حەیدەر عەبدولڕەحمان :
رۆژێ لە رۆژان ڤان کوخ لە بازاڕێکی میللی شاری پاریس دەسوڕایەوە ، جووت پێڵاوێکی لە پێست دروست کراوی بە قەیتان زۆر رنجی راکێشا ، بێ ئەوەی کەس بزانێ ئەو جووت پێڵاوە بۆ سرنجی ڤان کوخی راکێشا ،جووت پێڵاوەکەی کڕی و ھێنایەوە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی مۆرماتر لە پاریس ، ئەو بۆ ھەر ئامانجێک ئەو جووت پێڵاوەی کڕی بێت بەڵام قەت بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئەو جووت پیڵاوەی کە بە نرخێکی ھەرزان کڕی ، رۆژێ لەرۆژان ببێتە مایەی مقۆ مقۆیەکی فەلسەفی لە سەراپای جیھاندا و لە نێو ھەموو پێڵاوەکانی جیھاندا ئەو ناوداریەتیە پەیدا بکات.
ئەو کات ڤان کوخ تەمەنی سی و سێ ساڵ بوو ، خەونی بەوەوە دەبینی کە لە گەڵ ھاتنی بۆ پاریس شوێنێک لە ھونەری نوێ خوازی فەرەنسی داگیر بکات ، ئەو کات ھەموو توانستی خۆی لە داڕشتنی ئەم تابلۆیەدا بەرجەستە کرد ، سەرەتا ھەندێ لە نیگارکێشە ھاوڕێ کانی کە تابلۆکەیان بینی کارەکەیان بە شێوەیەک لە عەبەسیەت وەسف دەکرد ، ھەندێکی دیکەیان بەلایانەوە سەیر بوو کە ڤان کوخ خۆی لە قەرەی بابەتێکی ئاوا سادە داوە ، ھەندێکی دیکەیان بە گاڵتەوە دەیانگوت ئەو تابلۆیە ھەر بۆ ئەوە باشە ژووری ناندینی پێ داپۆشی .. بەڵام ڤان کوخ لە ئاست ھەموو بیرو ڕاکان بێدەنگ دەبوو ، ھیچ وەڵامێکی نەبوو ، چونکە ئەو خۆی دەیزانی نرخ و بەھای تابلۆکە لە کوێ دایەو کێ نرخی ئەو تابلۆیە دەزانێ …بۆچوونەکەشی بە راست دەرچوو چونکە دوای پەنجا ساڵ ئینجا فەیلەسوفەکان نھێنییە فەلسەفی و ھونەرییەکانیانی ئەم تابلۆیەیان بۆ ئاشکرابوو .
فرانسیس لیکارت ـ باس لە باگ راوندی تابلۆکە دەکاو دەڵێت: کاتێ ڤان کوخ ساڵی ١٨٨٦ ئەم تابلۆیەی لە پاریس کێشا ، نەیدەزانی ئەو تابلۆیە تا چەند سەدەیەک و رەنگە تا ئەبەد ئەو مقۆ مقۆ فەلسەفیە گەرمە لە جیھاندا بنێتەوە ، ئەم مقۆ مقۆیەش کاتێک ھەڵایسا کە فەیلە سوفی ئەڵمانی مارتن ھایدگر ساڵی ١٩٣٦ ئەم تابلۆیەی لە پیشانگایێکی شاری ئەمستردام بینی ، دواتر لە کتێبەکەی خۆیدا (رەسەنایەتی کاری ھونەریی ) ئەو جووت پێڵاوەی فنسنت ڤان کوخی بە نموونە ھێنایەوە بۆ کاری رەسەنی جیھانیی و شوناسی ستاتیکی لە ھونەردا و نووسی: لە رێگەی ئەو تیشکە تاریکەی پێڵاوەکەوە ، ھەموو توانست و بویریەکان دەبینین ، لەوانە بوێری رۆیشتن لە کێڵگە بە ھۆی ئەو پیڵاوانە، لە سەر رووپەڕی پێڵاوەکە تەڕایی تۆزو گەردەکان دەبینین ، لە ژێر پێڵاوەکەدا گوێت لە بێدەنگی خاکە کە بە تەنگ پێ گەیاندنی گوڵە گەنمەکان و نیگەرانی متمانە بوونە بە نان دەبیندرێن ، کە ئاوێتەی دڵخۆشیەکی بێ وشەیە لە ئاست چاوەڕوانیەکی پڕ لە ھیوا و لە دایک بوونەوەیەکی نوێ لە ھەر چرکەیەک و لە بەردەم جەژنی مردندا .
