زانا دڵشاد دزەیی : ھاوڕێ، کە لەزنجیرە درامای ئەفسانەی جومونگ دۆبلاژی دەنگی کەسایەتی جومونگی کردووە رایگەیاند، دوای تەواوبوونی دراماکە ھەموویان لەبەرنامەیەک کۆدەبنەوە و گوتیشی “لەقۆناخی خۆشەویستی دام”.
ھاوڕێ حەمە رەشید تەمەن ٢٢ ساڵ، کە دانیشتووی سلێمانییە، ئەم گەنجەیە کە دۆبلاژی دەنگی کەسایەتی کردووە لەزنجیرە درامای ئەفسانەی جومونگ، کە درامایەکی کۆرییە رۆژانە لەکوردستان تیڤی بەدۆبلاژی کوردی پەخشدەکرێ کە ھەوادارێکی زۆری لەکوردستان بۆ خۆی راکێشاوە، ھاوڕێ دەڵێ “لەبەرئەوەی بەڕێوبەری کۆمپانیای دراما شکۆم، بەشداریکردنم لەدراماکە ئاسان بوو، بەڵام لەسەر داوای چەند ھاوڕێیەکی بە ئەزموونم دەنگی جومونگم ھەڵبژارد”.
ھاوڕێ لەبارەی جومونگەوە گوتی “جومونگ ئەم ئارامیەی و سەبرەی کە ھەیەتی وام لێدەکات سەرسام بم پێی، ھەوڵدەدەم زۆرجار وەکو ئەو ئارام بم”. ھاوڕێ نەیشاردەوە حەزدەکات لەنزیکەوە جومونگ ببینێ، چونکە ئەو دەڵێ “جومونگم خۆشدەوێت، بەڵام ئەوکاتە زیاتر پێم خۆشدەبێ بیبینم ئەگەر وەکو کوردێک رێز لەماندووبوونمان بگرێ، ئەگەر پێم بڵێت پەیامێکم بۆ بنێرە پێی دەڵێم حەزدەکەم بتبینم، تکایە تۆش وەکو من پێتخۆش بێت”.
درامای جومونگ یەکەم ئیشی ھاوڕێ نییە، پێشتر لەزنجیرە درامای “خەونێکی ون بوو” عەمر و مەنار، کە لەکەناڵی لۆکالی گەلی کوردستان پەخشدەکرا دەنگی عەمری ھەبوو، ئێستا ئامادەیە وەکو ئەکتەر دەربکەوێ، بەڵام ئەو مەرجی ھەیە و دەڵێت “پێم وایە دەرکەوتنم لەدرامای کوردی وەکو ئەکتەر مومارەسەیەکی پیرۆزە، لەتوانای خۆم رازیم، بەڵام رێگای باشم نەدۆزیوەتەوە، چەند جارێک پێم گوتراوە، بەڵام نەمکردووە، بەئومێدم بەھاوکاری چەند دەرھێنەرێکی بیانی ھەوڵدەین درامای باشی کوردی بەرھەم بێنین، ئەوکات منیش وەکو ئەکتەر کار دەکەم”.
ھاوڕێ رایگەیاند، خۆشەویستی ھەیە، بەڵام ئامادە نەبوو ئاشکرای بکات خەڵکی کام شارە.