ئەحمەد سەنگاوی : بەو یاریزانە دەگوتریت ھێرشبەر، کە نزیکترین یاریزانە لە گۆڵی تیپی بەرانبەرەوە, کە ئەرکی سەرەکی تۆمارکردنی گۆڵە, لەگەڵ ئەم ئەرکەدا چەندین بەرپرسیارییەتی دیکەی لە ئەستۆدایە، لەوانە (گۆڵ چێکردن، توانای ناردنی پاسی یەکلاکەرەوە, بێزارکردنی بەرگریکارانی بەرانبەر, توانای گلدانەوەی تۆپ لە ناوچەی تیپی بەرابەر, وردیی لە ئاراستەکردن و ھاویشتنی تۆپدا لە پێناو گەسشتن بە ئامانجدا).
لەم سەردەمی گەشەسەندن و پێشکەوتنی تەکتیکی تۆپی پێیەدا، گۆڕانکارییەکی زۆر پەیدابووە لە ھێڵی ھێرشبردندا ھەندێک تیپ پشت بە سێ ھێرشبەر دەبەستن, ھەندێکی دی بە دوو سەری ڕم, ھەندێکی دی بە یەک ھێرشبەر، ھەروەھا چەندین شێوەی ھێرشبەری جوداجودا ھەیە کە ئەرکی ھەریەکەیان لەوی دیکە جیاوازترە, من لێرەدا ھەوڵ دەدەم باری سەرنجی خۆم لەم بارەیەوە بخەمەڕوو.
– ھێرشبەری ئاشکرا (دڵی ھێرشبەر): ئەرکی بنچینەیی تۆمارکردنی گۆڵە, زۆربەی راھێنەران پشت بە سەری ڕم دەبەستن بە تەنھا و ھەندێکجار بە ھاوشانی ھێرشبەری دووەم (دواتر ئەمە بەرباس دەدەم) ئەرکی ھێرشبەری ڕاشکاو بریتییە لە دروستکردنی دەرفەت بۆ ھاوڕێکانی, زۆر گرنگە خاوەنی لەشولارێکی پتەو و بەھێز بێت و توانای ڕەخساندن و خوڵقاندنی دەرفەتی بۆ نزیکترین یاریزانی ھاوەڵی ھەبێت, گرنگە سەری ڕم توانایەکی باشی ھەبێت دروستکردنی پارچەپاچەبوون و پەرتەوازەکردنی ھێڵی بەرگری دژبەر, ھەروەھا گرنگە زۆر ژیرانە لە نێوان بەرگریکارەکانەوە تێبپەڕێت و بە ئەندازەیەکی زۆر چالاک بێت و بە درێژایی کاتی یارییەکە زۆر بە وردبینییەوە تۆپ ئاراستەی گۆڵ بکات. ھەروەسا ژیرانە بەرگریکاران و گۆڵچی بەرانبەرەکەی بخوێنێتەوە و ببێت بە مایەی وەڕسبوونی بەرگریکارانی بەرابەر. ھەروەھا لە توانایدا ھەبێت خۆی لە چاودێریی بدزێتەوە. شێوەیەکی دیکەی ھێرشبەری ئازاد ھەیە پشت بە خێرایی ئاوازی یارییەکە دەبەستێت و مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆپانەدا دەکات, کە لە نێوانی بەرگریکارانەوە پێی دەگات. لە ھەمووی گرنگتر شپرزەنەبوون و نەشڵەژانی ئەو یاریزانانەی مومارەسەی ئەم جێگای یاریکردنە دەکەن.
– ھێرشبەری سندووقی (Fox in the box): ئەم شێوە لە ھێرشبەر, لە چەشنی ھێرشبەران (تریزیگە)ی فەڕەنسی, (نیستەلڕۆی) ھۆڵەندی و…تاد, ئەم جۆرە ھێرشبەرە پێی دەگوترێت (ڕێوی ناوچەی سزا) کە دەگمەن جار دەرفەت بەھەدەر دەدەن و زۆر عاقڵمەندانە مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆپانەدا دەکەن کە ئاڕاستەیان دەکرێت، کورت بێت یاخود درێژ, لە قووڵاییەوە بێت یان لەلاتەنیشتەوە, بە شێوەی بەرز تۆپی یەک لەمسەدا دەبێت بەوپەڕی دانایی و لێھاتووییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخانەدا بکات.
= ھێرشبەری گۆڵزان(ST):
گۆڵکەر ئەرکەکەی جیاوازترە لە ھێرشبەری ناوجەرگە, سەرباری ئەوەی لێکچوونێکی زۆر و خاڵی ھاوبەش لەنێوانیاندا بەدی دەکرێت،بەڵام ھەندێک تایبەتمەندیی لە یەکیان جودا دەکاتەوە، گۆڵزان بەردەوام یاریزانێکی ھونەرمەند و کارامە و کارزانە و قودرەتێکی گەورەی ھونەری ھەیە و خاوەنی تیژڕەوییەکی زۆرە.
گۆڵکەر لە کاتی جێبەجێکردنی پلانی ئۆفساید لەلایەن تیپی بەرانبەرەوە سوودی زۆر دەبینێت, ھێرشبەری گۆڵکەر زۆر بەکەمی پاشەکشە دەکات و بەردەوام بۆ حاڵەتی ھێشی ھەڵگەڕاوە و کوتووپڕ لە نیوە یاریگای تیپی بەرانبەردا دەوەستێت. ھەروەھا ھێرشبەری گۆڵکار بە جێگایەکی دیاریکراوەوە پەیوەست نابێت, لە تەواوی یاریگادا لە جووڵەدایە، بۆ ئەوەی کردەی چاودێریکردنی سەخت و دژوار بێت، لە چەشنی یاریزانان (رۆناڵدۆی بەرازیل, ئیتۆ و …ھتد).
– ھێرشبەری دووەم (یارمەتیدەر)(SS):
ھێرشبەری یارمەتیدەر شوێنێکی دێرینە لە یاری تۆپی پێدا، مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٩٤٨ دەگەرٍێتەوە، واتا دیاردەیەکی نوێ نییە، وەلێ ئێستا گۆڕانێکی زۆر بەسەر ئەرکەکانیدا ھاتووە بە بەراورد بە سەردەمی پێشوو. ئەم جۆرە لە ھێرشبەر لەیەککاتدا رۆڵی ھێرشبەر و یارمەتیدەریش دەبینێت. دەبێت لە مابەینی ناوەند ھێڵی ھێرشبردندا لە جووڵەدا بێت و بتوانێت ھەم گۆڵساز و ھەم گۆڵزان بێت, پێویستە زۆر بەدیقەت و وردبین بێت لە چۆنیەتی وەرگرتنی تۆپ و ئاڕاستەکردنی ھێرشبەری ھێڵی پێشەوە, دەبێت کارێک نەکات ھێرشبەرەکەی پێشەوە زەحمەتی بێتە ڕێی، چونکە بە بەردەوامی ھێرشبەری سەری ڕم، لەژێر گوشار و فشاری بەرگریکارانی نەیارەکەیدایە, بۆیە پێویستە لەسەر ھێرشبەری یاریدەدەر ھەم بتوانێت زەمینەسازی بکات بۆ بیناکردنی ھێرشەکان و ھەم شارەزاییەکی باشیشی ھەبێت لە چۆنیەتی درزخستنە نێو ھێڵی بەرگری بەرابەر.
ستوونێکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاو دەکرێتەوە