ئێمەی کورد کاتێک چووینە سوید پێیان دەگوتین (شیمال العراق) بەڵام لەسەر زمانی ئێمەی هونەرمەندان و ئەو پۆلە هونەرمەندەی کە لەو وڵاتەدا گیرسانەوە، ئێستاکە مناڵێکیش لە سوید ئەزانێ ئێمە کوردیین تەنانەت هەموویان دەزانن ئێمە لە وڵاتێکەوە هاتووین کە ئەویش کوردستانە…!!
سێ شاری وەک (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) پێویستی بە (20) کەناڵی تەلفزیۆنی هەیە ؟؟!! ئایە ئەوەندە رووداو کار و چالاکییە هەیە لەو سێ شارە ؟
هونەرمەند (رۆژ کەریم)، وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، توانیویەتی بەچەند بەرهەمێکی گۆرانی خزمەتێکی جوان بگەینێتە کۆڕی گۆرانی کوردی و جەماوەری هونەر دۆست، لەم چەند رۆژەی دوایی دا بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، لەمیانەی دیدارێکماندا لەگەڵ هونەرمەند (رۆژ کەریم) بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هێنامانە ئاخاوتن و چەند پرسیارێکمان ئاڕاستە کرد و ئەویش بەم شێوەی خوارەوە وەڵامی بۆ پرسیارەکانی ئێمەی دانا :..
– ماوەیەکی زۆرە دەنگ و گۆی بەرهەمی تازەت دەبیسترێت، بەڵام نەگیشتۆتە قۆناغی بڵاو کردنەوە بۆچی ..؟
رۆژ : “راستە ئەو بەرهەمەم هەیە، بریتیە لە ئەلبومێکی گۆرانی و ناوەەرۆکی کارەکانیش تەواو بووە، بەڵام تائێستا لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی هونەری رێکەنەکەوتووم بۆ مەبەستی چاپ کردن و بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکەم، چونکە ناکرێ بەدوای ئەوشدا رابکەم و خۆم چاپی بکەم و بڵاوی بکەمەوە، ئێستاکە تەمەن و کاری رۆژانە و پەیوەست بوون بەماڵ مناڵ رێگەم پێنادات وەک جاران بەدوای کارە هونەرییەکانمەوە بم، چونکە ئێستاکە هەر خۆم نیم کەسێکیش هەیە کە هاوبەشی ژیانمە، لەو سەردانەشمدا بۆ کوردستان لەگەڵ چەند کەسانێک گفتوگۆم کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەو کۆمپانیا هونەریانەن، بەڵام تا ئێستا نەگیشتومە خاڵی کۆتایی”.
– کە دەڵێیت ئێستاکە بەتەنیا نیم و هاوبەشی ژیانت هەیە، کە ئەویش هاوسەرەکەتە واتە هونەرمەند کاتێک دەچێتە نێو ژیانی هاوسەرگیریەوە کەمتر دەتوانێ پەیوەست بێ کارە هونەرییەکانی ..؟
رۆژ : “بێگومان هەر وایە، چونکە کاتێک دەچیتە نێو ژیانی هاوسەریەوە لە 50% ئەبێ تەرخان بکەیت بۆ ماڵ و ژیان و هاوسەرەکەت دەبێتە، کە ئەوەیش زۆر پێویستە، جاران کاری هونەریی یەکەم کارم بوو، بەڵام ئێستا دووەم کارەمە، ناتوانی وەک ئەو کاتانەی کە بە تەنها خۆتی ئەکایڤ بی، بۆیە دەبێ بەشێکی کارە هونەرییەکانت بەلاوە بنێت و خەریکی بژێوی ژیان بیت”.
