کازیوە ساڵح
– ژمارەیەک لە لێکۆڵەوەرە ڕۆژهەڵاتیەکان ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە.
بەشی یەکەم
پێشەکی :
لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاگام لەوەی بە هاوکاری چەند میدیایەکی کوردی ،هەندێ داعشی کوردی لە مینبەرەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە شەرعیەت بە جینۆسایدی ئیزدیەکان ئەدەن و خەڵک هان ئەدەن دژیان لە ڕێگەی عەرەباندن و فارساندیانەوە وەکو چۆن هەموو داگیرکەرانی کورد ئەم کلتورەیان پەیڕەو کرد. لە کاتێکدا سەرجەم داعشی کوردی لە سایەی ئاڵای عەرەب- فارسدا تێئەکۆشن و ئامانجی ئەوان لە کوردستاندا جێ بە جێ ئەکەن. شەرم نیە مرۆڤ بێ ئیمان و بێ ئاین بێت ، بەڵام شەرمە ئایندارێکی ناڕاست و دوالیزم بێت. بۆ میدیاوانێک شەرم نیە کە ئارەزووی بینینی خۆی بکات لە شاشەی تەلەفزیون و ڕووبەرەکانی میدیاوە . بەڵام شەرمە میوانداری خەڵکێک بکات لە سەر هەستەوەرترین پرس کە پرسی جینۆسایدی بەشێکە لە کۆمەڵگەکەی و لە ڕووبەڕێکی بێ ئاگای وادا بژی نەتوانیت بە زمانێکی زانستیانە و ڕووبەڕووی عەقڵی لە کارکەوتووی میوانەکەی ببێتەوە و ڕێگە نەدات بەرنامەکەی ئەو و کەناڵەکەی ئەو ببێت بە بەرهەمهێنەری فۆرمێکی تر لە جینۆسیاد کە جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوریە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە تەنانەت هەندێ لە ئێزدیەکان خۆشیان کە سەبارەت بە بە ڕەچەڵک و زانیاری سەبارەت بە خۆیان لێیان پرسراوە بەم دواییە، ئەوانیش متمانەیان خستوەتە سەر سەرچاوە عەرەبیەکان و زمان و نێتی ئەوانەی سەدان ساڵە جینۆسایدیان ئەکەن و زانیاری هەڵەیان سەبارەت بە خۆیان داوە بە میدیا عەرەبیەکان. لە کاتێکدا ئیزدیەکان خەڵکی خوێندەوار و زمان زانیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، ڕاستی سەبارەت بە ئێزدی و ئێزیدیزمیش تەنها بە زمانی بێگانە و بە تایبەت ئنگلیزی چنگ ئەکەوێت . بۆ قسەکەر شەرم نەبوو بڵێت کە ئەو زانیاری نیە و بە کەسێکەوە پەیوەستیان بکات کە زمانی بێگانە ئەزانێت و زانیاری هەیە ، بەڵام شەرمە چینێکی چەوساوە بێ ئومێد بکەیت و جۆرە زانیاریەکبخەیتە ڕوو بە دڵی داعشیەکانی کورد و عەرەب بێت. .
ئامانج :
ئەم لێکۆڵینەوەیە بە نیازە وەڵامی هەردوو هاوکیشەی ناردروستی فکری بداتەوە کە لەو چەند لایەنە لە سەر ئاماژەم پێکرد بەکارهێنراون . یەک دەری دەخات کە ئێزیدی عەرەب و فارس و تورک نیە ، موسڵمان نیە و حسێن کوژیش نیە ؛ دوو ئەیسەلمێنیت کە چەمکی ئێزیدی لە بنەمادا وشەیەکی ئاریە و ژێر ڕکێڤ کەتووی هیچ ئاین و کلتوری فەرعی نیە ، بە ڕەچاوکردنی کلتوری ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو کۆژانانەی کە پەراوێزخستنیانی باڵاکردوە.
