چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
جانێ لە ھەوڵی ئەوە دایە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەکوردستان جێگیر بکات و بە یەکجاری واز لە ئەڵمانیا بێنێ، وەکو ئەو باسی دەکات، لەبەرئەوەی کوردستان ھەم بۆ کاری ھونەری و ھەمیش بۆ ژیانی رۆژانەی تایبەنی خۆی لەبارە، دەشڵێت “لە ھەمووشیانەوە گرنکتر غەریبیم کۆتایی دێت و لەکوردستان دەژیم، کە یەک ئالامان ھەیە و بەزمانی دایک قسە دەکەین، من چەندەھا ساڵە تێنوی ئەو ئازادیەم”. جانێ سێیەمجارە چاوپێکەوتن لەگەڵ (سڤیل) ئەنجام دەدات و باسی زۆر شتی کرد.
ھۆزان جانێ، تاکە گۆرانیبێژی باکوری کوردستانە، کە راشکاوانە باس لایەنی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات و دەڵێت “ھیچ شتێکم نەماوە لەرۆژنامە و گۆڤارەکان باس نەکرابێ، زۆرجار بەبێ ئاگاداری من شت نوسراوە و زۆرجاریش من خۆم وەڵامی پرسیارەکانم داوەتەوە، کە تایبەتن بە ژیانی تایبەتی خۆم، کاتێک لەگەڵ رۆژنامەنووسێک دادەنیشم نامەوێ درۆی لەگەڵ بکەم و خۆم لەپرسیارەکانی بدزمەوە، ھونەرمەند دەبێ سادە بێت و ھەوڵدا خزمەتی کەلتووری میللەتەکەی بکات، گۆرانییەکانی کەمتر نەبێ لەھێزی پێشمەرگەیەک، ئەوە لای من ھونەرمەندی راستەقینەیە”. ھەروەھا جانێ دەڵێ “بەڵام بەداخەوە ئەمجۆرە ئیشکردنەی ھونەرمەندەکانی ئێستام بەدڵی من نییە، خەڵکیش لێیان رازی نییە، تەنیا دەیانەوێ جوانی خۆیان نیشان بدەن و جلوبەرگی بێگانە نمایش بکەن، نمایشکاری باشن، ھیوادارم کەناڵەکانی ئێمە وشیار بنەوە ئەگەر گۆرانییەک و کلیپێک لەخزمەتی ھونەر و کەلتووری کورد نەبێ پەخشی نەکەن، بەڵام بەداخەوە کەناڵەکان دەڵێن ئەگەر کلیپێک کوالێتی بەرزبێ پەخشی دەکەین، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم گۆرانییە تاچەند تاموچێژی کوردی پێوەیە”.
ساڵی رابردوو بارودۆخی تەندروستی جانێ لەمەترسیدا بوو، دوو نەشتەرگەری لەوڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدا، بۆیە ئەوکات بەگریانەوە قسەی بۆ (سڤیل) دەکرد، بەڵام ئێستا بەپێکەونیەوە قسە بۆ (سڤیل) دەکات و دەڵێت “من باوەڕم نەدەکرد جاک بکەمەوە، دکتۆرەکان دەیانگوت زۆر بێھێزی، پارەشم نەبوو نەشتەرگەری ئەنجام بدەم، بەڵام پەکەکە کاتێک زانی نەخۆشم پارەیان بۆ ناردم و ھەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابینکردم، من زۆر سوپاسیان دەکەم، ھەمووکات پەکەکە بۆ من باش بووە، ھەرچەندە ھەموو گیانم برینە، چەندینجار لەلایەن تورکەوە ھێرشم کراوەتەسەر و زیندانی کراوم”. جانێ زیاتر باسی پەکەکە دەکات و پێی وایە نابێ ئێستا پەکەکە چەک دانێ چونکە ئەو دەڵێت “نابێ بەتورک باوەڕ بکەین، چونکە مێژووی تورک ھەمووی درۆکردنە لەگەڵ کورد، کاتی ئەوە ھاتووە کورد تەواوی مافەکانی لەباکور وەرگرێت، تائەکاتە من لەگەڵ ئەوەدام پەکەکە چەک دانەنێت”.
جانێ زۆرجار باسی شوونەکردنەوەی خۆی کردووە، بەڵام ئەمجارە دەڵێ تاوەکو کوردستان باکور ئازاد نەبێ و کوردستان نەبێتە دەوڵەت شوو ناکەمەوە و گوتیشی “بڕیارم داوە بەبۆنەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ھەمان رۆژ شووکردنەوەی خۆم رادەگەیەنم”. لەبارەی مەرجەکانی ئەو پیاوەی کە جانێ ھەڵی دەبژێرێ دەڵێت “دەبێ یەکەم شت کوردپەروەر بێت و لەھونەر تێبگات، ھەروەھا رێزم بگرێ و لەتەمەنی خۆمدا بێت، دەوڵەمەندی لای من گرنگ نییە”.
جانێ لەم ھونەرمەندانەیە موعجیبە بە نێچیرڤان بارزانی، بۆیە زۆرجار راشکاوانە باسی خۆشەویستی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئەو دەڵێت “نەک تەنیا لەبەرئەوەی کاک نێچیرڤان لەھونەر تێدەگات، بەڵکو لە بونیات نادانی دەوڵەتێکی شارستانی و لەرووی سیاسیەوە کەسێکی تێگەیشتووە، سەردەمیانە کاری حیزبایەتی و حکومەت دەکات، ئەوانە وایکردووە من خۆشم بوێت، ئەویش منی خۆشدەوێت، چونکە ئەو دەزانێ ھونەرمەندێکم چاوم لەپارە و دەوڵەمەندی و ماڵی دنیا نییە”. جانێ لەوە نیگەرانە ھونەرمەندانی سوریا لەبارودۆخی ئێستای سوریا بێدەنگن، کە دەبوایە بە گۆرانی و سروود شۆرشگێڕان ھان بدەن دژی بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئێستای سوریا “بەڵام بەداخەوە زۆریان وڵاتیان جێھێشتووە و زۆرشیان خۆیان بێدەنگ کردووە، ئەوە ھەڵوێستی ھونەرمەندی راستەقینە نییە، ئێمە لەکاتی شۆڕش و رووداوەکان چەندان سروودمان دەگوت، کە ئەو سروودانە وایان کرد زۆر ئازاد بچێژین، من ئێستاش ئازارەکانم لە لەشمدا ماوە، بەڵام سەربەرزم”. جانێ ئەمساڵ ئەلبوومەکەی بڵاوکردەوە، کە لەلایەن نێچیرڤان خەرجی بەرھەمھێنانەکەی بۆ دابینکرا و تێیدا دوو گۆرانی لەسەر کوردستان و نیشتیمانپەروەری تۆمارکردووە.
“من دەڵێم کچی کورد لەھەموو کچانی دنیا زیرەکتر و جوانترن، کارەکانیان زۆر رەنگین نایابن، بەڵام ئەوەی منی نیگەران کردووە جگە لەشووکردن بیر لەھیچ شتێکی تر ناکەنەوە، وادەزانن کچ بۆ ئەوە کراوە شوو بکات، بەڵام کچ دەبێ وەکو پیاو ھەوڵی بڕوانامەی بەرز و پڕۆژەی گەورە لەرووی سیاسی و بازرگانی و ھونەری ئەنجام بدات، دواتر بیر لەشوو بکاتەوە”. جانێ وایگوت.