ئەسعەد ئیسماعیل :وەرزش تەنیا بۆ خەڵکی شار نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە یەکێک لە هەرە بەرپرسیاریەتییە گەورەکانی بەرپرسانی وەرزشیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو گەییشتن بە کۆمەڵگەیەکی وەرزشیی مۆدێرن و تەندروست، ڕێکخستنەوە و بێلایەنیکردن و کۆکردنەوەی توانستە وەرزشییەکان و سازدانی چالاکییە وەرزشییەکانە لە هەموو بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، هەروەها دەبێت گرنگی بە ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان بێ جیاوازی و بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژی و دوور لە هەر ڕووتینێک لە گوند و دێهاتەکانیش پەرەی پێ بدرێت.
لە نزیکەوە زۆرێک قوتابی و گەنج و لاوی گوندەکانم ڕووبەڕووی پرسیارێک کردووەتەوە، کە ئایا ئێوە تا چەند سوودمەندبوون لە چالاکییە وەرزشییەکان.؟!. هەموویان بە ئاخ و داخەوە، هەناسەی سارد هەڵدەکێشن و تامەزرۆن بۆ بەشدارییکردن لە چالاکییە وەرزشییەکاندا، زۆربەیان گلەیی لە بەرپرسانی وەرزشی و تەنانەت پەروەردەییش دەکەن و پێیان وایە وەرزشوانان و لاوانی گوندەکان پەراوێز خراون، خەونی هەموویان بەشداریکردن و کردنەوەی خولە جۆراوجۆرەکانە لە گوند و دێهاتەکانیان.
هەموومان دەزانین قوتابیان و گەنجانی دەرەوەی شار لە زۆر مافی سرووشتی و سەرەتایی خۆیان بێبەشن، بۆ دەبێت لە وەرزشیش پشتگوێ بخرێن و ستەمیان لێ بکرێت، کەوایە بۆ هەوڵ نەدەین لە نزیکەوە گوێ بۆ ئاخ و ناخ و داواکارییەکانیان شل بکەین.
هەموومان بیرمان دێت کە وەرزی 2008 ـ 2009 کاتێک لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیا، یانەی (هۆفینهایم) کە یانەی یەکێک لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەو وڵاتە بوو، بینیمان چی ململانێیەکی لەسەر بەدەستهێنانی جامی خولی تۆپی پێی ئەم وڵاتەدا دەکرد و چۆکی بە زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەو وڵاتە دادا، تەنانەت توانی لە قۆناغی یەکەمی خولەکە بە بێ هیچ شکستێک سەرلیستی خولی بۆندسلیگا بگرێت.
ئێمەیش ئاواتەخوازین ئەم سیناریۆیانە ببێتە وانەیەک بۆ ئێمە، هیواداراین گوند و دێهاتەکان چی دیکە لە دەرەوەی بازنە نەبن بۆ بەشداریکردن لە هەر چالاکییەکی وەرزشیدا، هیواداریشین چالاکییە وەرزشییەکان ئامانجداربن و پەیامەکەی بریتیی بێت لە وەرزشکردن بە بێ جیاوازی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزش لە هەرێمی کوردستان بۆ گەییشتن بە کۆمەڵگەیەکی وەرزشیی گەشەسەندوو و پێشکەوتوو.