په‌تی توڕه‌ییت شل که‌ره‌وه
خاچی ئه‌م بێده‌نگیه،بۆ گه‌رووی عه‌شق مه‌چنه
بێده‌نگیت وا له کۆڵانی ئازارهکانما
شاتووی برینه‌کانم ده‌وه‌رێنێت..
من له‌به‌رده‌م چۆله‌که‌ی خه‌یاڵه‌کانتا،
ڕۆحم بووه‌ته ده‌نکه‌گه‌نم ..
هه‌نگاوه‌کانم به لافاوی بێخۆتی دا مه‌ده
جگه له که‌ناری لمینی پێکه‌نینه‌کانت،
ڕێگایه‌ک نیه، بمباته سه‌ر کانیاوی دڵت و
جه‌سته‌ی ئێواره‌یه‌کی ته‌نیایم فێنک کاته‌وه
چاوم مه‌نێره بۆ ئاسمان،
جگه له هه‌وری بیره‌وه‌ریه سپیه‌کانت،
به بارانی هیچ خه‌ونێ دڵم په‌ڵه نادات و
ماڵی هیچ فڕینێكیش داڵده‌م ناده‌ن!
خاچی دابڕانت مه‌خه‌ره گه‌ردنی ژیانم!
ئه‌مه عه‌شقه،مه‌یکه به هه‌راج کردنی
په‌پووله، له به‌ره‌کانی پاییزا،
ئه‌مه سپێده‌ی مزره گێلاسه، مه‌یده‌ره‌وه سه‌ر شه‌وه ئیفلیجهکانا ئه‌مه سه‌مای ههستێرهیه، مه‌یکه به توڕه‌یی ده‌ریا..
لێگه‌ڕێ،با له هه‌ناسه‌یه‌کی تردا،
لێوه بهفراویهکانت بکه‌مه‌وه به ئاو
لێگه‌ڕێ،با پێش هه‌ڵوه‌رینی ووشه په‌مه‌یه‌کانی سه‌فه‌ر
نیشتمانێکت له خۆڵه‌مێشی نیشتمان بۆ چێکه‌م و
شیعرێکت بۆ بکه‌مه ماڵ و
جانتاکه‌م بکه‌م به ئاڵا و دڵیشم به پایته‌ختێکی به‌فرین!!
ئه‌وه‌نده پڕم له‌م بێده‌نگیه..
هاکا دیواره کریستاڵیه‌کانی ئه‌ندێشه‌م و
گۆزه پهشمهکیهکانی شیعرم،
درزیان برد‌و شکان…
که شکان،دڵی لیمۆی گه‌نجیمان سیس ده‌بێ
که شکان،هه‌موو په‌نجه‌ره‌کانی هیوامان ته‌می تاریکی ده‌یانخوات
که شکان، جۆگه‌له‌ی نیگاکانمان له تینوا ده‌خنکێن
که شکان،سێبه‌ری باخه‌که‌مان ده‌توێته‌وه
که شکان،ئاوێنه‌کانی دیدارمان، نامانکهنهوه به‌و به‌شه‌ره‌ی
له ئاهه‌نگی گوڵه‌کانا یه‌کتری بناسینه‌وه
که شکان،که ناری خۆزگه‌کانمان، له جیاتی ماچ
ورده داری بێمهیلی چه‌تری تیاههڵدهدهن
که شکان،که‌شتی به‌یانی باشمان له خهوێکا نغرۆ ده‌بێ
که شکان،خه‌م قهسیلی کاڵی ته‌مه‌ن ده‌دورێته‌وه
که شکان، باڵی په‌پوله‌کانی ئومێدمان هه‌ڵده‌وه‌ریت و
لێومان له ناو دڕکی ماڵئاواییدا جێده‌مێنێ
که شکان،به لهمهکانی چاومان پڕ ده‌بن له شه‌پۆلی دووری
که شکان،ئیتر نه هه‌رمێیه‌ك تینویتیمان له‌ت ده‌کات و
نه پرته‌قاڵێك خۆیمان بۆ ڕووت ده‌کاته‌وه و
نه نازی گێلاسێک، له بوخچه خاڵیهکهمانا جێی ده‌بێته‌وه
که شکان،ئیتر نیشتمانیش به ڕه‌ش و سپی ده‌بینین
که شکان، ئیتر من و دڵم خوێن له سه‌ری یه‌کدا ده‌خۆینه‌وه
ئیتر من و ڕۆحم، به شمشێری ماڵئاوایی
یه‌کتر سوور سوور ده‌که‌ین
ئیتر من و ده‌ستم، سه‌نگه‌ر له یه‌کتری ده‌گرین
ئیتر من و شه‌وه دهرنگهکانی بیداریم،
بالیفه‌کانی یه‌کتر دهسووتینین
ئیتر من و قه‌ڵه‌مه‌که‌م شه‌وان له جیاتی شه‌قامه
هه‌نار ڕه‌نگه‌کانی شیعر
ته‌ڵانه خوار خێچه‌کانی خه‌ونت بۆ ده‌گه‌ڕێین
مه‌مکوژه، با ژیان پێبگات زۆر کاڵه
مه‌مکوژه، با دوعاکانی ئه‌م هیجره‌ته گیرا نه‌بێت
ئاخر شمشاڵه‌کانی مردن، بێ کونن، ته‌نها
تابوته‌کانی پێ هه‌ڵده‌په‌ڕن
ئاخر جۆگه‌له‌کانی مردن پڕن له لیته‌ی له‌بیرکردن
ئاخر باخه‌کانی مردن، پڕن له گۆیژی تفت ترۆزی تاڵ
ئاخر ده‌سته‌کانی مردن پڕن له دوگمه‌ی عه‌شق
ئاخر کۆڵانه‌کانی مردن، پرن له ئێسکی سمۆره و کلکی که‌روێشک
ئاخر مردن پڕه له ته‌نهایی و خاڵیه له تۆ
مردنێکیش خاڵیمکاتهوه له تۆ
پڕم ده‌کا له هیچ…..
