هه‌ندێك وه‌كو چاولێكه‌ری خۆیان لاوازده‌كه‌ن، بهلاَم رێگای نا ته‌ندرووست ههڵدهبژێرنو، دیارده‌ی رێجیمكردنو خۆلاوازكردن لهناوكچاندا بووه بهباوو پزیشكان‌و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیش قه‌ڵه‌وی به حاڵه‌تێكی ئاسایی دهزاننو رێنمایی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، تا به‌هۆی رێجیمردنهوه زیان به ته‌ندروستی خۆیان نه‌گه‌یه‌نن.
دیارده‌ی رێجیمكردن له ئێستادا له ناوكچاندا، بووه بهچاولێكهری، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست په‌ناده‌به نه‌به‌ر رێجیمكردنو هیچ جۆره رێنمایه‌كی ته‌ندروستی پهیڕهوناكهن، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی ته‌ندروستی لێده‌كه‌وێته‌وه، كه گیروگرفتی ده‌روونی دروستده‌كات.
شیلان عه‌لی كه خوێندكاره‌و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی تووشی گرفتی قه‌ڵه‌وی بووه، وتی من پێشتر قه‌ڵه‌و بووم گوێم نه‌دایه، به‌ڵام ئێستا حه‌زناكه‌م قه‌ڵه‌وبم، ده‌مه‌وێت كێشم دابه‌زێت. وتیشی »هاوڕێكانم زه‌عیفن یان ئاسایین، منیش ده‌مه‌وێت وابم، جاران هه‌موو ژهمهكانم ده‌خوارد، به‌ڵام 3 مانگه ده‌ستم به رێجیم كردووه، خواردنم كه‌مكردووه‌ته‌وه.
وشه‌ی رێجیمكردن،وشه‌یه‌كی ئینگلیزیه به‌واتای نه‌خواردن یان خۆپاراستن له‌و خوارنانه‌ی كه ده‌بێـه هۆی زۆربوونی كێشی مرۆڤ، یان زه‌ره‌رگه‌یاندن به ته‌ندروستی مرۆڤ.
ئه‌و كچه خوێندكاره ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه سه‌ردانی پزیشكی نه‌كردووه، بهلاَم تاكلایه‌نه لای خۆیه‌وه خواردنی كه‌مكردووه‌ته‌وه.
له‌م رووه‌وه وتی سه‌ره‌تا مانگێك هیچم نه‌خوراد ته‌نیا پسكیت نه‌بێت، به‌ڵام زۆر زه‌ره‌ری لێدام تووشی نه‌خۆشی مه‌عیده‌و ئازاری مه‌عیده بووم، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ خواردنێكم بۆ نه‌ده‌خورا تا سه‌ردانی پزیشكی هه‌ناوم كرد«.
ئێستا شیلان ئامۆژگاریی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت رێجیم بكه‌ن ئه‌وه‌یه، كه هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت كێشی دابه‌زێت، با خواردن بخوات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متر له جاران‌و هه‌روه‌ها سه‌ردانی پزیشك بكات.
د.دلێر شه‌مسه‌دین حامد پسپۆری نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو و دڵ، سه‌باره‌ت به دیارده‌ی رێجیمكردن وتی «ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هیچ خواردنێك ناخۆن، ده‌ڵێن با زه‌عیف ببین ئه‌مه به‌ڕاست دانانرێت.
ئه‌و پزیشكه زیاتر روونیده‌كاته‌وه، كه له‌نێوان ئه‌و خواردنانه‌ی كه مرۆڤ ده‌یخوات‌و ئه‌و وزه‌یه‌ی كه سه‌رفی ده‌كات، ده‌بێت هاوسه‌نگی رابگیرێت.
د.هه‌وراز محه‌مه‌د، توێژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، وتی دیارده‌ی رێجیمكردن په‌یوه‌ندی پته‌وی به دیارده‌ی قه‌ڵه‌وییه‌وه هه‌یه، بۆیه وه‌ك دیارده، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له رێجیمكردن بگه‌ین، پێویسته له‌قه‌ڵه‌وی بگه‌ین.
د.هه‌وراز محه‌مه‌د، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كه قه‌ڵه‌وی وه‌ك دیارییه‌ك له‌ناو ژنان‌و پیاوانیشدا زۆر ده‌بینرێت، به‌هۆی زه‌مه‌نی راگواستنی گونده‌كانه‌وه، كه ئێستا نیشته‌جێبوون له شار‌و كۆمه‌ڵگه زۆره‌ملێكاندا.
ئه‌و زیاتر روونیده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به دانیشتنی زۆر‌و كارنه‌كردن‌و زۆر خواردنه‌وه هه‌یه له ئێستادا. له‌مباره‌یه‌وه وتی پێشتر رێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی له گونده‌كاندا به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كاركردن بوون، له كاتێكدا كه له كۆمه‌ڵگه زۆره ملێكاندا نیشتهجێدهكرێن، به‌وشێوه‌یه‌ی ئه‌وسا ناتوانن كاربكهنو زۆرینه‌ی ئه‌و خواردنه‌شی كه ده‌یخۆن، به‌هۆی نه‌جوڵانه‌وه ده‌بێته چه‌وری نیشتوو و قه‌ڵه‌وی لێ به‌رهه‌مدێت«.