زانیاری کورد دەربارەی ئێزیدی:
لە ساڵی ٢٠٠٦دا بۆ یەکەم جار چیرۆکێک هزری بردم بە لای ئێزیدی و ڕەچەڵکی ئاینی کورد و وایکرد کۆمەڵێ زانیاری جیاوازی لە سەر کۆبکەمەوە، جیاواز لەوەی لە کوردستان ئەمانزانی کە بە داخەوە هەمووی هەڵە بوو . چیرۆکەکە ئەو بوو کەسێکم بە ڕیکەوت بینی ، یەکیک بوو لە مرۆڤە دەگمەنەکانی دنیا کە پێیان ئەوترێت Genius – بلیمەت. لە تەمەنی ١٧ ساڵێدا زانکۆی تەواوکردبوو ، لە ٢٣ساڵیدا دکتۆرای تەواو کردبوو. ئاستی دکتۆراکەی ئەوەندە بەرزە هەتا ئەو کاتەش کە ٨ هەشت ساڵ بە سەر تەواو بوونی دکتۆراکەیدا تێ پەڕیبوو ، بڕیاری تەواوی لە سەر نەدرابوو چونکە زانکۆکە لیژنەیەکی دەست نەئەکەوت لە ئاستی توانا و تێزەکەی ئەودا بێت. ئەم کەسە زمانی ئاری و هیرۆغلیفی زۆر بە باشی فێر ببوو و شەش زمانی دیکەی ئەزانی ، لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی متمانەی خستبووە سەر ئەو زانیاریانەی لەو زمانە دەگمەنانەدا هەیە بۆیە بڕیاردان لە سەر تێزەکەی ببوو بە مەحاڵ. کە پرسیاری لێکردم خەڵکی کوێم ، لە وەڵامدا وەکو هەموو ڕۆئاوایەکان نەخشەیەکی نەکێشا و بڵێت لە کۆیدان و دراوسێی کام وڵاتن. بەڵکو لە گەڵ گوێ لێبوونی کوردستان بە خۆشی و سەرسامییەوە وتی ،” ئێوە ڕەسەنن، ئێوە یەکێکن لە یەکەم مرۆڤ و یەکەم ئاینی سەر زەوی ، ئێوە مرۆڤە جوانە هەتاو پەرستەکانن” دەستی برد بۆ گوێێ ڕاستی کە سێ ئەڵقەی زۆر تایبەت دیزاینی کۆنی تێدا بوو، وتی، ” سەیرەکە ، ئەو یەکێک لەو ئەڵقانە بۆ ئێوەیە ، هێمای ئێوەیە ، یەکێکیشیان هێمای قوپتیەکانی میسر و فەرعونیەکانە ” دانەکەی دی ناوێکی پێ گوتم کە هەرگیز نەمبیستبوو بۆیە ئێستا لە یادمدا نیە. ئەم کەسە خۆی هەتاو پەرەست بوو، ژمارەیەکی زۆری هەتاو پەرست لە کەنەدا ئەژی کە کەنەدین و ژمارەیەکی زۆریشیان لە بنەمادا خەڵکی ئەوروپان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی بە ڕەچەڵک وەکو کورد ئارین. هەتا ئەم ڕووداوە لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی منیش سەبارەت بە ئێزدی و ڕەچەڵەکی خۆمم تەنها لە کورد و عەرەبەوە وەرگرتبوو وامئەزانی ئەوەین کە کورد و عەرەب باسی کردبوون، لە گەڵ یەک جیاوازی ، لەو ساتەوەی زانیم هەڵەم ، پێم شەرم بوو نوێنەرایەتی میللەتی خۆم بە زانست و خوێندەوارێکی خوار مام ناوەندییەوە بکەم. وەکو ئەو ڕابەرانەمان بە بێ زانیاری دروست بڕیاری لە سەر چارەنووس و مێژووی چینیەکی چەوساوە و مافخوراو ئەدات .
ئێزدیەکان لە گەڵ ئەوەی سەرەتای مێژووی ئاینی مرۆڤایەتین بەڵام کەمترین لێکۆڵینەوە و زانیاری ڕاستەقینەیان بە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان لە سەر خراوەتە ڕوو. لە لایەک لە بەر ئەوەی نووسەران و لێکۆڵەوەرە ڕۆژهەڵاتیەکان ژمارەیەکیان تیوری دژ یەک و دوالیزمیان خستوەتە ڕوو، زۆربەش ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە ؛ نەتەوەیان بۆ نەتەوە دروستکردووە تەنها لە پێناوی ئامانجێکی گشتی شۆڤینی نەک ڕووخستنی مێژوو و جێهێشتنی ڕاستیەکان بۆ نەوەی پاش خۆیان. لە لایەکی دی ئێزدیەکان ئەوەندە فشاری چەوساندنەوە و کەم بێ بەها سەیرکردنیان لە سەر بووە لە هەموو لایەکەوە تەنانەت لە لایەن کورد خۆشییەوە هەمیشە لە هەوڵی شاردنەوەی شوناسی ڕاستەقینە و خۆ لکاندنەوە بەو ئاین و دەسەڵات و عەشیرەتانە وە بوون کە پێیان وابووە لە ژێر چەتریاندا جینۆساید و قڕ ناکرێن. هۆکارێکی تر ئەوە بووە ئەم ئاینەش وەکو هەموو ئاینە سەرەتاییەکانی دەما و دەم گوازراوەتەوە و نەبوونی دەقی نووسراوی ئەم ئاینەیە ، وەکو هەموو ئاینەکانی دی وەرنەگێردراوەتە سەر زمانە زانراوەکانی ئەم سەردەمە. بەڵام بێگانەکان لە دوورترین دوورگەی دنیا لە کوردەوە ، بەو شێوەیە لە ڕەچەڵەکی کورد و ئێزدی تێگەشتبوو ، ئەوی کورد خۆی و عەرەب و فارسی ناوچەکە چۆن لەم ئاینە تێگەشتوون کە بە یەکەمی مرۆڤایەتی ئەچووینرێت؟