و نەزۆکی عەقڵی و مۆراڵی ببڕێت بە بەری گروپێک. ترسناکی ئایۆلۆژی تاکڕەو لەوێوە دەست پێ ئەکات، کە کەسێک لە هەستەوەرترین کاتدا نا بەرپرسانە بڕیار لە سەر جارەنووسی گروپێک ئەدات وەکو ئەوەی بە سەر ئیزیدیەکاندا هات. وەکو ئەو نابەرپرسێیانەی لە بەشی داهاتوودا هەندێکی دەخوێنیتەوە.