– ناوەرۆکی ئەو ئەلبومەی ئەمجارەت لە چەند گۆرانی پێکهاتووە، چ ناوێکت بۆ داناوە لە چەند گۆرانی پێکهاتووە..؟
رۆژ : “ئەلبومەکە پێکهاتەی چەند گۆرانیەکە کە دوانیان کاری کلیپم بۆ کردون لە تەلفزیۆنەکان بڵاو کرانەوە، ئەوانیش (عاشقم من و ئێستا وەرە)، کارەکانیش (5) گۆرانییم لەگەڵ هونەرمەند (بژار دیلان) بە ئەنجام گەیاندووە، (4) گۆرانیش خۆم ئامادەکارییم بۆ کردووە، نزیکەی (10 بۆ 12) گۆرانی لە خۆی دەگرێت، بەڵام جارێ هیچ ناوێکم لێ نەناوە”.
– زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە بیر لەوە دەکەنەوە بەیەکجاری بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، کە هەندێکیان ئەو هەنگاوەیان بە شێوەی پرکتیک جێ بەجێکردووە و ئێستاکە لە کوردستان ژیان بەسەر دەبەن، تۆ ش بیرت لەوە نەکردۆتەوە بەیکجاری بگەڕیتەوە…؟
رۆژ : “بە تەئکید بیرم لێکردۆتەوە و لە پلانیشم دایە، چونکە راستیەک هەیە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەم، من لەوڵاتی خۆمدا بە هەموو سلبیاتیەکانەوە من لێرە (رۆژ کەریم)ـم، لێرە ئەزانم من کێم مرۆڤ ئەتوانێ جارێکی دیکە خۆی بدۆزێتەوە، خۆشی و کەسایەتی و نزیکی لە دۆستان و ئازیزانیش هەر زۆر خۆشە، بروابکەن لە هەندەران جاری وا هیە بە (3) مانگیش کوردێک نابینم بۆ ئەوەی هەست بکەم (رۆژ کەریم)ـی گۆرانیبێژم، بەڵام لێرە هەموو کاتێک ئەو هەستەم هەیەو ئەزانم کە گۆرانیبێژێکی وڵاتی خۆمم، جگە لەوانەش ئەگەر بێمەوە ئەبێ پلانێک هەبێ چونکە من هەروەک باسم کرد ئێستاکە هەر خۆم نیم، بێمەوە بچم لە ماڵی باوکم دابنیشم، ئەبێ شوێنێک هەبێ بۆ ژیانم بۆ کارم بە شێوەیەکی گشتی دەبێ پلانێکی باشی بۆ دابنێم”.
– جگە لەوانەی باست لێوە کردن، ئێستاکە لە کوردستان هەر لە جموجۆڵی هونەریی و سازدانی کۆنسێرت و ئاهەنگەکان تەنانەت پرۆگرامە هونەرییەکانیش کەوتۆتە کوردستان، کە جاری واهیە دەزانرێت بۆ پرۆگرامێک دەبێ داوەت بکرێن و بێنەوە بۆ کوردستان پێت وانیە بۆ ئەو جۆرە کارە هونەریانەش کوردستان باشترە بۆ ئێوەی هونەرمەندان..؟
رۆژ : “دەبوایە لەسەرەتاوە بەو شێوەی ئێستاکە بوایە، جموجۆلی هونەری دەبێ لەوڵاتی خۆتدا بێ، منیش پێم سەیر بوو پێش چەند ساڵێک ئەو جموجۆڵە لە دەرەوەی کوردستان بوو، دروست بوونی ئەو جموجۆڵە هونەریەش هەندێک هونەرمەند وایان لێکردن بەو شێوەی ئێستای لێبێت و کاری زۆر باشیان بۆ کرد و هەوڵ و ماندوو بونی ئەوان نابێ بیر بچێتەوە، بۆیە ئێستاکە ئەو جموجۆڵە هونەرییە کەوتۆتە کوردستان جێگای دڵخۆشیە ئەگەر بۆ هەموو هونەرمەندێک بێت”.
