ئاکۆ عارف :یاریکردنی تیپەکانی تۆپی پێ لە خولی بژاردەی یانەکانی عێراق دا تایبەتمەندی خۆی ھەیە و تانانەت فۆڕمی قسەکردنیش لەسەر ئەو خولە بە بەراورد بە پاڵەوانێتیەکانی تر جیاوازترە
،ئەو یانانەی لەو خولەدا بەشداریدەکەن لە فۆڕم دا تیپن بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھێز و تواناو ناوبانگ و دەسکەوت و مێژوو یان جیاوازترە ، لەھەموو حاڵەت و لە ھەموو ھەفتەکانی رکابەر ییەکانی ئەو خولەدا ئەو تیپانەی تازە بلیتی گەیشتنیان بە پاڵەوانێتیەکە یان بڕیووە لەبەردەم ھەیمەنەی گەورەی گەورە یانەکاندان ، ھەروەک گەورە یانەکانیش لە تۆماری رۆژانەی رکابەری و یاریکردنیاندا ئامادەیی تەواوی ھەموو تیپەکانی تر بەوانەشەوە کە تازەگەیشتوون بە کێبڕکێ کان بەھەند وەردەگرن .
لە روانگەی ئەوەوە کە یانەی سلێمانی تازەگەیشتۆتەوە خولی بژاردە و تیپێکی ماندو و ھیلاکیشە و تاساتی گەیشتنەوەش کێشەگەلێکی زۆر بڕستی لێبڕیووە و کەند و کۆسپێکی زۆر مۆتەکەی سەرسنگ و مۆتەکەی بەتاڵکردنەوەی خەونەکانی بوون ، کەواتە ئەمساڵ خولی بژاردە بۆ ئەو تیپە تەڵەیەکی گەورەیە و یەکەم ساڵی بەشداریکردنیش زۆرترین پلان ی ژیرانەی دەوێت تا تەڵەو داوی یانەکانی خولەکە قاچی یاریزانانی یانەی سلێمانی نەگرێت بەڵکو لە ژێر قاچی یاریزانەکانی یانەی سلێمانیەوە تۆڕی گۆڵی تیپەکانی بەرامبەر بھەژێت و ئەمساڵ مانەوە و ساڵانی دواتر ئامانجەکانی تر بپێکێت .
سەرکەوتن دۆستی زۆرە شکستیش بێ باوکە ، لەو دەلاقەیەوە قسەکانمان لەسەر تیپی تۆپی پێی سلێمانی چڕدەکەینەوە ، ئەوەی یانەی سلێمانی گەیاندۆتە خولی بژاردە راھێنەر و یاریزانانی تیپەکەن بێگومان لەدوای ئەمان بەرپرسانی تری یانەکەدێن ، ناکرێت ئێمە ھەموومان باوکی یانەکەبین بەڵام دەکرێت ھەموومان پشتیوانیان بین ، ناکرێت لەکاتی شکستی چاوەڕوان کراو یان چاوەڕوان نەکرودا ھەموو دەرنجامەکان یەکسان کەینەوە بەسفر بەڵکو دەبێت چارەسەری خێرا و پلانی ژیرانە تەمی نائومێدی بڕەوێنێتەوە ، گەیشتنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی بە خولی بژاردەی یانەکانی عێراق جیاوازترە لە ئامادەی یانەی ھەولێر کە پاڵەوانی خولەکەیە ، جیاوازترە لەیانەی دھۆک کە وەرزی پێشوو پلەی دووەمی دەستەبەرکردووە ، ھەروەک بەراوردیش ناکرێت لەگەڵ ئاست و توانا و مێژووی یانەکانی زەورا و تەڵەبە و قوەی جەویە و ھتد ، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو راستیانە و ووێنەکانی تر دەکرێت خوێندنەوەی زیاترمان ھەبێت و بەتێگەیشتنی تەواو لە واقع و تەنانەت لە مێژووی یاری و یانەکان و پاڵەوانێتیەکە ئاسان تر دەتوانین گرێکان بکەینەوە .
خولی بژاردە تەڵە گەورەکەیە ، ھەر یانەیەک لە رکابەرییەکاندا ئەگەر لێزان و شارەزا ، ئامادە وپڕچەک ، پۆشتە و خاوەن پلان نەبێت دەبێتە نێچیرێکی ئاسانی بەردەم ئەو یانانەی مێژوویەکی دێرین و پڕئەزموون یان لە پاڵەوانێتیەکەدا ھەیە و دورنیە بە کوژراوی دابەزێتەوە بۆ ئەو خولەی پێشتر بەھەزار زەحمەت ئەنجامی باشی تیادا دەستەبەر و بلیتی گەیشتن بە ئێستای مسۆگەر کردووە ، لەبەرامبەردا ئەگەر لێزان و شارەزابیت و بەرنامەکانیش پڕبە پێستی رووداوەکان بوو ئەوە رەنگە ھەموو ئەوشتانەی کەمانای تەڵەو کەند وکۆسپ لە خۆدەگرێت پێچەوانەبێتەوە و لەبەرامبەردا ژمارەیەکی دیاری رکابەری و مایەی سەرئێشەش بیت بۆ تیپەکانیش .