لە دەرەوەى کوردستان بە مەڕوان ساڵحى دەیناسن و لە کوردستان بە مەریوان ساڵەیى ناسراوە، کوڕە کوردێکى روخسار جوانە، پێى گوتراوە “جوانترین کوڕى رۆژهەڵات”. لە پەناى کارى راگەیاندن و رۆژنامەنووسییەوە بەهۆى جوانى روخساری بۆ چەندین کۆمپانیاى عەرەبى بە شێوەى ڤیدیۆ و فۆتۆ ریکلامى کردووە، نمایشکارێکى بەناوبانگى جلوبەرگە. لەگەڵ ئەوەشدا بەنیازە لە داهاتوویەکى نزیک ببێتە گۆرانیبێژ و بە زمانى عەرەبى گۆرانى بڵێت.
مەڕوان ساڵى 1989 لە شارى کەرکووک لەدایکبووە، بە هۆى ئەوەى باوکى لەلایەن حکومەتى عێراق حوکمى لەسێدارەدانى بۆ دەرچوو، کوردستانیان جێهێشتووە، ئەوکاتە مەڕوان تەمەنى سێ ساڵان بووە، دەڵێت “باوکم لە عێراق ئەفسەر بوو، لەبەرئەوەى لە شەڕى کوێت و عێراق بەشدارى نەکرد، سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا”. مەڕوان دەڵێ لەوکاتەدا ئێمە لە وڵاتى هۆڵەندا نیشتەجێبووین، خوێندنى خۆیشى تاکو قۆناخى ئامادەیى هەر لەوێدا خوێندووە، “بەڵام لە دوبەى زانکۆى فرۆکەوانیم خوێند، ئێستا بڕوانامەى ئیدارەى فرۆکەوانیم هەیە، هەر لە دوبەى و وڵاتى ئەمەریکا لە کۆرسى راگەیاندن بەشداریم کرد، چونکە هەر لە منداڵیمەوە حەزم لە راگەیاندن بووە”. ئێستا مەڕوان بەسەردان گەڕاوەتەوە کوردستان و دەڵێت “من لە دوبەى بیستم کوردستان گۆڕاوە و هەولێر وەک دوبەى لێ دێت، لەبەرئەوە لە هاوینى ساڵى پار گەڕامەوە کوردستان و حەزم کرد لە جیاتى ئەوەى خزمەت بەوڵاتانى دى بکەم، بێمەوە لە وڵاتى خۆم کار بکەم، لە هەولێر بەشدارى کورسێکى راگەیاندنم کرد و لە چەند دەزگایەکى راگەیاندن کارى رۆژنامەوانیم کرد”. بەڵام ئەو راگەیاندنى کوردى بە “دواکەوتوو” ناو دەبات و دەڵێت “چەند کەناڵێکَى کوردى داوایان لێکردووم کاریان لەگەڵ بکەم، بەڵام نەمویستووە لە میدیاى کوردى بناسرێم، لەبەرئەوەى میدیایەکى دواکەوتووە، زۆربەى ئەوانەى لە کوردستان خۆیان بە رۆژنامەنووس دەزانن 99% رۆژنامەنووس نین، رۆژنامەنووسى ئەوە نییە درۆ و بوختان بڵاوبکاتەوە و تەشهیر بە خەڵک بکات، کە لە راگەیاندنى کوردى تەشهیرکردن بە کەسایەتی و هونەرمەند زۆر ئاسانە”. مەڕوان هەر لەسەر ئەو قسانەى خۆى، ئەوەشى گوت “گۆڤارێکى هونەرى کە لە کوردستان دەردەچێت چەند وێنەیەکى منیان لە ماڵپەرەکەى خۆم لە فەیسبووک دەریانهێنا بوو، کە لەگەڵ چەند کچە هونەرمەندێکى کوردى هاوڕێم گرتبووم، بەداخەوە بە مەستێکى خراپ و بەدیوێکى دیکە بە خەڵکیان نیشاندا، بەبێ ئەوەى بابەتەکەیان باسى منى تێدا بێت، نازانم حیکمەت لە بڵاوبوونەوەى ئەو وێنانە چى بوو!”. ئەو خۆى نزیکەى بۆ یەک ساڵ لە کوردستان کارى رۆژنامەوانى کرد، بەڵام زوو وازى هێنا و دەڵێت “مووچەى رۆژنامەنووسان لە کوردستان زۆر کەمە، راگەیاندنى کوردى زۆر رەزیلە و زوڵم لە رۆژنامەنووسان دەکات، ئەو مووچەى من ئێستا لە دوبەى وەریدەگرم دەکاتە مووچەى پێنج وەزیر لە کوردستان”. مەڕوان هەر لەسەر ئەو قسانەى بەردەوام دەبێت و دێتە سەر باسى گەنجانى کوردستان و دەڵێت “ئەوەى زۆر نیگەرانم هاوکاریکردنى گەنج لە کوردستان زۆر کەمە، من زۆر وڵات گەڕاوم، بەڵام گەنجانى ئێمە بە تواناترین گەنجن لە هەموو جیهان، زۆر هەوڵى پێشکەوتن و داهێنان دەدەن، بەڵام ئاسانکاریان بۆ ناکرێت، من نەمتوانى ساڵێک لە کوردستان تەحامول بکەم و پێنج جار سەفەرم کرد”.