ھەموو ئەم ئامرازانە دەگەڕینەوە بۆ پەیوەست بوون بە خاکەوە ، لە جیھانی جوتیارەکانەوە (خاوەنی راستەقینەی پێڵاو ) پارێزراون .
کاتی خۆی ڤان کوخ ئەم تابلۆیەی پێڵاوەکەی خۆی بە چەندین شێواز وێنە کێشاوە و ھەموو تێڕوانین و توانستێکی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە پێڵاوەکە لە تەنھا مانای پێڵاوێکی سادەو ئاسایی دەربێنێ و بیخاتە توێ ی فەلسەفەیەکی مرۆیی کە جێگەی تێڕامان و ھەڵوەستە لە سەر کردنی مرۆڤ بێت ، لە ھەمان کاتیشدا ئەوە بە خەڵکی بڵێ کە ھەموو دیاردەو کەرەستەو ئامرازە زیندوو مردووەکان بە تێکڕایی بۆ ئەوە دەشێن کە ھیمایێکی زیندوو ببەخشن و ببن بە کەرەستە بۆ داھێنانی ھونەریی ئەگەر ھونەرمەند دەسەڵاتی ھەبوو ، لە ھەمان کاتیشدا پێمان بڵێ کە گەورەترین دەسەڵاتی ھونەرمەندەکان لەوە دایە کە بتوانن کەرەستە بێ زمانەکان وا لێ بکەن قسە بکەن و بتوروژێنن و پرسیار دروست بکەن .
رەنگە جووت پێڵاوەکەی ڤان کوخ ئەو پێڵاوانە نەبن کە منو تۆ دەیان خوێنینەوە ، بە چاوی ڤان کوخەوە شتێکی تر بن و بریتی بن لە نیشانەی خەمۆکی مرۆڤ و ئازارەکانی ، بەڵام لە تابلۆکەدا ئەو جووت پێڵاوە دەبنە گەورەترین سەرچاوەی جوانیی و داھێنان …ھەژارەکان دڵخۆش دەکات کە گوزارشت لە پەژارەیی و ژیانی راستەقینەی ئەوان دەکات ، بەڵام دەبێتە جێگەی نیگەرانی خوا پێداوەکانیش کە بە بینینی پەژارەیی سەرو دڵیان دەگیرێ ..
رەخنە گرێکی وەک مارت دۆگلاس ـیش دەڵێت : کاتی خۆی ڤان کوخ زۆربەی ھاتوو چۆکانی بە پێی خاوس بووە ، بۆیە پێڵاو لای ئەو چمکێکی جیاوازی ھەبووە لە خاوەن پێڵاوێک و ئەو پێڵاوە ھێمایەک بووە بۆ دەربڕینی بەشێک لە ژیانی .
دواتر زاناو فەیلەسوف و رووناک بیرانی وەک مایر شابیر ، جاک دیریدا ، ایان شو ، ستیڤن میافیل ، لە سەر ئەو تابلۆیەی ڤان کوخ قسەی خۆیان کردووە .
لەو ماوەیەشدا لە شاری کۆلۆن و لە موزەخانەی والرف ریتشارد پیشانگایەک بۆ شاکارەکانی ڤان کوخ کرایەوە ، تێیدا جووت پێڵاوەکە وەک سرنج راکێشترین تابلۆ جێگەی مشتو مڕ بووە ، رەخنەگرێکی وەک مارک کرۆف گوتی : ئەم تابلۆیە بەھێزترین ھیمایەک بووە بۆ گوزارشت کردن لە ژیانی تایبەتی ڤان کوخ کەپڕ بووە لە پەراگەندانی و ئاوارەیی کە بە حەسرەتی جووت پێڵاوێک بووە لە ھەمان کاتدا گوزارشت بووە لە ژیانی پڕ لە مەرگەساتی ھەموو ھەژارەکان ، کە ژیانیان لە تابلۆکەدا دەخویننەوە
ئیدی ھەموو زاناو فەیلەسوف و رەخنەگرەکان ھەریەکەو قسەی خۆی ھەبووە لە سەر تابلۆکە تەنھا خودی ڤان کوخی خاوەن تابلۆکە نەبێت کە لە نامەیەکی دا بۆ براکەی دەنووسێت :رەنگە ئەو تابلۆیە شتێکت پێ بڵێ کە من بە قەد ئەو زمانی گوزارشت لێ کردنم نەبێ .