نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ھەروەکو ڕوون ئاشکرایە بارودۆخی عێراق لە ئێستادا لە قۆناغێکدایە کە چاوی ھەموو جیھانی لەسەرە و ئیرەیی پێ نابرێت بۆیە ھەر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا سێ بەرپرسی پلە باڵای ئەمریکا سەردانی عێراقیان کرد جاری یەکەم وەزیری دەرەوەو جۆن کیری دوای ئەویش وەزیری بەرگری ئاشتون کارتەرو دواترینیان جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا جۆبایدن بوو کە بە پێچەوانەی ھەموو عورفی دیبلۆماسی و پرۆتۆکۆلێک لە فڕۆکەخانەی بەغداد لە لایەن باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لێکرا کە ئەمەش بووە مایەی گاڵتەجاری بە سەروەری عێراق و دەوڵەتەکەی ھەروەکو پێشووتریش وەزیری بەرگری لە لایەن چەند ئەفسەرێکی ئەمریکیەوە پێشوازی لێکرا .
بەھەرحاڵ ئەم سەردانانە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە عێراق بە سەختترین و دژوارترین قەیرانگەلێدا دەڕوات کە لە مێژووی سەدساڵەی خۆیدا ئاوا تێوەنەگلاوە چ قەیرانی سیاسی بە پێکھێنانی کابینەی تکنۆکرات و نەمانی متمانە لە نێوان لایەنەکان و بەتایبەتی ناکۆکی ناو ماڵی شیعە کە لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا زۆر شانازیان پێوەدەکرد و چ قەیرانی دارایی بەھۆی داکشانی نرخی نەوت و شەڕی داعش وڕووداوەکانی ئەم دواییەی خورماتو نێوان میلیشیا شیعەکان و پێشمەرگە ….تد
بەڵێ ئەوەی مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا تیشکی بخەمە سەر زیاتر سەردانەکەی بەڕێز جۆبایدن ی خاوەن بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق بوو لە چەند ساڵی پێشوودا ئیستا ھاتووە پشتیوانی ئیدارەی ئۆباما بۆ ڕیفۆرمەکانی حکومەتەکەی عەبادی ڕابگەینێت و پشتگیری تەواوی حکومەتی ئەمریکا بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق و درێژەدان بە شەڕ دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تا سەرکەوتن بەسەریاندا و چی تریش پێویست بکات لەلایەن ھاوپەیمانانەوە بۆ ھەمان مەبەست بکرێت .
لە ھەمان کاتدا ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئەمریکیەکانە لەم کاتەدا کەنایەنشاردۆتەوە دەترسن ھەر دەست بەردانێک و خەمساردیەک لە پشتگیری حکومەتەکەی عەبادی ببێتە ھۆی داڕمان و بشێوی گەورەو توانای بەرنگاربوونەوەی داعش سنوورداربکات وناکۆکی گەورە و قووڵتر لە نێوان لایەنەشیعیە توندڕەوەکاندا سەرھەڵبدات کە لە ھەوڵ و تەقەلای ئەوەدان ھەریەکە خۆی ببێتە خاوەنی بڕیار لە بەغداد بۆیە ئەوان ئەمریکیەکان بۆیە پشتگیری عەبادی دەکەن تاوەکو بتوانێت حکومەتێک پێک بھێنێت کەھەموو پێکھاتەکان کۆبکاتەوە کە ئەمەش پێچەوانەی خواستی ڕەوتی سەدرو خۆپیشاندەرانە کە داوای نەمانی پشکپشکێنەی تائیفی دەکەن , بۆیە ئەمریکیەکان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن لە کاتی ئازادکردنی مووسڵیشدا کە ئامادەکارییەکان لە کۆتاییدایە بۆ ئەنجامدانی نابێت ھێزە شیعیەکان بەشداری بکەن .
ھەروەھا دیموکراتەکان واتە ئیدارەی ئیستای ئەمریکا دەیانەوێت چۆن لە خوولی دووەمی ھەڵبژاردنی ئۆبامادا کوشتنی ئوسامەبن لادانیان قۆستەوە دەیانەوێت ئیستاش سەرکەوتن لە شەڕی داعشدا بۆ ھەمان مەبەست بەکارببەن .
بابێینەوە بۆ ئەسڵی مەبەستی بابەتەکەم لێدوانو یۆچوونەکانی جۆبایدنە کە لە گەڵ کاربەدەستانی عێراقدا پێداگیری لە سەر یەکێتی نیشتمانی عێراق دەکاتەوە کە خۆیشی ھەمووان دەزانیین باوەڕی پێی نیە و لێدوان بۆچوونەکانێتی بۆ کارمەندانی باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدادو ھەروەھا سەربازە ئەمریکیەکان کە لەناو میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە کە وتوویەتی ئێوە بۆیە لێرەن بۆ پارێزگاری لەوانەی کە ئتنیک و ئایین وپێکھاتەی جیاوازن کاتی خۆی بە زۆر بەیەکمانەوە لکانن و دەوڵەتمان بۆ دروست کردن .
بەڵی زۆر ڕاست دەکات جەنابی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوە ناووک و چاوگی ھەموو کێشەکانە مەخابن بۆ بایدن کە لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکادا کە لانکەی دیموکراتیەت و گەلێک شتی ترە لە دایک بووەو پەروەردە کراوە بەڵام لە بەر چ بەرژەوەندی و فاکتەرێکە بۆ؟ ؟ بەرەڤاتی لە بۆچوونەکانی خۆی ناکات کە پێشتریش پێشنیاری کردن و دواتر پاشگەز بووەوە لێ ی چونکە ئەوە ماکی ھەموو دەردەکانی ناوچەکەیەو بە چارەسەرکردنی ئاو بەم ئاگرەدا دەکرێت .