– وڵاتی سوید کۆمەڵێک هونەرمەندی کوردی تێدا کۆبویەوە، توانیتان لەوێش درێژە بەکار و بەرهەمە هونەرییەکانتان بدەن، تەنانەت زۆرێک لە هونەرمەندان ئەو وڵاتەی بە (هۆڵیۆدی) کوردانی ناولێناوە، تۆ چ بۆ چوونێکت هەیە لەسەر وڵاتی سوێد و ئەو کارانەی لەوێدا هاتە بوون ..؟
رۆژ : “لە وڵاتی سوید هونەری گۆرانی کوردی بەرەو مۆدێرن پێش کەوتنێکی بەرچاو رۆیشت بە جۆرێک کەلتوورێکی تازەی هونەری هێنایە پێشەوە، ئێمە کورد کاتێک چووینە ئەو وڵاتە پێیان دەگوتین (شیمال العراق) بەڵام لەسەر زمانی ئێمەی هونەرمەندان و ئەو پۆلە هونەرمەندەی کە لەو وڵاتەدا گیرسانەوە، ئێستاکە مناڵێکیش لە سوید ئەزانێ ئێمە کوردیین تەنانەت هەموویان دەزانن ئێمە لە وڵاتێکەوە هاتووین کە ئەویش کوردستانە، تەنانەت کە دەچین بۆ ئاهەنگێکەوە کە پێمان دەڵێن خەڵکی کوێ ی یەکسەر ئەڵین کوردستان، ئیتر کەس نازانێ بڵێت عێراق، ئیتر ئەوانیش زۆر بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ رەوەندی کورد و هونەرمەندانی کوردیش ئەکەن”.
– ئێستا کە ناوە ناوە دێتەوە بۆ کوردستان، پێت وایە لە کوردستاندا جێگایەک یاخوود حیسابێک بۆ هونەر و هونەرمەندان کراوە..؟
رۆژ : “هونەر لە کاتی پەژارەو و خەم و لێقەومان و خۆشی شادیەکانیشدا بە تەنیا هونەر ئامادەیی بەردەوامی هەیە، سەیرکە ماتەمینی نیە هونەرمەندی لێ نەبێت، خۆشی نیە هونەرمەندی لێ نەبێت، لەگەڵ ئەوانەشدا بەشخوار و ماف خوراوترین چین چینی هونەرمەندانە، حیسابێکی ئەو تۆی بۆ نەکراوە کە جێگای دڵخۆشی بێت، هەڵبەتە ئەوەش پەیوەستە بەو سیستەمەی کە دانراوە، دەبێ هونەر لەو قاڵبە دەربچێت کە بەرپرس و لایەنێک پارە بدات بە هونەرمەند بەڵکو پێویستە سیستەمێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی هونەرمەند بە هونەرەکەی بژێیت و حکومەتیش ئەو هەموو خەرجییە خەیاڵەی بۆ هەندێک هونەرمەند کە دەیکات لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، ئاخر جیاوازییەکی لە رادەبەدەر هەیە بۆ هەندێک بە لێشاو رژاوە و نازانێ چۆن کۆی بکاتەوە و چی پێ بکات ؟!! بەداخەوە دەسەڵات هاتووە سێ چوارێک لە هونەرمەندانەی کردووە بە نموونە و ئیشی بۆ کردوون، بۆ ئەوەی هەموو هونەرمەندەکانی دیکەش چاو لەو بکەن و هیچ قسەیەک نەکەن لەبەرامبەر حکومەت، تاوەکو بڵێن دەی بەڵکو ئەوەش بۆ ئێمە دەکەن، بەرای من دەبێ کاری هونەر و موزیک لە کەسایەتی و برادەرایەتی و ناوچە گەریەتی و شارچێتی و بێتە دەرەوە و کار بۆ ئەو ناعەدالتیە بکریت و هونەری کوردی ببێتە هونەرێکی کوردستانی ئەگەرنا هەموومان واز بێنین باشترە”.