مردنێك ووشكم کاته‌وه له تۆ،تهڕیشم ده‌کاته‌وه به خۆڵ
مردنێك ساردم کاته‌وه له تۆ،گهرمیشم ده‌کاته‌وه به خه‌م
مردنێك له‌تم بکاته‌وه له تۆ،ده‌مداته‌وه له وههم
ئاخر تۆ، ئه‌گه‌ر پێت نه‌ڵێن( ژیان)
من که‌ی ئه‌وه‌نده بێغیرهتم له مردن هه‌ڵبێم!!
ئه‌وه‌نده له بزنهڕێگاکانی دڵشکانتدا منت کوشتووه
مردن بووه به من و، منیش بووم به مردن
تامی یه‌کمان گرتووه،ڕه‌نگی یه‌کمان گرتووه،بۆنی یه‌کمان گرتووه
جارێ مه‌مکوژه با مناڵیم له مه‌کته‌ب بێته‌وه
کلیلی دڵمی بده‌مێ و له‌لای تۆ بێ، نه‌ك بترسێ
با له‌لات بێ نه‌ك بیرم کا…
مه‌مکوژه، پێش ئه‌وه‌ی کراسێکی شوشه بکه‌یته به‌رم و
گازهرام بده‌یته به‌ر چه‌کوشی ته‌نهایی..
با ئیعتراف له‌سه‌ر ده‌یان شیعر بکه‌م،
که جوانی تۆیان، مسقاڵ مسقاڵ له ناو گیرفانی ڕۆحتا دزی
با ئیعتراف له‌سه‌ر په‌نجه‌کانم بکه‌م، که ده‌یان شه‌و
له‌سه‌ر دیواره‌کانی دڵیان نووسیت ” بژی عه‌شق”
با ناوی ئه‌و هه‌موو خه‌یاڵه بده‌م،
که گولێان له په‌نجه‌ره‌کانی لێوت ده‌کرده‌وه
با ئیعتراف له‌سه‌ر دڵم بکه‌م،
که له خوله‌کێکدا،حه‌فتاو دوو
نارنجۆکی شه‌ست پارچه‌یان نا به ده‌رگا پۆڵاینه‌که‌ی دڵی تۆوه
با ئیعتراف له‌سه‌ر چاوم بکه‌م،
که سه‌دان به‌رچینه شه‌مامه‌ی ڕه‌نگ و
سه‌دان کۆڵ عیشوهیان له باخی جوانیت کرده‌وه
مه‌مکوژه، با ژیان مێخۆش بێ زۆر تاڵه
با پیری نه‌زانێ،ده‌نا به‌رگه‌ی سه‌رسمی سپی بوونێکی تر ناگرێ،
وا نه‌زانی! خۆ مردن به من نامۆ نیه..
هێلکه‌ی هه‌موو دڵشکانێک مردنی دوو زه‌ردێنه‌یه
هه‌موو توڕهبوونێکت زۆرانه له‌گه‌ڵ مردنا
ده‌یان جار له‌سه‌ر کانی بێده‌نگیت پێکی مردنم نۆشیوه
ده‌یان ئێواره بۆ سه‌فه‌رت شمشاڵی مه‌رگم ژه‌نیوه
ده‌یان شه‌و له‌ژێر به‌فری چاوه‌ڕوانیتا، ئاگری مردنم پۆشیوه
به بێده‌نگیت مه‌مکوژه….
گۆڕێکم ده‌ست ناکه‌وێ..
هه‌موو به‌له‌مه‌کانی شه‌و و قه‌برسانه‌کانی ته‌نهایی،
هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی تر جوان بن
جێێ هه‌ناسه‌یه‌کم نابێته‌وه،
مه‌مکوژه،گه‌ر بشمکوژیت
مه‌گه‌ر ته‌نها له دڵی خۆتا بمــــنێژی!!!
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
به‌هاری 2010 ده‌ربه‌ن