ناوبراو وەک خۆى باسى لێوە کرد، بە هۆى کارى راگەیاندنەوە لە زۆربەى وڵاتانى دنیا گەڕاوە و ئێستا خۆیشى نازانێت لە کام وڵات نیشتەجێیە، هەروەها مەڕوان بەهۆى زانینى چەندین زمان، لە چەندین رۆژنامە و کەناڵى عەرەبى کارى رۆژنامەوانى کردووە، دەڵێت “سەرەتا من بە کارى تەلەفزیۆن دەستم پێکرد و لە تەلەفزیۆنى دوبەى بەرنامەى منداڵانم پێشکەش دەکرد، ئەوکاتە خۆشم منداڵ بووم، دواتر هەر لە دوبەى لە کەناڵى زەیت تیڤى، بەڵام ئەوکاتە خەڵک وەک کوڕێک ئیماراتى دەیانناسیم، لەبەرئەوەى لە راگەیاندنى ئیمارات کارم دەکرد، پاسەپۆرتى خۆى دایە من، جگە لەوەى پاسەپۆرت هۆڵەندى و عێراقیشم هەیە”. ئێستا مەڕوان کە لە کوردستانە، دەڵێ “چەند کەناڵی عەرەبى وەک رۆتانا خەلیجە و ئەبو زەبى ئیمارات و یوتن تیڤى و حەواس تیڤى داوایان لێکردووم بەرنامەیان بۆ پێشکەش بکەم، هەروەها کەناڵى دوبەى داوایان لێم کرد دووبارە بگەڕێمەوە بەرنامە پێشکەش بکەم، بەڵام چاوەڕێ دەکەم کامەیان چاکترین کۆنتاکم لەگەڵ بکات، لەگەڵ ئەو کار دەکەم”.