– زۆر بوونی ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژە بێت وایە لە قازانجی گۆرانی کوردی دابێت، یاخوود بە پێچەوانەوە..؟
رۆژ : “من دەمێکە دەیڵێم دەیڵێمەوەش هونەری گۆرانی کوردی بەوە قازانج دەکات هەندێکمان واز لە گۆرانی گوتن بهێنین، بۆ نموونە شتێک باسدەکەم ئەگەر سەیری وڵاتی دراوسێی خۆمان بکەین لەوانە ئێران و تورکیا بکەین، لەوانەیە ئێستاکە لە ئێران سەدەها (موعین و داریوش)ـی تێدا بێت، بەڵام کێ کاری گرنگ جوان و داهێنانیان کردووە ؟؟ بێگکومان (موعین داریوش) ئەوانە هونەرمەندن، لەتوریکاش سەدەها (ئیبراهیم و بڵند ئاسۆی) تێدایە بەڵام کێ گرنگە و هونەری هونەرمەندانی داهێناوە (ئیبراهیم و بڵند ئاسۆی و بورهان چاچان) چەندی دیکە، من کە دێمەوە بۆ کوردستان گوێم لەو دەنگانە دبێت وا هەست دەکەم مۆسیقایەکە یەک کەس دەیڵێت، واتە هەموویان یەک شێوە گۆرانی دەڵێن، جاران مۆسیقای ئێمە مۆسیقایەکی شاد بوو، بەڵام ئێستاکە کاتێک گوێ ئەگری کەمان ئەگری کلارنێنە ئەگری عودە ئەگەری یەک ناخۆشێکە ئەڵێی هەتیوون، ئەوانە حالەتێکی زۆر خراپی داهێناوە بۆ سەر مۆسیقای کوردی و هونەری کوردی کە زۆر خراپە ئەگەر لە رووە زانستیەکەوە سەیری بکەین، بۆیە من دیسانەوە دەیڵێمەوە هەندێکمان گۆرانی نەڵین باشترە چونکە نا خاوەنی گۆرانی خۆمانین نە خاوەنی ستایلێکی تایبەت بە خۆمانین، هەریەکێک هەڵدەستێت تۆزێکی دەنگی نەرم و یەک دوو جولە بە قورگی دەکات و یەکسەر دێت گۆرانیەکی بۆ دروست دەکەن، زۆر جار دەیبستەمەوە من و هونەرمەندی هاورێم (زیاد ئەسعەد) تاوانبار دەکەن کەوا گۆرانیمان بۆ زۆر کەس داناوە کە نازانن بە باشی گۆرانی بڵێن، بەڵام ئەوەش ناکرێ تاهەتایە هەر من و (زیاد) و چەند هونەرمەندێک گۆرانی بڵێین ئەبێ کەسانی تریش بێنە پێشەوە گۆرانی بڵێن، بەڵام کاری ئەو دەزگا و تەلفزیۆن و راگەیاندنانەیە هەموو گۆرانیەک پەخش و بڵاو نەکەنەوە “.
– لە ئەلبومی پێشووتردا چەند کارێکت لەگەڵ هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) کرد، ئەمجارەش کارت لەگەڵ کردووە..؟
رۆژ : “لە ئەلبومی پێشووتردا بەڵێ چەند گۆرانییەکمان بە یەکەوە دروست کرد، دیارە من و (زیاد) زۆر بەیەکەوە ژیاوین و بەیەکەوەش کارمان زۆر کردووە، من لە ناسینی و هاوڕێیەتی ئەو هونەرمەندە سوودم زۆر لێ بینیووە و بەراسی (زیاد ئەسعەد) مامۆستایە، ئەو لە نووسینی چەند تێکستێک بۆ گۆرانییەکانم سوودم لێ وەرگرتووە دیارە من سوپاسی دەکەم، بەڵام لە کاری ئەلبومی ئەم جارەمدا کارمان بەیەکەوە نەبووە ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو سەرقاڵی هەندێک کار بووە بۆ خۆی هەندێکیش دوور کەوتینەوە بۆ هۆی هەندێک سەرقاڵی منیشەوە بە کاری دیکەم، بەڵام من لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو شاعیر و ئەو مۆسیقانەش ئەوکەم کە بە تۆنێک هاوکاری منیان کردووە”.
