نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
لە ساڵی ٢٠١١ ەوەلە پاش سەرھەڵدانەکانی بەھاری عەرەبی لە تونس و میسرو لیبیا و یەمەن خەڵکی سووریاش دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کرد دژ بە ڕژێمی بەشار ئەسەد کە خوازیاری ڕیفورم و گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری بوون لە وڵاتەکەیاندا و دواتر درێژەی کێشاو بوو بە ململانێیەکی چەکدارانە لە نێوان ڕژێم و ئۆپۆزەسیۆنی سووریاد ا بە ھەموو باڵەکانیەوە .
ئۆپۆزەسیۆنی سووریا لە سەرەتاوەجگە لە کورد پێکھاتبوو لە ئەوانەی لە سوپای سووریا جیابووبوونەوە وسوپای ئازادیان پێکھێنا بوو دواتر چەکدارانی بیانی لە زۆر وڵاتانی جیھانەوە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانیەوە بەرەی نووسرەیان دامەزراند کە باڵێکە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە .
ئەگەرچی سەرەتا خەڵکی سووریا بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە لە پێناوی ئازادی و ژیانێکی باشتر و شایستە تر بۆ خۆیان شۆرشیان دەستپێکرد,بەڵام پاشتر وڵاتانی ناوچەکە بە ئێران و تورکیاو عەرەبستانی سعوودیە و قەتەر و وڵاتە زلھێزەکانی وەکو ئەمریکاو ڕووسیاو فەرەنسا و بە ریتانیا ھەریەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان وەردایە ڕووداوەکانی سووریاوە . کە زیاتر باس لە چارەنووسی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی دەکەن وەکو ئایندەی گەلی سووریاو کۆتایی ھێنان بە ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە .
ئێستا کە لە ساڵی ٢٠١٦ داین و وا ڕووداوەکانی سووریا پێنج ساڵ تەواودەکەن ئەو وڵاتە جگە لە ماڵوێرانی و ھەڵتەکانی ژێرخانی ئابووری و ئاوارە بوون و دەربەدەربوونی ملێۆنان کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتەو کوژران وبریندار بوونی سەدان ھەزاری تر ھیچ دەستکەوتێکی تریان بە دەست نەھێناوە و ڕێکەوتنامەکانی جنێفی یەک و دوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکرد بە ھەڵسپاردووی ماونەتەوە بە ھۆی پێداگیری لایەنەکانی کێشەکە ھەرکەس بە بیرو بۆچوونەکانی خۆیەوە کە ئەمەش وایکرد کە داخوازی بۆ گرێدانی( کۆنگرەی جنێف سێ ) بدرێت .ھەروەھا پێش جنێف (٣) دووجنێف ی تر بەستراوە بۆ یە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەکیان پێدەدەم :
جنێف (١):
لە ٣٠/ یونیو٢٠١٢ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف لە سویسرا میواندار ی کۆبوونەوەیەکی گروپی کاری لە پێناو سووریادا کرد لەسەر بانگھێشتی کۆفی عەنانی نێردەی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سووریا.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان وئەمینداری گشتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیاو تورکیاو فەرەنساو چین و قەتەرو عێراق و کوێت و شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندای باکوور ئەمریکاو نوێنەری سامی یەکێتی ئەوروپا بۆ کارووباری سیاسی و دەرەوە بەو پێیەی کە گروپی کارن لە پێناوی سوریا بە سەرۆکایەتی نێردەی ھاوبەشی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کۆفی ئەنان .
دیارترین خاڵەکانی کە لەم کۆنگرەدا لە سەری ڕێکەوتن لایەنە ناکۆکەکان پێکھێنانی کابینەیەکی حکومی ڕاگوزەر بووبە ھەموو دەستەڵاتێکی جێبەجێ کردنەوە لە حکومەتی ئێستا و ئۆپۆزەسیۆن لەسەر بنەمای سازان و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە نێوانیاندا ,
بەڵام ھەموو پێشنیارو بڕیارەکان نەتوانرا یەک خاڵی لێ جێبەجێ بکرێ لە سەر زەوی و بکرێتە کردار بەڵکو شەڕو ناکۆکیەکان درێژەیان کێشا تا لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ (جنێف ٢ ) ببەسترێ .
جنێف ( ٢ )
کۆنگرەی جنێف ٢ ئەمیش لە سەر پێشنیارو داخوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا بە مەبەستی کۆتایی ھێنانی شەڕی ناوخۆی سوریا و کۆکردنەوەی حکومەت و ئۆپۆزەسیۆنی سوریا لە سەر مێزی دان وسان و پێکھێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەر بە تەواوی دەستەڵاتەوە , بەڵام ئەمیش ھەر بە دەردی کۆنگرەی جنێف (١) چوو .
جنێف ( ٣ )
لە ڕۆژی ٢٩/ ینایر ٢٠١٦ دەستی بە کارەکانی کرد سەرەڕای بایکۆتکردنی شاندی دەستەی باڵای ئۆپۆزەسیۆنی سوریا کە کەلە کۆنگرەی ریاز دەستنیشانکرابوون بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی جنێف (٣) بەڵام ڕۆژی دواتر دوای وەرگرتنی دڵنیایی لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بایکۆتەکەیان شکاند و بەشدار بوون لە کۆنگرەکەدا و ڕایانگەیاند کەبۆیە بەشداربوون تاوەکونیەت خواستەکانی ڕژێم تاقی بکەنەوە تا چ ئاستێک پرۆسەکە بە ھەند وەردەگرێت و زەمینەسازی دەکات بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرە قەیرانەکان .