مەڕوان بەهۆى جوانى روخسارییەوە ریکلامى بۆ زۆربەى کۆمپانیاکانى وڵاتانى عەرەبى و دوبەى کردووە و جگە وەک رۆژنامەنووس، ئێستا ئەو وەک “جوانترین و بەناوبانگترین نمایشکارى جلوبەرگیش ناسراوە”. مەڕوان دەڵێ “لەڕێگەى ئەو کارەوە لەناو میدیاى عەرەبى ناوبانگى گەورەم دەرکرد”. ناوبراو ئاوا سەرەتاى کارکردنى ریکلام و نمایشى جلوبەرگ لەگەڵ کۆمپانیاکان باس دەکات و دەڵێت “ساڵى 2002 کە ئەوکاتە تەمەنم 12 ساڵ بوو، لە دوبەى چەند برادەرێکى خۆم کارى ریکلام و نمایشى جلوبەرگیان بۆ کۆمپانیاکان دەکرد، ئەوان منیان زۆر لاجوان بوو، چەند وێنەیەکى منیان گرت بۆ کۆمپانیاکان، من کە چوومە کۆمپانیاکان گوتم: کوردم، دەیانگوت: چۆن لە کوردستان کوڕى وەک تۆ جوان هەیە، تۆ جوانترین کوڕى رۆژهەڵاتى، هەروەها ماوەیەک لەگەڵ دیزاینەرى ئیتالى (رۆبێرتۆ کەفالى)، کارم کرد، کە یەکێک لەبەناوبانگترین دیزاینەرە لەجیهان، ئێستا کۆمپانیاکان خۆیان پەیوەندیم پێوە دەکەن”. مەڕوان لەگەڵ شاجوانى فێنزوێلا هاوڕێتى خۆشە و بەنیازە لە پڕۆژەیەکى خۆیدا بیهێنێتە هەولێر، گوتیشى “جاکترین هاوڕێى من شاجوانى وڵاتى فێنزوێلایە و لە وڵاتە عەرەبییەکان کارى نمایشى جلوبەرگ دەکات، پلانمان داناوە ساڵێکى دیکە پێشبڕکێى شاجوانى عێراق بکەین لە کورستان، کە هەموو پارێزگاکانى عێراق بەشدارى تێدا بکەن، شاجوانى ڤێنزوێلا بێتە هەولێر و وەک دادوەرێک ئامادەى پێشبڕکێکە بێت”.
ناوبراو ئەوەشى ئاشکرا کرد، بەنیازە هەر لە کوردستان لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر دەست بەگۆرانى گوتن بکات بە زمانى عەرەبى، ئێستاش لە هەوڵى ئەوەدایە چەند شاعیرێکى بەناوبانگى عەرەب شیعرى گۆرانییەکانى بۆ ئامادە بکەن، مەڕوان دەڵێت “لەبەرئەوەى من لەناو وڵاتە عەرەبییەکان ناوبانگم هەیە و زمانە عەرەبییەکەم زۆر باشە، پێم وایە لەناو وڵاتە عەرەبییەکان سەرکەوتنێکى زیاتر بەدەست دێنم، جگە لەوەش کورد و فارس و تورکیش گوێ لەگۆرانى عەرەبى دەگرن”. مەڕوان هێشتا ئەلبوومەکەى نەکردووە، کەچى وەک دەڵێت “لە ئێستاوە کەناڵى رۆتانا و هەموو کەناڵە خەلیجیەکانى دیکە پەیوەندیان پێمەوە کردووە و ئامادەن هاوکاریم بکەن و ڤیدیۆ کلیپەکانم پەخش بکەن”.
ئەگەرچى لە زووەوە مەڕوان لەلایەن دەرهێنەرکانى دراما و فیلمى سینمای عەرەبى داواى لێکراوە بەشدارى بکات و رۆڵى سەرەکى پێ بسپێردرێت، بەڵام ئەو بەهۆى کارى راگەیاندن و نمایشە ریکلامییەکانی دا، نەیتوانیووە بەشدار بکات، بەڵام مەڕوان دەڵێت “هێشتا بڕیارم نەداوە بەشدارى دەکەم یان نا، بەڵام لەوانەیە لە ساڵى ئایندەدا بەشدارى لە دراما و فیلمێکى سینەمایى عەرەبى بکەم”.
هەموو هاوڕێکانى باسى جوانییەکەى دەکەن، مەڕوان وتى “بەڵام لاى من جوانى هیچکات گرنگ نەبووە و نەمویستووە جوانى ببێتە پێوەر”. کچانى زۆریش داواى دڵداریان لێى کردووە، بەڵام وەڵامى تەنیا ئەوە بووە “کاتم نییە بۆ دڵدارى”. هەنێجاریش لە جوانى خۆى بێزار بووە و چونکە مەڕوان دەڵێت “من جوانم خودا دروستى کردووم، نەک بۆئەوەى خەڵک حەسوودیم پێ ببەن، لە کوردستانیش ئەو شتەم بەرامبەر بەخۆم بیینووە، هەتا لەمەجالى کارکردنى خۆم کەسانێک هەبووینە حەسوودیان بەمن بردووە، وایانزانیووە بە جوانى ئیشەکەم وەرگرتووە، نەک زیرەکى خۆم”.