سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ھەرێمی کوردستاندا، دەیان و بگرە سەدان ڕێکخراوی بە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی و ئین گی ئۆ ھەن، کە گوایا ئەرکیان بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە و پێشخستن و ھوشیارکردنەوەی تاکەکان و داکۆکیکردنە لە مافە پیشەیی و جەماوەرییەکانی ھاووڵاتییان، کە بەشێکی کەمیان لێ دەرچێت، ئەوانیتر بارگرانیەکی گەورەن بە سەر بودجەی ئەم ھەرێمەوە. ئەگەر ڕووپێوێکی مەیدانی لە پەراوێزی ئەرک و ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانە لە کۆمەڵگەی کوردی بکەین، ھیچ گومانی تێدا نییە وێرای بوونی سەدەھا ڕێکخراو، بەڵام ھێشتا وەک پێویست بە ئەرک و ڕۆڵی ڕێکخراوەییانەی خۆیان ھەڵنەستاون و زۆربەیان بنەمای کاری ڕێکخراوەیی خۆیان نازانن و کار و چاڵاکییەک دەکەن، کە ڕەنگە پەیوەندی بەوانەوە نەبێت. ساڵانێکی زۆر لەمەو بەر، بە سەدان فەرھەنگخانە، لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی برەودان بە چاڵاکییە ڕۆشنبیرییەکان دامەزران. ئەو فەرھەنگخانانە دواتر چییان لێ ھات؟ کەلوپەلەکانییان کە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەکران، چی لێ ھات؟ بۆچی ئەو فەرھەنگخانانە نەمانەوە؟ کەواتە ئەوە گرنگ نییە چەند ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی ھەن، بەڵکو ئەوە گرنگە، چەند خزمەت و ڕۆڵیان لە بەرەو پێشەوە بردنی کۆمەڵگە و بە مەدەنیکردنی جومگەکانییەوە دیارە. بۆیە گەلێک لەو ڕێکخراوانە، ستراتیژ و کاری ڕاستەقینەی خۆیان ونکردووە و دەچن بە چاڵاکییەکەوە سەرقاڵ دەبن، کە ھیچ ئەرزشێکی نەبێت. لەو ڕۆژانەدا، تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سۆران کۆڕێکی شیعریان بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ شاعیرێکی سادەنووس سازکرد. پرسەکە ئەوە نییە، کە ئاخۆ ئەم برادەرە شاعیرە یاخود نا، کە وەک شێخ ڕەزا گوتەنی شاعیر زۆر بووە لەم عەێڕە ، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە، ئەم چاڵاکییە پەیوەندی بە ئۆرگانێکی گەورەی وەک تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سۆران ھەیە؟ ئایا کار و ئەرکی دی نییە بیکەن؟ ڕێکخراوەکانی ئێمە بە گشتی، بۆچی نابنە چاودێر بە سەر کاری دەزگاکانی حکومەت و داکۆکی لە مافە مەدەنی و پیشەیەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ناکەن؟ بۆچی ڕەخنە ناگرن و ئەو کێماسیانەی لە بواری بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریدا ھەن، نایخەنە ڕوو؟ بۆچی پاڵپشت و ھاوکاری جەماوەری خەڵک ناکەن، کاتێ داواکاریەکی ڕەواو جەماوەریان ھەیە؟ بۆچی نابنە چاودێر بە سەر پێشلکارییەکان کە لە بواری مرۆیی و ڕۆنامەوانی و مافدا دەکرێن؟ مەگەر سازکردنی کۆرێکی شیعری بۆ شاعیرێکی سادە نووس کە نیوەی کوردستان نایناسێت، ھیچ داھێنان و بوێریەکی تێدایە ئەگەر ھەزاران خوێندکاری زانکۆش تێیدا بەشدار بن؟ بێگومان شیعر ھیچ کاتێک ژانرێکی جەماوەری نەبووە، بەو مانایەی، وەک چۆن تۆپانێ جمھورێکی بێ شوماری ھەیە، ئەوا کام شاعیریش جمھورێکی بێ شوماری ھەبوو، ئەوا شاعیری پلە یەکە. ھەر کاتێک شیعر ھێندە سادە و ڕۆژانەیی بووەوە، کە ھەمووان تێی گەیشتن و چەپڵەیان بۆ لێدا، بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە ئێمە لە بەردەم شیعر بە مانا ھونەریی و بابەتییەکەی نین، بەڵکو لە بەردەم زمانێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی داین کە جۆرێک لە میکیاژی ھونەری و وشە سازیی ڕۆمانسی بە ناوی شیعرەوە بۆ کراوە. زۆرجار دەگوترێت (مانای شیعر لە دڵی شاعیر دایە) واتا نەک ھەموو کەسێک نابێ لە شیعر بگات، بەڵکو لە خودی شاعیر بەو لاوە، ھیچ خوێنەرێکیش پەی بەو مانایە نابات کە لە دوو توێی دەقێکی شیعری دایە؟ شیعر ژانرێکی بژاردەیە، نەک جەماوەریی و چەپڵەڕێزیی، ھەڵبەتە ڕەنگە خوێنەرانێک بڵێن، مەگەر شیعری شێرکۆ و پەشێویش، شیعری جەماوەریی و چەپڵە ڕێزی نین؟ بەڵام ئایا پەیامی شیعری شێرکۆ و پەشێو بەراورد بە پەیامی شاعیرێکی سادەنوس دەکرێت؟ لەو سۆنگەیەشەوە، کاتێ ھەزاران گەنج و خوێندکاری زانکۆ، لە ھۆڵێکدا جمەیان دێت و بە چەپڵە ڕێزان پێشوازی لە شیعری شاعیرێکی نەناسراو دەکەن ئەوا بە داخەوە دەبێ ئێمە نیگەران و نائومێد بین لە دنیای شیعری کوردی، چونکە ئەمە مانای وایە، شیعر بۆتە زمانێکی ڕۆژانەیی و ئاسایی و ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زمانی شیعریی کە زمانی مانایە نەماوە. بەمەش شیعر وەک تۆپانێی لێ دێت و دەیان ھەزار ھاندەری بۆ دروست دەبێت.بەڵام ئایا ئەدەب بەگشتی و شیعریش بە تایبەتی، ژانری ھەموو کەس و جەماوەرێکە؟ ئاسایە ئەم جۆرە چاڵاکییانەش بکرێن، بەڵام دەبێ ڕێکخراوەکانی ئێمە، زۆر پیشەییانە ئەرک و کاری ڕاستەقینەی خۆیان بناسن و کار بکەن. بەرپرسانیش دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن، دواین ئەرکییان دەبێ گوێگرتن بێت لە شیعر، چونکە ئەوان ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەتریان لە سەرشانە، کە ئەویش خزمەتکردنی خەڵک و گوێگرتنە لە کەموکورتی و داواکاریەکانییان ! مەرجیش نییە ئەوەی لە ڕێزی پێشەوەی کۆڕێکی شیعری دانیشت ئیدی شیعرناس بێت. بە پێچەوانەوە نزار قەببانی دەڵێت:_( ئەوانەی لە ڕێزی پێشەوەی کۆڕێکی شیعری دادەنیشن، دواین کەسن کە لە شیعر دەگەن).
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارەی ڕۆژی ٣١/١/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post