كارۆخ مەلائەسعەد: بڕیاری بە لایەنگرانی دابوو كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو بكاتەوە و بە شێوەیەكی بڕۆفیشناڵانەیش پێشكەیشیان بكات، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكی تایبەت بەخۆیەوە ئەلبوومەكەی دوا دەكەوێت و گۆرانییەكی سینگڵیان بە كلیپەوە بۆ دەهێنێتە بوون.
گۆرانیبێژ جابڕ سەعید لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “ئەگەرچی پەیمانم دابوو بە هۆگرانی دەنگم كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو بكەمەوە و بەشێوەیەكی سەركەوتوانەیش پێشكەیشیان بكەم، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هاتنە ڕێی چەند كۆسپ و گرفتێكی تایبەتیمەوە ئەو ئەلبوومەم دوا دەكەوێت و ناتوانم لە كاتی خۆیدا بڵاوی بكەمەوە.”
جابڕ گوتیشی: “لەبەر خۆشەویستییەكی زۆر بۆ شەیدایانی دەنگم لەو كاتەدا گۆرانییەكم بە شێوە زاراوەی بادینی چڕیوە و ئێستایش هەوڵی كلیپ كردنی بۆ دەدەم.
هەروەها ئاوازو هۆنراوە و دابەشكردنی میووزیكی گۆرانییەكەیش لە لایەن خۆمەوە ئامادە كراوە و لە شاری هەولێریش لە ستۆدێۆی سۆڵۆ لای هۆگر عەزیز تۆمار كراوە.”
جابڕ سەعید لە ساڵی 2003 هاتووەتە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردییەوە و خاوەنی چەند گۆرانییەكە و 3 تا 4 كلیپیشی هەیە، وەلێ ماوەی2 ساڵە بەرهەمی نوێی نەبووە.
لە هەمانكاتدا ئێستایش ناوبراو مزگێنی دەدات كە لە نزیكترین وەختدا گۆرانی و كلیپێكی تازەی لە ڕێگەی كەناڵە هونەرییە كوردیەكانەوە دەكەوێتە پەخشەوە