– هاتنە پێشەوە چەند ستایلێک بۆ ناو گۆرانی کوردی بە تایبەتی (راپ و پۆپ و رۆک) چەند شێوازێکی دیکە، پێت وایە ئەوانە گرنگن بۆ گۆرانی کوردی ..؟
رۆژ : “بە تەئکید گرنگن و پێویستە هەبێ، هونەری کوردی پێویستی بە دەوڵەمەند بوون هەیە، راستە لەوانەیە زۆرینەی خەڵک و جەماوەری هونەریش ئەو جۆرە ستایلانەی بەدل نەبێت، پێویستە ستایلی (فۆلکۆر و راپ و جاز و پۆپیش) هەبێ، بەڵام دەکرێ ئەو کاتە گوێگر خۆی ئازاد بکات گوێ لەمن ناگرێ دەیان هونەرمەندی دیکە هەیە دەتوانێ گوێی لێبگرێت، ئەبێ بەدیلمان هەبێت بۆ گوێ گرتن، نابێ تەنها یەک شێوە گۆرانیمان هەبێت و بڵین نابێ ئەوە هەبێ”.
– هەبوون و یاخوود زۆربوونی چەند کەناڵێکی تەلفزیۆنی تاچەند لە قازانجی هونەر و هونەرمەندان دایە..؟
رۆژ : “هەبوونی باشە، بەڵام سێ شاری وەک (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) پێویستی بە (20) کەناڵی تەلفزیۆنی هەیە ؟؟!! ئایە ئەوەندە رووداو کار و چالاکییە هەیە لەو سێ شارە ؟ نەخێر تێیدا نیە کە وای لێ هات بەرنامەکان هەمووی دووبارەیە و هیچی دیکە، ئەو هەموو کەناڵەمان هەیە ئەو هەموو گۆرانییە پەخش و بڵاو دەکەنەوە وەڵاهی خەڵکێکی ئەوروپی بمان بینێ ئەڵێن هونەرمەندەکانیان هەموویان “|ملیارد نێرن”، کەچی نازانن تائێستا گۆرانییان بەسەدەقەو خێر بۆ دەچێت و بڵاوی دەکەنەوە، بروابکەن حکومەتی (سوید)ـی ئیمکاینیەتی دوو ئەوەندە لە حکومەتی ئێمە باشترە کەچی تا ئێستا کەناڵی سەتەلایتیان نیە، کەناڵی ناوخۆیان هەیە هەموو سویدی گرتۆتەوە، کەچی ئێمە نازانێ سەیری کام کەناڵ بکەیت لە کاتێکدا توانای (4) پرۆگرامی باشیان نیە و تەنها چەند گۆرانییەک دووبارە دەبێتەوە هیچی دیکە”.
– لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە لەهەندەران گیرسایتەوە، چ شتێک وەک یادگارییەک ماوەتەوە بیرت ناچێتەوە..؟
رۆژ : “ژیانی تاراوگە و دوور وڵاتی بێگومان کۆمەڵێک یادگاری تاڵ و شیرین لە خۆی دەگرێت، بە تایبەتی ئێمەی هونەرمەندان کە زۆربەمان لەوڵاتی سوید کۆبوو بوینەوە، هەمیشە بەیەکەوە ئاگاداری یەکتر بووین، بەڵام ئەو یادگارە تاڵەی هەمیشە بیری من و زۆربەی هونەرمەندان ناچێتەوە، ئەویش کۆچی دوای هونەرمەندی هاورێمان (ئەردەلان بەکر) کە بەداخەوە لە تەمنێکی لاویەتی دا کۆچی دوای کرد، هەروەها لەم مانگەدا کوژرانی (هەردی کامیل) کە ئەویش هاورێیەکی ئازیزمان بوو، ئەم دوو هاوڕێیە هەرگیز لە بیریان ناکەم چونکە رۆژانە یەکترمان دەبینی”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا