کاتژمێر ١٠ی بەیانی ٢٢_١٢_٢٠١١بە ئامادەبوونی سیروان سیرینی _قایمقامی رواندزو دکتۆرعارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێم و ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری دام و دەزگاکانی حکومی وحزبی شاری رواندز بنکەی چاودێری و گەشە پێدانی کۆمەڵایەتی لە قەزای رواندزکرایەوە . ھەر بەم بۆنەیەش پێشانگایەکی ھونەری بۆ ھونەرمەند تەیب موعتەسم کرایەوە .
دەربارەی کردنەوەی ئەم پێشانگایە ، ھونەرمەند (تەیب موعتەسم )، وتی ” ئەم پێشانگایە بە بۆنەی کردنەوەی بنکەی چاودێری و گەشە پێدانی کۆمەڵایەتی لەشاری رواندزئامادەم کرد بوو،دەتوانم بڵێم تابلۆیەکانی ئەم پێشانگایەم پێکھاتبوون لە دوو جۆرە ، ھەندێکیان کۆن بوون بۆ پێش ٢٠٠٥ دەگەرێتەوە کە ئەو کات پەنجەکانم کاری دەکرد، کۆمەڵەی دووەم ، بریتی بوون لەو تابلۆ و کارە ھونەریانەی کە بە شێوەی کۆڵاژ و شێوەکاری لە بەرنامەی فۆتۆیەکان بە کۆمپیوتەر ئامادەم کردبوو.” دەربارەی ناوەڕۆکی کارە ھونەریەکانی وتی” تابلۆیەکان گوزارشت لە جوانی وسروشتی کوردستان و کارەسات و رووداوە ناخۆشەکان و بۆنە نەتەویی و نیشتیمانیەکانی دەکرد، مەبەستم ئەوە بوو کە وەک خاوەن پێداویستی تایبەتی ئەوە نیشان بدەم کە ئێمەش ھیچمان کەمتر نیە لە مرۆڤە ئاساییەکان و ھاندەرێکیشە بۆ ئەو کەسانەی کارەکانم ببین و بێنە مەیدان ، خزمەتی نیشتمانی خۆیان بکەن.”
ھونەرمەند تەیب موعتەسم خاوەنی پێداویستی تایبەتییەو تەنھا یەک پەنجەی کار دەکات، ئەمە ١١دەمین پێشانگایی تایبەتی خۆیەتی و بەشداری دەیان پیشانگای ھاوبەش و فیستیڤاڵی کردوە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان.
یاسین برایم