ھەرچەندە کە ئێستا من ئەم دێڕانە دەنووسم ھەواڵی وەستانی گونگرەکەم بیست لە میدیاکانەوە و لە لایەن بەڕێز دیمستۆرا نێردەی نێوەدەوڵەتی بۆ سووریا و دواکەوتنی بۆ ٢٥ ئەم مانگە کە ئەمەش ئاماژەیەکی تری بەھێزە بۆ قووڵی ناکۆکیەکان و فراوانتر بوونی دەستێوەردانەکان کە دواتر لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم .
ھەروەکو دیارە بۆ ھەر چاودێرێکی دۆخی سووریا ئێستە ئەو وڵاتە بۆ چوار ناوچەی جیا دابەشبووە ھەرناوچەیەکی لە ژێردەستی ھێزێکی چەکدار دایە و وڵاتێک یان ھێزێکی دەرەکی پشتیوانیان لێدەکات , ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد بە پشتیوانی میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنان و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان و ئۆپۆزەسیۆنی چەکداری سوریای میانڕەو و کوردەکانیش حوکمڕانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن کە کانتۆنەکانیان دامەزراندووە کە عەرەبەکان پیً ی دەڵێن باکووری سوریا چۆن لێرەش لای خۆمان بە کوردستانی باشوور دەڵێن باکووری عێراق لێرەدا خاڵێک کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم ڕێگری کردنە لە بەشداریکردنی کوردوبە دیاریکراوی ( پەیەدە ) لە کۆنگرەی جنێف (٣) کە ھێزێکی کاریگەرو دیاربووە لە شەڕی تیرۆرو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا بە باوەڕی من ھیچ کۆنگرەو ئەڵتەرناتیفێک بە ئاکام ناگات ئەگەر ڕۆڵی کوردو پەیەدە لە بەرچاو نەگیرێت .
لایەنەکانی تێوەگلاو بە شەڕی ناوخۆیی سووریا
ھەروەکو من لە پێشتریش لە نووسینەکانمدا ئاماژەم پێداوە دەستوەردانی وڵاتان و ھێزەکانە دەرەوە کێشەو ململانێکانی سووریا قووڵتر دەکاتەوەو بەنزینی زیاتر بە ئاگری ئەو شەڕەدا دەکات بۆیە لە ماوەی بەستنی کۆنگرەکانی جنێف ١و٢ و٣ تا ئێستا ھەموو ئەو وڵاتانە کە ھەریەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان و ھەریەک بە ئاستێک ڕۆڵیان بینیوە لە درێژبوونەوە و بەردەوامبوونی ئەو دۆخەدا ئەو وڵاتانەش ئەمانەن ( ڕووسیا و بەریتانیاو ئەمریکاو تورکیاو ئێران و سعودیەو قەتەر و ئوردن ).
ڕووسیا لە ژێر پەردەی شەڕی داعش وتیرۆر ھاتووەتە ناو سووریاو بەڵام ھاوپەیمانێکی دێرینی ڕژێمی سوریایەو بۆ پاراستنی ئەو ڕژێمەو بەرژەوەندیەکانی خۆی سڵ لە ھیچ ناکاتەوەو پەلاماری ھێزە ئۆپۆزەسیۆنە دیموکرات و میانڕەوکانیش دەدات .
ئەمریکا ھاوپەیمانێتیەکی گەورەی پێکھێناوە دژبە تیرۆرو داعش و دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووەو ھەندێک ھەنگاوی دیاریکراویشی ناوە بۆ ڕووخانی ھەندێک جار گورزی توند لە بەرەی نوسرەش دەدەن و پاڵپشتی ئاسمانی ھێزە کوردیەکانیش دەکات .
بەریتانیاش بنکە سەربازیە ستراتیجیەکەی لە قوبرس بەکار دەھێنێت بۆ لێدانی داعش ھەرچەندە بە فەرمی بەشداری ھاوپەیمانیتە نێودەوڵەتیەکەی نەکردووە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووە و پاڵپشتی ئۆپۆزەسیۆنی سووریای میانڕەوە دەکات .
ئێران بە ھەموو شێوەیەک دژی لەناوبردنی ڕژێمی ئەسەدەو لە پێنج ساڵی ڕابردوودا درێغی نەکردووە لە کۆمەک و پشتیوانی ئەو ڕژێمە لە ھەموو بوارەکانی سەربازی وماڵی وھەروەھا لە ڕێگەی حزبوڵای لوبنانیشەوە .
تورکیا ش دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووە دژ بە دەستێوەردانی ڕووسیایە لەو وڵاتەو کۆمەکی زۆرێک لە ڕێکخراوە توندڕەوەکانی وەکە ئەحرار ئەلشام و بەرەی نوسرەوە سوپای ئیسلام و بگرە داعشیش دەکات .
عەرەبستانی سعودیەش پێداگیری لەسەر کارلابردنی ڕژێمی ئەسەد دەکات و کۆمەکو پشتیوانی زۆرێک لە لایەنە میانڕەوەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریادەکات و ئەندامی ھاوپەیمانێتی دژی تیرۆرە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.
قەتەریش ئەندامی ھەمان ھاوپەیمانێتیەو بنکەی سەربازی عێدید ی قەتەری ناوەندی سەرەکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە دژبە داعش و خۆشی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان دەکات و یارمەتی وکۆمەک بە ڕێکخراوە توندڕەوەکانی وەکو بزوتنەوەی ئەحراری شام و بەرەی ئەلنوسرە باڵی سوریای ئەلقاعیدە.
ئوردنیش ئەندامی ھەمان ھاوپەیمانێتیەو دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندوەو بەشداری ئۆپەراسیونە ئاسمانیەکان دەکات و پشتیوان و کۆمەکی بەرەی باشووری سووریا دەکات و ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی باشووری سووریا لە سەر خاکەکەیەتی .