له ئێستا زۆرێك له‌وانه‌ی كه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر رێجیمكردن، به‌بێ هۆشیارییه‌كی ته‌ندروستی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ندروستییان.
د.دلێر شه‌مسه‌دین وتی چه‌ندین كانزای به‌سوود هه‌ن بۆ مرۆڤ، كه مادده‌ی پرۆتینیان هه‌یه كه به‌ته‌نیا له رێگه‌ی خواردنه‌وه ده‌چنه له‌شه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆتینه له ده‌ره‌وه وه‌رنه‌گرین له‌ناو له‌شماندا دروستنابێت.
وتیشی له وڵاتی ئێمه قورسه به‌رنامه‌یه‌ك، بۆ ئه‌و كه‌سانه دیاریبكه‌ین، كه رێجیمدهكهن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خواردنانه نه‌كراوه كه به‌كاریده‌هێنن له ئه‌وروپا.
د.دلێر زیاتر دواو وتی له كوردستاندا هیچ جۆره دیراسه‌یه‌ك نه‌كراوه له‌سه‌ر خواردنه‌كان، بهلاَم رێجیمی ته‌ندروست ئه‌وه‌یه، كه پێش هه‌موو شتێك ئه‌و خواردنانه‌ی كه كێشی له‌ش زۆر ده‌كه‌ن، له خواردنی مرۆڤ دووربخرێنه‌وه.
د.هه‌وراز محه‌مه‌د،وه‌كو توێژه‌رێك پێیوایه، مرۆڤی كورد له پێشتردا، له كۆمه‌ڵگه‌ی كوریدا به تایبه‌ت له گونده‌كاندا قه‌ڵه‌ویی وه‌ك دیارده زۆرباو نه‌بووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆرجوڵانو كاركردنی به‌رده‌وام له‌كاتێكدا كه كاره‌كانیان سه‌ختبوون.
ئه‌و دكتۆرهوتی ئه‌گه‌رچی له روانگه‌ی پیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه، له پێشتردا ژنی قه‌ڵه‌و زیاتر داوای له‌سه‌ر بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، وه‌ك یاسایه‌ك هه‌میشه ئه‌و شتانه‌ی كه كه‌من یان ده‌گمه‌نن داخوازییان زیاتریان له‌سه‌ره.
وتیشی له كاتێكدا قه‌ڵه‌وییش بۆخۆی به به‌شێك له جوانی هه‌ژماركراوه، ره‌نگه هه‌وڵیشی بۆ درابێت.
د.هه‌وراز ههروههاوتی «جاران قه‌ڵه‌ویی ویستی زیاتری له‌سه‌ر بووه، كاتێكیش ویست له‌سه‌ر شتێك زیاد ده‌كات، هه‌وڵ بۆ ئه‌و شته زیاتر ده‌درێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ژنانی كورد زیاتر له هه‌وڵی خۆ قهڵهوكردندابن.
بهلاَم به پێچه‌وانه‌وه، له‌ئێستادا قه‌ڵه‌وی بووه، به بارێك به‌سه‌ر ئه‌و كچانه‌ی كه ئێستا خۆیان له هاوڕێكانیان به لاوازتر نازانن.
ئه‌و توێژه‌ره كۆمهلاَیهتییه ده‌ڵێت رێجیمكردن مرۆڤی كورد له ئێستادا بووه به‌لاساییكردنه‌وه، چونكه هه‌ندێك پێیانوایه جوانی ناهێڵێت.
روونیشیكرده‌وه كه هۆكاری تری رێجیمكردن په‌یوه‌ندی به‌و پۆشاكانه‌ی ئێستاوه هه‌یه، كه به‌جۆرێك دروستكراوه بۆ كه‌سی زه‌عیف ده‌بێت، «ئه‌وه‌ش هۆكارێكی تره، چونكه مرۆڤ له كۆمه‌ڵگادا هه‌وڵده‌دات زۆرترین قبوڵی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستبهێنێت.
سانا كه‌ریم خوێندكاری زانكۆیه، وتی من ده‌مه‌وێت زه‌عیف بم له‌به‌رئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگا بهگشتیو له‌ناو زانكۆ به‌تایبه‌تی خوێندكاران زیاتر گرنگی به زه‌عیفبوون ده‌ده‌ن، چونكه قه‌ڵه‌وی شتێكی ناشیرینه به‌لایانه‌وه‌و زیاتر بووه بهچاولێكهری.
وتیشی ئه‌و پۆشاكانه‌ی كه ئێستا له بازاڕدا هه‌ن، زیاتر بۆ كه‌سی زه‌عیف ده‌بن.
د.هه‌وراز ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا قه‌ڵه‌وی له كۆمه‌ڵگادا باونییه، خه‌ڵك زیاتر هه‌وڵ بۆ زه‌عیفی ده‌ده‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ی كه رێجیم ده‌كات ده‌یه‌وێت قبوڵی كۆمه‌ڵگا به‌ده‌ستبهێنێت .
ئه‌و توێژه‌ره به پێویستیزانی كه مرۆڤ زیاتر ئاگاداری ته‌ندروستی خۆی بێت‌و به‌هۆی قه‌ڵه‌وییه‌وه خۆی دووچاری كێشه نه‌كات، چونكه قه‌ڵه‌وی دیارده‌یه‌كی پۆزه‌تیفه.